سه‌ره‌تا / حیزبایه‌تیی / یه‌کیه‌تی جووتیارانی کوردستان و ناوچه‌ی سه‌قز ! بەشی سێهەم

یه‌کیه‌تی جووتیارانی کوردستان و ناوچه‌ی سه‌قز ! بەشی سێهەم

بەشی سێهەم و کۆتایی

هێرشی کۆماری ئیسلامی و سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ر بۆ سه‌ر سه‌قز

گه‌یشتنی هه‌واڵی هێرش له‌ کاتیکدایه که سێبه‌ری ماته‌مینی ‌پڕ کاره‌ساتی مه‌رگی یه‌حیا ومه‌لا سه‌ید ڕه‌شید باڵی به سه‌ر شاری سه‌قز وناوچه‌‌که‌دا کێشاوه.  کۆمیته‌ی سیاسی جه‌معیه‌ت به هاو ڕایی شۆڕای شار و هاوپشتی یه‌کیه‌تی جووتیاران ده‌که‌ونه خۆ به مه‌به‌ستی چاره‌‌ی دۆخه‌که و چی وچۆن کردن.   له سه‌نگ وسووکی باسی بابه‌ته‌که‌دا ئێمه به چه‌ن هۆکار هه‌ڵبژارده‌ی به‌رگری له شار وناوچه‌که ده‌بێته ڕوژه‌ڤی کارمان : یه‌که‌م گرینگی پێدان به ئیدامه‌ی ڕێ وڕێبازی یه‌حیا ومه‌لا سه‌ید ڕه‌شید. دووهه‌م پشت‌گوێ نه‌خستنی بار ودۆخی مه‌ینه‌تباری جووتیاران وخه‌ڵکی بێ‌ده‌ره‌تانی که‌ره‌فتوو و ناوچه‌که. سێ‌هه‌م بۆ پێشگرتن له شه‌ڕی کۆمه‌ڵکوژی و  وێرانکاری ناو شآر، به‌ره‌ی به‌رگری له شه‌ڕ ده‌به‌ینه قه‌سه‌بچه‌ی ئێرانشا. 20 مانگی گه‌لاوێژ،شوڕای جه‌معیه‌ته‌کانی کوردستان و یه‌کیه‌تی جووتیارانی ناوچه‌کان ، ئاگادار ده‌کرێینه‌ه به مه‌به‌ستی فریا که‌وتن و گه‌یاندنی هێزی پشتیوان بۆ شاری سه‌قز له به‌رانبه‌ر هێره‌شی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ر‌دا.

له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا هێزه‌کانی پشتیوانی جه‌معیه‌تی بۆکان، بانه ،مامۆستا شێخ جه‌لال حسینی له بانه‌وه ، ده‌گه‌نه جه‌معیه‌تی سه‌قز و له‌وێوه به‌ره‌و ئێرانشا  وه‌ڕێده‌که‌وێن. پاشان هێزی یه‌کیه‌تی‌‌جووتیارانی ئالان به سه‌ر په‌ره‌شتی کاکه‌حه‌مه‌ی مه‌لاعه‌لی له سه‌رده‌شته‌وه و هێزی یه‌کیه‌تی جووتیارانی مه‌‌ریوان به سه‌رپه‌ره‌شتی فۆئاد مسته‌فا سۆڵتانی خۆ ده‌گه‌یه‌ننه ئێرانشا له ڕێگای سه‌رشیوه.  ڕێگای دیوانده‌ره هه‌وه‌توو له‌لایه‌ن هێزه‌کانی فیودالی گه‌ڵباخی وعه‌شایه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه له گۆندی زه‌فه‌راوا  قۆرخ ده‌کرێ .  بوێه هێزی جه‌معیه‌تی سنه به ناچاری له دیوانده‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ره‌و سنه.  به‌م شێوازه ڕۆژانی 21و22 مانگی گه‌لاوێژ، کۆی هێزه‌کانی ئێمه له گه‌وره‌دێ ئێرانشا یه‌کانگیر ده‌بن. پێشمه‌رگه له نێۆ دێ و شاخی ده‌وروپشتی جادده‌کانی ئێرانشا دێته ڕێخستن. یه‌کیه‌تی جووتیارانی ئالانی سه‌رده‌شت له شاخی فیلانتاقی داده‌مه‌زرێن. هێزه‌کانی شێخ‌جه‌لال به فه‌رمانده‌یی ڕه‌شید‌خان کیوه‌رۆ و هێزی جه‌معیه‌تی سه‌قز له نێو ئێرانشادا وه‌ ڕێده‌خرێن.

له به‌رانبه‌ر ئێمه‌دا هێزه‌کانی هاوبه‌شی سه‌رۆکانی‌عه‌شایه‌ڕ وکوماری ئیسلامی له سێ‌ڕێانی تیکاپ، دیوانده‌ره، ئێرانشا مۆڵیان خواردووه و له ئه‌گه‌ری هێره‌ش کردندان ڕوو به شاری‌ سه‌قز. سه‌ره‌تا هه‌وڵمان ئه‌وه‌بوو که به‌بێ ئاگری شه‌ڕ، کێشه‌ی ئاغاکان و جووتیارانی ناوچه‌که، بێته چاره‌سه‌ر کردن. ته‌نانه‌ت مامۆستا ‌شێخ‌ جه‌لال به هه‌نارده‌ کردنی نامه‌یه‌ک بۆ لای ئاغاکان، له سه‌ر چاره‌سه‌ری هێمنایه‌تی کێشه‌که جه‌ختی ده‌کرده‌وه.  به‌ڵام که‌ش وهه‌وای هوردووی کۆماری ئیسلامی و مۆڵگه‌ی فیوداله‌کان له سێ‌ڕێ تیکاپ، ئه‌و په‌یامه‌ی به ئێمه ده‌گه‌یاند که چی‌دی مه‌به‌ستی هێرشبه‌ران قووڵتره له کێشه‌ی که‌ره‌فتوو وهه‌روه‌ها به‌هۆی پشت ئه‌ستووری سه‌رۆکانی‌عه‌شایه‌ر به هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌وڵی ئاشتی‌ خوازی ئێمه سوودی نه‌بوو.   به ‌داخه‌وه و زۆر به داخه‌وه هه‌ڵگروهه‌نارده‌کراوی نامه‌که‌ی شێخ‌جه‌لال هاوڕێ خوشه‌ویستمان،  ، کاک ئه‌نوه‌ر ماجیدی بوو که له گه‌ڕاننه‌وه‌یدا لای ئاغاکان، وه‌به‌‌ر گۆلله‌ی کاروانی ده‌وڵه‌ت عه‌شایه‌ر ده‌که‌وێ و بریندار ده‌بێ، که ئێمه لێره‌دا به گوێره‌ی گرینگی ئه‌م ڕووداوه دڵته‌زێنه ، ڕوونتر سه‌ره‌نج ئه‌ده‌ینه سه‌ر چونیه‌تی ئه‌م باس و بابه‌ته.

مامۆستا ئه‌نوه‌ر ماجیدی

یار ویاوه‌ری زه‌حمه‌تکێشانی ناوچه‌ی سه‌قز مامۆستای قوتابخانه‌ی گۆنده‌کانی مه‌ولاناوا، خافووره دێ و… چالاکی سیاسی له جه‌معیه‌‌ت دێمۆکڕاتیکی شاری سه‌قز و هه‌ڵسووڕاوی یه‌کیه‌تی جووتیاران و به‌شدار له زۆربه‌ی  ئه‌رکه خزمه‌تکاریه‌کان له سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له کوردستان، له‌وانه کێشه‌ی‌ ئێرانشا. وه‌ک له سه‌ره‌وه باس کرا، ئه‌نوه‌ر ناچار ده‌کرێ به هه‌نارده کردنی نامه‌ی مه‌لاخالید(مامه‌‌ی ئه‌نوه‌ر) ومامۆستا شێخ‌جه‌لال، له ئێرانشاوه بۆ ئاغاکانی هه‌وه‌توو – تیله‌کۆ که له دێ سه‌یدته‌پان، سه‌نگه‌ریان گرتبوو. ئه‌نوه‌ر پێش ڕێکه‌وتن به‌ره‌و مۆڵگه‌ی ئاغاکان، به گوێره‌ی ئه‌رک وکاری هاوڕێێ و به‌رپرسی کارکانه‌وه له ئێرانشا، پرسی گه‌یاندنی نامه‌که‌ی هێنایه لای نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه .  له ئاکامی باسه‌که‌دا  به‌و قه‌ناعه‌ته ‌گه‌یشتین که به گوێره‌ی باری نائاسایی دۆخه‌که ، چوونی ئه‌نۆه‌ر بۆ مۆڵگه‌ی ئاغاکان به گشتی کارێکی نه‌گونجاوه و نابێ بکرێ. دواتر که ئێمه سه‌رقاڵی ئاماده‌کاری ڕێخستنی به‌رگری له هێرشی هێزکانی ئاغا وده‌وڵه‌ت بوین له نێو ئێرانشادا، هه‌واڵمان پێ‌گه‌یشت که ئه‌نوه‌ر ناچار کراوه  به چوونی بۆ گوندی سه‌ی ته‌پان بۆ هه‌نارده کردنی نامه‌ی شێخ‌جه‌لال.

هێرشی سۆپا بۆ سه‌ر ئێرانشا

 ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ 23 گه‌لاوێژ،کات ژمێر 6و7 ، سه‌ره‌تای هێرشی هێزه‌کانی فیودال- ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و ناو دێ ئێرانشا ده‌ست پێده‌کا.  دوو ماتۆڕ سیکلیتی پاسدارسوار، ده‌بنه ڕچه‌شکێن وپێشه‌نگی کاروانی هێرشبه‌ران و خۆ ده‌که‌ن به نێودێ  ئێرانشادا که له لایه‌ن هێزه‌کانی جه‌معیه‌تی سه‌قزو شێخ جه‌لاله‌وه به‌ر په‌رچ ده‌درێنه‌وه. یه‌ک له ماتۆڕسواره‌کان ده‌که‌وێ و به هه‌ڵاتن خۆ له ‌چاخانه‌ی حاج‌عه‌لی ئێرانشا ده‌خزێنێ و ده‌رکی چاخانه له خۆ داده‌خا.  ئیدامه‌ی کاروانی هێرشبه‌رانی ده‌وڵه‌تی پێش گه‌یشتنیان به نێو دێ ئێرانشا، ده‌که‌ونه به‌ر ده‌سڕێژی پێشمه‌رگانی دامه‌زراو‌ی سه‌ر شاخه‌کان له هه‌ر دوو به‌ری جادده‌وه و به ته‌واوی تێك ده‌شکێن و پاشماوه‌ی هوردووی تێک‌شکاو به شڵه‌ژاوی پاشه‌کشه ده‌بێته به‌شیان به‌ره‌و بیجار و تیکاپ. پاش شکست و پاشه‌کشێ سۆپای ده‌وڵه‌تی، ئێمه ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی جه‌معیه‌تی سه‌قزو ده‌سته‌یه‌کی شێخ‌جه‌لال که فه‌رمانده‌که‌یان ڕه‌شیدخان بوو له سه‌رجادده‌ی ڕوو به سێ‌ڕێ تیکاپ ده‌که‌وینه کێوماڵ وکۆکردنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کان. کۆمه‌ڵێک ماشێن ئالاتی سه‌ربازی وسواری پێکرا و تێكشکاو بوون. سه‌ر نشینه‌کان به بریندار و نه‌ماوی تێدا که‌وتبوون.  له ده‌ور و پشتی جادده‌، که‌سانی سویل وسۆپایی به برینداری و زیندوویی خۆیان حه‌شار دابوو. ده‌سته‌ی شێخ پتر گرینگیان به کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌س‌که‌وتی چه‌ک و ماشێن ده‌دا و ئێمه‌ێش به‌کۆ کردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و دۆکۆمینت‌وه سه‌رقاڵ بووین. یه‌ک له ماتۆڕسیکلیته‌کان که زۆر گه‌وره و پڕ‌هێز بوو له سه‌ر داوای مامۆستا شێخ‌جه‌لال به عه‌بدولکریم کۆڕی مامۆستا به‌خشرا.  کاتی کێوماڵ کردنی ده‌ورو پشتی جادده‌‌  له شه‌شKm سه‌رجادده‌ی ئێرانشا ڕوو به‌هه‌وه‌توو، ده‌نگێکی لاواز هاته گوێم له ژێر پردێکی ژێر جاده‌که‌دا که ئێمه‌ به ‌سه‌ریدا تێده‌پڕین . به په‌له و گۆمانه‌وه  له ژێر پرده‌که نیزیک ده‌بووینه‌وه که بانگی ده‌کرد کاکه عه‌زیز، ده‌نگی ئاشنام هاته گوێ.

دیتنه‌وه‌ی مامۆستا ئه‌نوه‌ر

کاتی نیزیک بوونه‌وه‌م له ده‌نگه‌که، که دووباره‌ی ده‌‌کرده‌وه کاکه عه‌زیز ئه‌منم ئه‌نوه‌رم . لیره‌دا بوو که به خێرایی کۆمه‌له ده‌س‌که‌وتی کیف وجانتام وه‌لا نا و خۆم به ئه‌نوه‌ر گه‌یاند.  پردی ژێر جاده‌که، ته‌نگ وباریک ،جۆگه ئاوێکی ساردی هه‌وه‌تووی به ژێردا تێپه‌ڕ ده‌بوو.  ئه‌نوه‌ر که ڕانێکی به‌رگولله‎ی کاروانی ده‌وڵه‌ت   که‌وتبوو، به برینداری خۆ له‌ ژێر پرده‌که‌ ده‌خا و له نێو قۆڕو ئاوه‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه. ده‌رهێنانی ئه‌نوه‌ر به‌وحاڵه  بۆم گران بوو. هه‌ردوو ده‌ستیم له ملم ئاڵاند و ده‌ستم له پشتوێنی ئه‌نوه‌ر گیر کرد و ده‌رم هێنا له ژێر پرده‌که و ئینجا به یاریه‌ی دووان له پێشمه‌رگه‌کان بۆ سه‌ر جادده‌که ڕامان گوێزا.  کات ژمێر ده‌وری 11 شه‌بوو، جادده چوڵ و تاریک ، ماشێنیکی بارکێش(خاوه‌ر) له ترسانا و به بێ شه‌وقی چرا و به ئاسپایی ڕوو له ئێرانشا ده‌هات. به بینینی ئێمه له سه‌ر جادده‌که ڕاوه‌ه‌ستا. دۆخی مۆڵگه‌ی ده‌وڵه‌ت-عه‌شایه‌رمان لێ‌پرسی.  باسی چوڵبوونی جادده‌ی ده‌کرد.  کاتژمێر ده‌وری 11ونیووی شه‌و، مامۆستا ئه‌نوه‌ر به برینداری ‌و به هاویاری دوو یاوه‌ری پێشمه‌رگه‌ ‌(ڕه‌حیم فه‌یزولابه‌گی و..) به هه‌ندێ له ده‌ستکه‌وته‌کانه‌وه به‌ڕێکران بۆ جه‌معیه‌تی سه‌قز.

چاخانه‌ی حاجی‌عه‌لی و ئێرانشا

پاش به‌ڕێکردنی مامۆستا ئه‌نوه‌ر بۆ سه‌قز، ئیمه به‌شێک له هێزی جه‌معیه‌تی سه‌قز و شێخ جه‌لال که له ده‌ره‌وه‌ی ئێرانشا مابووینه‌وه  پاش کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌س‌که‌وته‌کانی ده‌وروپشتی جادده، گڕاینه‌وه بۆ ناو دێ .  هێزی شاره‌کانی دی پاش شکستی ده‌وڵه‌ت وعه‌شایه‌ر گڕابوونه‌وه بۆ جه‌معیه‌تی سه‌قز.  کات ژمێر12 شه‌وبوو که هێشتا ماتۆڕسواری پاسدارله چاخانه‌ی حاجی‌عه‌لی‌دا خوی حه‌شار دابوو له  گه‌مارۆی پێشمه‌رگانی کێشکدا. به هه‌وڵێکی زۆر پاش نیو کاتژمێر خه‌ریک بوون به زه‌بری که‌ره‌سه‌ی گه‌رم وسارد، پاسدار ناچار ده‌بێ چاخانه‌ی حاجی‌عه‌لی چوڵ بکاو و خۆ ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه بکات. کاتژمێر یه‌کی نیوه‌شه‌و، ئێمه‌ی پاشماوه‌ی هێزه‌کان له ئێرانشا ، پاسداری بێ‌ماتۆڕ ، به ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتن به‌ڵام ئه‌من به جل وبه‌رگی قۆڕاویه‌وه ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بو جه‌معیه‌ت له شاری سه‌قز.

دۆخی شار پاش شکستی ده‌وڵه‌ت-عه‌شایه‌ر

کاتژمێر 5/2 نیوه شه‌ۆ پاشماوه‌ی هێزه‌کان له ئێرانشاوه  ده‌گه‌ینه‌وه جه‌معیه‌تی سه‌قز. له‌م درنگه کاته‌‌ی شه‌ودا حه‌وش‌و بینای پان‌و به‌رینی جه‌معیه‌ت(ساواک‌ی پاشایه‌تی) پڕ بوو له خه‌ڵکی هه‌مه ڕه‌نگی شارودێ، چه‌کدار وبێ‌چه‌کی شاره‌کانی ده‌ور وپشت وهه‌بوونی هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانی به به‌‌رپرسی کاک شێخ‌عه‌لی. کات وساتێکی هه‌ستیار بوو.  هه‌ست به‌وه ده‌کرا که تینی شۆر و شه‌وقی ئاکامی سه‌رکه‌وتنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه، که‌ش‌و هه‌وای ماته‌مینی شارو ناوچه‌‌که‌ی به شادی هێناوه‌ته گۆڕین. تێکه‌ڵاوی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه له کرده‌وه‌دا، وێنای “حه‌‌وز و ماسی بوون ” له حه‌وشی جه‌معیه‌ت له شاری سه‌قز.

نیوه شه‌و پاش کورته ئاڵ وگۆڕی باس وهه‌واڵی له نێوان به‌رپرسانی هێزه‌کاندا، به‌و نه‌خشه ‌و ڕێکاره گه‌یشتین که سبه‌ی کاتژمێر 10به‌یانی، پاش ورد بوونه‌وه‌مان له سه‌ر چۆنیه‌تی ئیدامه‌ی به‌رنامه‌ی به‌رگری له جووتیارانی که‌ره‌فتوو و ناوچه‌که، به‌ره‌و هه‌وه‌توو وه‌ڕێ بکه‌وین.

شه‌ڕی هه‌وه‌توو- سێ‌ڕێ تیکاپ

کاتژمێر 12 ڕۆژی 24 مانگی گه‌لاوێژ،هێزه‌کانی ئێمه له چاخانه‌ی ناسراوا، له  سێ ‌ڕێ تی‌کاپ-هه‌وه‌توو، یه‌کانگیر ده‌بن. هێزه‌کان بریتی بوون له یه‌کیه‌تی جووتیاران و چه‌معیه‌ته‌کانی سه‌قز، بۆکان ، بانه مه‌ریوان وچوارنه‌فه‌رله جووتیارانی تازه چه‌کداری تازاوای هه‌وه‌توو ، به هاو پشتیوانی هێزێکی یه‌کیه‌تی نیشتمانی.    پاش نیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ به لێکداننه‌وه‌ی باس‌و ئاقاری هه‌واڵه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ین که سه‌روکانی ‌عه‌شایه‌ر، کلک له سه‌ر پشت به ته‌مای هیچ چه‌شنه ڕێکه‌وتنێک نین له ته‌ک جووتیارانی ناوچه‌که‌دا.

بوێه به ته‌یاری وبه هێزێکی زۆره‌وه ، له چاخانه‌ی سه‌رجادده‌ی گوندی کانی سوور مۆڵیان خواردووه و له سه‌نگه‌ری په‌لاماردان بۆ سه‌ر جووتیارانی ناوچه‌که‌ن.  ئێمه به‌و پێه ته‌نیا یه‌ک بژاارده‌ له سه‌ر ڕێگامانماندا مابوویه‌وه ، ئه‌وه‌ش به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی سه‌رۆکانی عه‌شآیه‌ر بوو له به‌رانبه‌ر پاراستنی سه‌روماڵی جووتیاران و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا.  کاتژمێر 2 پاش نیوه‌ شه‌و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه، به به‌رپرسی کاک عه‌لی‌شێعه بۆسه‌ر مۆڵگه‌ی فیوداله‌کان له چاخانه‌ی کانی سوور به‌ڕێ ده‌کرێن. پاش تێک هه‌ڵچوون و تێک‌شکاند نیان، سه‌رۆکان وده‌ست وپێوه‌ندی عه‌شایه‌ر به شپرزه‌یی ڕوو له تیکاپ و بیجاڕ بڵاوه ده‌ستێنن.  له‌و شه‌ڕه‌دا دوو له سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ر و یه‌‌ک له چه‌کدارانی هه‌ڵاتووی کۆنه پیاو کۆژی ئه‌وان ده‌کۆژرێن.   زۆر به داخه‌وه یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی ئێمه سه‌ر به هێزی یه‌کیه‌تی نیشتمانی به ناوی حه‌مه‌ نه‌وه‌ڕه  گیان به‌خت ده‌کا.

ده‌ره‌ئه‌نجامی شه‌ڕ

پاش شکست و بڵاو بوونه‌وه‌ی هێز وسه‌روکانی عه‌شایه‌ری ناوچه‌ی هه‌وه‌توو تیله‌کۆ که بڕبڕه‌ی پشتی گشت شۆڕای عه‌شایه‌ری کوردستان بوون، ڕۆژی 25 گه‌لاوێژ ته‌رمی پیرۆزی کاک حه‌مه نه‌وه‌ڕه له ڕێ بانه‌وه به‌ڕێکرایه‌وه بۆ چوارتا له‌و دیوی کوردستانی.دواتر سێ مه‌یتی سه‌رۆکانی‌عه‌شاێه‌ر که له چاخانه‌ی کانی سوور مابوونه‌وه، گوازرایه‌وه بۆ شوێنی چاخانه‌ی ناسراوا سێ ڕای تیکاپ، که له‌وێوه ڕاده‌ستی پێوه‌ندیداریان بکرێنه‌وه.   ئێمه پاشان له سه‌ر بابه‌تی ڕووداوه‌کان ، کۆبوونه‌وه ‌یه‌کمان هه‌بوو به مه‌به‌ستی چی و چۆن کردن له‌م ناوچه‌یه‌دا که  دوو ڕا و بۆچوون له ئارادا هه‌بوون :

یه‌کیان له‌ لایه‌ن جه‌معیه‌تی بۆکان( کاک سه‌لاح موهته‌دی– عه‌بدۆڵا مۆهته‌دی و کاک مه‌لا عومه‌ر عه‌سری و….) که کێشه ته‌واو بووه و کاتی چۆڵ کردنی ناوچه‌که‌یه له لایه‌ن ئێمه‌وه.  دووهه‌م هه‌بوونی ڕا و بۆچوونی جه‌معیه‌تی سه‌قز   که ماننه‌وه‌مان بۆ چه‌ن ڕۆژێکی دی له ناوچه‌که‌دا به پێویست ده‌زانرا.  فوئاد مسته‌فا سوڵتانی له جه‌معیه‌تی مه‌ریوان‌وه ڕا و بۆچوونی براده‌رانی سه‌قزی به دروست ده‌سه‌لماند به‌ڵام گڕاننه‌وه‌ی خویان بۆ مه‌ریوان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه به پێویست ده‌زانی. هه‌ر وه‌ها براده‌رانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی به گوێره‌ی هه‌ل و مه‌رجی به‌رنامه‌یی خوێان، ده‌بوو به‌ره‌و ناوچه‌یه‌کی دی وه‌ڕێ بکه‌وه‌ن. ده‌ره‌ئه‌نجام  جه‌معیه‌تی سه‌قزو یه‌کیه‌تی جووتیاران، پاش‌جه‌وله‌یه‌ک له ناوچه‌که‌دا، پاش  نیوه‌‌ڕۆی 26 گه‌لاوێژ گه‌ڕاینه‌وه بۆ شاری سه‌قز که  له‌وی  ده‌نگۆی هێرشی سه‌رانسه‌ری هێزه‌کانی کۆمار ئیسلامی  بۆ سه‌ر کوردستان بڵاو کرابوویه‌وه.  ئێمه لێره‌دا به گوێره‌ی دوور نه که‌وتنه‌وه‌مان له ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی باس وبابه‌تی یه‌کیه‌تی ‌جووتیاران، چی‌تر له حه‌ماسه‌ی سه‌ر شه‌ڕی مێژوویی  ڕۆژانی دواتری ناو شاری سه‌قز و ته‌یاره خانه‌که‌ی نادوین که بۆ خوی به‌ته‌نیا هه‌ڵگری کتێبێکه له‌م بواره‌دا.

کێشه‌ی جووتیارانی گۆنده‌کانی دیوانده‌ره

سه‌ره‌تای مانگی پوشپه‌ڕی 58 جووتیارانی گۆنده‌کانی کۆڵ و دۆزه‌غه‌ره و مه‌ڕه‌ده‌ر‌ له ‌ ده‌وری دیوانده‌ره ، زۆر به لێ‌قه‌وماوی و ده‌رکراوی له گۆنده‌کانیان، په‌نا بۆ شۆڕای شاری سه‌قز  دێنن ، به مه‌به‌ستی دادخوازی و فریا که‌وتنیان. ڕه‌ئیسی شۆڕا شار، مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌‌حه‌مه‌دی و نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه وێنای به‌رپرسی ئاسایشی شاری سه‌قز له شوڕادا، ساخ ده‌بینه‌وه که بۆخۆمان ڕاسته‌و خۆ به شێوازێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌یخودایی کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.  بویه مامۆستا به هوکاری پێشینه‌ی خه‌باتی دژی ئاغایه‌تی،ده‌ورانی موسه‌دێق، ساڵی 32 له ناوچه‌ی بۆکان، به هه‌ستیاریه‌وه پشتیوان وهاوخه‌می جووتیاران بوو. به‌و پێێه ڕاسته‌وخۆ له شوێنی شوڕای شار( فه‌رمانداری پێشوو) بڕیاری ڕویشتنماندا.  کاتی وه‌ڕێکه‌وتن ، کاک ئه‌حمه‌دی ئه‌سکه‌نده‌ری مان پێ‌گه‌یشت، که له جه‌معیه‌ت ده‌هاته ده‌ره‌وه.  زانی که نیه‌ت و ڕێگایه‌کی وامان له پێشه ، پێشنیاری هاوڕیه‌تی پێکردین. که وا بو لێره‌دا ده‌بین به سێ نه‌فه‌ر و به‌ره‌و دیوانده‌ره وه‌ڕێکه‌تین.  کاتژمێر، ده‌وری یه‌کی پاش نێوڕۆ گه‌یشتینه گۆندی کۆڵ ودوزه‌غه‌ره. له نێودێ پاش هه‌ندێ پرس و جۆ به‌ره‌و ماڵی ئاغاحه‌بیب مالیکی دێ ڕێنوێنی کراین له لایه‌ن خه‌ڵکی گۆنده‌که‌وه. ئاغا حه‌بیب ورده ‌مالیک به‌ڵام جه‌سوورو سه‌رکێش بوو. پێش چوونی ئێمه بۆ نێو ماڵه‌که‌ی ، خوی و دوو چه‌کدار له نێو دێ وه‌ده‌ر که‌وتبوون و له سه‌ر شاخی به‌رزی ئاوایی که‌مینیان ده‌ر کردبوو. دایکی ئاغاحه‌بیب که سالاره ژنێکی باڵابه‌رزو لێهاتوو بوو به‌خێری هێناین له ماڵه‌که‌‌یدا. له میانه‌ی چا خواردن و به‌خێر هێناندا، مامۆستا هه‌واڵی له‌کوێ بوونی ئاغا حه‌بیبی پرسی.  دایکی که به کورتی هاتنه‌وه‌ی حه‌بیبی به نادیار وه‌ڵامدایه‌وه.  مامۆستا بابه‌تی کێشه‌ی جووتیارانی‌و ئاغاحه‌بیبی خسته به‌رباس لای دایکی حه‌بیب و چاره‌سه‌ری هێمنانه‌ی به باش هێنایه  گۆڕێ له ئێستای دۆخی کردستان و قه‌یرانی ناوچه‌که‌دا.   بۆێه پێکه‌وه ژیانی هه‌موومان به ئاسایش وهێمنایه‌تی له گشت ناوچه‌کانی کوردستان‌دا هه‌موومان سوودمه‌‌ند ده‌بین و پێچه‌وانه‌که هه‌موومان تێدا زه‌رر ده‌که‌ین و…. به هاسانی دوژمن به سه‌رماندا زاڵ ده‌بێ.

دایکی حه‌بیب که ژنێکی ژیر و به‌ قسه وباس بوو، به ڕێزه‌وه وه‌ڵامی مامۆستای ‌دایه‌وه و پاشان که  باس و بۆچوونی هێدی و هێمنانه‌ی ئێمه‌ی به دڵنیاییه‌وه ده‌ها‌ته به‌ر زه‌ین، بوی ده‌رده‌که‌وت که هاتنه‌وه‌ی حه‌بیب بۆ ماڵه‌وه، له گرتن و کێشه‌دا نیه، چووه ده‌ره‌وه و له حه‌بیبی  ڕاسپارد  بۆ هاتنه‌وه. حه‌بیب که ته‌مه‌نی له چل، که‌متر ده‌ینواند، گه‌نج و چوارشانه ، وێنای دایکی باڵا به‌رز و و چاو و برۆ ڕه‌ش ،هاته نێو ژووره‌که‌ی ئێمه‌وه. پاش به خێر هێنان ، مامۆستا به دووباره کردنه‌وه‌ی قسه‌و باسه‌کانی دۆزی ناوچه‌که ڕوو له ئاغاحه‌بیب، چاره‌سه‌ری بێ‌کێشه‌ی زه‌وی جووتیارانی به قازانجی هه‌ردوولا خسته به‌ر باس و نرخاندن که له کوتاییدا له لایه‌ن حه‌بیبه‌وه به ئه‌رێنی وه‌ر ده‌گیرێ. به‌و پێێه ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌کی گه‌ڕاننه‌وه‌ی زه‌وی جووتیارانمان له سه‌ر کاغه‌ز له سێ کۆپیدا پێ واژوو کرد که گشت له سه‌ره‌ی ساخ بووێنه‌وه.  پاشان به ڕزامه‌ندیه‌وه و ماڵئاوایی به‌ره‌و گۆندی مه‌ڕه‌ده‌ر له نیزیک دیوانده‌ره وه‌ڕێکه‌وتین.

گوندی مه‌ڕه‌ده‌ر،

له‌م گۆنده‌دا  کۆنه کێشه‌ی دۆژمنکاری زه‌وی سه‌ه‌رده‌می پاشایه‌تی سه‌‌ری هه‌ڵدابویه‌وه له‌م کاته‌دا.   بۆێه سه‌رده‌می پاشایه‌تی، دوو که‌سی مالیکین دێ، ده‌بنه هۆکاری کۆشتاری 7 که‌س له خێزانی جوتیاران و پاشان هه‌ڵ دێن بۆ ئه‌ودیو(کوردستانی‌ئێراق).   له ده‌رفه‌تی سه‌رده‌می ڕاپه‌رین‌ هه‌ڵاتووان چه‌ک‌دارانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه گۆندی مه‌ڕه‌ده‌ر و مووچه‌‌کان داگیر ده‌که‌نه‌وه.  ئێمه که به مه‌به‌ستی چاره سه‌ری کێشه‌کان له مه‌ڕه‌ده‌ر نیزیک ده‌بوینه‌وه ،چوار ده‌وری دێ له کونترولی چه‌کدارانه‌ی  ئه‌واندا گه‌مارۆ درابوو.  ئێمه که لای گه‌مارۆچیان وه‌ک شۆڕای شاری سه‌قز خۆمان ناساند، ئینجا به ئاگاداریه‌وه بۆ نێو دێ ڕێنوێنیان کراین.  کاتی دانیشتن و باس کردنی کێشه‌کان، وا ده‌رده‌که‌وت که که‌سانی به‌رانبه‌ری قسه ‌وباسه‌کانی ئێمه هه‌مان هه‌ڵاتووانی  پێشوو و داگیرکه‌رانی دووباره‌‌ی زه‌وی جووتیاره‌کانن.  باس و بۆچوونیان له کاتی گفتۆگۆدا ، وشک و ڕق و گه‌لێک به‌هه‌ڕه‌شه بوون له‌جووتیارانی خاوه‌ن زه‌ویه‌کان.  هه‌وڵی ئێمه‌یان بۆ لێک تێ‌گه‌یشتن و ڕێکه‌وتنی هێمنانه له‌سه‌ر بابه‌تی زه‌ویه‌کان، به‌هه‌ند وه‌ر نه‌ده‌گرت. به‌و پێێه به‌ناچاری وبه بێ‌ئاکام له مه‌ڕه‌ده‌ر گڕاینه‌وه بۆ شاری سه‌قز.

ڕوژی دواتر له سه‌قز که سه‌ردانی مامۆستا مه‌لاعه‌بڵام کرد له ماڵی خویان ، کادری پله به‌رزی حیزبی دێمۆکڕات (مامه‌قاله) له‌وێ دانیشتبوو که سه‌رقاڵی بابه‌تی کێشه‌ی مڕه‌ده‌ر بوون. هه‌رچه‌ن من و مامه‌قاله وه‌ک که‌س له نێو شاردا، دۆستی نیزیک بوین به‌ڵام به دیتنی من پێ‌تێکچوو له‌و کاته‌دا.  مامه‌قاله به پێچه‌وانه‌ی دادپرسی ودادخوازی ئێمه‌ له جووتیاران ، ئه‌ۆ‌وان به ڕآشکاوی پارێزه‌ریان ده‌کرد  له مالیکینی هه‌ڵاتوو- هه‌ڵگراوه‌ که به  ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکڕات پێناسه‌‌یان ده‌کرد.   پاش دوو ڕۆژ تێپه‌ڕبوونی گه‌ڕاننه‌وه‌مان له مه‌ڕه‌ده‌ر،هه‌مان جووتیارانی زه‌وی زه‌وتکراو،به برینداری هاتنه‌وه بۆ شوڕای سه‌قز.  شوڕا به  کۆی هه‌ر پێنج ده‌نگ، ساخ بووینه‌وه به هه‌نارده‌کردنی ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگانی شاره‌وانی به به‌ر پرسی کاک ع – M بۆ مه‌ڕه‌ده‌ر و هاورده‌کردنیان بۆ شوڕای سه‌قز.

پێشمه‌ر‌گانی حیزبی دێمۆکڕات کاتی ڕاگوێزانی هاورده‌کانی مه‌ڕه‌ده‌ر بۆ سه‌قز، له‌چه‌ن شوێنی جادده‌که که‌مین ده‌نێنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ڕاده‌ستکردنی گیراوان به   پێشمه‌رگانی حیزب که ناسه‌‌رکه‌وتوو ده‌مێنێه‌وه.   پاشان ئێمه وه‌ ک شۆڕای شار به هۆکاری ئه‌منیه‌تی و به مه‌به‌ستی دادخوازی مافی جووتیارن، ساخ ده‌بینه‌وه که گیراوانی مه‌ڕه‌ده‌ر ” ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکڕات ”  له سه‌قزه‌وه بۆ دادگای سنه به‌‌ ڕێ به‌کێن که پێشتر هاوڕێ کاک سدیق کمانگه‌ر وه‌ک پارێزه‌ر، له‌ شاری سنه ئاگادار کرابوێه‌وه  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.

کۆتایی بزاوی  یه‌کیه‌تی جووتیاران

بزاوی یه‌کیه‌تی جووتیاران له‌و بڕگه‌ زه‌مه‌نیه‌دا و له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌نگداننه‌وه‌ی پاشماوه‌ی کێشه‌ی چینایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی قۆناخی ئاغایه‌تی ده‌ره‌به‌گی بوو.  گه‌رچی‌هه‌وڵی گڕاننه‌وه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و دوا ممکین نه‌بوو. به‌لام یه‌کانگیر بوونی  گه‌ڕ و کێشه‌یی به‌ره‌ی سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ر و کۆنه‌په‌ره‌ستانی نێو خوی کوردستان به هاریکاری ڕژیمی کۆنه ‌په‌ره‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌و کاته‌دا و له بنه‌ڕه‌تدا، ده‌بووه هۆکاری ناسه‌قامگیری دۆزی نێو خۆی کوردستان و له ده‌ست چوونی ده‌رفه‌تی مێژوویی له ڕێڕه‌وی جووڵاننه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و له بار چوونی که‌ش وهه‌وای ئازادی ڕه‌خساو له کۆمه‌ڵگای کوردستان‌دا. جێگای سه‌ره‌نجه که گه‌ڕی مه‌زن‌خوازی خێڵ وسه‌رۆکانی عه‌شاێه‌ر له مێژووی جووڵاننه‌وه‌ی ڕزگاری کوردستاندا، نامۆ نیه و یه‌که‌مجار نیه خێڵ و سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ر‌ی کۆرد ( ئاغا شێخ )ده‌بنه ئامێری پیلانگێڕی ده‌ستی داگیرکه‌رانی کوردستان له پێناو پاراستنی بارو دۆخی خێڵ وسه‌روکایه‌تی خێڵه‌کی‌دا.  بوێه سه‌رۆکانی خێڵ به گوێره‌‌ی هه‌ل و مه‌رجی ده‌سه‌ڵاتی داگێرکه‌ران، به هاسانی خۆ ڕێده‌خه‌ن و برگی خزمه‌تکاری و هه‌رزان فروشی مافی گه‌ل له به‌ر ده‌که‌ن. دوێنێ سه‌ددام حسین و شای ئێران ئه‌مڕۆ سوڵتان ئه‌ردوغان و ئیمام خۆمینی و سبه‌ی به گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی نوێ ، پۆشانی به‌رگی گزیری و پاسه‌وانی نوێ ئاساییه بۆیان.

هه‌ره‌س پێ‌هێنانی کۆماری کوردستان له بنه‌ڕه‌تدا کارداننه‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕژیمی پاشایه‌تی و سات وسه‌ودای سه‌رۆکانی عه‌شایه‌ری کورد بوو و پاشان ڕێخۆشکه‌ری فه‌کته‌رگه‌لی جیهانی و ناوچه‌یی هه‌ره‌سی پێ‌هێنا. گه‌نده‌ڵکاری و بازرگانی   هه‌رزان فرۆشی سامان‌و کیانی خه‌ڵکی کورد له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خێڵ ‌و سه‌رۆکی‌ خێڵدا له باشووری کوردستان، که ته‌نگی به ژیانی خه‌ڵکی ئاسایی هه‌ڵ‌چنیوه ، وێنای زیندووی بابه‌تی قه‌یرانی گشتیه که دووپات  بوونه‌وه‌ی کاره‌سات له ڕێڕه‌وی کۆمیکی مێژوودا به دوور نایه‌ته به‌ر چاو.

عه‌‌زیز ڕه‌زایی       2017,4,2

١  – حاج‌عه‌لی شوانه کونه تفه‌نگچی قاچاخچی که پاشان ده‌بێته به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکڕات.

٢ – مه‌لا سه‌ید ئه‌حمه‌د دواتر ده‌بێته سه‌رۆک جاشی کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوه‌دێری له قه‌ناره‌دانی 21 نه‌فه‌ر له خه‌ڵکی شار.

٣ – کومیته‌ی شاره‌وانی سه‌قز که ئاسایشی شار و ناوچه‌ی سه‌قزی له ئه‌ستۆ دا بو ، له دوو ڕه‌وتی جیاوازی سیاسی‌دا هه‌ڵس‌و که‌وتیان ده‌کرد. به‌شێکیان سه‌ر به مه‌لا جه‌لال شافێعی(ئه‌ندامی شوڕای شار) که مه‌‌لاسه‌ید ئه‌حمه‌د یه‌ک له‌وانه بوو. به شی  سه‌ره‌کی کۆمیته سه‌ر به جه‌معیه‌ت که زوربه‌یان له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵه‌ ده‌گرسێنه‌وه  نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه(ئه‌ندامی شۆڕای شار) به‌رپرسی کۆمیته و ئاسایشی شاری له ئه‌ستۆ بوو.

٤ – مامۆستا ئه‌نوه‌ر له گه‌یشتنه‌وه‌یدا به جه‌معیه‌ت ده‌یبنه نه‌‌خۆشخانه‌ی سه‌قز که له‌وێدا له لایه‌ن مه‌لا خالید(مانه‌ی ئه‌نوه‌ر) وه حه‌واڵه‌ی پادگانی سه‌ربازی سه‌قز ده‌کرێ که نه‌یاری ئێمه بوون . له پادگانه‌وه حه‌واڵه‌ی کرماشان ده‌کرێ که به داخه‌وه ته‌رمه‌که‌ی ده‌نێرنه‌وه بۆ شاری سه‌قز.

کۆتایی

ده‌رباره‌ هه‌ڵوێست

Profile photo of هه‌ڵوێست

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی حوسێنپه‌ناهی و ئامانجه‌كانی به‌ڕیز موهته‌دی

به‌ر له‌وه‌ بچمه‌ ناو ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌م، ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵ به‌ پێویست ده‌زانم: ١ – من …

به‌یازێکی به‌ نێو بانگی کوردی ئه‌نتیک بەشی دوەم

بەشی دوەم ده‌قی کتێبی مه‌می ئالان وه‌رگێردراو له‌ ساڵی 1266 ـ هێجری (170) ساڵ پێش …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز