سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ٢٢

یادداشت بەشی ٢٢

شەممە، ٢٤/٦/٢٠١٧

پیری دەستگیر

ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی بیرمەند، کۆمەڵناس و زمانەوانی مارکسیست و فێمینیستی کورد، کاک ئەمیری حەسەنپوور، ڕاگەیێنرا. مەرگی کاک ئەمیر بۆ بزووتنەوەی چەپ و خەباتی سیاسی و بواری لێکۆڵینەوە لە مێژوو و ئەدەبی کوردی خەسارێکی گەورە بوو. بە هەمان شێوە، هەموو خەڵکانی کورد و غەیرەکورد کە لە بواری توێژێنەوە لە سیاسەت و کۆمەڵناسی و مێژووی کورددا کاریان دەکرد، یاریدەدەرێکی بێ درێغ و پشتگیرێکی دڵسۆزیان لەدەست چوو. من خەریکی نووسینی بابەتێکی کورتم بۆ گۆڤارێکی کوردی و لەم دەرفەتە کەمەی ئێستادا بیرم لەوە دەکردەوە ئەم چەند دێڕەی ئێرەدا بە چ سیفەتێک ناوی ئەو گەورە پیاوە هەڵکەوتووەی کورد بەرم کە بتوانێت کەسایەتی کەم وێنەی ئەو پیشان بدات، دیتم ‘پیری دەستگیر’ ڕەنگە بەشێک لە هەست و بیرم سەبارەت بەو ڕابگەیێنێت.

ئەوەندەی خۆم لە ماوەی سی چل ساڵ ناسینی کاک ئەمیردا بینیومە و ئەوەندەی لە خەڵکانی دیکەم بیستۆتەوە ، کاک ئەمیر هەرگیز دەستی بەڕووی کەسێکەوە نەناوە کە خەریکی لێکۆڵینەوە لە بوارێکی تایبەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی کورد بووبێت و نەک هەر کوردیش بەتەنیا، بەڵکوو خەڵکان و گەلانی چەوساوەی جیهان بەگشتی. یادی خۆشەویستی دوکتۆر ئەمیری حەسەنپوور بۆ هەمیشە زیندوو بمێنێتەوە. بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خاتوو شەهرزاد موجاب و کاک سەلاحی کوڕیان و خوشک و براکانی کاک ئەمیر هەروەها هەموو خەڵکی مەهاباد و سەرانسەری کوردستان دەکەم.

سێ شەممە، ٢٧/٦/٢٠١٧

دیواری ئەردۆغان

ئەو دیوارەی وا ئەردۆغانی جینایەتکار خەریکە لە نێوان خاکی ئێستای تورکیا و ئێراندا دەیکێشێت، چاڵدیرانێکی دیکەیە و کارەساتێکی مرۆڤایەتییە کە ئەوەندەی شوێن لەسەر ژیانی کورد لە هەردوو بەری سنوور دادەنێت، ئەوەندەش لەسەر ژینگە و سروشت و ئاژەڵی کێوی و دار ودرەخت. بۆچی دەنگی کەس دەرنایەت؟ مافی گوندنشینانی هەردوو لایەنی سنوور کە لەڕێگەی ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنی کالای سەر سنووروەوە دەژین چی لێ دێت؟ ئایا ئیجازە لەو خەڵکانە وەگیراوە کە دیوارەکە بە زەویوزاری ئەواندا دەکشێت؟ ئەندام پەرلەمانەکانی کورد و ئازەربایجانی لەئێران بۆچی بێدەنگن؟ حزبەکان بۆچی دەنگیان لێوە نایەت؟ تەلەفیزیۆنە کوردییەکان بۆچی قڕ وقەپیان لێکردووە؟

چوار شەممە، ٢٨/٦/٢٠١٧

سبەی ساڵوەگەڕی بۆمبابارانی شیمیایی شاری سەردەشت و چەند گوندی دەوروبەریەتی.

سی ساڵە حکوومەتە ڕووڕەشەکانی جیهان لەو جینایەتە بێدەنگن و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکییەکان کە ئەودەم بە هۆی مەترسی نانەوەی خومەینییەوە دیزەبەرخۆنەیان کرد و چاویان لە سەددام قووچاند، ئێستاش بەلای مەسەلەکەدا ناچن. یادی ئەو کەسانە بەخێر بێت کە لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا بوونە قوربانیی سات وسەودای ئەو دوو حکوومەتە چەپەڵە. ئەگەر ئێران دوای وەرگرتنەوەی خوڕەمشەهر لە ناو خاکی عیراق پێشڕەوی نەکردبایە و پاسدارەکانی خومەینی نەچوونایەتە قووڵایی خاکەکەیەوە سەددامی جینایەتکار زۆر واهەبوو ئەو تاوانە دەرحەق بە خەڵکی سیڤەیلی سەردەشت و دەوروبەری نەکات و درەنگتر، دەرحەق بە خەڵکی هەڵەبجەش. هەردوو حکوومەتەکە لەو تاوانەدا دەستیان هەبوو.

پێنج شەممە، ٢٩/٦/٢٠١٧

ئەمڕۆ لە ژوورێکی کۆبوونەوەی ‘برک بێک کۆلێج’ی زانستگەی لەندەن کۆڕێک بۆ بەڕێز دوکتۆر جەعفەر شێخ الاسلامی ڕێکخرابوو و خەڵکێکی باش بەشدارییان تێدا کردبوو. بابەتی وتارەکەی کاک جەعفەر پێنج ستانداردی جیاواز بۆ یەک زمان بوو و تێیدا باسی سیاسەتە جیاجیاکانی پێنج وڵاتی ئەرمەنستان، ئێران، عیراق، سووریا و تورکیای کرد سەبارەت بە زمانی کوردی.

کاک جەعفەر کە لە شاری ئۆتاوای کانەدا مامۆستای زمانەوانە، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە لەدەستچوونی کاک ئەمیری حەسەنپووری کرد و گوتی مۆنتۆر و مامۆستام بووە. هیوای هەموولایەک ئەوەیە ئێستا کە کاک ئەمیر نەماوە، ئەو بتوانێ شوێنی بەتاڵی ئەو لە بواری زمان و کۆمەڵناسیدا پڕ بکاتەوە.

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز