سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ٢١

یادداشت بەشی ٢١

ئەنوەر سوڵتانی

سێ شەممە ٢٠/٦/٢٠١٧

حەیدەر عەبادی سەرەک وەزیرانی عیراق، کە دژ بە گشتپرسیییەکەی کوردستان هەڵوێستی گرتووە، سەردانی ئێران و دوو وڵاتی عەرەبی ناوچەکەی کردوووە بۆ وەرگرتنی پشتیوانی ئەوان و تەنیا هێشتنەوەی حکوومەتی هەرێم. ئایەتوڵڵا خامنەییش کە ناوی خۆی ناوە ڕێبەری هەموو موسوڵمانانی جیهان و وەک ئەرکێکی ئاسایی خۆی بێت، دەست لە هەموو کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەردەدات، دوێنێ بە پێچەانەی هەموو عورفێکی ناونەتەوەیی هەڕەشە و گوڕەشەی لە کوردی باشوور کردووە و فەرموویەتی گشتپرسی نەکەن.

کورد لە داگیرکەری خاکەکەی و دوژمنەکانی خۆی لەوە زیاتر چاوەڕوانی ناکات، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی خۆی خزاندۆتە ناو کۆمەڵگای باشووری کوردستانەوە و ناڕاستەوخۆ هەوڵی گەورە کردنەوەی کەلەبەری نێوان حزبە سیاسییەکان دەدات.

تاقە هیوایەک بۆ بەربەرەکانی ئەو و داگیرکەرانی دیکەی خاکەکەمان مابێت یەکگرتوویی ڕیزەکانی گەلە. تۆ بڵێی لەو ماوەی سێ مانگەی وا بۆ ئەو ڕۆژە مێژووییە ماوە، حزبەکان و ڕێبەرانیان نەیەنە سەر عەقڵ و ڕیزەکانیان یەک نەخەن؟ ئەگەر ئەوە ڕوونەدات هەرگیز گەل نایانبەخشێت و زۆر واهەیە هەرگیز مەجالێکی دیکەی وا بۆ کورد هەڵنەکەوێت.

چوارشەممە ٢١/٦/٢٠١٧

زەکات، وەک گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگا لە وڵاتی موسوڵمانان

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ڕووداو، زەکاتی تەنیا ٣ میلیاردری کوردستان دەکاتە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆڵار. ئەو پارە زۆرە بە کێ دەدرێت و چۆن سەرف دەکرێت؟ لە حاڵێکدا حکوومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت و بەغدا پارەی نەوتەکەیان لێ دەبڕێت، ئەو زەکاتە بۆچی دەبێ بدرێتە دەست چەند مەلای مزگەوت کە نە حیسابی بانکیان لەژێر کۆنترۆڵی دەولەتدایە و نە کەس دەزانێت چی لەو پارە زۆرە دەکەن.

مەلا و مزگەوت حکوومەتێکن لە ناو حکوومەتدا، ڕاست وەک داهاتی “آستان قدس رضوی” لە شاری مەشهەدی ئێران کە گەورەترین سەرمایەداری هەموو وڵاتەکەیە و مەلاکان دەیخۆن و دەیبەن، کەسیش نییە لە ژوور سەریانەوە بزانێ چی لەو پارەیە دەکرێت کە خەڵکانی دڵ ساف بە نییەتی باشەوە دەیدەنە سندووقی خێر و خێراتێک وا بە ناوی ئیمام ڕەزاوە دانراوە بەڵام دوای دزی و فزییەکان کە گوایە تەنیا جێگری سەرۆکەکەی لەم ڕۆژانەدا ١٣ هەزار ملیارد تمەنی دزیوە و هەڵاتۆتە دەرەوەی وڵات،  بەشی بەرچاوی ئەوەی دەمێنێتەوە سەرفی حیزبوڵڵای لوبنان و پاراستنی بەشار ئەسەد لە سووریا دەکرێت، یان دەدرێتە حەماس و و شیعەی حوثی لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عیراق بۆ ئەوەی هیلالی شیعی پێک بێنن یان دەیان شوێنی وەک نیجریە بۆ ئەوەی برەو بە  شیعایەتی لە ئەفریقا بدەن.

پێنج شەممە، ٢٣/٦/٢٠١٧

کورد سەرەڕای ژیانی ئەستەم و شەڕ و کێشەی زۆری سیاسی و ئابووری، خەڵکانی قسەخۆشی زۆرن. شیعرێکی بێرتۆڵد برێشت هەیە دەڵێ “ئایا لە سەردەمی شەڕدا شیعر دەگوترێت؟” هەرخۆیشی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: “بەڵی سەبارەت بە شەڕ!”  بەڵام قسە خۆشی کورد تەنیا سەبارەت بە شەڕ قسەیان نەکردووە و لەهەموو بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئەسپی تەنزیان تاوداوە.

زۆر حەیفم لێ دێت قسەکانی مامۆستا عەلی خەندان گۆرانی بێژی نەمر بفەوتێن. بڵێی کەس قۆڵی لێ هەڵنەماڵێ و گردوکۆیان نەکات؟

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز