سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ٢٠

یادداشت بەشی ٢٠

هەینی، ٩/٦/٢٠١٧

لە کومۆنیزمەوە بۆ کۆربۆنیزم!

دوێنێ لە بریتانیا  هەڵبژاردنی سەرانسەریی پەڕلەمان بوو. حزبی حاکمی پارێزگار هەڵبژاردنێکی پێش وەختی ڕاگەیاند بەو هیوایەی کە ‘جێڕمی کۆربن’ ڕێبەری حزبی کار توانای بەربەرەکانی کردنی ئەوانی نییە و دەتوانن دەنگێکی زیاتری خەڵک بۆخۆیان مسۆگەر بکەن؛ لەو ڕێگەیەشەوە زیاتر ئەسپی سیاسەتە هەڵەکانیان سەبارەت بە ‘برێگزیت’ و جیابوونەوە لە یەکیەتی ئوروپا تاو بدەن؛ لە سکۆتلەندەش حزبی ناسیۆنالیستی سکۆتلەندییەکان تێک بشکێنن. ئینجا هاتن بە خەڵکیان گوت گوایە بۆ مەسەلەی جیابوونەوە لە یەکیەتی ئوروپا پێویست بە حکوومەتێکی ‘بەهێز و سەقامگیر’ هەیە و ئەوان لەڕێگەی ئەو هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتێکی ئەوتۆ دادەمەزرێنن.

هەڵبژاردنەکە بە پێچەوانە گەڕا و حزبی حاکم، کە بۆ ڕیش چووبوو، سمێڵیشی لەسەردانا و ئێستا بۆ ئەوەی لەسەر حوکم بمێنێت، مەجبوور بووە لەگەڵ حزبێکی بچووکی ڕاست ئاژۆی ئیرلەندییەکانی باکووردا یەک بگرێت و ژمارەی نوێنەرانیان لە ناو پەرلەمان بگاتە نیوەی+١ ی ئەندامان کە بتوانێت حکوومەت پێک بهێنێت.

من کە لە هەموو ساڵانی ژیانم لە بریتانیا، لایەنگری حزبی کار بووم، باوەکوو ئەمجارە هیوایەکی کەمم بە جێرمی کۆربن هەبوو، بەڵام لەبەر سۆز و خۆشەویستیی ڕێبازەکە و شەخسی ئەو، لەگەڵیاندا مامەوە و خۆشحاڵم کە سەرکەوتنێکی گەورەیان دەستەبەر کرد. هەڵبژاردنەکە چەند شەقڵی نوێی لێدرابوو:

  • لاوان بەگشتی بەرەو چەپ هاتبوون و متمانەیان بە پارێزەرەکان نەبوو. خەتی شێوە چەپی کۆربن سەرەڕای هەموو دژایەتییەکی حزبە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان وەک حزبی سەربەخۆیی خواز و دژە ئوروپای نایجڵ فاراژ و ڕۆژنامە ڕاست ئاژۆکان وەک دەیلی مەیل و سان، سەرکەونتێکی زۆری دەست کەوت و ژمارەی ئەندام پەرلەمانەکانی گەلێک زیاتر لەوەی پێش بینی دەکرا لە زیادییان دا؛
  • حزبە ڕاست ئاژۆکان لە زوربەی شوێنەکان تووشی شکست هاتن؛
  • لەندەن و شارە گەورەکان کە بێگانەی زیاتریان تێدایە، بە دەست حزبی کارەوە مانەوە بەڵام پارێزگا و شارەکانی دەوروبەری لەندەن، کە خەڵکەکەیان بەگشتی بریتانی و واهەیە بەشێکیان ناحەزی کۆچبەران بن، بوونەوە بە مڵکی حزبی پارێزەر؛
  • دوو کورد لە سەر لیستەی حزبی کار بەربژێری دوو ناوچە بوون لە لەندەن و دەوروبەری، بەڵام بە داخەوە هیچکامیان دەنگی پێویستیان نەهێنایەوە.
  • بەگشتی نزیکەی ٥٠ ئەندام پەرلەمان لە کەمایەتییە ڕەش و غەیرە سپییەکان چوونە ناو پەرلەمانەوە.
  • ژمارەی ژنانی ئەندام پەرلەمان ئێستا لە هەموو هەڵبژاردنێکی پێشوو زیاتر بووە.

دووشەممە، ١٢/٦/٢٠١٧

سوننی کوژی!

کاری هەڵەی تیڕۆڕیستیی هەفتەی ڕابردوو بیانووی چاکی داوەتە دەست سوپا و وەزاڕەتی ئیتیلاعاتی ئێران بۆ لێدانی هەموو ئەو چالاکانەی وا لە ناوچە کورد و سوننە نشینەکان دژایەتی حکوومەت دەکەن.

بە پێی هەواڵی ئەم ڕۆژانە، نەک هەر لە کوردستان،بەڵکوو لە سیستان و بەلووچستان وناوچە تورکمەن نشینەکانی باکوور هەتا سوننەکانی باشووری ئێران، خەڵک کەوتوونەتە بەر هێرشی “سەربازانی گومنامی ئیمامی زەمان” و نە کەس هەیە بەرگریان بێت، نە کەسیش بە یارمەتی گیراوەکانەوە دێت.

کارێکی منداڵانەی بێ بەرنامەی چەند لاوی بێ ئەزموونی دەمارگیر (یان خود فێرکراوی دەستی ئیتلاعات)، ئاکامی وا ناحەزی لێ کەوتۆتەوە و لەدادێدا زیاتریشی لێ دەکەوێتەوە.  سوپای پاسداران زۆر وا هەیە بەوەش نەوەستێت و دەستبداتە جینایەتی زۆر لەو ناوچانە و لە عیراق و باشووری کوردستانیش.

دۆخەکە گەلێک ئاڵۆز و زۆر ناسکە و لە ڕۆست هاتنی وشیاری و لێزانیی زۆری دەوێت. هیوادارم کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و شەڕە پەڕۆ لێیان بگەڕێت بە مەسەلە گرنگەکان و یەک لەوان ئەم پیلانە داڕژاوە، بە باشی ڕابگەن.

پێنج شەممە، ١٥/٦/٢٠١٧

دوێنێ ڕووداوێکی دڵتەزێن لە لەندەن ڕوویدا و باڵەخانەیەکی ٢٤ نهۆمی لە ناوەڕاستی شارەکە ئاگری گرت. ژمارەی کووژراوان تا کاتی ئەم نووسینە گەیشتۆتە ١٧ کەس و بریندارێکی زۆریش براونەتە شەش نەخۆشخانەی شار. سەرجەم ١٢٠ بنەماڵەی دانیشتووی بینایەکە ئاوارە بوون و هەموو کەل وپەلێکی ژیانیان لەدەست چووە. کارەساتەکە گەلێک مەزنە و خەڵک لەهەموو شوێنێکەوە چوونەتە یارمەتیدانی بێ ماڵ و حاڵەکان.

من پێشتر بە میوانی چوومەتە ناو ئەو باڵەخانەیە و دۆست و ناسیاویشم لەناویاندا هەیە، کە بەختەوەرانە هەموویان سەلامەتن. بە گوێرەی هەواڵی برادەرێکی شارەزا، سەرجەم پێنج بنەماڵەی کوردی ڕۆژهەڵات و باشوور لەگەڵ چەند بنەماڵەی کوردی سووریا لەوێدا دەژیان. هێشتا کاری پشکنین کۆتایی نەهاتووە و بە ڕوونی نازانرێت کێ ماوە و کێ نەماوە.

ژیان لە باڵەخانەی وا بەرز هەمیشە ئەستەم و جێگەی نیگەرانی بووە، بەڵام چ کەردەن؟ ئەوە ژیانی کۆچبەرییە و هەر ئەوەندەی چاوە خانوویەک لە شوێنێک بدرێتە کەسەکە، وەریدەگرێت.

خەڵکانی دانیشتووی باڵەخانە، دراوسێکانیان و بە گشتی خەڵکی هەموو وڵات ناڕەزاییان هەیە لەو خزمەتانەی دەبوایە حکوومەتی ناوچەیی ئاراستەی بکردایە و نەیکردووە. دیارە دابین کردنی خانووبەرە و ڕەچاوکردنی هەموو لایەنێکی ئاسایش بۆ ئەو خەڵکە زۆرەش کارێکی هاسان نییە، بە تایبەت کە ئێستا وڵاتەکە تووشی قەیرانێکی گەورەی ئابووری هاتووە و بودجەی هەموو خزمەتگوزارییەک لە چوارچێوەی حکوومەتە ناوچەییەکاندا لە کەمیی داوە.  لەندەن ٣٣ حکوومەتی ناوچەیی هەیە و ناوچەی وێست مینستر و کێنزینگتن دەوڵەمەندترینیانە، کە باڵەخانەکەش لەوێدا هەڵکەوتووە.

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز