سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ١٧

یادداشت بەشی ١٧

ئەنوەر سوڵتانی

هەینی، ١٩/٥/٢٠١٧

ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا، سیاسەتڤان و توێژێنەری ناوداری کورد ڕاگەیێنرا. نەوشیروان مستەفا بە تەنیشت کارە سیاسییەکانیەوە بەرهەمێکی زۆری لێکۆڵینەوە لە مێژووی سیاسیی و ئدەبی سەدەی بیستەمی کوردی خستە کتێبخانەی کوردییەوە کە سەروگەردنێک لە کاری هاوچەشنی لێکۆڵەرانی دیکەی کورد بەرزترن و وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەمێننەوە.

کاک نەوشیروان، وەک دووهەم کەسی ڕێبەرایەتیی یەکیەتی نیشتمانی، کە لە نزیکەوە هەڵە وپەڵەی خەباتی چەکدارانەی کوردی بینیبوو و وەک خاوەن بڕوایەکی چەپی مائۆئیستی، ساڵانێکی زۆر لە داڕشتنی بەرنامە سیاسی و نیزامییەکانی کۆمەڵەی مارکسی- لێنینی دا قسەی یەکەمی کردبوو، لە کۆتاییەکانی ژیاندا گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە چەک لە گۆڕەپانی خەباتی کورددا شمشیرێکی دوو تیغە و ئەوەندەی دوژمن دەبڕێت بە هەمان ڕادە ڕۆڵەکانی گەل دادەپڵۆسێت؛ نەک هەر ئەوەش، بەڵکوو کاری چەکداری بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەندەڵی و چوونی حزبە سیاسییەکان بۆ ژێرباڵی حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئیتر ڕووی لە چەک وەرگێڕا و بەم کارەی خزمەتێکی مەزنی بە گەل و نیشتمان کرد.

لە ناو سیاسییە حزبییەکانی باشووردا، تەنیا ئەو بوو کە لە لایەک ئەزموونی تاڵی چەند ڕووداوی وەک ‘پشت ئاشان’ لە کارنامەکەیدا بوو و لە لایەکی دیکەشەوە جەربەزە و ئازایەتی زاتیی تێدا بوو بۆئەوەی بتوانێت پشت بکاتە کاری چەکداری، ئەویش لە باشووری کوردستان- شوێنێک کە لوولەی تفەنگ قسەکەری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسەت بووە و هەیە. دەنا چ کەسێکی دیکە دەیتوانی دژ بە پیرۆزایەتی چەک ڕابپەڕێت بێ ئەوەی حزبە چەکدارەکان بتوانن لێی ڕاپەڕن؟

بەداخەوە، خەباتی سیاسی نەیهێشتووە گەورەیی کاری لێکۆڵینەوە سیاسی و ئەدەبییەکانی نەوشیروان مستەفا بەباشی دەربکەوێت کە لەوێدا زیاتر بەشێوەی لێکۆڵەرانی بێ لایەنی ڕۆژئاوایی داوەریی ڕووداوەکان دەکات و ئەو لایەنگرتنەی وا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دەیکرد، لە لێکۆڵینەوەکانیدا خۆ نانوێنن.

یادی ئەو توێژێنەرە بە بەهرەیەی گەلەکەمان بەخێر بێت!

دووشەممە، ٢٢/٥/٢٠١٧

دەڵێن بە وشتریان گوت بۆچی میزکردنت لە پشتەوەیە؟ گوتی چیم وەک خەڵکی دیکەیە تا ئەوم وابێت! مەلاکانی ئێران هیچ شتێکیان وەک خەڵکی دیکە نییە. لەو سەردار و بندارانەی سوپا کەیان، وابزانم قاسم سولەیمانی بوو، کە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفاوە نامەی سەرەخۆشیی ئاراستەی مام جەلال کرد!

کابرای فێڵباز، نە حکوومەتی هەرێمی بە هیچ زانی، نە ڕێکخراوەی گۆڕان و نە تەنانەت یەکیەتی نیشتمانی و بازی بەسەر هەموو ئەوانەدا دا، بۆ ئەوەی کورد بە هیچ دابنێت و پرسە نامە بێتامەکەی خۆی بۆ کەسێک بنێرێت کە نە ئاگای لە دنیایە، نە لە مافیها! مام جەلالی فەقیر لەو نەخۆشییەدا چ دەزانێت کێ زیندووە و کێ مردووە، کە تۆ نامەی سەرەخۆشی بۆ دەنێری! ئایا ئەوە بێ ڕێزی بە حکوومەت و هەموو حزبەکان نییە کە لاپرەسەنێکی لابەلا زیندووی کورد بە هیچ نەزانێت و نامە بۆ مردووان بنێرێت؟

چ کەردەن! ئەوە کوردە و دراوسێکانی؛ ئەوەش مەلای قوم و مەشهەدن و سیاسەت کردنیان. ئەی حزبە کوردییەکانی باشوور کە عیسا پەژمان و قانعی فەرد و ئاغاکانیان بە دۆستی خۆیان ناودەبەن، کەی لەو خەوی غەفڵەتە ڕادەبن و دۆست و دوژمنی خۆیان لێک دەکەنەوە؟[1]

سێ شەممە،، ٢٣/٥/٢٠١٧

ئێوارەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بارانی خێر وبێری ئیسلامی عەزیز بەسەر ٧٠ بنەماڵەی بێ تاواندا باری و پەڵەی دا. سێ ڕۆژە لە هەموو ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی بریتانیادا باس باسی ئەو تاوانە مەزنەیە کە دەسنێژێکی بێ ئەخلاقی داعیش ڕۆژی شەممە لە شاری مانچستر کردی و لە ئەنجامیدا، زیاد لە ٧٠ کووژراو و برینداری بێ تاوان بەسەر دەستی بنەماڵەهەژارەکانی ئەو شارە میوان لەخۆگرەدا مایەوە.

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ئیشکردن بوو دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە. تەرجەمەم بۆ پەناخوازێکی کورد دەکرد کە ئەویش سێ ڕۆژە گەیشتۆتە بریتانیا و گوتوویەتی تەمەنم ١٧ ساڵانە. ئەو کەسەی وا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرد خانمێکی ئینگلیز بوو. دوای پرس وجۆ لە تەندروستی و پەروەردەی کوڕە لاوەکە، لێی پرسی “ئایا نوێژ دەکەی؟ دەتەوێت مزگەوتی گەڕەکەمانت پیشان بدەین؟ بەرماڵت دەوێ لە ماڵەوە نوێژی لەسەر بکەیت؟ قورئانت دەوێ بتدەینێ؟” و پاشان گوتی “لەم شوێنەی وا تۆی لێ دەژیت، تەنیا گۆشتی حەڵاڵ بە خەڵک دەدەین، کەس گۆشت بەرازت ناداتێ” و شتی دیکەی لەو چەشنە…. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەویش وەک هەموو خەڵکی وڵاتەکە لە ناخی دڵەوە ئازیەتباری ڕووداوەکەی مانچستر و هاودڵی بنەماڵەی قوربانییانی جینایەتەکەن، نە نیشانەیەک لە ڕق و کینەم لەو ژنەدا بەدی کرد و نە بوغزێک دەرحەق بەو پەنابەرە، کە موسوڵمانێکی خاوەن بڕوای نوێژکەر وەک ئەوەی مانچستر بوو.

کاتێ ئەو دوو ڕووداوە لای یەک دادەنێم، چیم پێناکرێت جگە لەوەی سەری تەعزیم دانەوێنم بۆ ئەو فەرهەنگە پێشکەوتووەی ئوروپا، کە تێیدا تاکە کەس بە پێوانەی فەردیی هەڵدەسەنگێنرێت نەک لەڕێگەی پێشداوەری و بەستنەوەی بە پێشینەیەکی ئایینی و نەتەوەیی گشتییەوە- پێشینەیەک کە خەڵکانی دیکە پێکیان هێنابێت و ئەو تاکە بە ئەگەری زۆر، هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەبێت.  لێرە، ئەساسی داوەری کردن لەسەر ‘بێ تاوانی’ی تاک دانراوە. بەڵام لە وڵاتانی ئێمەماناندا ماڵی بیرکردنەوەی خەڵک دیوارەکانی بە قوڕی دەمارگیریی ئایینی سواغ دراوە و لە ئەنجامدا بە فرسەخ لەو شێوازە داوەری کردنە مرۆڤانەیە دوورین کە ئەوان لای کەم پێنجسەد ساڵە کردوویانەتە بنەما بۆ بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانیان. لای ئێمە، نەیار و ناحەز، بیەوێت یان نا، ‘تاوانبار’ە و ئەوە سەلماندن و بەڵگەی پێ ناوێت! هەر ئەوەشە داعشی شیعە لە تاران و داعشی سوننە لە مووسڵ حکوومەتمان بەسەردا دەکەن، هەر لەو دوو شوێنەش نا، لە هەموو وڵاتێکی ئیسلامیدا.

پێنج شەممە، ٢٥/٥/٢٠١٧

Chelsea Flower Show

چەند ڕۆژێکە پیشانگەی گوڵ لە ناوچەی ‘چێڵسی’ی لەندەن کراوەتەوە. ساڵانێکی زۆرە بە حەسرەتی چوون و دیتنی ئەو پیشانگە ناودارەوەم کە ١٠٥ ساڵە لەمانگی مەی دا بۆ ماوەی حەوتوویەک دەکرێتەوە و خوداپێداوان دەچنە سەیر و سەیرانی. بلیتی چوونە ژوورێ لە تاقەتی ئێمەماناندا نییە، جا من خۆم بە دیتنی جوانییەکانی لە سەر تەلەفیزیۆن  ڕازی کردووە.

ئەی ئەوانەی وا جوانی دەپەرستن! ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست مەدەن و ئێواران بە دیتنی بەرنامەی پیشانگەکە لەسەر تەلەفیزیۆنی بی بی سی زاخاوی مێشک و چاو و ناخ و هەناوتان بدەن. پیشانگەکە و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکە دوو ڕۆژی دیکە کۆتاییان پێ دێت و پاشان دەبێ وەک من، تا ساڵێکی تر چاوەڕوانی ئەو ڕازاوەییە بێ وێنەیە بمێننەوە. عجلوا بالمعرض قبل الموت!

[1] . بۆ نموونە، بڕوانە وتووێژی نەمر مامۆستا برایم ئەحمەد لەگەڵ کاک عەلی کەریمی لە سەر یوتیووب و قسەکانی سەبارەت بە پەژمان.

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

وەڵاتی فینلاند لە سیفرەوە بۆ لووتکە

هیوا گوڵ محەمەدی فینلاند وەڵاتێکی بچوکە لە باکوری ئەوروپا کە پێنج ملیون و نیو حەشیمەتی …

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! عه‌بدوڵا ساڵەح هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز