سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / گشتپرسیی دەستکەوتی تێکۆشانی میللەتە

گشتپرسیی دەستکەوتی تێکۆشانی میللەتە

دارا خونچە

ئێستا ویستی ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازیی کۆمەڵی مرۆ لە هەر کونج و کەلەبەرەکی ئەو جیهانە زۆر لەوە وە هەژموونترە کە پێویست بکا میللەتان پرس وە (حیزب و بزاڤ و دەسەڵات و سیستەم) بکەن تا لە مافی ئەنجامدانی گشتپرسیی بەهرەمەند بن، ئەو مافی گشتپرسییەش وە رای من* لە هەر دەم و جێەک و لەسەر هەر بابەتەک تەنێ بڕیاری لە ١٠٪ی خەلکی گەرەکە تا بخرێتە واری جێبەجێکردن.

هێشتا کەسانەکی یەکجار زۆر لە نێو میللەتی مە هەن – ئەو میللەتەی کە لە ساکارترین مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی بێبەشە و لە سەتەی بیست و یەکیش دەژی – هەر وە پێی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان و لە ژێر تێڕوانینی چەوسێنەرانەی (حیزبیی و دینیی و خێڵەکیی و ناوچەگەریی و شارچێتیی و تەنانەت هۆزگەریی و بنەماڵەیی و خانەوادەیی و بەرژەوەندییەکانی سەرۆک و بەرپرسان و کۆمپانیایە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی) لە گشتپرسیی سەروەخۆیی کوردستان دەدوێن.. ئەوە بێجگە لەوەی هەمیشە چاوەڕوانی زاری داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتە کەونەپارێزەکانی ناوچەکە و کەڵەگایە زلهێزەکانی سیستەمی ستەمگەر و نامرۆییانەی جیهانیی دەکەن کە ئایە رێدەدەن گشپرسیی بکرێ یان نا! ئەوە لە کاتەکدا گشتپرسیی لە پێناو سەربەخۆیی کوردستانە و لە کوردستان ئەنجام دەدرێ و هیچ پەیوەندییەکی بەو وڵاتانەوە نییە.. تەنێ پەیوەندییەک کە هەیانە هەر ئەوەیە کە ئەوان دژی مافی گەلانن و دەیانەوێ کوردستان هەر ئەوها وە بندەستیی بمینێتەوە تا وە ئاسانیی تاڵانی بکەن!!! ئیدی هەر کەسە و وە پێی ئارەزووی خۆی – ئارەزووی تەسکی بەرژەوەندیی کەسیی نەک ئارەزووی سەروەخۆییانەی تاک – بڕیار لەسەر شیان و نەشیان و دەم و جێی گشتپرسییەکە دەدا و شێواز و رێکار و بەند و مەرجی بێسەروبەر دەخاتەڕوو.. لە هەمووشی مەترسییدارتر ئەوەیە دەنگ و رای جەماوەر وە هیچ جۆر و شێوەیەک لەبەرچاو ناگرن و زۆر نابەرپرسانە و سەرپێییانە لە ئەنجامی گشتپرسییەکە دەدوێن کە ئایە بخرێتە واری جێبەجێکردن یان نا!!!

جێی خۆیەتی ناو لەو خەڵکانە بنێین (دەرباری حیزب و جێبەجێکەری سیاسەتە چرووکەکانی دەستەبژێری سیاسیی کورد)، ئاخەر گشتپرسیی ئی میللەتە و خۆی بڕیاردەرە و هەر خۆشی لێی بەرپرسە.. هیچ بەند و مەرجەک هەڵناگری و تەنێ یەک شێواز و رێکاری هەیە ئەویش رای گشتییە و بەس.. مافی ئەو خەڵکە نییە کە خۆیان وە ئایدیۆلۆژیا و حیزب و رێکخراو و دەستە و کۆمەڵە کەس شۆڕکردیتەوە خۆیان لە میللەت بکەنە مامۆستای گشتپرسیی و لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئایدیۆلۆژیایەکانیان بەرژەوەندییەکانی میللەت فەرامۆش بکەن!

کێشەی ئەو خەڵکانە لەوە دایە کە هەرگیز ناتوانن دان بەوەدا بنێن کە حیزب و رێکخراوە رامیارییەکان دوژمنی سەرسەختی گشتپرسیی و رای گشتیین و هەردەم لە دوایێی میللەتن.. تەنێ کاتەک دان وە گشتپرسیی و رای گشتیی دادەنێن کە مەترسیی لاوازبوون یان لەدەستدانی دەسەڵاتەکەیان هەیە یان لە پێناو دەسەڵاتی بەرفراوانتر ملکەچی هێندەک ئامانجی میللەت دەبن نەک لە پێناو مافەکانی میللەت!

کێشەیەکی دیکەی ئەو خەڵکانە ئەوەیە هەر لە بنەڕەتەوە گشتپرسیی وە مافی میللەت نازانن و تەنێ وەک تاکتیک لێی دەڕوانن.. لەبەرهەندێ هەرگیز ناتوانن حیزب و رێکخراوە رامیارییەکان ناچار بکەن بێنە ژێر باری میللەت و لە گشتپرسییەکان و دروستکردنی رای گشتی وەکاریانببەن بەڵکە وە پێچەوانەوە خۆیان دەبنە پاشکۆی ئەوان و وە ئاسانیی وەکاردەبردرێن!

٣٠ ساڵەک پێش ئێستا لە رێزی لایەنە چەپەکان (کۆمەڵە، ئاڵای شۆڕش، شیوعی) پێشمەرگە بووم – بێجگە لە باسی خەباتی چینایەتی و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان – تەواو پێچەوانەی هێڵی گشتیی سیاسەتی ئەو لایەنانە** دەگەڵ هێندەک لە هاوڕێیانم گفتوگۆ و مشتومڕمان لەسەر سەروەخۆیی کوردستان دەکرد، زۆر سەیرم وە بەرزکردنەوەی دروشمی ‘ئۆتۆنۆمی راستەقینە’ دەهات.. وە بیرم دێ دەمگۆت: ”ئۆتۆنۆمی راستەقینە یان قەستەقینە وە هیچ جێیەکمان ناگەیەنی.. ئەوە هزری شۆڤێنیی و ئیسلامیی دەسەڵاتدارنی عارەبی عێراقییە ئەوەیان وەسەر گەلانی نێو ئێراق داسەپاندیە کە پێمان ئاسایی بی عارەبەکان سەربەخۆیی تەواویان هەبی و کوردان ئۆتۆنۆمییان هەبی و گەلە وە ژمارە کەمەکانیش تەنێ هێندەک مافی کەلتوورییان هەبی.. راستییەکە ئەوەیە هەموو ئەو گەلانە مافی وەک یەکیان هەبی.. لەبەرهەندێ باشترە گەلانی کوردستان*** لە پێناو سەروەخۆیی خۆیان تێبکۆشن” لەسەر ئەو قسە و رەخنانە و ئیدیکەش وە شێوەی جۆراوجۆر سزا دەدرام (چاولێسۆرکردنەوە.. پەراوێزخستن.. هەڵپەساردن.. گرتن.. ئەشکەنجەدان.. سیاسەت لێ قەدەغەکردن.. ترسی دەرکردن لە پێشمەرگایەتی.. تەنانەت مەترسیی مەرگیش) کەچی تازە وە تازە زۆرینەی پێنووس وەدەستان و رۆشنبیرانی نەوەی نوێ بێ ئەوەی هیچ قسەکی خۆیان هەبی و ئامانجە ستراتیژییەکانی میللەت لەبەرچاو بگرن لاسایی حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە کە ئێستایان زۆر خراپترە لە پێشانیان وەک کە دەیبینین خەڵکی کوردستانیان لە نێو چەندین قەیرانی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نغرۆ کردیە!!!
ئەو گشتپرسییەی کوردستان کە بڕیارە ئەنجام بدرێ.. ئەوە دەستکەوتی تێکۆشانی گەلە و ئێستا دەسەڵاتداران ناچار بوونە ملکەچی بن، ئەگەر وەک ئەوەی میللەت دەیخوازی ئەنجام بدرێ ئەوە بێگومان ئەنجامەکەی هەر سەروەخۆیی دەبی کە پێویستیشە هەر دەمودەست و بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ مەترسییەک و ئەرێ و نەرێی هیچ هێز و وڵاتەک یەکسەر بخرێتە واری جێبەجێبەجێکردن.. هەڵبەتە پاش سەروەخۆییش کە میللەت تەنێ لەو پارچەیەی نیشتیمان لە چەوسانەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان رزگار دەبی چەوسانەوە کۆمەڵایەتیی و چینایەتییەکان هەر وەک خۆیان دەمینێنەوە.. واتە هیچ گومانی تێدا نییە لەو باردۆخە رامیارییە خراپەی ئێستای کوردستان هەر ئەو حیزب و لایەنە رامیارییانەی ئێستای سەر گۆڕەپانەکە دەسەڵات دەگرنەوە دەست و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ وە هەمان شێوە پێشێل دەکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵك لە ژێر هەمان سیستەمی چەوسێنەر و کارگێڕییەکی گەندەڵکار بەڕێوەدەبەن.. لەبەرئەوە لەسەر ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان پێویستە پاش سەروەخۆیی یەکسەر دروشمی رووخاندنی ئەو سیستەمە بەرزبکرێتەوە و دەسەڵاتی نەتەوەپەرستیی و دینیی و خێڵەکیی و بنەماڵەیی وە تایبەتییش دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی و هەر بنەمالەیەکی دیکە لەبنوبۆتکەوە هەڵبتەکێندرێ و لە جێیدا سیستەمەکی ئازاد و یەکسان دابمەزرێندرێ کە تێیدا میللەت خۆی خاوەنی دەسەڵاتی خۆی بی.

سەت ساڵمان لە نێو زیـندانەکی پڕ لە شـەڕ و کارەسات گوزەراند کە پێیدەگۆترێ ”ئێراق”

سەت جار تاوانبارین کە نەمانتوانی نیشتیمانەک ئازاد بکەین کە پێیدەگۆترێ ”کوردستان”

سەت جار ئەرێ لۆ گشتپرسیی و سەروەخۆیی زێدەک کە پێیدەگۆترێ ”باشووری کوردستان”

_______________________
پەراوێز:
* رەنگە خەڵکەکی زۆر بێژن: ”جا ئەگەر لە هەر دەم و جێەک و لەسەر هەر بابەتەک تەنێ بڕیاری لە ١٠٪ی خەلک بەس بی تا گشتپرسیی ئەنجام بدرێ.. ئەوە دەبی میللەت لە سەرجەمی ژیانیدا هەر خەریکی گشتپرسییەکان بی.. ئەوەش ناکرێ و ناشێ چونکێ خەرجیی زۆر و کاتی زۆری گەرکە”، لێ ئەمن دەبێژم: ”(نەخێر).. نە خەرجیی و کاتی گەرەکە نە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن نە رازییبوونی حیزب و لایەنەکان نە ماوەدانان و نە هیچ تەڕەماش و ترخێنەیەک.. چونکێ ئێستا تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت هێندە گەشەی کردیە کە هەموو تشتەکی پێ ئەنجام بدرێ.. ئیدی هەر کە ١٠٪ی خەڵک بڕیاری دا لەسەر هەر پرسەک گشتپرسیی بکرێ ئەوە تەنێ یەک کەسی دەستپاک و دڵسۆزی پێویستە کە لە ماوەی یەک رۆژ وەڵامی پرسیاری گشتپرسییەکەی لە لایەن هەموو خەڵکەوە وە ئیمێل وەدەست بگا و ئەویش لە ماوەی یەک رۆژ وەڵامەکان جودا بکاتەوە و ئەنجامەکەی رابگەیەنی و ئیدی ئاوێ بینن و دەستان بشۆن!

** ئەو دەم هیچ حیزب و لایەنەک باوەڕیان وە سەروەخۆیی کوردستان نەبوو و باشترین دروشمیان ‘دیموکراتی لۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی راستەقینە لۆ کوردستان’ بوو.. تەنانەت تا دوای راپەڕینی ١٩٩١یش حیزبە خێڵەکییەکەی بارزانی وە هەزار دەردەسەریی تا ناچاریان کرد واز لە ئۆتۆنۆمی بهینی.. کەچی پاشان وە هۆی لاوازبوون و پووچبوونەوەی ینک و حشک و حسک و حکک و پاشانیش پەیدابوونی گۆڕانە جوانەکەی نەوشێروانی خوونڕێژ – کە بێ دادگەییکردن قوتار بوو – هەروا وە هۆی بەرەودوایێ گەڕاندنەوەی میللەت لە لایەن ئیسلامییە کەونەپەرستەکان و ئیدی خۆگونجانی بارزانی دەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەری تورکیا و زلهێزە داگیرکەرەکانی جیهان.. سەرەنجام پارتی خەڵکەکی زۆری وە کڕین کڕی و ئێستا وەها پیشان دەدا کە لە هەموویان راشکاوانەتر و گەرموگوڕترە لەسەر سەروەخۆیی کوردستان!!!

*** ئەمن پێشنیار دەکەم: (کوردستان) کە وەک ئەفغانستان و پاکستان و هیندستان و… تد دەستەواژەیەکی نەتەوەپەرستیی و رەگەزپەرستییە.. هەروا ئەو نیشتیمانەی مە تەنێ خاکی کوردان نییە بەڵکە چەندین میللەتی تێدا دەژیی و ناوی کوردستان هیچ رەنگدانەوەیەکی ئەوانی پێوە نییە، باشترە ناوەکی ناوکۆیی لێ بندرێ وەک زاگڕۆژ یان زاگرۆس (زاگرۆژ – زێدی رۆژ) کە کوردستانی باشوور بەشەکە لەو ناوچە گەورەیە کە پێیدەگۆترێ زاگرۆس، دەکرێ پاشان هەر چار پارچەکەی کوردستان یەکبگرنەوە و ناوی (زاگڕۆژ)ی لێ بندرێ کە کورد و چەندین میللەتی دیکەی لێدەژی و هەموویان پێکەوە مێژوو و کەلتوورەکی هاوبەشیان تێیدا هەیە. ئاست و پێگەی کوردان بەوە دانابەزی بەڵکە بەرزتر دەبیتەوە.. زۆر میللەت لە مێژوودا دەستپێشخەریی پێشکەوتنخوازانە و مرۆییانەیان ئەنجام دایە.. با ئەو جارە کوردان لە سەرەتای سەروەخۆبوونیان ئەو دەستپێشخەرییە بکەن و تەنانەت وە ناویش ئەو میللەتانە نەچەوسێننەوە کە دەگەڵ کوردان پێکەوە لە یەک نیشتیمان (لە زاگڕۆژ) دەژین.

ده‌رباره‌ دارا خونچە

Profile photo of دارا خونچە

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئایا شەڕی ناوخۆیی تاوانێکی گەورە نیە ؟

١- ڕیزدار پشکۆ نەجمەدین نووسەری ڕئالیستی کوردستان لە کتێبی ” ئەزمون و یاد ” ئاوا …

دوای ڕێفراندۆم

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان؟ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی باشور له‌ ٢٥\٩\٢٠١٧ به‌ڕێوه‌چو، به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌‌ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز