سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / کەوتنی کەرکوک‌و خۆڕاگریی عەفرین بەرهەمی چین؟

کەوتنی کەرکوک‌و خۆڕاگریی عەفرین بەرهەمی چین؟

کەوتنی کەرکوک‌و خۆڕاگریی عەفرین بەرهەمی چین؟

ئایا شکستی ئۆکتۆبەر بەرهەمی ململانێ ناوخۆییەکان بوو؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج

ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە.

لەڕاستیدا کەوتنی کەرکوک‌ تەنیا شکستی ململانێی هێزە حوکمبەدەستەکانی هەرێمی کوردستان نیە چونکە ململانێی سیاسی لە هەموو کۆمەڵگەیەک دیاردەیەکی تەندروستە. شکستی ئۆکتۆبەرو کەوتنی کەرکوک شکستی بەڕێوەبردنی ناتەندروستانەی هەرێمی کوردستان بوو لەلایەن یەکێتیی‌و پارتی؛ شکستی ئەو ململانێ ناتەندروستەیە کە لەنێوان مەلاییەکان‌و جەلالییەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەستیپێکردوەو خۆی لە ڕق‌و قینە لە ئەوی دیکە دەبینێتەوە، کە تائێستا درێژەی هەیە. ڕاستە ململانێکە لەسەرەتا لەنێوان نوخبەیەکی شاریی‌-خوێندەوارو نوخبەیەکی خێڵەکی-دێهاتیی بوو بەڵام ململانێکان هەر زوو بەرەو ملشکاندن‌و سڕینەوەی ئەوی دیکە هەنگاوایانناو خاڵیکرانەوە لە فکرو تیورو پڕۆژە. شکستی ئۆکتۆبەر زادەی ئەو ڕقە پەنخواردوەیە کە مەلاییەکان‌و جەلالییەکان لەیەکدیان هەیەو ناتوانن لێیدەربازبن. هەڵبژاردن‌و پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێم، لەدوای ڕاپەڕین، ڕقەکەی نەک کۆتایی پێنەهێنا بەڵکو گواستییەوە بۆ ناو خەڵکی عەوام، ئەمەش نەک هەر دابەشبوونی نوخبە سیاسییەکەی لێکەوتەوە بەڵکو لێکترازانی گەلی کوردی لە باشور بەدوای خۆیدا هێنا. کەوتنی کەرکوک کەوتنی ئەو ئەزمونەبوو کە لە یەکەم ڕۆژییەوە، لەدوای ڕاپەڕین، لەسەر فرۆشتنی کەلوپەلی نیشتیمان (بەنداوی بێخمەو شۆفەڵەکانی شارەوانی وەک نمونە) بنیاتنراو لەدوای ڕوخانی سەدامیش گەندەڵیی کۆڵەگەکانی ئەزمونەکەی پێکهێنابوو. کەوتنی کەرکوک کەوتنی ئەو ئەزمونە بوو کە بناغەکەی لەسەر شۆفەڵە فرۆشراوەکان‌و نەوتە دزراوەکەی‌و حکومەتە ناشەرعیەکەیی‌و دیموکراسییە لەرزۆکە نالیبرالیەکەی ڕگیرابوون. بەواتایەکی دیکە شکستی ئەزمونی هەرێم هەم لە پارێزگارییکردن لە خاکی کوردستان‌و لە کەرامەتی ئینسانی کوردستانی زادەی ئەو عەقڵیەتی نانیشتیمانیی یەکێتیی‌و پارتییەیە کە پەنجا ساڵ زیاترە لەسەر بەرزڕاگرتنی کەس‌و بێنرخکردنی گەل‌و نیشتیمان‌ دەلەوەڕێ‌و بەڕق‌و قینە لەوی دیکە ئاودەدرێت. کەوتنی کەرکوک هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕوئیایەک، پڕۆژەیەک، جیهانبینییەک، فکرێک، تیورێک کە یەکێتیی‌و پارتی ئاراستە بکات خەڵکی کوردستان لە خاڵی ئەلفەوە بگەیەنێت بە بێ. سەرکردەی خاوەن ڕوئیاو خاوەن پڕۆژەو خاوەن فکر گەندەڵ نابێت چونکە دەزانێت گەندەڵیی ڕێگری سەرەکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیەتی.

لەبەرابەر شکستی ئۆکتۆبەرو کەوتنی کەرکوک سەرکەوتنی کۆبانێ‌و خۆڕاگری عەفرین دەبینرێن. دیارە عەفرین ئەگەر بشکەوێت، کە ئەگەری هەیە، بەڵام ئەو بەرخۆدانەی کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردو لەخۆینیشانداوە خۆی لەخۆیدا جێگەی هەڵوەستەیە. سەرکەوتنی کۆبانێ‌و خۆڕاگری عەفرین ڕاست پێچەوانەی کەوتنی کەرکوک‌و شکستی ئەزمونی هەرێم پێش هەموو شتێک نیشانەی بوونی ڕوئیایەک، پڕۆژەیەک، فکرێک، جیهانبینیەک لەگەڵ تیورێکە بۆ سەر لە نوێ دروستکردنەوەی ئینسانی کورد؛ بۆ ئامادەکردنی مرۆڤ، بە ژن‌و بە پیاو، بۆ بەرخۆدان نەک بەزین، بۆ خەبات نەک هەڵاتن. بەرخۆدانی عەفرین بەرهەمی سەر لە نوێ دروستکردنەوەی ئینسانی تێکشکاوی کوردە، ڕێک پێچەوانەی ئەوەی یەکێتیی‌و پارتی لە هەرێم دەیکەین کە خۆی لەگەمژاندن‌و تێکشاندنی ئینسانی کورد دەبینێتەوە. بەرخۆدانی عەفرین زادەی بەرقەراکردنی یەکسانیی ژن‌و پیاوە، زادەی دژایەتیکردنی گەندەڵیی‌و بەرخۆرییە، زادەی هاوتاکردنی ئینسانەکانە؛ زادەی فکرو تیورو جیهانبینییەکە کە لە بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردی کردوە بە چەق، چەقێکی نەژادپەرستانە نا بەڵکو چەقێکی داینەمۆبوون. بەرخۆدانی عەفرین زادەی ئەو عەقڵەیە کە پشتبەستن بە خۆ چەقی خەبات‌و تێکۆشانیەتی؛ زادەی ئەو فکرەیە کە مێژوو دروستدەکات نەک ببێت بە پاشکۆی مێژوو؛ زادەی ئەو فکرەیە کە پێیوایە کۆیلەبوون‌و مردن وەک یەکن‌و ئازادی‌و گیانفیداکاریش وەک یەکن. بەرخۆدانی عەفرین بنەمای لەسەر ئەوە داناوە کە ڕابەر دەبێت نمونە (ڕۆڵمۆدێل) بێت. بەکورتی، ئەو مۆدێلەی کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردو لە ڕۆژاڤا بەرقەرارە بووەتە ئیلهامی بەرخۆدانی عەفرین چونکە مۆدێلێکە تێیدا ئینسانەکان وەک یەک بەرهەمی کار و خەباتیان دەدورنەوە، نەک یەکێک کاربکات‌و بچنێت‌و یەکێکی دیکە بێت بدورێتەوە وەک ئەوەی لە باشور بیست‌و پێنج ساڵە پەیڕەودەکرێت. بەرخۆدانی عەفرین بەرهەمی سەرکەوتنی کۆبانێ‌ یە کە لەوێ سەرکردەو بنکردە وەک یەک لە یەک سەنگەر خەباتیان دەکرد، نەک وەک ئەوەی باشور یەکێک لە دیوەخانەکانی سەری ڕەش‌و دەباشان لە تێریان خەوتبێت‌و یەکێکی دیکە لە سەنگەری بەرگری لە برسانا خەوی لێنەکەوێت. لە دوو وشەدا، وەک چۆن گەندەڵیی‌و نایەکسانی هۆکاری شکستی ئۆکتۆبەرو کەوتنی کەرکوک بوون دەستپاکیی‌و یەکسانیی هۆکاری پشت سەرکەوتنی کۆبانێ‌و بەرخۆدانی عەفرینن.

ده‌رباره‌ دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

Profile photo of دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز