سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / کەرامەتی گەلی کورد بریندار کرا !

کەرامەتی گەلی کورد بریندار کرا !

ڕەشاد  مستەفا سوڵتانی

پابلونرودا دەڵێت: دەتوانن هەموو گوڵەکان ورد و خاش و نابودکەن ، بەڵام هەرگیز ناتوانن  بەر  بە هاتنی “بەهار” بگرن !

ئیسلامی سیاسی و شووینیزمی دەسەڵاتخوازی تورک و فارس و عەرەب و بێدەنگیی ئاشکرای وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و زلهێز و میعمارانی دیواری بەرزی حیزبی،پێکەوە ویجدان و کەرامەتی گەلی کوردیان بریندار کرد .

حیزبەکان خاوەن هیچ چەشنە پلان و بەرخودانێکی یەکگرتوو نە بوون و گاڵتەیان بە چارەنوسی جەماوەر کرد . ئایا لە ڕووپەرێکی چکۆلە وەک باشوری کوردستان سێ  دەسەڵات و حاکمییەت مەنتیقی و لۆژیکە؟ داخستنی پارلەمان لە لایەن پارتی دیموکراتەوە گەورەترین کارەساتی لێکەوتەوە .

سێ حاکمییەت یەکێتی بەشی سەوز،  پارتی بەشی زەرد  باوڕمەندانی ئیسلام بەشی ڕەش ،ئۆتوماتیک بەستێن و ڕێگای بۆ  ڕمبازی ئێران ، تورکیا و عێراق دەستەبەر و هەموار کرد.

هیشتا  هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو نیە، کتێبی زانستی و عیلمی بۆ هەرێم چاپ نەکراوە، کشت و کاڵ بەشێوەیەک هەرەسی هێناوە کە تەماتە و خیار لە تورکیا و ئێران سواڵ دەکەن ، سەنعەت و پیشەسازی کز و لاوازە.  ژمارەی هەر وەزارەتخانەیەک لە خاکی هەرێم  لانیکەم  سێ دانەیە . دەستێوەردانی ئێران و تورکیا بە خشکەیی و ئاشکرا، بڕبڕەی پشت و ستاتوسی کوردی شکاندووە و ئیرادەیەک نیە تا ناهومێدی و دڵساردی جەماوەر بڕەوێنیتەوە و بۆ شارۆمەندانی باشور بڕیار دەربێت .

چنار و هێمن خۆشک و برا، لە ڕێگای مەدرەسە و لە سەرما ڕەق بونەوە ! ئاستی پەیوندی ئەم حیزبانە بە وڵاتانی ئێران و تورکیاوە ، لە ئاستی بەرفراوان بەرفراوان ترە و هەمیشە بە قازانجی دوژمن و زەرەری جەماوەری کورد شکاوەتەوە .

کۆمەڵە و دیموکرات لە گەڵ حیزبی بەعس پەیوەندیان هەبوو. هەرگیز کەرامەتی شارۆمەندانی باشوریان نەشکاند و ئەندامانی بەعسیان بۆ ئوردووگاکانیان دەعوەت نەکرد و لەو  یارمەتیانەی بەعس، تا ئەو جێگایە ئیمکانی هەبوو بەشی یەکێتیان دا.

هەر لەم پێوەندییەدا، کاتێک ئارشیوی موخابرات وئیستخبارات کەوتە دەستی خەڵک، هیچ چەشنە خەیانەت و نۆکەری  کۆمەڵە و دیموکرات تۆمار نەکرابوو و، ئەم راستیە لە لایەن جەناب دوکتور” مەحموود عوسمان “ەوە لە تلەویزیون باسکرا .

هەڵویستی کۆمەڵە و دیموکرات بە نیسبەت بەعسەوە، سەربەرزانە و شیاوی قەدەردانیە . هیوادارم پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی لای ئیتلاعاتی ئیران و میتی تورکیا پڕ بێت لە سەروەری و سەربەرزی ! دەوری ڕووخێنەر وکولونی خوازی، نفوز و دەستێوەردانی ئیسلامی سیاسی و تورکی فاشیست لە جومگەکانی حکومەتی هەرێم ، لە ئاستێکی سامناکدایە و حاشا ناکرێت. ئەمما یەکنەگرتوویی، خەمساردی، خەسڵەتی خۆ بە کەمزانین و دەسەنەخۆری پارتی و یەکێتی و بەرز کردنەوەی دیواری حیزبیان، خولقێنەری کارەساتی کارەساتەکان بوو .

ئایا نابێ خەمخوارێک لەم دوو حیزبە پرسیار بکات پاش لانی کەم بیست ساڵ حوکمرانی بۆ کارەبا ، ئاو و خزمەتگوزاری نیە؟  بۆ هێشتا تلەڤیزیونێکی نەتەویی تان دانە مەزراندووە؟ و ئەگەر تلەویزیونتان هەیە، هەر بە باڵای خۆتاندا بالۆرە و ستران دەڵێن .

ئایا نابێت پێداچونەوەیەک لە سیاسەت و هەڵویستەکان و پەیوەندیەکانتان بکەن و بە شەهامەتەوە “واز” لە دەسەڵات بێنن و ڕێگا بۆ گەنجەکان و کەسایەتی شیاو و دڵسۆز و وڵاتپارێز و ڕادیکال و عەداڵەتخواز خاڵی کەن؟

ئایا حکومەتی داهۆڵی هەرێم سەرخان و ژیرخانی کوردستان، ژینگە، سەرچاوەی ئاو، گیانلەبەران و دارستانی لە گەڵ داگیرکاران تاڵان و وێران و ورد و خاش نەکردووە و  نە فەوتاندووە؟ ئایا  توێژێکی سیخۆر و شۆڤار کە دەستیان بە خوێنی گەلی کورد سوورە و بۆ بەعسی فاشیست هەڵدەسوڕان دەبێ لە ئورگانەکانی حکومەتی هەرێم کار بەدەست و بڕیار دەر بن ؟

گشت پرسی(ریفراندۆم ) یەکێک لە  هەڵویستە مێژوویی و پوزیتیڤ و سەربەرزەکان و خاڵی وەرچەرخانی چارەنوسی گەلی کورد بوو و، ئێرادەی  پۆڵایین و نەترسانەی  جەماوەری خەڵکی  بە ڕێژەی زۆرتر لە ٩٢  لە سەدی بە بیر ورای گشتی جیهان نیشان دا و سەلماند .

ریفراندوم هۆ و فاکتوری سەرەکی هێرشی داعشی سوننە و شیعە و داگیرکاران نە بوو . ئەم پیلانە بیگومان دیر  یا زوو جێ بە جێ دەکرا . ئەمما بەرژەوندیەکان ڕیفراندۆمیان وەک “ئامێر” ێک بە دەستەوە گرت . ئەوان لە لایەن “خەت مایل” و تۆڕی شۆڤارەکانیان لە باشور ئاگادار بوون کە حکومەتی هەریم خاوەنی هێچ پلان و ئالتیرناتیڤێک نیە . پارتی و یەکێتی و گۆڕانیش سەبارەت بە گەشەی دیاردە غەیرە عیلمی و کۆن و پرتوکاو و خورافات و شەپۆلی ترسناکی ئیسلامی سیاسی “سکوتیان” کردووە و لە کردەوەدا یارمەتیدەی ئەو ڕەوتە ترسناکەن .

ڕێکخراو گەلێک  کە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی کۆن سەرچاوەی بیر و باوڕیانە ،لە باشور هەڵدەسوڕن: حیزب ئیسلامی کوردستان ،بزووتنەوەی کوردە موسڵمانەکانی فەیلی، حیزب اللە، مەکتەبی قورئان ،جوندالاسلام ، برایەتی موسڵمان . بزووتنەوەی ئیسلامی کورد ،هێزی سۆران ،ئەلتەوحید و ئەنسار الاسلام .  حیزب و ڕێکخراوەکانی باشور هیچ چەشنێک فیداکاری، لێبوردوویی و هیمەتێک بۆ دامەزراندنی فورم و شێوەی حکومەتداری مودێڕن نەکراوە .

شێوەی حکومەتی لەو خاکە بەرتەسک و چکۆلەیەدا لە گەڵ مودێڕنیزم و دونیای گلوبال و پێشکەوتوویی ناکۆک و نەگونجاوە و، لە سیستەمی ئامارەتە کۆنەکانی کوردستان دواکەوتو ترە. دەبوا لە هەر وڵاتێکی ئوروپایی و ئامریکا و رووسیا ” لوبی ” کورد بۆ یارمەتی  و چارەی دەردەکان وەک ئوڕگانێکی کارساز و نە بینراو هەر وەک ئیسرائیلیەکان پاش ڕاگەیاندنی حکومەتی  خۆیان لە ساڵی ١٩٤٨ زاینی لە جیهان کردیان ، ڕێکخرابا . رووسیا یارمەتیەکانی خۆی بۆ ڕێبەرانی حکومەتی ئینقلابی گیڵان لە باکووری ئێران  لە ساڵی ١٩٢١-١٩٢٠  زاینی بڕی. لە دەزگای دیپلۆماسی ژنڕال ئیستالین* و لورنتی بریا (سەرۆکی پولیسی نهێنی رووسیا و وەزیری دەرەوە مولوتوف) لە ساڵی ١٩٤٢ ی زاینی سەبارەت بە بزووتنەوەی کورد هەڵویستی زۆر خراپیان هەبوو . و مولوتوف  سەبارەت بە جمهوری کوردستان لە مەهاباد ئاوا دەڵێت :  کرملین لە سەر جمهوری مەهاباد ناتوانێت حیساب بکات، چونکوو خەتەرناک و بێ  ئاسۆیە و خەباتی کورد بۆ ئازادی و ئیستقلال ئامانجی موسکۆ نیە . روسیا هەرگیز ئەندامانی حیزبی توودەی ئێران و حیزبی شیوعی وڵاتە عەرەبیەکان کە لە سیاسەتەکانی مسکۆ پشتیوانیان کردووە، و زیندان و تیرباران و دیلکراون یارمەتی نەداوە.

ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئوروپا دیکتاتورەکانی عێراق، لیبی و ئەفگانستانیان ڕووخاند ، ئەمما نەیانتوانی و یا نەیانویست یارمەتی هێزی پێشڕەوی جەماوەر بدەن تاحکومەتگەلێکی دیموکراتیک دامەزرێنن . سیاسەتی ئامریکا لە دەورانی نیکسون (و کیسینجر) سەبارەت بە بزووتنەوەی ساڵی ٧٥ی باشور زۆر دوژمنانە و دوور لە مرۆڤایەتی بوو و، بەرژەوەندی بۆ کارتیلەکانی ئامریکا بان تر لە ئیخلاق و پڕنسیب و پەیمانەکانیانە. تیکنۆلۆژیای  ئامریکا  دەتوانی جۆڵەی مێلورە لە سەرزەوی تەشخیس بدات، کەچی ئیدیعا دەکەن ئاگاداری  هێرشی داعش و حشدی شەعبی نەبوون . کوردستان وەک ترمینالی “نەوتی خاو” چاو لێدەکرێ و بەس .

سیستەمی حوکمڕانی مودێڕن و ئوڕگانی کونتڕٶلی دەسەڵات و پلاتفورمی هاوبەش و ڕێز لە بیر جیاوازەکان و دیموکراسی و یەک گرتن و هەڵبژراردنی کەسایەتی دەست پاک و دڵسۆز و سادیق دەتوانی مەرهەمی دەردی بێدەرمانی باشور بێت .

زانیاری پێویست :

* چنار و هێمن خۆشک و برا بوون، و کاتێک لە نزیك شارۆچکەی سەید سادیق لە قوتابخانەیەکی فرە دوور بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە ، لە سەرما ڕەق بونەوە .ئەو پەیکەرە بە یادی ئەو دوو ناسکۆلەیە دروست کراوە .

١-  ژوزیف ئیسالین : سەر کۆماری ڕووسیا، کە تەقریبەن هەموو ئەندامانی پولیت بیڕوی حیزبی کومونیستی شورەوی تیرباران کرد؛ نمونەی سامناکی تیروری “لیئون تروتسکی” بیرمەندی بوڵشویکەکان بوو کە لە مکزیک بە تەوری ئیستالین کوژرا .

٢- مولوتوف : وەزیری دەرەوی ڕووسیا  کە ، جێگای پرس و ڕای ئیستالین و سیاسەت داڕێژی مسکۆ بوو .

٣_ لورنتی بریا : بەرپرسی پولیسی نهێنی ئیسالین و کردەوەی  ناجوامێرانەی بەو ئاستە گەیشت کە دوای مەرگی ئیسالین بە دەستوری نیکیتا خوروشچوف تیرباران کرا .

٤_ نیکسون : سەروک کۆماری ئامریکا بوو کە بە هۆی  دیاردەی واتڕگەیت لە دەسەڵات لاچوو .

٥_ هینری کیسینجڕ : وەزیری دەرەوی ئامریکا و  بە ڕەچەڵەک یەهودی ، کە بە بیر و ڕای زۆر کەس شیاوی خەڵاتی نوبیل نەبوو .

ده‌رباره‌ رەشاد مستەفا سوڵتانی

Profile photo of رەشاد مستەفا سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەشی یەکەم وەرگێڕان لە …

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز