سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / کێشەکانی زمانی کوردیی، بەشێکن لە کێشەکانی دەستەڵات

کێشەکانی زمانی کوردیی، بەشێکن لە کێشەکانی دەستەڵات

هەموومان دەزانین کە زمانی کوردیی، لەو هەرێمە نیوە سەربەخۆیە بێ خاوەنەی باشور، یان خاوەن ستاتوسی (حکومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق)، بە دەست دەیان کێشەی کۆن و تازەوە دەتلێتەوە. زۆرێک لەو کێشانە، وەک بەرزەکی بانان، بە بەردەمماندا تێپەڕین، بێ ئەوەی دەنگمانی لێ بڵند بکەین.

لەبیرتانە، تا سەردەمی ڕاپەڕین، سەدام و ڕژێمە پان عارەبیستەکەی، خوێندنیان لە بادینان (پارێزگای دهوک و ئاکرێ)، بە عارەبیی هێشتەوە. ئەمە هەر بەشێک نەبوو لە شەڕی لەناوبردنی زمانی کوردیی و دابەشکردنی بەسەر زاراوەکاندا، بەڵکو بەشێکیش بوو لە دابڕاندنی کوردانی ئەو دەڤەرە و هێشتنەوەی هۆشی زاڵی خێڵەکیی تێیدا؛ تا بە ئاسانی بیانکات بە جاش و بەعسیی و دژی میللەتەکەی خۆیان بەکاریانبێنێت.

من دوای ڕاپەڕین، بەناو بازاڕی دهوکدا پیاسەم دەکرد و ناوی سەیرو سەمەرەی وەک: “ستۆدیۆ ئەنفال” و هی دیکەی هاوشێوەم هێشتا بە سەر دوکانەکانەوە دەبینی. بەرەنجامەکەش ئەوە بوو، کە خوێندن لەو دەڤەرە، ئێستاش تێکەڵەیەکە لە عارەبیی و زاراوەی دهوکی. تەنانەت هەمان زاراوەیان، بەسەر ناوچەکانی شێخ بزێنی، باجەلان و گۆرانی بەردەڕەشی نێوان کەڵەک و ئاکرێشدا داسەپاندووە، سەرەڕای ئەوەش کە خەڵکەکەی بە کوردی ناوەند دەدوێن.

زۆری ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان دەستەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیان هەیە و بوونەتە دەمڕاستی خێڵ، هەمان کارمەندان و کوڕە سەرۆک جاشەکانی سەردەمی بەعس و سەدامن. ئەوان دواڕۆژیان تەنیا لە زمانی عارەبییدا دەبینی. ئێستاش ئەوان لایان وایە کە کوردیی ئەو زمانە نیە نەوەکانیان پێی بگەنە پلە و پایەی شایستە، بۆیە هەر زمانێکی دیکەیان لە کوردی لا باشترە.

ئەگەر عارەبیی ماوەی بەسەر چووە و باوی نەماوە، ئەوا تورکیی، فارسی، یان ئینگلیزیی هێشتا باشە. دەبینن ئەو هەموو “قوطابخانە” زۆرەی تورکیی، ئینگلیزیی و تەنانەت عارەبییش، بۆ منداڵانی دەستڕۆیشتوانی ئەمڕۆ و جاشەکانی دوێنێ لە هەموو گۆشەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک کوارگە(قاچک) بەهارە هەڵتۆقیون! گەر سەرێک لە هەردوو شوێفاتی هەولێر و دهوک بدەیت، لەبەر پاسەوانی منداڵەکانی سەرۆکانی خێل، ماوەی چوونە ژوورت نابێت. سەیرەکەش ئەوەیە، کە پارەی هەردوو بنکەکە، سەرەرای ئەو بارە نالەبارە ئابوریەش، کە بەهۆی دزی و گەندەڵکاری هاتۆتە کایەوە، کەچی لە بودجەی حکومەتی هەرێم دەدرێت. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ئەوانەی لە “کەرەج”ەوە هاتوونەتەوە باشور و دەستەڵاتیان بەدەست گرتووە، هێشتا فارسیی وەک زمانی ڕۆژانە بەکاردێنن. بڕۆ بەناو هەندێک کوچە و بازاڕی (دیانە، سۆران)دا بسوڕێوە تا ئەو ڕاستیە تاڵە بەچاوی خۆت ببینیت.

بەرپرسان، چونکە بەو عەقلیەتە پێگەیشتون، کە زمانی کوردیی بێ دواڕۆژە و تەنانەت زمانی بەهەشتیش نیە و منداڵەکانیان ناتوانن لە ڕێگای ئەو زمانەوە، ببنە خۆفرۆشی پلە بەرزی وڵاتانی هاوسێ، بۆیە هەوڵی بەردەوامیان داوە، تا هەموو پرۆسەی خوێندن لە باشور بکەنە زمانێکی دیکە. هەر لە ئێستاوە، ئەو بنکانەی خوێندن زۆرن، کە خوێندنی هەموو وانەکانی بە تورکیی، ئینگلیزیی و عارەبیین. ئەوان دەیانەوێت زمانی کوردیی لە سەرجەم خوێندنگاکان لابدرێت و وەک وانەیەکی لابەلا بمێنێتەوە. خۆ ئەگەر جارێ ئەمەش نەبێت، با کوردیی نەبێتە بەشێک لە وانەکانی پلە دیاریکردن، بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکان.

ئەمەو لە راستیدا واتا هەمان عەقلی کەمکردنەوە و بەچاوی سوک سەیرکردنی ستاتوسی زمانی کوردییە، کە هەمان کاربەدەستانی زووتری بەعس، یان کوڕ و کچانی وان، وا لە باشور بەردەوامن لەسەر پیادەکردنی. لێرەدا بڕیاری وەزیرێک، هەبێت یان نا. لێی پەشیمان بێتەوە یان لەسەری سور بێت، کیشە سەرەکیەکە نیە، چونکە ویستی دەستەڵاتی جاشەکانی دوێنێیە، کە وەزیر و گزیرەکانیش، ناتوانن جێبەجێی نەکەن.

2017-05-14

ده‌رباره‌ هه‌ڵوێست

Profile photo of هه‌ڵوێست

ئه‌مه‌ش ببینه‌

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەشی یەکەم وەرگێڕان لە …

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز