سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ڕەڤ و بەرخۆدان

ڕەڤ و بەرخۆدان

جەلال چوارتایی

بەشی یەکەم

ڕەڤ بە واتای هەڵهاتن و بەرخۆدانیش بە واتای خۆڕاگری “مقاومەت”.

وشەی “ڕەڤ” بۆ یەکەمین جار لە زاری یادزیندوو مەلا مستەفای بەرزانەوە داکەوتە نێو فەرهەنگی کوردی و هەمیشە هەڵهاتنی بە بەشێک لە ئازایەتی پێناسە دەکرد و دەیگوت ‘ڕەڤ نیڤا مێرانێیە’ واتە (هەڵهاتن نیوەی ئازایەتیە یاخود هەڵهاتن بەشێکە لە ئازایەتی).

وشەی بەرخۆدانیش بۆ یەکەمین جار لە زاری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە داکەوتە نێو فەرهەنگی کوردی. کاتێک بڕیاری شۆڕشی دژبە فاشیەتی تورکیدا گوتی ‘بەرخۆدان ژیانە و تەسلیمبوون مردنە’.

ساڵی ١٩٧٤، منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان بووم، زۆر باش لە بیرمە کاتێک حکومەتی بەعسی عێراق هێرشی کردە سەر چیای ئەزمەڕ و داگیری کرد، پێشمەرگەکانی هێزی خەبات کە هەموویان خەڵکی ناوچەی شارباژێڕ بوون، شەڕێکی زۆر نەبەردانەیان کرد. لەو کاتەدا هێزی بەرزان کە لە کوردە بەرزانیەکان پێکهاتبوو هاتە ناوچەی شارباژێڕ و لە دووری زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەترەوە بە دووربین لە شەڕەکەیان دەڕوانی و پاشان دەیانگوت ( ب خودێ پێشمەرگێن دەڤەرا سۆرا خووە وەکی گا ددانە کوشتن) واتە (بە خودا پێشمەرگە سۆرانیەکان وەکو گا خۆیان بە کوشت دەدەن).

منیش ئەگەرچی تەمەنەم زۆر منداڵ بوو، بەڵام ئەو گوتەیەم زۆر لە دڵ گران بوو، لەبەرئەوەی هەموو پیاوانی بنەماڵەکەمان پێشمەرگە بوون و لە نێو شەڕەکەدا بوون.

هەر بۆیە ڕووم کردە بەرپرسی هێزەکە و گوتم ئەو چەکدارە بەرزانیانە جنێو بە پێشمەرگەی ئەم ناوچەیە دەدەن. بەرپرسەکەش زۆر بە لوت بەرزییەوە گوتی: وا ت خەبەری غەڵەت نەگۆتییە، ژ بۆچی پێشمەرگە وەلێ خۆ ددەنە کوشتن، عەردێ خودێ بەرفرەهە، وەختی حکومەت هجوم بکی بلا پێشمەرگە بڕەڤن چیایەکی دن، ژ بۆ سەرۆک بارزانی گۆتییە ڕەڤ نیڤا مێرانێ‌یە. واتە: (چەکدارە بارزانیەکان ڕاستیان گوتووە، ئەی بۆچی پێشمەرگەی ئەم ناوچەیە خۆیان بە کوشت دەدەن خۆ سەرزەمینی خودا زۆر بەرفراوانە و دەتوانن لە کاتی هێرشەکانی ڕژێمدا شەڕ نەکەن و لەو شاخەوە هەڵبێن و ڕووبکەنە شاخێکی دیکە، چونکە سەرۆک بارزانی وتویەتی: هەڵهاتن بەشێکە لە ئازایەتی).

ئەم ڕەڤەی بارزانی بوویە کلتوورێک و کەوتە هەناوی هەموو پارتییەک و هەموو هەوادارێکی پارتیش لە پارچەکەنی دیکەی کوردستان. هەر بۆیە دەبینین لە هەر شوێنێک پارتی و هەوادارانی باڵادەست بن، لەو شوێنە تەسلیمکاری لە ئارادایە و ڕۆڵی داگیرکەر بەرفراوانە.

ڕەڤەکەی بارزانی ئاشبەتاڵی بەرهەم هێنا، ئاشبەتاڵێک کە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا زیاتر لە سەد هەزار پێشمەرگە و دەیان هەزار بەرگری میلی خۆیان ڕادەستی داگیرکەرانی عێراق و ئێران کردا. بەهۆی ئەو ئاشبەتاڵەشەوە ئەنفال، کیمیاباران، جینۆساید، ڕاگواستنی کوردان و تەعریبکردن هەموو باشووری کوردستانی گرتەوە.

ڕەڤەکەی بارزانی هەر پەیوەست نەبوو بە خودی مەلا مستەفاوە، بەڵکو ڕەڤ بوویە کلتووری هەموو بنەماڵەی بارزانی و کوڕ و نەوەکانی مەلا مستەفاش خۆیان لەو کلتوورە لانەدا.

لە کاتی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستاندا، مەسعود بارزانیش زۆر ڕوو قایمانە ڕەڤی دەخستە پێش چاوی میلەت و دەیگوت: من هەموو لایەنەکانی کوردستانی سوریام کۆکردۆتەوە و پێمگوتوون لەو پارچەیەی کوردستان شاخ نییە هەتا لە کاتی هەڵهاتندا خۆتانی تێدا وەشارن، خاکەکەشتان بەسەر یەکەوە نییە هەتا لە کاتی هەڵهاتندا بە ئاسانی خۆتان دەرباز بکەن، لەبەرئەوە باشترین ڕێگەچارە بۆ ئێوە ئەوەیە کە ببنە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا. (مەبەست لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەو چەتانە بوو کە شەڕی وەکالەت بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن و دڕندانەترین هێرشیان کردۆتە سەر عەفرین).

بەشی دوەم

ڕەڤ” مەرگەساتێک بوو بۆ گەلی کورد.

ڕەڤ هێندە لە نێو بارزانیەکاندا ڕیشەی داکوتاوە، تەنانەت یەک خۆپیشاندان و یەک ڕێپێوانی جەماوەریش لە دەڤەری بارزان دژبە هیچ داگیرکەرێکی کوردستان ئەنجام نەدراوە بۆ ئەو هەموو مەرگەساتەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە. بەهۆی کلتووری ڕەڤەوە، شەنگال ڕادەستی دڕندەترین دوژمن کرا، زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان بەبێ هیچ بەرگرییەک بۆ داگیرکەر چۆڵ کرا، خوێنی دەیان هەزار پێشمەرگە پێشێل کرا و ئیرادەی میلەتێک خنکێندرا.

ڕەڤی بارزانی هەر باشووری کوردستانی نەگرتەوە، بەڵکو ئەو دیاردەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش باڵی بەسەر هەوادارانی پارتیدا کێشا، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هۆگرانی پارتیەوە بە چارەنووس سپێردراوە و سەدان  پێشمەرگەش لە ئۆردوگاکاندا بێکاریگەر کراون.

لە باکووری کوردستانیش، هەوادارانی بارزانی کە دارودەستەی کەمال بورقای بوون، خۆیان لە بەهەشتی ئەوروپا قایم کرد و میلەتیشیان ڕووبەڕووی فاشیەتی تورک کرد بوویەوە، ئێستاش زۆر بێ شەرمانە بەرەو تورکیا گەڕاونەتەوە و بوون بە بەشێک لە دەزگای شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک.

لە ڕۆژاوای کوردستانیش، “ئەنەکەسە” کە باڵی بارزانییە، ماوەی ٧ ساڵە لە هەڵهاتندان و هێشتاش نەگەیشتوونەتە دوایین مەنزڵگای هەڵهاتنەکەیان، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسەکانی ئەنەکەسە لە ڕابردووشدا هیچ بەرهەڵستییەکی ڕژێمی سوریایان نەکردبوو و بەرپرسە یەکەمیەکانیشیان ئەندامی “مجلس الشعب”ی سوریا واتە ئەندام پەرلەمانی ڕژێمی بەعس بوون.

لە هەر حاڵ، ئەگەرچی هەوادارانی بارزانی پەیڕەوی لە کولتووری ڕەڤ دەکەن، بەڵام بە ئەندازەی ڕەڤەکەیان زۆر بڵەن و هەموو لێدوانەکانیشیان بۆ بەرژەوەندی دوژمنان و دژایەتیکردنی ئازادیخوازانی کوردستانە.

دوژمنانی گەلی کوردیش زۆر باش شارەزای کلتووری بارزانی و هەوادارانین، هەر بۆیە هەمیشە وەک دۆستێک لە بارزانی دەڕوانن و زۆر بە ڕاشکاویش لەلای هەوادارانی بارزانی هەموو نیازەکانی خۆیان بێ پەردە باس دەکەن و هەموو سوکایەتیەکیش بە گەلی کورد دەکەن.

ڕۆژانە لە کەناڵە عەرەبیەکانەوە دەیبینین کاتێک شۆڤێنیستە عەرەبەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەنەکەسە دیمانە ساز دەکەن، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک دژایەتی گەلی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی دەکەن و بەرپرسانی ئەنەکەسەش ئەشهەد و بیلایان بۆ دەکێشن.

لە کۆنفرانسی “پراگ”یش کە تایبەت بوو بە بەرهەڵستکارانی ئێرانی بە ناوی “كنفرانس ملتهاي فدرال ايران در پراگ “، پانئێرانیستە شۆڤێنیستەکان ترسی خۆیان لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان نەشاردەوە و “مهران بەراتی” زۆر بە ڕاشکاوی بە هەوادارانی بارزانی ڕاگەیاند (ما به يك شرط از حضور آقاي مهتدي و هجري در ھمچین جلساتی خواھیم بود کە بایستی قول بدھند در مقبل پیشرویھای تجزیە طلبانە پژاک مقابلە بکنند.).واتە: ئێمە رازی دەبین کە ئاغایان موهتەدی و هیجری لەم کۆنفرانسەدا بەشداری بکەن بەو مەرجەی بەڵێن بدەن کە بەر بە پێشڕەوی و هەنگاوە جیاخوازەکانی پژاک بگرن.

هەروەها عەلی رەزا نوریزادەش لە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی “پنجرەای رو بە خانە پدری” رو بە کاک عەبدۆڵا موهتەدی وتی: اقای مھتدی ما از این کنگرە ملی کورد نگرانیم، میترسیم منجر بە تجزیە ایران شود. جواب مھتدی: اقای نوریزادە جاییکە من و اقای ھجری ھستیم خیالتون راحت باشد.).

واتە بەڕێز موهتەدی، ئێمە نیگەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردین و دەترسین ببێتە هۆی دابەشبوونی ئێران. موهتەدیش لە وەڵامدا دەڵێت: لەو شوێنەی من و ئاغای هیجری هەبین دڵتان ئاسودە بێت و پێویست ناکات نیگەران بن.

تێبینی: رەڤ (کرمانجی) لە چاوگی(مصدر) “رەڤین” گیراوە و بە مانای دەرچوون و هەڵاتن دێت.

درێژەی هەیە

ده‌رباره‌ جه‌لال چوارتایی

Profile photo of جه‌لال چوارتایی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز