سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ڕۆژهەڵات لە نێوان ڕۆژهەڵات تەوەری و باکوورتەوەرییدا

ڕۆژهەڵات لە نێوان ڕۆژهەڵات تەوەری و باکوورتەوەرییدا

هادی سۆفی زادە

شەڕیکی قورس و ماڵوێرانکەر لە ناو وێرانەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی پێشوودا لە ئارادایەوو کوردستان کەوتوەتە ناوجەرگەی ئەو شەڕەوە. پرسی کورد لە سێ بەشی کوردستان پەیوەستە بە ئەنجامی ئەو شەڕەوە. هەر بە هۆی ئەو هەلومەرجەوە مەسەلەی کورد لەو بەشانەی کوردستان بوەتە ڕۆژەڤ و هەموو نیگاکان لە سور باشوورو ڕۆژئاوای کوردستانە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جگە لەوەی کەوتوەتە ژێر باندۆری ئەو دۆخە، بەشێکی زۆری وزەی خۆی لەو بەشانە بەکاردێنی.

لە ڕاستیدا قسە لە ڕۆژهەڵات خوێندنەوەی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی دەوێ و دەبێ لایەنی مێژوویی، کولتووری، دینی، سیستمی دەسەڵات و شێوازی خەباتی لە بەر چاو بگیردرێ کە مەبەستی ئەم باسە نییە بەڵکو مەبەست ئەوەیە بزانین لە بارودۆخی ئیستادا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاگردا دەسوتێ، ئێران بە کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە گرفتارە، دەرکی ئێمە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات چییە، لایەنە کوردییەکان چ خوێندنەوەیەکیان لە سەر کۆمەڵگای خۆیان هەیە.

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە قۆناغی ئیستادا لە ئاستی جیهانییدا مەزوعییەتی نییە چونکە گۆڕانکاری لە ئێڕان لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی نییە. چارەنووسی کورد لە ڕۆژهەڵات بەندە بە قووڵ بوونەوەی کەلێنی نێوان ئێران لە گەڵ کۆمەڵگای جیهانی، قەیرانی ناوخۆیی ڕژیم، هاوخەباتی لە گەڵ لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران و چارەنووسی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. هەر کام لەو مژارانە ببنە ڕۆژەڤ باندۆری لە سەر بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات دەبێ و بەرەوپێشمان ئەبات. لە قۆناغی ئیستادا تەنیا مژاری چوارەم واتە پرسی کورد لە بەشەکانی دیکە لە ئارادایە و ئەوانی دیکە پێویستیان بە کات هەیە هەر بۆیە خەڵکی ئێمە بە دەرکی ئەو ڕاستییە پشتیوانی بەشەکانی دیکەی کوردستانن.

ئەگەر بمەوێ بە شێوەیەکی تەخمینی بیرکردنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان بدەم ئەتوانم بڵێێم کە:

٩٠٪ خەڵکی کوردستان خوازیاری هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێرانن.

٩٠٪ خۆی بە خاوەن کێشەی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەزانێ.

٧٥٪   نەتەوە بە سەر دین دا تەرجیح دەدا.

٥٠٪  باوەڕی بە جیابونەوە لە ئێران و وڵاتی سەربەخۆ هەیە.

٥٠٪  لە  ژێر تەئسیری کولتووری فارسدایە.

٢٠٪ ئاشنا بە مافی نەتەوەیی تورکەکان

١٠٪ ئاشنا بە مافی نەتەوەیی عەربەکانن.

نادیدە گرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە  وای کردووە کە بەشێک لە خەمخۆرانی کوردی ڕۆژهەڵات کە زیاتر لە دەوری ئەحزابی ڕۆژهەڵات دەخولێنەوە جۆرێک هەستیارییان تیا درووست ببێ و لایان وایە دەبێ وزەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژ‌هەڵات بەکار بێ و لەم پێوەندییەدا دەوری نیگەتیڤ دەگێڕن. هەڵبەت ئەم ڕوانینە زیاتر لە ڕووی حەساسییەتی حیزبییەوە سەرچاوە دەگرێ و کاکڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەوان لە ڕووی ئەوەوە کە وزەی ڕۆژهەڵات  بە قازانجی حیزبێک کە لە گەڵ بیرکردنەوەی ئەوان ناگونجێ بەکار دێ، حەساسن.

هەستیار بوون بە باکوورتەوەری دیاردەیەکە کە لەوانەیە لە لاوازیەوە سەری هەڵدابێ و زیاتر پاساو بۆ داپۆشینی لاوازییەکان بێ. چونکە دەبینین چەند حیزب لە باکووری کوردستان هەن کە لە ژێر تەئسیر و بە پێی بیرۆکەی ئەحزابی سیاسی باشوور خەبات دەکەن بەڵام کەس وەک باشوورتەوەر ناویان نابات.

باکوورتەوەر کێن؟

یەکەم )   کەسانێکن کە بە دوای کزی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵات و دەستپێکی چالاکی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پ.ک.ک )  لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت دوای گیرانی ئۆجەلان کەوتنە ژێر باندۆری بزوتنەوەی باکووری کوردستانەوە.

دووهەم )  ئەو کەسانەی کە دوای دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ( پەژاک ) لە ڕیزی ئەو حیزبەدا سازمان دروان.

سێهەم) خەڵکانێک کە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا بە بێ هاوئاهەنگی لە گەڵ پەژاک و پ.ک.ک بەرەوە ڕۆژئاوای کوردستان بەرێ کەوتن و لەوێ خەبات دەکەن.

چوارەم) کۆمەڵێک کەس کە بە هەر هۆ لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت ( کۆمەڵە ) دڵسارد بونەتەوەوو وزەی خۆیان بۆ بەشەکانی دیکە بە گەڕ دەخەن.

پێنجەم) بەشێک لەو خەڵکانەی کە کوردایەتی لە ناخیان دایەوو کوردایەتی خۆیان لە ڕێگای پشتیوانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک  یادی هەڵەبجە، کۆبانی، ڕفراندۆم، عەفرین و…. نیشان دەدەن.

شەشەم)  بەشێک لەو کوردانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی چەکداریدا دەیەی ٦٠ بە هۆی هەڵەی خۆیان یا هەڵەی حیزبەکان پاڵیان بە حکوومەتەوە دا،  بەڵام بە تێپەڕ بوونی زەمەن بیری نەتەوەیی خۆیان لە ڕێگای پشتگیری بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە نیشان دەدەن.

لەم ناوەدا کەسانێک هەن کە لەوانەیە پێشتر لە ناو حیزبەکاندا بووبێتن یا بە هەر جۆرێک بێ لە داو کەوتبێتن ئەرکدار کراون تا بە هموو شێوەیەک باشی باکوور بڵێێن و خراپی ڕۆژهەڵات، پێێان وترابێ دەبێ لە سەر ڕۆژهەڵات بێ دەنگ بن بەڵام لە سەر باکوور چی ئەڵێێن سەربەستن. پێچەوانەی ئەمەش هەیە کەسانێک هەن کە مەئموور کراون تا بە ڕواڵەت ڕۆژهەڵات تەوەر بن و دژی باکوور بن. ئەمانە دەورێکی خراپیان لە سەر تێکدانی ئارامشی ڕەوانی کۆمەڵگا هەیە.

بە نیسبەت بڕگەی چوارەمی دەستەبەندییەکەوە دەبێ بڵێێم کە خاڵی هاوبەشی نێوان کۆمەڵە لە گەڵ پ.ک.ک و ئەحزابی گرێداروی پ.ک.ک زۆرە. باوەڕ بە سکولاریزم، ڕوانین بۆ مافی ژن، رێخستنی کۆمەڵایەتی و سیستمی شوڕایی،  سوونەتی شۆڕشگێری لەو خاڵە هاوبەشانەن کە لە بیرکردنەوەی هەردوکیاندا هەیە. لانی کەم کۆمەڵەییەکانی  دەیەی ٦٠ خوازیاری ئەو مودێلە حوکمڕانیەن کە ئیستا لە ڕۆژئاوا دامەزراوە.

دەستەی پێنجەم و شەشەم لە بازنەی حیزبایەتیەوە بۆ کۆردایەتی ناڕوانن و بە پێچەوانەی حیزبەکان کە هەر کام بۆ بەشێکی دائەشکێنن ئەوان جیاوازی لە نێوان باشوور، ڕۆژئاواوو باکوور ناکەن.

لە جەرەیانی شەڕی چەکداری کۆمەڵگای کوردستان بە دوو جەمسەر.بەشێک شۆڕشگیڕ و بەشێک نزیک لە حکومەت. ئەو بەشە کە لە گەڵ حکوومەت کەوتن دواتر بە زۆری لە گەڵ ئیسڵاح تەڵەبان کەوتن و ئەگەرچی لە گەڵ ئەحزابی کوردی ئاشت نەبوونەتەوە بەڵام  ئینتمایی نەتەوەیی بەهێزیان تیایەوو لە ڕێگای پشتگیری بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە کوردایەتی خۆیان نیشان دەدەن.  پشتگیری ڕفڕاندۆمی باشووری کوردستان، بەیاننامە دژی داگیرکاری تورکیە لەو هەڵوێستانەن کە دەبیندرێن. کاردانەوە بە ڕەفتاری ڕژیم لە ناوخۆی کوردستان وەک نامەی د. جەلال جەلالی زادە بۆ نادر قازی پوور نوێنەری ورمێ، نامەی دەیان کەسایەتی بۆ کۆتایی هێنان بە تەبعیزو هەڵاواردن و….. بە داخەوە بازنەی جموجۆڵی سیاسی ئەحزابی کوردی ئەوەندە تەنگە کە بۆ نموونە وڵامی جەلالی زادە لە میدیاکانیانی ئەواندا ڕەنگ ناداتەوە.

ئەو تەیفانەی کە دەستەبەندییم کردووە پوتانسیلێکی بەهیزو سەرمایەیەکی نەتەوەیین. هەر ئەمە هەستیاری لای بەشێک لە چالاکانی سیاسی کە خۆیان بە ڕۆژهەڵات تەوەر پێناسە دەکەن درووست کردوەوو بە پێی هەندێ لێکدانەوە ” ڕۆژهەڵات تەوەریان ” هێنایە مەیدان تا هیوایەک بە خۆیان و بە خەڵک ببەخشنەوە. سەرەتای ئەم بیرۆکەیە بە کۆڕو سیمینار و پاشان دیاردەیەک بە ناوی ” ڕاسان ” درووست بوو.

بە پێی ئەو تەفسیرانەی کە ” ڕاسان ” خوازان نیشانیان ئەدا،  بزوتنەوەی ” ڕاسان ” ( ئەگەری ناوی بزوتنەوەی لێ بنێین ) تەنیا ڕاسانێکی چەکداری نییە. هەر چەند جارێ زووە ڕاسانی حیزبی دیموکڕات نەقد بکرێ بەڵام تا ئیستا ڕاسان لە چەند دەرفەتی جەماوەریدا دەرنەکەوتووە یا سەرکەوتوو نەبووە. بۆ نموونە داوایان لە خەڵک کرد لە ساڵیادی تیرۆری هەمیشە زیندوو د. قاسملوو دووکان و بازاڕ دابخەن، یا لە خۆپیشناندانەکانی ئەم دواییانە کە هەموو ئێرانی گرتەوە کوردستان کە ئەیتوانی گوڕوتینێک بەو خۆپیشاندانانە ببەخشێ دەورێکی بەرچاوی نەبوو ئەگەریش هەیبوو بە دوور لە بازنەی مانۆڕی ڕاسان بوو. بۆ نموونە شارانەی کە بە ڕاسان نامۆن ( ئیلام، کرماشان، گیلان غەرب و…) ڕاپەڕین بەڵام ئەو شارانەی کە تەخمین دەکرێ پێگەی سەرەکی ڕاسان بن ڕامابوون.  لە بواری نیزامیشەوە جگە لەوەی هەزینەیەکی مرۆیی زۆری بۆ ڕاسان هەبووە ئیستا جارنا جار بە کوشتنی چەکدارێکی کووردی دەوڵەت هەموو توانایی خۆی ئەنوێنی.

لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵات تەوەری خاوەن پلان و پڕۆژە نەبوو بەڵکو لە هەمبەر باکووری تەوەری ( شتێک بە ناوی باکوور تەوەریش لە ئارادا نییە ئەوەی کە هەیە کوردستان تەوەرییە )  شکلێ گرت و خۆی لە تەززاد لە گەڵ ئەودا ئەبینێتەوەوو زۆرترین باسەکانی لە دژی باکوور تەوەری بوو. ئەوەی کە جێی نیگەرانی بوو ڕۆژهەڵات تەوەرەکان بە هەمان زمانی توندی سەردەمی شۆڕشی ٥٧ کە لە گەڵ نەیارەکانیان دەیانکرد لە گەڵ باکوور تەوەرەکان قسەیان دەکرد، بە زمانی حەزف قسە دەکەن ئەیانەوێ وابنوێنێ کە باکوور تەوەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامۆیە. ساڵێک پێش ئیستا دۆستێکی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵات تەوەر !!کە من وەک ڕۆژهەڵاتی باکوورتەوەر!! پێناسە دەکا پێم وت منی باکوورتەوەر ساڵانە دەیان وتارم لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سایتە موعتەبەرەکاندا بڵاو دەبێتەوە، پێم خۆشە بزانم ئێوەی ڕۆژهەڵات تەوەر چیتان لە سەر ئێران و ڕۆژهەڵات هەیە؟!

بە کورتی هونەری حیزبی سیاسەت ئەوەیە بازنەی نەتەوەیی بەرفرە بکاتەوە وەک ئەوەی پ.ک.ک کردویەتی و دەیکا. لە وزەی هەر تاک و کەس و گروپێک کەڵک وەردەگرێ و بە قەولی خۆیان یەک نەفەریان لێ زیاد نییە. لە وشەی جاش بۆ گرێدراوانی حکوومەت ( لە باکوور ) کەڵک وەرناگرن. تا کاتێک ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵات ئەو دیوارەی کە لە بەینی خۆیان و ئەوانەی کە لە سەدەمی شەڕی چەکداریدا پاڵیان بە حکوومەتەوە داوە بە هەمان زێهنییەتی جاش چاو لێ بکەن و هەموویان وەک یەک سەیر بکەن، تا کاتێک بیرکردنەوەیان لە سەر باکوور تەوەر گۆڕانی بەسەردا نەیەت  زەحمەتە بزوتنەوەیەکی گشتگیر لە ڕۆژهەڵات بێتە دی. بە واتایەک پێشی جەبهەو پشتی جەبهەیان لە خۆیان گرتوە.

هیوادارم حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێڕان کە کۆنگرەی دوایی خۆی بە ناوی ” ڕاسان ” گرتوە ئاوڕیان لەم مژارانە دابێتەوەوو  ” ڕاسان ”  بە مانا واقعییەکەی عەمەلی بکەن تا متمانەی کۆمەڵگا بە دەست بهێننەوە.

ده‌رباره‌ هادی سۆفی‌زاده‌

Profile photo of هادی سۆفی‌زاده‌

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز