سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ڕۆژهەڵاتییەکان!؟

ڕۆژهەڵاتییەکان!؟

برایم فەڕشی

سیاسی ڕۆژهەڵات ، حزبی، ناحزبی و دەوڵەتی لە ناوخۆی وڵات، باشوور و ڕۆژئاوای جیهان پڕ لەناکۆکی و دڕدۆنگ لە یەک دەژیین. پێناسەی روون بۆ مرۆڤی سیاسی و حزبی سیاسی نابیندرێ. کێ مرۆڤی سیاسی و کێ حزبی سیاسییە، پرسیاری بێ وڵامە. هەر کۆمەڵە کەسێک خۆی بە حزب دەزانی، هەرچەند لە دەرەوەی کوردستان چێکرابێت و هیچ پێوەندییەکی لە گەڵ خەڵک و کۆمەڵگا نەبێت و هیچ فاکتۆرێکیش لە نێوان خەڵک و دەستەڵات نەبێ.

کۆمەڵێک پشت‌ئەستوورن بە ڕابووردوی خۆیان کە زەمانێک، سەردەمێک لە کوردستان بوون، کە بە هیچ پێوانەیەک نابێتە یەک لە دەی مێژوویان. خێڵێکی بەرچاوی مرۆڤی تاک و تاقم و مەحفل کە هەزاران کیلۆمەتر لە وڵات و خەڵک دوورن، خۆیان بە سیاسی دەزانن، بە بێ ئەوەی تێکەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کۆمەڵگای خۆیان بن.

دەستەی سێهەم کە لە ناوخۆی وڵات دەژیین و هێزی سەرەکی سیاسی، رێئال بە حیساب دێن، یان بەشێک لە حکوومەت و باڵەکانی سەر بە حکوومەتن، یان لە دەرەوەی حکوومەت دابەش دەبەن بەسەر مەحفل و کۆڕ وکۆمەڵی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی.
سیمای ڕۆژهەڵات لە کۆمەڵێک ئاڵۆزی سیاسی- رێکخراوەیی- فکریی و ناتەبایی گشتیدا خۆی دەردەخات. ئێستا کە داپچڕانی گشتی هەمە لایەنەی خەڵکانی سەرزەمینی ئێران لە حکوومەت(سیاسی- فکریی- ئایینی- فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی) گەیشتۆتە دوا قۆناخی خۆی، خەڵک ئەو سیستەمەیان ناوێ و حکوومەتگەرانیش توانای حکوومەت کردنیان نەماوە، کورد کە دەتوانێ دەوری خۆی لە کوردستان و بەرفراوانتر بگێڕێ، لە لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بەرنامە لە ئاڵۆزی و بشێوەیدا دەبیندرێ و چاوەڕوانی بۆتە پیشەی هەموو لایەنەکان و بەرپرسیارەتی لە هیچ لایەکەوە بەرچاو ناکەوێ.
ئەمەش گەلێک پرسیاریی بنەڕەتی دێنێتە پێش، وەک نەبوونی ناسنامەی ڕوون، نەبوونی ستراتێژی دیار و نەبوونی کۆدەنگی، کۆمەبەست، کۆئامانج، کۆ مۆڕاڵ و کۆتێگەیشتن! نەبوونی تێگەیشتنی وەک کورد، وەک دانیشتوانی یەک نیشتمان، وەک یەک چارەنووسی.

مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و حزبەکانی لە “ئێگۆی” تاک و گرووپی خۆیاندا نەک نوقم بوون بەڵکوو، دووچاری ناساخی بوون. گرێی لە یەک تێنەگەیشتن، یەکتر وەرنەگرتن، قەبووڵ نەکردن، قایمترە لە هەر گرێیەکی تر. ئەوە ناتوانێ خاسییەتێکی بیۆلۆژیکی بێ، بەڵکوو دەتوانێ فەرهەنگی، پەرەوەردەیی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی بێ، کە تێگەیشتنی سەرەتایی لە پشتە و دەربڕی مانەوەی ئێمەی کورد لە چاخەکانی پێشووی ژیانماندایە، کە تێماننەپەڕاندووە و لە گەڵ خۆمان تا ئێرە هێناومانە، ئەوەش تایبەت بە ڕۆژهەڵات نییە و دیاردەیەکی گشتی مرۆڤی کوردە، چ تێکەڵ حزب و گرووپ بووبێ، چ بە تەنیا بێ.
ئەم ڕابووردووە لە هەموو قۆناخەکانی ژیان لە گەڵمانە و لە ناو هەر بنەماڵە و هەر تاکە کەسێکدا دەوری سەرەکی دەگێڕێ. مرۆڤی کورد گرفتی سەرەکی لە گەڵ خۆی و کۆلێکتیۆی خۆی هەیە، بەڵام خۆی لە گەڵ مرۆڤی دەرەوەی خۆی و خەڵکی تر بەباشی بۆ سوودی ئەوان و زیانی خۆی ڕێکدەخات.

ئەمە “فێنۆمێنێکی” کوردییە، کە بەردەوام لە خۆماندا بەهێزی دەکەین. ئایینی جیاواز، دیالێکتی جیاواز، داب ونەریتی جیاواز، دەوری کاریگەر لە بەهێزکردنی ئەم “فێنۆمێنەدا” دەگێڕن، کە حزبی جیاواز، گرووپی جیاواز، باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوای جیاواز، ئیدئۆلۆژی جیاواز بە هەمان شێوە دەوری جیاواز لە بە هێزکردنی”ئیگۆ”ی لایەنەکان و کەسەکاندا دەگێڕێن.

هیچ حزبێک، هیچ سەرۆکێک، ددانی خێر بە حزبی بەرانبەر و سەرۆکی بەرانبەر و کەسی بەرانبەردا ناهێنێ. باس وخواسی کوردان لە سوسیال مێدیا لە بەستێنی ناکۆکییەکاندا دەسووڕێتەوە و باشترین ئیمکان بۆ ناسینی زیهنیەتی کورد و کوردیی دەڕەخسێنێ و باشترین ئیمکان دەداتە دەست نەیاری کورد بۆ ئانالیزی تێگەیشتن و ڕەفتاری سیاسی و ناسیاسی کورد.

لە پاش ٢٥ سێپتامبری ٢٠١٧ هەتا داگیرکردنەوەی کەرکووک، بوومەلەرزەی کرماشان و بەرخۆدانی ئەفرین، دەکرێ ئەم بۆچوونەی سەرەوە بسەلمێندرێ، کە خۆی لە لایەنگریی و دژایەتی لایەنەکان و پارچەکانی کوردستان و کەسەکان و حزبەکان بەرانبەر بە یەک دەرخست. لە هیچکام لەم ڕووداوانەدا کوردستانێکی یەک پارچە بەرچاو نەکەوت، هەڵوێستێکی گشتی بەرچاو نەکەوت، ئاکسیۆنێکی کوردستانی بە پانتای(هەرچوارپارچە) بەرچاو نەکەوت، ئەوەی بیندرا هەڵوێست و کردەوەی پارچە پارچەی دژ و لایەنگر بوو، ئەوەش بە مانای سیمای پلۆرالیسم نەبوو، سیمای تێكدراو و دەم وچاوی تێکشکاوی کورد بوو!

ڕۆژهەڵاتیەکان هەموو ڕۆژهەڵاتین و هەموو خولیای ڕزگای خاک و نیشتمان و خەڵکیان لە سەردایە، بە هەمووشیان لە گەڵ خەڵک ناحاوێنەوە. ڕۆژهەڵایەتییەکان هەم حزبەکان و کەسایەتییەکانیان موقدەسن، هەم ئەوانەی حزبی نیین و تاک تاکن. موقەدسین کە بێئەژمارن فەزاێکیان ساز کردوە کە خۆشیان ناتوانن هەناسەی تێدا هەڵکێشن. ڕۆژهەڵاتی هەن تۆخ تۆخ دەبنە باشووری، باکووریی و ڕۆژئاوایی، ئەوەش مەزاجی حزب و لایەنگرانیان تێک دەدات و ڕێکخستنی ئاکسیۆنەکانیان نابێتە هۆی گەڕانەوەی ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ لای ئەوان. جار ڕۆژهەڵاتتەوەری، راسانخوازی، زاگرۆس تەوەری ڕێکدەخرێ و سەر ناگرێ. پڕۆژەی یەکگرتنەوەی باڵەکانیش کە لە سەر هەمان بنەمای پرۆسەی لەیەکدابڕاندا دەسووڕێتەوە، ناچێتە پێش و مەزاجی خۆشیان تێکدەچێ. هەمووی ئەوانە یەک پرسیار دەخوڵقێنێ کە وڵام ناددرێتەوە.

بۆچی پڕۆژەکان سەرناگرێ؟ گرفت لە کوێدایە؟ لە پڕۆژەکان، لە ئیدەکان یان لە کەسانی جێبەجێکەری پڕۆژە، یاخۆ لە هەرکیان پڕۆژە و خاوەن پڕۆژە؟ گەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات شیرکەتی تیجاڕی بایەن و بەردەوام پڕۆژەکانیان بە سەرەئەنجام نەگەیشتبا، شەریکەکەیان چی لێبەسەر دەهات؟

بۆچی پلان و ئیدەکانی حزبەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان سەرناگرێ، بەردەوام نابێ و خەڵک لە دەوری کۆ نابێتەوە؟ بۆچی خاوەنی ئەم ئێدە وپلانانە کە بە ناوی ئاکادمیسین بە خەڵک دەناسرێن، وەڕز دەبن و زۆربەیان سەری خۆیان بەرەو هەندەران هەڵدەگرن؟

بۆچی ئاکسیۆنی چەند لاوی ناوخۆ بۆ یارمەتی کرمـاشان دەبێتە خۆنیشاندانێکی نەتەوەیی بەربڵاو و ئاکسیۆنەکانی ئەوان بە ساوایی لە ناودەچن؟ بۆچی ئەوانەی لە کوردستانەوە پڕ لە ئیدە وهیوا خۆیان دەگەیینە حزبەکانی ماڵ لە باشوور، لە ناکاو سەر لە ئووروپا دەردەهێنن و نامێننەوە؟

بۆچی کاتێک گەیشتنە ئوروپا یان بە ژیانی خۆیانەوە دەنووسێن، یان ڕوودەکەنە دام ودەزگاکانی باکوور؟ بۆچی ڕوو لەوان وەردەگێڕن و ڕوو لە لق و پۆپەکانی باکوور و ڕۆژئاوا دەکەن؟ بۆچی ئەندام و کادر و ئەو کەسانەی پڕ لە هەست و بیر و هیوا لە دام و دەزگا و ئورگانەکان کات و ساتی خۆیان تێدەپەڕاند، لەو حزبانە دابڕاون و دادەبڕێن؟
بۆچی زۆرێک لە ئەندام و کادرەکان کارمەندبوونی دام ودەزگاکانی حزبەکانی باشوور لە دەرەوەی وڵات و لە ناوخۆی باشووریان پێخۆشترە؟ بۆچی سەرجەم دام و دەزگای حزبەکان بە تەلەویزیۆن و ڕادیۆ و ماڵپەڕەکان یان نەماون و یان بێ کەڵک ماونەتەوە؟

بۆچی لە ناوخۆی وڵات زۆرێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی، زانستی و خەڵکی لێزان دووری لە حزب و کار لە گەڵ ئەوان دەکەن؟ بۆچی سەرجەم دام ودەزگاکانتان لە کار کەوتن و کاری مێدیا لە ناوتاندا گەیشتۆتە سیفر؟ بۆچی دەنگ و ڕەنگتان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و لە سەر ماسەی سیاسی، دیپلۆماسی و مێدیای ناوخۆ و ناوچە و جیهان کەمترین جێگای هەیە؟

بۆچی وەزعی ئێوە گەیشتۆتە ئەمڕۆژەی ئەمڕۆ، لە کاتێکدا بوونی ئێوە نەک شانازی بەڵکوو جێگای هێز و هیوا بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بوو؟ بۆچی ئێستا دەبێ تەنانەت دەمشڕەکان قسەتان پێبڵێن، گاڵەتەتان پێبکەن؟ گرفتی ئێوە لە کوێدایە؟  گرفت ئەوە نییە ئەندامان و کادرەکانتان ڕوویان کردۆتەو باکوور و ڕۆژئاوا. گرفت ئەوە نییە بە وتەی خۆتان پرتەقاڵخۆرەکانی ئوروپا ڕوویان لە ئێوە وەرگێڕاوە. گرفتەکان لە خۆتاندا بدۆزنەوە، هەڵەکانتان خۆتان لە قاوی بدەن، خۆتان ببنە ڕەخنەگری خۆتان، با هەوایەکی تازە ڕۆحتان، هەست و بیر وتێگەیشتنتان ببوژێنێتەوە.

وڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە و گەلێک پرسیاری تر خۆتان بیدەنەوە. هیچ کوردێکی ڕۆژهەڵات دوژمنی ئێوە نییە، دوژمنی ئێوە هەموو ئەو لەمپەرانەیە کە خۆتان بە درێژایی ساڵەکان پێکتان هێناوە، لەمپەرەکان لادەن، باوەڕتان بە هێزی نوێ و لاو هەبێ کە ڕووتان تێدەکەن و لێتان دەڕنجن و دوور دەکەونەوە.

کاستە کۆنە بێ کەڵکەکان لە ناو خۆتان بشکێنن. هیچ حزبێکی وەک ئێوە لە سەر گۆی زەوی نەماوە. سەیری حزبەکانی ڕۆژئاوا بکەن کە دۆستی ئێوە بوون، حزبایەتی ئەمڕۆ نە قاوغەکەی و نە ناوەرۆکەکەی وەک حزبەکەی ئێوە نییە. سەرێک لە حزبەکانی دۆستتان لە ئینترنێت بدەن، ڕووتان لە ناوخۆی وڵات بێ و بە پێی سەردەم خۆتان و حزبەکانتان نوێ کەنەوە.

دژی باکوور و ڕۆژئاوا مەبن، ڕەخنەیان لێبگرن، گەر کار و تەجرووبەی باشیان هەیە کەڵکی لێوەرگرن، ئێوەش گەر تەجروبەی باشتان هەیە بیاندەنێ. ئێوە و ئەوان و باشوورییەکان یەک چارەنووستان هەیە، یەک چارەنووس!

چارونووستان، کار و خەبات و هێز و وەزەتان لە یەک گرێ دەن، نە ئەوان بە تەنیا دەحەسێنەوە، نە ئێوە! کورد بە ستراتێژی هاوبەش داهاتووی هەیە و ڕابووردوی هەموو پارچە پارچە پارچەکان سەلماندوویەتی کە گەورترین شۆڕشەکانی کورد تێکدەشکێندرێ.

پەنەجەرەکان بە ڕووی خۆتان و خەڵکەکەتاندا بکەنەوە، لە قەڵاکانتان وەرنە دەر، جیهان گۆڕاوە، باوەڕ بە گۆڕانی جیهان بکەن، باوەڕ بە هێزی نوێ بکەن. هەتا زووتر هەنگاوی ئازایانە هەڵهێننەوە، میللەتەکەمان زووتر ڕووناکی دەبینێ.

ده‌رباره‌ برایم فەرشی

Profile photo of برایم فەرشی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز