سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی و نیزامی بەڕێوەیە کە هەر کام لەوانە بە شێوەیەک لە شێوەکان باندۆری لە سەر باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت. هەوڵ دەدەم ئاوڕێک لەو قەیرانانە بدەمەوە.

عێراق) هەر لە کۆنەوە یەکپارچەیی عێراق بۆ کۆمەڵگای عەرەبی گرنگ بووە بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردووداوو کە دەسەڵاتی عێراق کەوتنە بازنەی ئێرانەوە، بەشێک لە کۆمەڵگای عەرەبی بیریان لە دابەش بوونی عێڕاق کردوە تا پێش بە پەلوپۆ هاویشتنی زیاتری ئێران بگرن. بۆ بەشێکی زۆرە لە خەڵکی عێراق بە شیعەکانیشەوە کۆمەڵگای عەرەبی گرنگی خۆی هەیەو لە ماوەی ڕابردوو چەند باڵی شیعەی ئەو وڵاتە سەردانی وڵاتی سعودی وو وڵاتانی هاوپەیمانی سعوودیان کردووەوو لە هێڵی عەرەبی ـ سونیی نزیک بونەتەوە.

ئەگەری ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کە قەرارە ١٢ مارسی ٢٠١٨ بەڕێوە بچێ باڵی نزیک لە سعودی کە موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی پێشەنگی دەکەن سەرکەوتن بە دەست بێنن . هەڵبەت سەرکەوتنی حەتمی ئەم ڕەوتە پەیوەستە بە بڕیاری حەیدەر عیبادی. واتە عیبادی لە گەڵ کام باڵی شیعە بکەوێ ئەو لایەنە براوەیە. بە پێێ زۆر گریمانە عیبادی لە گەڵ ئەم ڕەوتە دەکەوێ. لە ئەگەری سەرکەوتنی ڕەوتی ئاماژە پێکراو سونییەکانی عێراق هاوپەیمانیان لە گەڵ پێک دێنن و خەتی سعودی بەهێزتر دەبێت. کاتێک ئەم ڕاستییەمان بۆ دەر دەکەوێ کە سونییەکان خۆیان لە چەند ساڵی ڕابردوداوو بە هۆی سیاسەتی دژە سوننەی دەوڵەتی شیعەی عێراق زۆر لە کورد نزیک ببونەوە وو ئەگەری دابەش بوونی عێڕاق زیاتر لە لایەن ئەوانەوە بەر گوێ دەکەوت بەڵام کاتێک کەرکووک داگیر کرا سونییەکانی عێراق لە دژی کورد لە گەڵ شیعە یەکیان گرتەوە.
بە کورتی لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ڕەوتە دەستی ئێران لە عێراق کورت ئەبێتەوە، حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە، مەسەلەی سەربەخۆ بوونی سوننی و کورد لە عێراق کەم ڕەنگ ئەبێتەوە بەڵام تەعامولیان لە گەڵ کوورد خۆشتر ئەبێت.

سوریە) دمۆگرافیای سوریە بە تەواووی گۆڕانی بە سەردا هاتووە، پێگەی سیاسی، جەماوەری و نیزامی سونییەکان لاواز بووە. بە کۆچبەر بوونی زیاتر حەوت ملوێن سونیی مەزهەب، شکستی سیاسی و نیزامیان خەونی ئەوەی کە بە دەسەڵات بگەن یا تەنانەت دەسەڵاتێکی هەرێمی بە دەست بێنن لاوازە. لە بار مەیدانیشەوە کە چاو لێ بکەین سوریە بە سەر دەوڵەتی سوریە و کورددا دابەش بووە. ئیستا قەیرانی جیددی سوریە لە هەرێمی ئیدلیب کۆبوەتەوە کە خاڵی یەکلاکەرەوەی بەرژەوەندی نێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندییە. کورد ـ ئەمریکا لە لایەک، سوریە ـ ڕوسیە لە لایەک و تورکیە و سونییەکان لە لایەکی دیکەوەیە. هیچکام لەوانە ناتوانن بە دژی یەک لەوی دیکە یەکبگرن. بەڵام تەرجیحی تورکیە لە نێوان سوریە و کورد سوریەیە. تەرجیحی سوریە لە نێوان کورد و تورکیە کوردە. تەرجیحی کورد لە نێوان سوریەو تورکیە سوریەیە. ڕەوتی ڕووداوەکان وانیشان ئەدەن کە تورکیە لە نیهایەتدا دۆڕاوی شەڕی ئیدلیب بێ. بە شکستی کوردیش لەو شەڕەدا کورد شکست ناخوا بەڵکو ئەمریکا شکست دەخواوو پڕۆژەی نۆژەون کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە بار دەچێ.

ساڵی ٢٠٠٦ سعودیا و قەتەر داویان لە سوریە کرد لە ئەگەری کۆتایی هێنان بە هاوپەیمانییەتی لە گەڵ ئێڕان حازرن نەوت و گازی خۆیان لە ڕێگای سوریەوە بۆ دەریای سپی ڕەوانە بکەن بەڵام سوریە ئەو داوایەی قبووڵ نەکرد. لە قۆناغی ئیستادا سوریە داهاتویەکی نییە جگە لە ملکەچ بوون بۆ هەمان داوا. ئەوەش بەو مانایە دێت کە تێچووی پێوەندی سوریە لە گەڵ ئێران بە قیمەتی چەند ساڵ شەڕو ماڵوێرانی تەواوو بوو.

ئێڕان) تێکڕای وڵاتانی جیهانی و هەرێمی وازیان لە ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەد هێناوە بەو مەرجەی کۆتایی بە هاوپەیمانی لە گەڵ ئێڕان بێنی. بە تایبەت خواستی ئیسڕائیل و سعودیا دەست کورت کردنەوەی ئێرانە لە سوریە. ڕوسیە بە هۆی تێکەڵیێکی نزیک کە هەم لە گەڵ ئیسڕائیل هەم لە گەڵ سعودیا هەیەتی ناچارە کە ملکەچی ویستی ئەوان ببێ. لێرەدایە کە ئێران لە دۆستایەتی ڕووسیە ئەترسێ و بەشێک لە ئێرانییەکان بە ڕوسیە بێ متمانەن. لە دۆخێکی ئاوادا ئێڕان دوای چەند ساڵ شەڕ لە سوریە دەستی کورت ئەبێتەوەوو قەیرانی ئیستای لوبنان سەرەتای هەڵتەکاندنی ئێرانە.

زۆر کەس بە هەڵە پانتای ژئوپولیتیکی ئێران بە هیلالی شیعی ناو دەبەن بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێران بە دەستی هێناوە هێڵی شیعی یە نەک هیلالی شیعە. هیلالی شیعی مەودایەکی بەرفرەتری هەیەو لە پاکستان ـ ئێڕان ـ ئازەربایجان، عەلەوییەکانی تورکیە ولەوێوە بۆ سوریە و لوبنان کۆتایی پێ دێ. بەڵام ئەوەی کە ئیستا هەیە و پانتاکەی ئێڕان ـ عێراق ـ سوریەو حیزبوڵڵا دەگرێتەوە مەداری شیعی یە و لە گەڵ هیلالی شیعی فەرقی زۆرە. هەڵەی سەرەکی ئێران ئەوەیە کە لە نێوان هێڵی شیعی و هێڵی کولتووری هێڵی شیعی هەڵبژارد. هێڵی کولتتوری بە ئێڕان ـ باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان پێناسە دەکرێ.

ئەوەی کە ئیستا ئێڕان لە ئاستی ژئوپولیتیکی سیاسیدا واتە هێڵی شیعی بە دەستی هێناوە خەونێکە کە بیست سال پێش ئیستا لە هێڵی کولتورییەوە هەوڵی بۆ داوو سەرنەکەوت. بیست ساڵ پێش ئیستا ئێران ویستی بە هاوپەیمانی لە گەڵ ئەفغانستان (سەردەمی تاڵیبان )، سوریە و لوبنان قەڵغانێکیان لەهەمبەر پەیمانی ستراتژیکی ئەوکاتی نێوان تورکیە و ئیسرائیل پێک بێنێ. ئەڵقەی پچڕاوی ئەم قەڵغانە هەرێمی کوردستان بوو لە کوردستانیش یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەیتوانی ئەڵقەی پێوەندی ئەوان پێکەوە گرێ بدا. ئێڕان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەی لە شەڕی ناوخۆیی کوردستان کەڵکی وەرگرت و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی دەعوەت بە پڕۆژەکەی خۆی کرد. هەر بۆیە هێزەکانی یەکیەتی لە ناو خاکی ئێرانەوە هێرشیان کردە سەر پارتی و لە ئەنجامدا پارتی دیموکڕات لە ٣١ی ئاب بە هاوکاری ڕژیمی عێراق و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا پڕۆژەی ئێڕانیان تێکدا. ئیستا دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەم خەونەی ئێران بە شێوەیەکی دیکە و لە هێڵی شیعەوە بەدی هاتوەتەوە.

هەر وەک پێشتر باسم کرد لە ئەگەری سەرکەوتنی باڵی شیعەی سەر بە سعودی وو هەروەها ناچار کردنی سوریە بە دەست کورت کردنەوەی ئێران لە سوریە هێڵی شیعی ئێران هەرەس دێنێ و ئێران ناچار دەبێ جارێکی دیکە لە هێڵی کولتوورییەوە واتە ئێران ـ کورد خۆی ڕێک بخاتەوە بەڵام ئەوکات بۆ ئێران درەنگ دەبێ، چونکە تورکیە ئامادەیی زیاتری بۆ دروست کردنەوەی پێوەندییەکانی لە گەڵ باشووری کوردستان هەیەوو بەم جۆرە ئێران دەگەڕێتەوە سەر خاڵی سفر.

تورکیە ) تورکیە زەرەرمەندی سەرەکی شکانی کورد لە باشووری کوردستان لە قۆناغی ئیستادایە. کەرکووک کە هەمیشە لە بازنەی بەرژەوەندی ئەودا بووە تەسلیم بە ئێرانی کرد. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش تورکیە تووشی شکست بوەوو تاکە پلانی تورکیە ئەوەیە کە نەهێڵێ مەودای جوغڕافیایی کوردەکان لە ڕووباری فورات تێپەڕێ. بۆ ئەم مەبەستە تورکیە لە هەمبەر پڕۆژەی ئەمریکایی ـ سعودی کە هەوڵیان ئەوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەریای سپی یەوە گرێ بدەن ڕاوەستاوە.
داهاتووی سیاسی ناوچەکە ئەوە نیشان ئەدەن کە تەنانەت ئەگەر تورکیە ببێتە بەربەست لە هەمبەر دەستپێڕاگەیشتنی کوورد بە دەریا دیسان ئەو هێوایە هەیە کە کوورد لە ڕێگای دەوڵەتی سووریەوە خۆی بە دەریا بگەیەنێ.

هەرێمی کوردستان)هەرێم بە قۆناغێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێ. پرژو بڵاوی ناو ماڵی کورد بەڵایەکی گەورەیە. کۆمەڵگایەک کە حکومەتی لە سەر دامەزراوە کۆمەڵگایەکی نەخۆشە و ئەگەری ئەوەی نەوەیەکی نوێ بێتە مەیدان کە بتوانێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێش پارتی و یەکیەتی بکەوێ بەرچاو ناکەوێ، ئەگەر دروستیش ببێت هێمای نەتەوەیی تیا بەدی ناکرێ، ناتوانێ هێزی چەکداری ئەو دوحیزبە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. مودیلی بەڕێوەبەری پ.ک.ک کە لە ڕۆژئاوا وڵامی داوەتەوە لە باشوور وڵام ناداتەوە چونکە عەقڵییەتی پ.ک.ک ییەکانی باشووری کوردستان کە بە ناوی تەڤگەڕی ئازادی کوردستان خەبات دەکەن هەڵقوڵاوی هەمان کۆمەڵگای نەخۆشە. لە خۆڕا نییە کە ئەمریکا قوباد تاڵەبانی و نچیروان بارزانی وەک نەوەی نوێ بە موخاتیب وەردەگرێ.

نوێ گەرایی و نەوەی نوێ لە حکومەتداری گرنگی خۆی هەیە. فەڕانسە و ئوتریش سەرقافڵەی نوێ گەرایین. بۆ ئەمریکا و وڵاتانی غەربی ڕوون بوو کە بەڕێز مەسعوود بارزانی و پارتی و یەکیەتی لە بەر چاوی خەڵک کەتوون و پێگەی کۆمەڵایتییان لاواز بووە. ئەوان ئاگاداری ژێرخانی کۆمەڵگاو ناڕەزایەتی خەڵک بە دژی دەسەڵاتی هەرێمن. ئەم حاڵەتە زۆر هاوشێوەی ڕژیمی شای ئێرانە. کاتێک ئەمریکا تێگەیی کە چیدی ناکرێ لە سەر پێگەی کۆمەڵایەتی شای ئێران حساب بکا، وازی لێ هێنا.

ئەوەی کە مەسعود بارزانی شکستی هێنا ڕیفڕاندۆم نەبوو بەڵکو ئەوە بۆ ئەو بە ئیمتیاز بە حساب دێت بەڵام شکستی بارزانی لەو ڕووەوە بوو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەک سەرۆکی هەرێم لە گەڵ هێزولایەنەکاندا ڕەفتاری نەدەکرد. ناوبراو لە هەستیارترین ساتەکانداو لە باشترین فرسەتەکاندا نەیتوانی ناو ماڵی کورد یەک بخات تەنانەت کاتێک پێش ڕیفڕاندۆم سەردانی بڕوکسێلی کرد و دەرفەتێک بوو تا دڵی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەست بێنێتەوە هێرشی کردە سەر بزوتنەوەی گۆڕان.

ئەوان لایان وابوو بە پارە بەخشینەوە بە تورکیە ئەتوانن دڵی تورکیە بە دەست بێنن. پاشان لایان وابوو کە کێشەی نێوان ئێران و تورکیە بە ئاسانی ئاسایی نابێتەوە کە لە دژی کورد یەکبگرن.

بە کورتی لە باشووری کوردستان بە هەبوونی حکومەتێکی پان و بەرین، هەبوونی سەرکۆمارو وەزیر و پاڕلمانتار لە بەغدا، لاواز بوونی هزری نەتەوەیی لە ناوخۆ تروسکەیەک بۆ ڕزگاری کوردستان لە کۆتا ماوەدا بەدی ناکرێ مەگەر ئەوەی کەڵک لە قەیرانی ناوچەیی وەربگیردرێتەوە کە بەڕێوەیە.

ده‌رباره‌ هادی سۆفی‌زاده‌

Profile photo of هادی سۆفی‌زاده‌

ئه‌مه‌ش ببینه‌

وەڵاتی فینلاند لە سیفرەوە بۆ لووتکە

هیوا گوڵ محەمەدی فینلاند وەڵاتێکی بچوکە لە باکوری ئەوروپا کە پێنج ملیون و نیو حەشیمەتی …

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! عه‌بدوڵا ساڵەح هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز