سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / پێویستی بە “فێمینیزمێکی هاندەر” لە نێو ژنانی کورددا

پێویستی بە “فێمینیزمێکی هاندەر” لە نێو ژنانی کورددا

رۆیا تلوعی

کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵگایەکی سەرکوت کراوە، بەڵام کێشەکە هەر بەوە کۆتایی پێ نایەت و بەداخەوە ئاسەواری سەرکوت وەرگری یا هەمان «سرکوب پذیری» بە ناوچاوانی کۆمەڵگامانەوە دیارە. لەوانەیە زۆر کەس نکووڵی لەوە بکەن و بە پەنا بردن بە نموونەی خەباتکاران، چ مەدەنی و چ چەکدار، هەوڵ بدەن سەرکوت وەرگری رەت بکەنەوە. بەڵام با لەگەڵ خۆماندا رووڕاست بین. چەن لە سەتی کۆمەڵگامان خەباتکارن لە هەر شێوەیەکیدا؟ ئەگەر حەشیمەتی کوردی رۆژهەڵات دە ملوێن بێت (کە بەداخەوە هیچ ئامارێکی متمانە پێکراو و دەقیقمان نیە تا ئیستا) یەک لە سەتی دەکاتە سەدهەزار. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە سەدهەزار خەباتکارمان نیە. یەک لە هەزاریشی دەکاتە دەهەزار کە لە ڕاستیدا ئەو ژمارەشمان نیە.هەروەها خەباتکار بوون دەقاودەق بە مانای بێ بەری بوون لە دیاردەی سەرکوت وەرگری نیە. جاری وایە سەرکوت گەر لە داگیرکەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرکوتگەرانێک لە نەتەوەی خۆت.

ئەگەر سەرنجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام بدەین کە لە ناوخۆی ئێراندا زۆر بەکار دەهێندرێت، لەگەڵ حەقیقەتی تاڵی سەرکوت وەرگری ڕووبەڕوو دەبینەوە. جا بیانووی ئەو سەرکوت وەرگرییە ترس لە گیران و تووشی گێچەڵ بوون بێت یا هەرچییەکی تر، ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە خەڵک خۆیان خۆیان سانسۆڕ دەکەن و پێوەرە کانی سەرکوتگەر ڕەچاو دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. تەنانەت وشیاری دەدەنە ئەوانی تریش کە ڕەوشی یاسایی نێوخۆ بپارێزن و «قسەی مەترسیدار» نەکەن! لێرەدا مەبەست هەڵسەنگاندنی حەقدار بوون یا حەقدار نەبوونی هاوڕێیانی ناوخۆ نیە، بەڵکوو مەبەست باس لەسەر دیاردەی سەرکوت وەرگری و بەتایبەت هەڵسەنگاندنی ئەم دیاردە لە ناو ژنانی کورد و پێویستی و چۆنیەتی فێمینیزمێکی هاندەرە بۆ سڕینەوەی دیاردەی سەرکوت وەرگرییە.

حاشا هەڵنەگرە کاتێک سەرکوت قبووڵ کرا و وەک حەقیقەتێکی سەپاو لە ناخدا دزەی کرد، باوەڕ بەخۆ، دەبێتە یەکەم قوربانی ئەم دیاردە. سەرکوت وەرگر نە تەنیا باوەڕی بەخۆی نامێنێت، بەڵکوو باوەڕی بە تەواوی ئەوانەی وەک خۆی بن نامێنێت. قبووڵی دەکات کە توانای گۆڕینی نیە و هەموو هەوڵێکی بێ ئاکامە. توانای داهێنان تێیدا بە تەواوی سەرکوت دەکرێ و ترس و دڵەراوکێ بە شاراوە و بە ئاشکرا تەواوی هەست و نەستی داگیر دەکات. جاری وایە ئەگەر دەرفەتی بۆ هەڵکەوێت تا ئایدیایەکی دەربڕێت تووشی دڵەراوکێ لە قەزاوەت و هەڵسەنگاندنی نەگەتیڤی ئەوانی تر دەبێت و خۆی دەست دەکا بە خنکاندنی تواناکانی خۆی، تەنانەت ئەگەر ئایدیاکانیشی زۆر تازە و داهێنەرانە بن. هەروەها چونکا باوەڕ و متمانەی بەوانی تر لەدەست چوە، ئامادە نیە توانای کەسانی تریش قبووڵ بکات و بەردەوام بە شک و گومانەوە لێێان دەڕوانێ و هەوڵ دەدا بیانشکێنێت و سەرکوتیان کات یان لە ناخەوە بەخیلییان پێدەبات و هەم خۆی ئازار دەدات و هەم ئەوانیش. سەرکوت وەرگر قبووڵی کردوە خۆی و ئەوانی وەک خۆی بێ توانان، کەواتە ئەگەر کەسێک بە توانایە، تواناکەی هی خۆی نییە و سەرکوتگەر پێی داوە. چونکا لە ناخی سەرکوت وەرگردا، سەکوتگەر بە هەیبەت و توانایە ئەگەرچی زۆریش لێی بێزار بێت.

لە ڕاستیدا سەرکوت گەر سەرناکەوێت مادام سەرکوت وەرگر بە قبووڵی هێژموونی سەرکوتگەر و بوون بە داردەستی ئەو، دەرفەتی سەرکوتگەری بۆ نەڕەخسێنێت. ئەو سەرکوت وەرگرانەی هەبوونی سەرکوتیان بە چارەنووسی بێ ئەملاولای خۆیان قبووڵ کردوە، هەوڵ دەدەن بەشکم بە خزمەتکاریی سەرکوتگەر ، نەختێک خۆیان لە سەرکوتگەر نزیک بکەنەوە وسەرکوت وەرگرێکی عەزیزتر بن. ئەو چەشنە سەرکوت وەرگرانە خۆیان یەکەم دژمنی یاخیەکانن و پێش ئەوەی سەرکوتگەر سەرکوتیان کات خۆیان سەرکوتی یاخییەکان دەکەن. وێڕای ئەوانەش هەر مێژوو بەدەست یاخییەکانەوە گۆڕدراوە. کاتێک یەکەم کۆیلە ئامادە نەبوە سەردانەوێنێت و دەنگی هەڵبڕیوە، هەیمەنەی کۆیلەدار قڵشی تێکەوتوە. بە سەرهەڵدانی هەر یاخیەکی نوێ، قڵشەکە قووڵترو قووڵتر بوە تا لە ئاکامدا کۆیلەداری لەناو بردوە. هەڵبەت سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەو کاتەیە کە خودی یاخی دوای سەرکەوتن نەبێتە سەرکوتگەرێکی تازە.

دیاردەی سرکوت وەرگری کە دەگات بە ژنانی کورد بە بۆنەی ئاوێتە بوونیەوە بە چەوسانەوەی جنسیەتی وێڕای چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، دووقات کێشە دەخوڵقێنێت. بەلامەوە سەیرە پیاوی کورد کە دایم بەدەست چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە دەناڵێنێت و لەگەڵ ئازارەکانی چەوسانەوە ئاشنایە، بۆچی ئامادەیە ژنانی کورد بچەوسێنێتەوە و دایمە سەرکوتیان کات؟ دیارە وڵامی ئەوەش لە جێگیر بوونی هەڵاواردنی جنسییەتی و هەروەها جنسی ژن بە نزم زانین، لە مێشک و دەروونی پیاوەکانمان و بەداخەوە بڕێکی زۆر لە ژنەکانماندایە. لەبیرمە پیاوێکی هاوشاریمان لە بانە هاتبوو بۆ ئۆفیسەکەم لە تاقیگە و داوای یارمەتی لێکردم سەبارەت بە کێشەیەک. زۆر سەیر بوو زوو زوو دەیکوت ئای دکتۆر! وتم کاکە گیان من خانمم نە ئاغا. وڵامی دایەوە تۆ ئینسانێکی قەوی و تێگەیشتووی. بەڕاستی من وەک ئافرەتێک سەیرت ناکەم! من قەت ئەو بیرەوەریەم لە یاد ناچێت چونکا دان پێنان بە دیاردەیەکی تاڵی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە کە «ژن» هیچ نیە. ئەگەر شتێکە کەواتە «ژن» نیە.

لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندە بە ژن وتراوە کە «ژنان ناتوانن»، «باوەڕیان بە خۆیان نیە»، «زەعیف و لاوازن»، «خۆیان یەک ناکەون»، «ئێرەیی دەبەن و دژبە یەکن» و هتد، کە زۆر لە ژنان باوەڕیان بە ناتوانی خۆیان کردوە و متمانە و باوەڕ بەخۆیان لە دەست داوە. جاری وایە ئاگایی ژن لەبەر هەر هۆکارێک زۆر دەبیت، یاخود یاخیگەریەکی دەروونی دەبێتە هۆکاری ناڕەزایەتی لەو بارودۆخەی تێدا دەژی. لەو حاڵەتەدا ژنی دایمە سەرکوتکراو پێویستی بە دەرفەتێکە کە هەناسەیەک بکێشێت وباوەڕ بە تواناکانی خۆی بێنێت و چالاکیەک لە جێگایەکەوە دەست پێبکات. کەچی دیسان زۆر نیگەرانی قەزاوەت و هەڵسەنگاندنی پیاوسالارانە لەسەر خۆی، نەکا بە زەعیف و لاواز بیبینن و بیدەنە بەر ڕەخنە. لە ڕەخنە رووخێنەرە بێڕەحمانەکانی کۆمەڵگای پیاوسالار و لە دژایەتییەکان دەترسێ. سەیر ئەوەیە کۆمەڵگای رؤشنبیری و سیاسی کوردی، تا ناخی ئێسقان پیاوسالارە و بە پێچەوانەی تەواوی دروشمە زریقە و بریقەدارەکان لە ناخی خۆیدا هەڵگری دژایەتی ژنانە بە تایبەت ژنانی سەربەخۆ و بەڵێ نەوێژ. ئەم پانتا بە ناو ڕۆشنبیری و سیاسییە پیاوسالارانە لە جیاتی بەرهەم هێنان، لاسایی کەرەوەیەکی سەقەتی ئەزموونە کۆن و تێپەڕیوە رۆژئاواییەکانە، بە تێکەڵاویەکی قووڵ لەگەڵ نەریتە دژە ژنەکانی کۆمەڵگای خۆمان. (وەک ژن بە کاڵای نامووسی بینین بۆ نموونە) سەیر ئەوەیە پیاوانی ئەم پانتایە کە ژنان بێڕەحمانە دەکوتن و تاوانباریان دەکەن بە نەزانی و لاوازی، خۆشیان بەرهەم و دەسکەوتێکی وایان نەبوە. تەنانەت بەشیکی دایمی سرکوت گەرێکی لە هەمانکاتدا سەرکوت کراون.

ژنانی کوردیش کە دێنە پانتای چالاکییەوە سەرەتا لە لایەن دەستەو گرووپە پێکەوە ناسازەکانی کۆمەڵگای رۆشنبیری و سیاسی پیاوسالارەوە گەمارۆ دەدرێن. لەگەڵ هەر گرووپێکیان بکەون گرووپەکەی تر لێیان دەبنە دژمن. لە ناو خودی گرووپەکەشدا وەک ئامێرێکی بەڵێ وێژ دەیانەوێن و بەس. مادام ئەو ژنانە بیانهەوێ سەربەخۆ بن بە بێڕەحمانە ترین شێوە هەر لە لایەن ئەندامانی ئەو گرووپەوە سەرکوت دەکرێن. ئەمانە هەمووی وا دەکات ژنان زیاتر نیگەران بن و زیاتر خۆیان دوور بخەنەوە.

لێرەدایە کە بۆ سڕینەوەی ئەو ترسانە و بۆ گەشانەوەی خوڵقێنەری، بەرهەم هێنان و تواناکانی ژنان پێویستمان بە فێمینیزمێکی هاندەرە. ئیستا کە گرووپە پیاوسالارەکان بەم زوانە لە زەین و باوەڕی هەڵاواردنی جنسییەتی پاک نابنەوە، نابێ ئێمە ژنان تەواوی توانا و ئینرژی خۆمان بەختی ئەگەری گۆڕانێکی بچووک لەو زهنییەتە پیاوسالارەدا بکەین و لە کاری سەرەکی کە بەتواناسازی ژنانە غافڵ بین. هەروەک چۆن لە شەپۆلی دووهەمی فێمینیزمدا پانتاگەلی تایبەت بە ژنان پەرەی سەند، ژنانی ئیمڕۆی کورد، ئەو دەرفەتەیان پێک هێناوە کە گرووپگەلی تایبەت بەخۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت. پێویستە لەو گرووپانەدا وێڕای باس و خوازی جیاواز رووبکەینە تەشویق و هاندانی یەکترین بۆ ئەوەی مەودایەک بەدی بێت کە توانا بچوکەکانمان گەشە بکات و گەورەتر بێ. لازم نیە بە چاویلکەیەکی رۆشنبیرنمایانەی پیاوسالارانەوە، لاسایی هەڵەکانی پیاوسالاران بکەینەوە و نووکی تیژی هێرش و ڕەخنە بەرەوڕووی ژنانێک بگرین کە بە درێژایی مێژوو پێیان وتراوە ئێوە ناتوانن و، هەستی باوەڕ بە خۆیان بە پەلەپیتکەیەک دەقڵشێ و دەڕووخێت. بۆ پتەو کردنی ئەو هەستی باوەڕ بەخۆیە و بۆ گەشە کردنی تواناکانی ژنان و دەرکەوتنی ئیستیعداد و وزەکانیان پێویستە بە بینینی تواناکان هاندەری یەکتر بین و یارمەتی یەکتر بدەین. یارمەتیدەریەک بە بێ منەت و بێ چاوەڕوانی سپاس و پێزانین. دیارە ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە چەپڵە بۆ لاوازیەکان لێبدەین، بەڵکوو بە میهرەبانی و هاندان و تەشویق، لایەنە پۆزەتیڤەکانی کاری ژنان دیاری بکەین و بە یەک بڵێین کە لەو شوێنەشدا پێویستی بە کاری زیاتر و چاکتر بوونە. قۆل هەڵماڵین بۆ یارمەتی بەرەو چاکتر کردنی کارەکان و ئیدەکان و پرۆژەکانی ژنان.

پێویستە وشیار بین کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ساڵهای ساڵە کە کار کراوە بۆ کوشتنی ئیعتماد و متمانە و میهرەبانی. زۆر جار جیا کردنەوەی میهرەبانی راستەقینە لە تەعارۆفی وشکی بێ کردەوە، دووروویەکی پەرەسەندوو، پێداهەڵگوتن و چاپلووسی دژوارە، بەڵام بەردەوامی و هێدی هێدی بەرەوپێشچوون دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت. بەشکم ژنانی کورد بە پەرەپێدان بە فێمینیزمێکی هاندەر، تووی میتمانە و میهرەبانی و یەک گرتوویی لە کوردانی رۆژهەڵاتدا داچەننەوە.

ده‌رباره‌ رویا تلووعی

Profile photo of رویا تلووعی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز