سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / هەر شەش ئۆقیانووسەکەی دونیا – تراژیدیای سکێچێکی کۆمیک

هەر شەش ئۆقیانووسەکەی دونیا – تراژیدیای سکێچێکی کۆمیک

ڕێبوار رەشید

هەر شەش ئۆقیانووسەکەی دونیا

تراژیدیای سکێچێکی کۆمیک

[هۆڵێکی گەورە]

ئامادەکاری  یەک:

(لە بەری راستی هۆڵەکە لە ناوەڕاستیی تاریکیەکی ماتدا وێستاوە و مایکریفۆنێکی بێتەلی بە دەستەوەیە)

زۆر پێش  ئەوەی پەردە هەڵ بدرێتەوە خەڵک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایان و خوێندکاران و ئەهلی نووسین دەمێکە لە سەرەدا وێستاون. کۆڕی سیاسیی چالاکییەکە، کە هەمیشە خەڵک کۆ دەکاتەوە. چالاکیی بە مانای ژیان دێت. ئێمە شەش کەسین. سێ ژن و سێ پیاو. یەکێکمان دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییە. پێنجەکەی دیکەمان خزمەتکاری ئێوەین. هەموو کارەکان خۆمان خۆبەخشانە و  بە پارەی خۆمان جێبەجێمان کردووە. قەیرانی وڵات لە کەشتییەک دەچێت، کە پڕ بوو بێت لە ئاو. دەمانەوێت هەموو هیزی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی پێکەوە کەشتیەکەمان ڕزگار بکەین. ئەم کۆڕە بۆ چارەسەرکردنە.

(پێنج ئامادەکارەکەی دیکە لەم بەرەوە، لای چەپ بەرامبەر بە ئامادەکاری یەک ڕادەوەستن. دوو کوڕەکە لە پشتی ژنەکانەوە وێستاون و سێ ژنەکەیش بە تەنیشت یەکەوە وێستاون.)

دوو کوڕەکە:

(“یەکێکیان دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییە” بە یەک دەنگ سێ جار لە سەر یەک)

ئایا کەشتیەکەمان نقووم بێت؟

سێ ژنەکە:

(بە یەک دەنگ پێکەوە، سێ جار لە سەر یەک)

نا، نا، بێگومان نا، کەشتیەکەمان ئاییندە و ژیانمانە!

ئامادەکاری یەک:

کۆڕەکەمان بریتییە لە قسەوباسی حەوت مرۆڤی دەستپاکی سەرڕاستی دانا و زانا و خاوەن ئەزموون، کە پێشنیاری کۆنکرێتیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی ئێستا هەیە. کۆڕی ئەم جارەمان  کەمێک جیاواز دەبێت. وامان کردوە، کە لە هی دونیای پێشکەوتوو بچێت. لە سەرەتادا سکێچێکتان پێشکەش دەکەین. پاشان ئەو حەوت کەسەی بابەت پێشکەش دەکەن دێن و قسەوباسی خۆیان دەکەن، ئەوجا بە گۆرانییەکی هونەرمەندی خۆشەویست کۆتایی بە کۆڕەکەمان دێنین.

هۆڵەکە

(هۆڵەکە ڕازێندراوەتەوە و بۆنی خاوێنیی لێ دێت. دیکۆرێکی نەرم بەڵام دیار و لەبەردڵان کراوە. کورسیەکان هەموو ڕێکوپێک دانراون. هەوای هۆڵەکە فێنک و سازگارە. کورسیەکان ڕوو بە شانۆکە ڕیز کراون و چین چین بە دوای یەکدا چنراون. سێ ڕیزی یەکەمی پێشی پێشەوەی کورسیەکان بۆ کەسایەتیە سیاسییەکان دانراون. لە سەر هەر کورسیەک تابلۆیەک بە ناوی ئەو کەسە دانراوە کە بڕیار وایە لەوێ بێت، هەروەها ئاو و شیرینییش دانراون. لە سەر ڕیزەکورسیەکانی چوارەمەوە شیرینیی و ئاو دانەنراون. لە پشتی پشتەوە، دروست بەرامبەر بە پەردەکەی پێشەوە، پەردەی سپی، دروست هەروەکوو ئەوی پێشێ بە سەر هەندێک شتدا دا دراوەتەوە، کە دیار نییە چییە. ئەویش هەر لە سەکۆی شانۆیەک دەکات.)

خەڵک

(خەڵک وردە وردە دێنە ژوور. یەک یەک و دوو و دوو و زیاتر لە دووان هەر یەکە و لە سەر کورسییەک دادەنیشن. زۆر نابات هۆڵەکە پڕ دەبێت لە خەڵک. ژنان نیوەی ژمارەی پیاوان نابن، بەڵام زۆرن.)

ئامادەکاری یەک:

خۆتان دەزانن، کە لە کولتوری ئەم وڵاتەدا دواکەوتنی بەرنامە ئاساییە. بەڵام ئێستا بووە بە مۆدێل. بەرپرسەکان لەبەر ئەوەی کاریان زۆرە و سەرقاڵن، درەنگ تەشریف دێنن.

(پێنج ئامادەکارەکەی دیکە لەم بەرەوە، لای چەپ بەرامبەر بە ئامادەکاری یەک ڕادەوەستن. ئەم جارە دوو کوڕەکە لە پێش ژنەکانەوە وێستاون و سێ ژنەکەیش بە تەنیشت یەکەوە لە دوای ئەوانەوە وێستاون.)

هەر پێنج ئامادەکاران هەموو پێکەوە:

بەرپرسەکان درەنگیش دێن هەر بەخێر بێن. عەوامی بێ ئێش و کار زوو نەیەن، چی بکەن؟

(خەڵک وردە وردە دادەنیشن و هۆڵەکە پڕ دەبێت. چارەکێک لە کاتی خۆی لا دەدات. لە سەرەتادا هەروەک عادەتی گشتیی خەڵک بێ دەنگن و لێرەولەوێ چرپەیەک دەبیسترێت، بەڵام وردەوردە هەموو پێکەوە لەگەڵ کەسی کورسی تەنیشتیی یان پێش و پاشەوەی یەک قسە دەکەن. پاش ماوەیەک قسەوباس گەرم دەبێت و غەڵبەغەڵبی دەنگهەڵبڕین هۆڵەکە دادەگرێت. هەوای خاوێنی هۆڵەکە ئەو فێنکیەی سەرەتای نامێنێت و بەرەو سەرف بوون دەچێت و هێدی هێدی گەرم دەبێت. لێرەولەوێ دەبینرێت کە کەسێک باوێشک دەدات. هەندێک لە ژنەکان ئاوێنەگیرفانیەکانی خۆیان دەر دەهێنن و لە سووراوسپیاوی خۆیان دەڕووانن و بە قامکی ئاماژەیان شت لە سەر ڕووخساری خۆیان نیشانی هاودەمە ژنەکان دەدەن.)

(ئەوانەی کۆڕەکە بەڕێوە دەبەن، زووزوو بەو ناوەدا دەگوزەرێن و هەندێکیان بە نەرمەلۆقە هەنگاوەکانی خۆیان زیاتر هەڵ دەگرن و دێن و دەچن. خەڵکیش بە گشتیی بە چاو وەدووی هاتنوچوونیان دەکەن و سەری خۆیان بە ئاراستەی ڕۆیشتنی ئەوان پێچ پێ دەدەن. ئێستا وا کۆڕەکە ئەوە سەعاتێک لە کاتی خۆی دواکەوتووە.)

(تاریکیی و غەڵبەغەڵب)

(ڕووناکیی دەچێتە سەر ئامادەکاری یەک، کە دیسان لەبەری لای ڕاستی هۆڵەکەوە لە نزیکەی ناوەڕاستی هۆڵەکەدا پەیدا دەبێت و روو لە خەڵکەکە دەکات و دەست بە قسەکردن دەکات. لە سەرەتادا زۆرن ئەوانەی گوێی پێ لێ ناگرن. دانیشتووان جەند جارێک پێی دەڵێن دەنگی خۆی هەڵببڕێت. ئامادەکاری یەک دەنگی زۆر زیاتر لە جاری یەکەمی هەڵدەبڕێت)

ئامادەکاری یەک:

ببوورن ئەوە سەعاتێک زیاتر دواکەوتووین. بەڵام کێشەیەک نییە، چون دەتوانن کاتەکە وەکوو مۆدێلێک بۆ خۆگەرمکردن، بۆ خۆبەتاڵکردنەوە لە ئاهی ساردی خۆتان بەکاری بهێنن. دەزانن بابەتەکە گرینگە. دامان نابوو هەر لە کاتی خۆیدا وەکوو وڵاتانی پێشکەوتوو دەست پێ بکەین، بەڵام نەبوو. ئەمە بەشێکە لە کولتور و ئاداب و نەریتمان…

کەسی ژمارە یەک:

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا هاوار دەکات)

لەوە بگەڕێ، هەر بیانوو دەدۆزنەوە. دەمزانی ئێوەیش هەر ئەوەن، دەی جا بۆ دەست پێ ناکەن؟

ئامادەکاری یەک:

ئاخر خۆ دەبینن میوانەکان هێشتا نەهاتوون، بڕووانن یەک دانەیش …

کەسی ژمارە یەک:

کورە کاکە، ئەوانە هەر وا هاتوون و هەرواش دێن، کولتورەکە هی ئەوانە. ئەوە نییە خەڵک هەموو هاتوون. نابینیت هۆڵەکە پڕ بووە و هەندێکیش بە پێوە وێستاون. نابینیت خەڵک گەرمایانە، هەست ناکەیت وا هەوای ژوورەکە تەواو دەبێت؟ میوانی چی؟ ئەوان خاوەن ماڵن. ئەی ئێمە چین؟

کەسی ژمارە دوو:

(لەو بەرەوە هەڵ دەداتێ و وەڵامی کەسی یەکەم دەداتەوە)

ئەرێ کاکە تۆ بۆ هەر لە خۆتەوە قسە دەکەیت؟ ئەم هەوایە بە چی تەواو دەبێت، هەوا چۆن تەواو دەبێت؟ تو خوا خەڵکینە ئەوە قسەیە؟

ئامادەکاری یەک:

بە داخەوە شتێکی ناخۆش ڕووی داوە، بۆیە بەرپرسانی خۆشەویست وا درەنگ کەوتوون. دەڵێن کاکە حەمەی ئایشێی مۆنیکا، کە پێشمەرگەی دێرینە، شەهید بووە.

هەر پێنج ئامادەکاران هەموو پێکەوە:

بە داخەوە، بە داخەوە.

کەسی ژمارە سێ:

(لە ڕیزی پشتەوەی کەسی ژمارە یەک هەڵ دەداتێ)

کورە برالە، حەمەی ئایشێی وەنەوشە موالیدی نەوەدە. چۆن پێشمەرگەی دێرینە؟

کەسی ژمارە چوار:

(لە تەنیشتیەوە دانیشتووە، وەڵام دەداتەوە)

کاکە شەهیدی چی، ئەوە دوو هەفتە لەمەوبەر لە سەر بان کەوتە خوار. ئەو کوڕەی زاوامان دەراوسێیانە زوو گەیشتبووە سەری. کاکە حەمە ویستبووی خەتێکی تری کارەبا لە تەلی ڕەئیسێکەوە ببات بۆ ماڵی خۆیان، ئیتر کە ئاوا…

(لەم کاتەدا خۆیشی پشتاوپشت دەکات و دەستەکانی بۆ سەرەوە بڵند دەکات و نیشانی جەماوەرەکەی دەدات)

دوو سێ جار قولاپەکەی هەڵ دابوو، نەیگرتبوو، پشتاوپشتا لەگەڵ هەڵدانی قولاپەکەدا بۆ خەتە ڕەئیسیەکە، راست  کەوتبووە خوار. وەڵا، ئەو کوڕەی زاوامان دەیگوت لە ماڵی خۆمانەوە بینیم و هەردوو باڵم ئاوا وەکوو نانەشانەیەکم هەڵگرتبێت کردەوە و بەرەو ڕووی هەڵ هاتم، بەڵام فریا نەکەوتم بیگرمەوە، لە بەردەمم دا زرم دای بە عەرزدا. وەڵا، وامزانی مرد. لەگەڵ ئەهلی گەڕەکدا هەڵمان گرتەوە و بە کۆڵ و بە باوەش خستمانە مۆنیکاکەی خۆیەوە و ڕفاندمان بۆ خەستەخانە.

کەسی ژمارە یەک:

مۆنیکا؟

کەسی ژمارە چوار:

مۆنیکاکە هی خۆیەتی و وەنەوشەکەیش هی دایکیەتیی، وەختی خۆی خەتمایل بووە. ئیتر نەیهێشت بیخەینە وەنەوشەکەی ئەوەوە، چی بکەین؟

کەسی ژمارە پێنج (ژنێک):

(لەو سەری ئەو سەرەوە هەڵدەسێتە سەر پێ)

ئەرێ کاکە ئەو چیرۆکە چی بوو؟ پوریشم دەراوسێیانە، ئەوان بیست ساڵە خەتی کارەبای خۆیان بردووە. سێ مەحاویلەی گەورەیشیان هەیە، دووانی تورکیی و یەکێکی ئێرانیی. بەو خوایە، پوورم دەڵێ کە لەبەر هاڕەهاڕی ئێرانیەکەیان خەویان لێ ناکەوێت. ئیتر کارەبای تریان بۆ چییە؟ دەی وەڵامم بدەرەوە!

کەسی ژمارە یەک:

ئەی بۆ حەپی خەو ناخۆن؟

کەسی ژمارە چوار:

خانم گیان، ئاگاتان لە هیچ نییە، ئەو خەتەی هەرە سەرەوەی ڕەئیسێکە بیستوچوار سەعاتە کارەبای تێدایە و زۆر بە هێزیشە، تازە دەرکەوتووە، لە هینەوە دێت.

(سەیرێکی دەوروبەری خۆی دەکات و بە دوای یارمەتییدا دەگەڕێت)

ناوی چییە؟ ئەو شوێنەی…

(خەڵک قسەکەی پێ دەبڕن. هەر یەکە و لای خۆیەوە بەشداری قسەکان دەبێت. وشەی ″پێشمەرگەی کۆنی چی؟‟ دەبیسترێت)

هەر پێنج ئامادەکاران هەموو پێکەوە:

بە داخەوە بە داخەوە/ بە داخی ئاواتێکەوە

کەسی ژمارە شەش:

(بە پێوە لای دەرگای سەرەوە وێستاوە، بە دەنگی بەرز)

بابە ئەوە گرینگ نییە، بابەتی ئەمڕۆمان زۆر زۆر گرینگە. ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا دەبێت وەڵام بە ئاییندە بدەینەوە. پرسی ئاو، سەد و بەربەست، دەرمان و نەخۆشخانە، گەندەڵیی و کارەبا،…..

کەسی ژمارە چوار:

(هەڵدەسێتە سەرپێ و بەرامبەری دەوەستێت)

ئەی ئەوە نییە باسی کارەبا دەکەن بەڵام ئێوە ناهێڵن.

(ها ها ها ها/ دەداتە قاقای پێکەنین)

(ئەوانەی چواردەوریشی دەدەنە قاقای پێکەنین)

کەسی ژمارە پێنج (ژنەکە):

(هەر بە پێوە وێستاوە، دەنگی بەرز دەکاتەوە)

تێ ناگەم، بە من پێ دەکەنن؟ بە محاویلەکە، بە ئێرانیەکە، بە تورکیەکە یان بە هاڕەهاڕەکە پێ دەکەنن؟

کەسی ژمارە حەوت:

(لای ئێرکۆندیشنەکەوە وێستاوە و خۆی فێنک دەکاتەوە)

جا بۆ بە تۆ پێ دەکەنین، خۆشکەلام خانم. پێت وایە ئەمە کۆڕە یان سوعبەتخانەیە؟ دەموپلت بە چاووزارمانەوە نەبێت؟ تۆ باسی پورت دەکرد، ئەرێ خۆی مردووە یان هەر مێردەکەی ماوە؟

کەسی ژمارە پێنج (ژنەکە):

(ئێستا دەستێکی بە کەمەریەوە گرتووە و بە دەستەکەی دیکەی ئاماژەی بۆ کەسی ژمارە حەوت دەکات)

مام خنەخن، باپیرەگەورەم لە سەردەمی شێخی گەورەدا ئەو سوعبەتەی کردوە، ناشێ بڵێی خەڵکی شارەکەم؟ بەڵێ، ئەمە کۆڕە، خۆ مەزاتخانەکە نییە. بە تەمای تەجیلی کۆن بکڕیت یان بە دوای سۆندەی جلشۆردا دەگەڕێیت؟ بێم دەستت بگرم و هەتا لای وەستا جەلیلی ئوتوفرۆش نەتوەستێنم؟

کەسی ژمارە چوار:

ئەرێ وەستا جەلیلی ئوتوفرۆش بۆ مایەپووچ بوو؟

کەسی ژمارە پێنج (ژنەکە):

(ئێستا بە دەستی ئوتو دەکات و بە سەریشی ئاماژەی بۆ کەسی ژمارە حەوت دەکات)

لەبەرئەوەی ماشەڵا ئێوە بیستوچوار سەعاتە جلەکانتان ئوتو دەکەن. ئەی کێ لێی بکڕێت؟

(لەو کاتەدا لە دەرەوەی هۆڵەکە غەڵبەغەڵب دەست پێ دەکات. کۆمەڵێک چەکدار بە هەڵەداوێ بە ناو هۆڵەکەدا بڵاو دەبنەوە)

(جەماوەرەکە بێ دەنگ دەبن و هەریەکەی لە شوێنی خۆی دادەنیشێتەوە)

(پاسەوانەکان هەریەکە، یان دووان دووان و زیاتر هەر یەکەو شوێنی خۆیان دەگرن. یەکێکیان کە لای شانۆکەوە دەگیرسێتەوە واڵکی تاڵکیەکی پێیە و بە گوێیەوە ناوە و قسە دەکات. زۆر نابات، سەد کەسێک لە نوێنەری حیزبەکان، چاکەت و پانتۆڵ لەبەر، خۆیان بە ژووردا دەکەن. چەند کەسێک لە پێشەوەیان نەرمەنەرم را دەکەن و شوێنی خۆیانیان نیشان دەدەن. ماوەیەکی پێ دەچێت تا هەمووان دادەنیشن. ئینجا لە تەنیشت یەکەوە بەرەو ئەملاولای پێش و پاشەوەیان سڵاو لە یەکتر دەکەن.)

(حەوت کەس جێگایان بەر ناکەوێت، هەر دێنن و دەچن و سەیری یەک و سەیری خەڵکەکە بە تووڕەییەوە دەکەن و لە بەرپرسەکانی خۆیان دەڕووانن.)

(ئێستا کۆڕەکە نزیکەی سەعات و نیوێک زیاتر دوا کەوتووە)

(ئامادەکاری یەک دێتە پێش شانۆکە و مایکریفۆنە دەستیەکە لە دەمی خۆی نزیک دەکاتەوە و یەک دوو جار پف پفی پێ دەکات و پاشان لەسەر خۆ مایکریفۆنەکە بە پشتی دەستی خۆیدا دەدات.)

(لێرەولەوێ خەڵک، وەکوو کۆرسێک، وەڵامی دەدەنەوە)

دەنگەکان لەناو بینەرانەوە:

دەنگ دێت، دەنگ دێت.

ئامادەکاری یەک:

ببوورن، کە کۆڕەکەمان دوا کەوت، بەڵام دەزانن کە بابەتەکان گرینگن و سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستامان و ئاییندەی وڵاتەکەمانە. پێش هەر شتێک ئەم بەڕێزانە بەخێر بێن. ئەمە خۆی لە هەموو شتێک گرینگترە، تەنانەت لە کۆڕەکەشمان. بیر بکەنەوە، ئەگەر ئەمان نەبوونایە ئەم کۆڕە هەر نەشدەگیرا.

دەنگەکان لەناو بینەرانەوە:

دەنا ئەم کۆڕەتان نەدەگرت، دەنا ئەم کۆڕەمان پێویست نەبوو.

ئامادەکاری یەک:

(سەیرێکی نوێنەرانی حیزبەکان دەکات و بەردەوام دەبێت)

پێش هەر شتێک داوایەکی برایانە و نیشتیمانیانە و بەرپرسیارانە لە حەوت دانە، حەوت دانە هاوڕێی ڕیزی چوارەم دەکەم، کە بێزەحمەت هەستن و شوێنەکانی خۆیان بەم بەڕێزە بەرپرسانە بدەن، کە جێگایان دەست نەکەوتووە.

(کەسەکانی ریزی چوار هەموو لە یەکتر دەڕووانن و کەس هەڵناسێت. هەریەکەی سەیری ئەوی تەنیشتی خۆی دەکات و چاوەڕێیە ئەو هەستێت)

ئامادەکاری یەک:

باشە، پێشنیار دەکەم کە حەوت کەسی هەرە ناوەڕاستی ڕیزی چوار بێزەحمەت هەستن و جێگای خۆیان چۆڵ بکەن.

(خەڵکی ڕیزی چوارهەم و کەسانی تاک لێرەولەوێ دەکەونە ژماردنی کورسیەکان و هەر یەکەی قسەیەک دەکات و هەریەکەی بەوی دیکە دەڵێت)

دەنگێک لەناو بینەرانەوە:

دەی کاکە تۆ هەستە!

(لە سەرەتادا دوو کەسی ناوەڕاست هەڵدەستن و ڕوو دەکەنە یەکتر و وا بە یەکتر دەڵێن و دادەنیشنەوە. پاشان دوو کەسی ئەم سەر و ئەو سەر هەڵدەستن و روو دەکەنە یەکتر و وا بە یەکتر دەڵێن و دادەنیشنەوە. پاشان ئەوانەی دیکە لە ناوەڕاستەوە بەرە و کەنار دوو دوو هەڵدەستن، وا بە یەکتر دەڵێن و دادەنیشنەوە)

(کەس نابزووێت)

ئامادەکاری یەک:

(ڕوو لە خەڵکەکە دەکات)

ئا دەی یەک چەپڵەی قایم بۆ ئەم ڕیزی چوارە لێ بدەن. ئافەرینیان بکەن. هەموویان هەستان، بەڵام بە داخەوە دانیشتنەوە. ئەمە لە سیاسەتدا پێی دەڵێن ″بڕینی نیوەڕێ‟.

(خەڵکەکە چەپڵەیەکی قایم لێ دەدەن)

ئامادەکاری یەک:

ئەرێ کاکە خۆ من بە فەڕەنسیی قسە ناکەم، گوتم حەوت کەسی ناوەڕاست لە ڕیزی چوار هەستێت.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

(لەسەر کورسی یەکەم لە ڕیزی چوار دانیشتووە. هەڵدەسێتە سەرپێ)

بە قوربان، من سێ جار کورسیەکانم بژارد، ناوەڕاستی نییە، ژمارەکە جووتە.

(خەڵکەکە چەپڵەیەکی قایمی بۆ لێ دەدەن)

ئامادەکاری یەک:

جووتی چی خانم؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

جووتە کاکە. ژمارەی ئەم ڕیزە کورسییە جووتە.

کەسی ژمارە نۆ (پیاوێک نۆ):

(دروست لە دوای کەسی ژمارە هەشت دانیشتووە، هەڵدەسێتە سەرپێ)

قوربان ناوەڕاستەکەی دەڵێت، خۆ ئەوە زانستی مەریخ نییە.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

کاکە دیفاعم لێ مەکە، مەریخ ئەستێرەیە زانست نییە. من دەڵێم ژمارەکە جووتە، کاکە جووتە، جووت. جووت ناوەڕاستی نییە.

ئامادەکاری یەک:

ئەها، ئەها. تێگەیشتم.

(ڕوو دەکاتە کەسی ژمارە نۆ)

سپاس بۆ روون کردنەوە بەسوودەکەت. مەگەر ئەو ڕیزە چەند کورسیە؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

٣٤ کورسییە، ناوەڕاستی نییە.

کەسی ژمارە یەک:

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکە هەڵدەسێتە سەرپێ)

دەی کاکە خۆ ئەوە بە هەموو جیهان جێبەجێ نابێت، ئەی هاوار قوڕی کوێ بە سەرماندا بکەین؟ با شەش کەس لەو بەڕێزە بەرپرسانە لە ناوەڕاستدا دابنیشن و ئەو تاکە کاکەبرا بەرپرسە بەڕێزەیش لە ڕیزی پێنجەم دابنیشێت.

پیاوێک لە حەوت کەسەکە (بۆینباخ سپی):

(ئارەقەی دەر داوە، دەستی راستی بەرەو  خەڵکەکە دەبزووێنێت و قامکی ئاماژەی دەرهێناوە، وەڵامی کەسی ژمارە یەک دەداتەوە)

بە غەوزی بەغا، لە ریزی چواردا نەبێت دانانیشم. جا کاکە، پاش کۆشێ شەهید ئیشەڵا وەرن و هەر لە دەرەوە دۆشەکڵەیەکمان بۆ را بخەن.

کەسی ژمارە نۆ (ژنێکە):

(لە ڕیزی حەوتەم لە سەر یەکەم کورسی دانیشتووە و بە باوەشێنکردنی خۆیەوە هەڵدەسێتە سەرپێ و ڕوو دەکاتە کەسی ژمارە هەشت)

ئەرێ، ماڵت ئاوەدان بێت، هەی فیتنەچی، تۆ بە کوێدا ئەو کورسیانەت ژمارد و ئەم کێشەیەت بۆ ساز کردین؟ هەر ئەم تاک و جووتەمان کەم بوو.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

جا من بۆ کێشەم ساز کردووە، ژمارەی کورسیەکان خۆیان جووتن. ناوەڕاستی نییە. خۆ من هۆڵەکەم دروست نەکردووە. دەستم خۆش بێت، هی ئێوەشم ژمارد، هی ئێوەیش سیوهەشتە. هی ئێوەیش هەر جووتە، شکور تاک نییە.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

تو خوا بە قوربانی ئەو کیلۆ بنێشتەی دەمت بم، واز لەم ڕیزە کورسیەی ئێمە بێنە، شکور کەس لێرە پێویست بەوە ناکات هەستێت.

(لاسایی دەکاتەوە)

″هی ئێوەیش هەر جووتە، شکور تاک نییە‟

ئامادەکاری یەک:

(فووی بە مایکریفۆنەکەدا کرد و بە دەنگێکی بەرزتر لە پێشوو)

پێشنیار دەکەم، کە کورسیەکی ئاسایی بهێنین و بە ڕیزەکەی زیاد بکەین، ئەو کاتە ژمارەی ڕیزەکە دەبێت بە تاک و کێشەکە چارەسەر دەبێت.

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

(لە ناوەڕاستی ڕیزی یەکەم، کە چاکەت و پانتۆڵێکی شینی تۆخی لەبەردایە، بۆینباخێکی سووری گەورەی بە توندیی لە ملی خۆی جەڕاندووە. هەڵدەسێتە سەرپێ و هەردوو دەستی دەخاتە سەر ورگی خۆی)

(ئامادەکاری یەک ڕا دەکاتە بەردەمی و مایفریفۆنەکە لە ژێر چەناگەیدا ڕا دەگرێت)

هەر هەموو دنیا هەستێت، ئا ئەو ئاسمانە بەو سەرەوە بکەوێتە خوارێ ناهێڵم ئەندام حیزبێکی ئێمە لە ڕیزێکدا دابنیشێت کە بە کورسی قەرز پارسەنگی راگیرا بێت. عەیب و شوورەیی. شتی وا چۆن دەبێت؟ هەی هەی هەی لەم چارەسەرە؟

پێنج ئامادەکارەکەی دیکە:

(لەم بەرەوە، لای چەپ بەرامبەر بە ئامادەکاری یەک ڕادەوەستن. دوو کوڕەکە لە پشتی ژنەکانەوە وێستاون و سێ ژنەکەیش بە تەنیشت یەکەوە وێستاون و بە دەستی راست و چەپیان ئاماژە بە خەڵک و بە ڕیزی یەک و دوو و سێ دەکەن و یەک دەنگ دەڵێن)

های لەم سەرە و وای لەم بەرە/ ئا ئەمە کەی چارەسەرە؟

(لە ڕیزی یەکەم و دووهەم و سێیەمدا لێرەولەوێ چەند کەسێک هەڵدەستن/ یەک دەنگ)

دەنگەکان لەناو بینەرانەوە:

جا خەڵکینە، خۆ ئێمەش ئەندامانی خۆمان نەدیوەتەوە، وەڵا هەر شەش ئۆقیانووسەکەی دنیا هەستێت، ئێمەیش ناهێڵین ئەندامەکانمان لە ڕیزێکدا دابنیشن کە بە کورسی قەرز پینە کرابێت، کاکە ئێمە حیزبی شەهیدانین.

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

بەڕێزان، شەش نییە، حەوتە.

کەسی ژمارە یازدە (ژنێکە):

(لە ڕیزی حەوتەم لە سەر یەکەم کورسی ریزەکە دانیشتووە، پرسیار دەکات)

چی شەش نییە و حەوتە؟

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

ئۆقیانووسەکان. ئۆقیانووسەکان شەش نیین و حەوتن.

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

(هەر بە پێوە ویستاوە، کەمێک لە کوڕە جەوانەکە و ئینجا تەواوی خەڵکەکە دەڕووانێت)

جا کاکە گیان با حەوت نەبێت و شەش بێت. ئەمانە خاوەنی کۆشێک شەهیدن، جا با لە جیاتی حەوت بڵێن شەش. دەریایەک کەم یان زیاتر، خۆ بەوە ئاوی دونیا کەم نابێتەوە. ئەرێ  خەڵکینە کەم دەبێتەوە؟

(پێنج کەس لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

نەخێر، نەخێر ئاوی دونیا کەم نابێتەوە.

(دوو پیاوی حیزبیی چاکەت و پانتۆڵ لەبەری تر، کە لە ئەملاولای پیاوی حیزبی  “بۆینباخ سوور” ـەوە دانیشتوون، هەڵدەستنە سەرپێ و بە دەنگی بڵند دەڵێن)

دوو پیاوی حیزبی:

قوربان، بڕیار بدە بڕۆین، ئەمە شوێنی ئێمە نییە. سەرڕووت و دەمڕووتیان هێناوە ئیمتیحانی ژمارەی دەریاکانمان پێ دەکەن. قوربان رەنگە لە پلانیاندا هەبێت، کە تۆزێکی دیکە ناوی قاڕەکانیشمان پێ بژمێرن.

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

(هەر بە پێوە ویستاوە، کەمێک لەو دوو کەسە و پاشان لە تەواوی خەڵکەکە دەڕووانێت. ئەوجا سەیرێکی میچی هۆڵەکە دەکات و ئاوەڕێک بۆ سەر شانۆکەی پێشی دەداتەوە، کە هێشتا پەردەکەی هەڵ نەدراوەتەوە. دوایی لە ئامادەکاری یەک دەڕووانێت و سەیرێکی دانیشتووان دەکاتەوە و کەمێک لە سەر پاژنە و نووکی پێی جۆلانە بە خۆی دەکات)

خەڵکینە، من بڕیارم دا، کە بڕ….

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

(قسەکان بە پیاوە قەڵەوەکە دەبڕێت و هاوار دەکات)

ببوورن، ببوورن.

(لەم کاتەدا سەر و سینگی خۆی بۆ پێشەوە ڕووەو خەڵکەکە و ئەوجا بە لای چەپیشدا ڕووەو پیاوەقەڵەوەکە دەچەمێنێتەوە)

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

بم بەخشن، بە هەڵە ژمارەی کورسیەکانم حیساب کردووە.

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

(پێنج کەسەکە دووبارە لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

ئای ئای ئای ئای، ئۆخەی ئۆخەی

(لاسایی ژنەکە دەکەنەوە)

بە هەڵە ژمارەی کورسیەکانم حیساب کردووە.

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

(ڕوو لە ژنەکە)

ئەمە چییە؟ دەڵیی گاڵتەمان پێ دەکەیت؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

نا قوربان. نا حەددم چییە! کورسیەکان ٣٤ نیین، و ٣٥ دانەن. من سەد جار ژماردمن هەر ٣٤ بوون، بەڵام کاتێک هەستام و بڕیارمدا لە دەرەوەی خۆمدا وەکوو کەسێکی بێلایەن بیانژمێرن، سەیرم کرد کورسیەکەی خۆمم حیساب نەکردووە. قوربان، ٣٥ کورسیین، بەوی خۆمەوە ٣٥ کورسین.

(لە هەستی خۆشیدا وەکوو کچۆڵەیەک بە نەرمیی لەبەرخۆیەوە سەمای باڵێت دەکات)

قوربان، ئێستا ئەو حەوت بەڕێزە قارەمانە دەتوانن دابنیشن.

(ئەوجا لە خەڵکانی ڕیزی چوارهەم دەڕووانێت)

دەی، ئەوە بۆ چەناگەتان داکەوتووە دەڵێی قەت چارەسەرتان نەدیوە. هەستن، جێگا بۆ ئەو حەوت بەڕێزە چۆڵ بکەن. دەی کاکە تۆ، ئا ئا، ئا تۆ

(ڕوو دەکاتە ناوەڕاستی ڕیزەکە)

تۆ ئەی ژمارە هەژدە هەستە.

کەسی ژمارە دووازدە (پیاوێکە):

(هەڵ دەسێتە سەرپێ)

خوشکم، شوورەییە بۆ تۆ، پیاوی ژمارە هەژدە چییە؟ من هەر ژمارەیەک نییم. من ناوم حەمەیە و ئێمەیش هەموو ئەهلی گەڕەکێکین، سێی لای ڕاستم کاک یاسین و خوشکە بەهێ و خوشکە گەلە و سێیەکەی لای چەپیشم خوشکە نەرمین و کاکە ڕێبین و کاکە …

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە، کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

بەڕێزان، لە کۆمەڵکوژییدا مرۆڤ دەکرێت بە ژمارە. لە باسی کۆمەڵکوژیی و هەژاریی و شتی وادا مرۆڤ لە مرۆڤایەتیی دادەماڵدرێت. بۆ نموونە دەگوترێت هەزار یان دە هەزار یان سەد هەزار یان…

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

کاکە گیان، خۆ ناسنامەتان بۆ دروست ناکەین، ئەمە حەلاوە و ئەمە مەلاوە و نازانم چی. هەستن دەی، با کێشەکەمان ساز بکەین و دەست پێ بکەین. ئێمە لێرە کێشەی نەتەوەیەک، کێشەی سیستەمێک چارەسەر دەکەین.

کەسی ژمارە دووازدە (پیاوێکە):

جا تۆ چوزانیت من ژمارە هەژدەم؟ ئەوە نییە سەعاتێکە بە هەڵە دەمانژمێریت؟ ئا دەی کاکە  یاسین

(ڕوو دەکاتە پیاوەکەی تەنیشتی خۆی)

تۆ بمانژمێرە، تۆ ژمێریاری بانکیت.

(پێنج کەسەکە دووبارە لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

حەی حەی حەی، ئاخ بۆ ئەمە و داخ بۆ ئەوەی

(لاسایی ژنەکە دەکەنەوە)

لە کوێوە خۆمان بژمێرم؟

کەسی ژمارە دووازدە (کاکە حەمە):

لەو سەرەوە بمانژمێرە. تۆش لە داخاندا کورسیەکەی ئەو خانمە حیساب مەکە. ئینجا با ئێمە دڵی ئەو بتەقێنین.

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

نا، نا، چۆن دەبێت کورسیەکەی ئەو حیساب نەکەین؟ حەی حەی حەی لەم دیموکراتیە. ئاوا کۆڕمان بۆ دەگرن؟

(ئەوجا ڕوو دەکاتە ژنەکە)

ئا دەی خانم، بە دەنگی بەرز بیانژمێرە. ئێوەیش

(ڕوو دەکاتە کەسانی ریزی چوار)

یەکسەر دەبێت هەستن.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، حەوت، هەشت، نۆ، دە، یازدە، دووازدە، سیازدە، چواردە، ئێوە دابنیشن. دەی ئێوە،، ئەوانی تر پازدە و شازدە و هم و همم و همم و همم همم و دەی، فەرموون هەستن.

کەسی ژمارە دووازدە (کاکە حەمە):

حیساب فەرموو بیت… دەی فەرموو خزمان با چۆڵی بکەین و خاوەن شەهیدان دابنیشن.

(بە دەنگی بڵند، کە هەموو کەس گوێی لێ بێت)

ئێمە شوێنی خۆمان بۆ خاوەن شەهیدان چۆڵ دەکەین.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

کورد دەڵێت: ساحێب فەرموو بیت، حیساب فەرموو بیت چیە؟

(پێنج کەسەکە دووبارە لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

حەی حەی حەی، ئۆخەی ئۆخەی

(لاسایی کەسی ژمارە دووازدە/ کاکە حەمە دەکەنەوە)

حیساب فەرموو بیت، سەڵا لە ئازایەتیت!

کەسی ژمارە سیازدە (کاک یاسین):

کاکە من خەڵکی شارەکەم و عالەمەکە دەناسم.

(رووی دەکاتە یەکێک لە حەوت کەسەکەی دەیانەوێت دابنیشن)

کەی تۆ خاوەن شەهیدیت کاکە، مەگەر براکەی تۆ ماڵیان لە زەرگەتە نییە لای ماڵی پورە مەنیجی من؟ ئەی براکەی تۆ نەبوو، کە بوو بە ژێر تەراکتۆرەکەیەوە؟

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە، کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

ئاخر رەنگە ئەو نەبێت کاکە. هەموو حەوت کەسێک لە دونیادا لە یەک دەچن. دەڵێم پوری دیکەت نییە، رەنگە ئەم شەهیدە لە گەڕەکی پورێکی ترت ژیا بێت؟ یان رەنگە تۆ و پورەکانت چاوتان زەعیف بێت. ئەو چاویلکەیەت بۆ فشەی ڕۆشنبیریی هەڵداوە یان بە زگماکیی خراپ دەبینیت؟ ئەوەیش هەیە، دەڵێم ڕەنگە ئەوی بووە بە ژێر تراکتۆرەکەیەوە خەڵکی هیندوستان بێت.

پیاوی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

تەواوی بکەن، بیبڕنەوە، ئەمە گوایە کۆڕی سیاسییە؟ یان ئەمە چەلەحانێی مزگەوتی ″حاجی حان‟ ـە؟

کەسی ژمارە چواردە (ژنێکە):

(لە ڕیزی دوای دواوە، هەڵدەسێتە سەرپێ و لەو دوورەوە دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە)

کاکە تێ ناگەم، من گلەییم هەیە. ئەم شاروێرانە بۆ ئاوا زمانی کوردیان تێک داوە؟ کاکە گیان، ئەوە ″چەلەحانێ‟ نییە بەڵکو ″چەنەخانێ‟ ـیە، واتە خانەی چەنەدان. شتێک لە زمانی کوردییدا بە ناوی ″چەلەحانێ‟ نییە. مزگەوتەکەیش قوربان مزگەوتی ″حاجی خان‟ ـە، حاجی حان چییە، عەیب و شوورەیی!

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

گلەیی وشەیەکی دروست نییە، چون ئێمە یەکتر ناناسین. دەبێت بڵێیت ڕەخنەت هەیە.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

(سەری بۆ لای ئەو خانمە بەرز دەکاتەوە و لەو دوورەوە لێی دەرووانێت)

خەڵکی شارەکە کوا ماون؟ ماون؟

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

بە غەوزی بەغا نەیبڕنەوە، من بۆتان دەبڕمەوە. ئەم قسە قۆڕانە چیین؟ قابیلە منێک خاوەنی پەنجا شەهید و پەنجا ساڵ خەباتی شاخم نەزانم بە کوردیی قسە بکەم؟ کوردیتان لە من کردوە بە عیلمی قورئان.

(ڕوو دەکاتە کەسی ژمارە هەشت)

هەر ئێستا بە تاوانی ئەوەی پێم دەڵیی لادێی لە زیندانت دەهاوێم.

(ڕوو دەکاتە یەکێک لە هاوحیزبیەکانی)

حەمە، هین، جلە خەتخەتەکانیشی پێ لەبەر بکەن.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

قوربان، قوربانی سەبرت بم. مەبەستم خراپ نەبوو. بەڕێزتان پیاوی گەورەن. بە خوا ئێوە پیاوی زۆر، زۆۆر زۆۆۆر زۆۆۆۆر، زۆۆۆۆۆۆر، چاکن، لە شارێکی تر ناهێڵن ئەم کۆڕە هەر بشگیرێت.

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

قوربان لە شارێکی دیکە بووایە ئێستا سەد کەس کوژرا بوون.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

ئەو قسە بێ مانایانە چین؟ بۆ پێتان وایە لە شوێنی تر هەر لە خۆڕا خەڵک دەکوژرێت؟

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

دەی ئەگەر پیاویت پێمان بڵێ لە کوێ سەد کەس دەکوژران.

(پێنج کەسەکە دووبارە لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

حەی حەی حەی/ پیاو نییە و ژنە

کەسی ژمارە پازدە (کوڕێک):

(لە بەشی سەرەوە لای دیوارێک راوەستاوە و چەند ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوەیە)

لەم شارە یەک جاریش ناوی شارێکی تر نابیستیت. ئەرێ خۆ ئەوانەی تریش شارن. من خۆم خەڵکی ئەملام بەڵام دایکم خەڵکی ئەو لایە.

کەسی ژمارە هەشت (ژنەکە):

وەڵا پیاوم. جا ئەوە تۆ هەزار ساڵی تریش نابیت بە خەڵکی ئەم شارە.

(لاسایی کوڕەکە دەکاتەوە)

خۆی خەڵکی ئەو لایە و دایکی خەڵکی ئەم لایە. ئەمە مەتەڵە یان پێمان ڕادەبوێریت؟

(پێنج کەسەکە دووبارە لە ناوەڕاستیی هۆڵەکەدا هەڵ دەستنە سەرپێ، پشت لە یەک دەکەن و ڕوو لە خەڵک دەوێستن)

پێنچ کەس لەناو بینەرانەوە:

ئای ئای ئای ئای، وای وای وای، لەو ژنە چەند پیاوە!

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

کاری من نییە باسی چ شارێک دەکەن، بەڵام نە خەڵەتابن باسی هیچ شوێنێکی جێ ناکۆک بکەن کە هێشتا ساخمان نەکردووەتەوە. کەسمان لێ مەکەن بە دوژمن.

کەسی ژمارە شازدە (ژنێک):

(لەمسەری ئەو ڕیزەدا دانیشتووە لەوبەری کەسی ژمارە پازدەوە “کوڕە ڕۆژنامە بە دەستەکە”، هەڵ دەسیتە سەرپێ و سەیری کوڕەکە دەکات)

ئا لێرەوە چاوم لێیە ڕۆژنامەی پیرێیان پێ فرۆشتوویت. داوەشێیت. سەیری مێژووەکەیانت کردووە؟ پارەت پێ داون یان بۆ سفرەتە، خۆ ئێشەڵا تازە نایانخوێنیتەوە؟

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

(ڕوو دەکاتە ڕیزی یەک و دوو و سێ و حەوت کەسەکەی ناوەڕاستی ریزی چوار)

تەواوی بکەن دەنا هەمووتان لێرە دەبەستمەوە و دەتانڕزێنم.

(ڕوو دەکاتە ئەو حەوت کەسەی کە لە ڕیزی چواردا هەڵیانستاندبوون و کە هێشتا بە گرمۆڵەیی پێکەوە وێستاون)

فەرموون، بڕۆن لای ئەو دیوارەوە ئا لەو سەرەوە بۆ خۆتان ڕابووەستن، ماڵ ماڵی خۆتانە. لە هەر شوێنێک ڕادەوێستن ئازادن.

(ئەوانیش دەڕۆن و بە قسەی دەکەن. ئینجا ڕوو دەکاتە ئامادەکاری یەک)

کوا، ئەوانەی کۆڕەکە بەڕێوە دەبەن کوان؟

ئامادەکاری یەک:

قوربان، ئەوەتان، ئەها ئەها ها، تەماشا.

(باڵی ڕاستیی لەگەڵ سەریدا بە ئاراستەی دوای دواوە ڕادەکێشێت)

لە ڕیزی دوای دواوە، حەوت کەسەکەی ناوەڕاستن، قوربان. چوار ژن و سێ پیاو. ئەگەر بەڕێزتان بفەرموون هەر ئێستا دەست پێ دەکەین.

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

(بە سەر ئاماژە دەکات، کە با دەست پێ بکەن و لە شوێنی خۆی دادەنیشێت)

(هۆڵەکە تاریک دەبێت. ڕووناکیی تەنیا لە سەر ئامادەرکاری یەک هەیە)

ئامادەکاری یەک:

بەڕێزان، سپاس بۆ بەشداریتان. ببوورن کەمێک دواکەوتووین. دەبا سەعات دە دەستمان پێ بکردایە ئێستا وا دووازدەیە. ئێستا پێش ئەوەی ئەو حەوت بەرێزە دەست بە کۆڕەکەی خۆیان بکەن دوو شت هەیە عەرزتان بکەم. یەکەم ٩ حیزب بە ڕەسمیی بەشدارن و نوێنەریان لێرەیە و ٣٥ دانەیش بە هۆی جیاواز نەیانتووانیوە بەشدار بن، بەڵام پیرۆزباییان بۆ ناردووین. ٩ حیزبەکە ئەمانەن: حیزبی یەکیەتیی سوارچاکان، حیزبی یەکیەتیی سوارچاکانی پیاوچاکان، حیزبی پیاوچاکانی سوارچاکان، حیزبی دیموکراتی سوارچاکان، حیزبی دیموکراتی سوارچاکانی پیاوچاکانی نوێ، حیزبی کۆمەڵەی سوارچاکان، حیزبی کۆمەڵەی دیموکراتی پیاوچاکانی سوارچاکان، حیزبی سوارچاکانی نەگۆڕ، حیزبی سوارچاکانی پیاوچاکانی بگۆڕ و حیزبی سوارچاکانی پیاوچاکانی تازە و حیزبی هاوپەیمانی پیاوچاکانی سوارچاکانی….

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

کورە کاکە ئەوە گەیشتە دووازدە. من حیسابم کرد، دوای ئەوە حیزبی ئامۆزازاکەی منتان لە بیر چوو…

ئامادەکاری یەک:

تکایە ڕێز لە کۆڕەکەمان بگرە. نۆ دانە بوون، ناوەکانیان وڕیان کردوویت. خەم مەخۆ، بۆ هەموومان زەحمەتە

(ئینجا روو دەکاتە دانیشتووان)

دەی باشە حیزبی پورزازاکەت ناوی چییە؟

کەسی ژمارە شازدە (ژنێک):

(لەمسەری ئەو ڕیزەدا دانیشتووە لەوبەری کەسی ژمارە پازدەوە “کوڕە ڕۆژنامە بە دەستەکە”)

کاکە گوتی خاڵۆزاکەی، ئێوە بۆ شت دەگۆڕن؟ خۆ هێشتا وشەکان لە هۆڵەکەدا مەلە دەکەن.

ئامادەکاری یەک:

(بە دەنگێکی بەرز و بە جۆش و خرۆشەوە کەمێک لە جێگای خۆی بەملاولادا هەڵ دێت و کڵاوەکەی بە ئاسماندا فڕێ دەدات)

ئێستایش لەگەڵ دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیمان، بەرێزی پەنجە بە هونەر، کاکە ڕێناس ڕێباز ڕێخاس. تکایە فیکەیەکی بۆ لێ بدەن.

(هاڕەی چەپڵەلێدان بەرز دەبێتەوە)

(لەگەڵ تەواوبوونی چەپڵەڕێزانەکەدا هۆڵەکە تەواو و تاریک و بێدەنگ دادێت)

(لەو کاتەدا یەکێک بە توندی لە سەر یەک چەند جارێک فیکە لێ دەدات)

ئامادەکاری یەک:

ببوورە دادە گیان، مەبەستم لە چەپڵەڕێزان بوو. نازانم بۆ گوتم فیکە.

(دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی، کاک ڕێناس ڕێباز ڕێخاس، سەرەپا جلوبەرگی سپی، گۆچانێکی بە دەستەوەیە و کڵاوێکی جێنتڵمانی لەسەر دایە. دێتە پێشی پێشەوە و بەرامبەر بە خەڵکەکە رادەوەستێت)

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

زۆر بەخێربێن. بەو زووانە ڕێگا بەو حەوت هاوڕێیە دەدەین، کە لە سەر بابەتەکانیان قسە بکەن. من ئەمە بە چارەسەرییەکی بنەڕەتیی و سەرکەوتوو دەبینم. بەشداربوونی حیزبەکان بە نوێنەرایەتیی هەرە سەرەوەیان بەڵگەی ئەم قسەیەی منە. هەروەها لەگەل هاوکارانم ویستمان ئەم کارە گەورەیە تۆزێک بە خۆشییەوە پێشکەش بکەین، بۆ ئەوەی گرژیی و سەختگیریی ڕوو نەدات. ئەمڕۆ  هیچ شتێک سیاسەت نییە و هەموو شتێکیش سیاسەتە، ئەمە ئەو فەلسەفە ئاڵۆزەیە، کە ئێوە لێی تێ ناگەن. بەڵام ڕۆژێک هەر تێ دەگەن.

(کەمێک دەست لە بۆینباخ و کڵاوەکەی دەدات و شوێنیان خۆش دەکات)

لێرەوە دەست پێ دەکەم، کە ئەم کارەی ئەمڕۆمان نە کلاسیکیزمی فەڕەنسییە، بەو مانایەی، کە درامایەک لە سەر یەک باس و لە یەک شوێن و لە یەک زەمەندا روو دەدات، نە بە مانا دابەشکردنەکەی میتۆدی ستانیسلاڤسکیە و نە میتۆدی بەشداربووانەی برتۆڵد برێختیشە. نا نا نا، کەس قەزاوات نەکات. ناشمەوێت بتانخەمە ناو لابرینتێکی کافکاییە و بێگومان لە وجودیەتی سارتەریش وەدوورتان دەگرم. بەڵام ڕێگا بە کەستان نادەم وا بیر بکاتەوە، کە ئەمە شانۆیەکی ئەبستراکتیە، واتە بە ئەنقەست هەموو ڕێسا و یاسا و ڕوواڵەتێکی شانۆیی دەشارینەوە یان تووڕ دەدەین. نا، نا، بێگومان نا. ئەمە شانۆگەریی ئێوەیە، میچ و زەوی و دیوارەکان ئاوێنەن.

ئامادەکاری یەک:

بەرێزی دەرهینەر و بەڕێوەبەر کاکە ڕێناس ڕێباز ڕێخاس، کاک شۆپێنهاوەر و نیتچەش لە بیر مەکە

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

نەخێر.

(سەیرێکی ئامادەکاری یەک دەکات و بە سەر سپاسی دەکات)

بێگومان من نامەوێت ئێوە لە دیدێکی شۆپێنهاوەرییەوە پێتان وا بێت ئەم شانۆیە هیچ مەوزوعیەتێکی تێدا نییە و ئەوی دەیبینن تێگەیشتنێکی خودییە. نا لە دەرەوەی ئێوە ڕاستەقینەیەک هەیە، کە دەتوانن بە دەست بیگرن، بۆنی بکەن و بە گوێ بیبیستن و بە چاوان بیبینن. دەزانم کەس لە ئێمە باڵامرۆڤەکەی نیتچە نییە. لای ئێوە و بە باوەڕی ئێوە خودا هەیە و زۆۆۆۆۆۆۆریش گەورەیە. ئێوە نەخۆشیی و بەدبەختیی نیین لە سەر زەوی، بەڵکو مرۆڤن، شایەد بەدبەخت و بێچارە و بێتیمار و بێدەسەڵات بن، بەڵام نە تاعونن و نە کولێران. ناشمەوێت لە دیدێکی مارکسیزمەوە ئانالیزێکی چینایەتیی خۆتان و شانۆکە بکەن. نەخێر، وا قووڵ و تاریک ناتان بەم، بەڵام…

ئامادەکاری یەک:

بەرێزی دەرهینەر و بەڕێوەبەر کاکە ڕێناس ڕێباز ڕێخاس، ئەسڵی مەسەلەکە!

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

دەمەوێت ئێوە دووبارە لە ئودیسیۆسی خۆتاندا بژینەوە، دەمەوێت ئەودیسە پێنەلۆپ جێنەهێڵێت. خۆ ئەگەر هەر ناچارە ئەو نازدارە، ئەو ژنە، ئەو زێدە، ئەو نیشتیمانە، جێبهێڵێت ئەوا با زۆر زووتر بگەڕێتەوە. زێد جێژووانی ئەڤینە. دەنا مرۆڤ ڕۆمیۆیەک دەبێت، کە تازە ژەهری ماری چێشتووە و هەرگیز بە جولیا ناگات. ئاخ ئاخ ئاخ، ئای ئای لە بەدبەختی ئێوەی مرۆڤ. بەڵێ، مرۆڤ سوکراتێکە، کە قوربانیی زرنگیی خۆیەتی و دەبێت ئەو ژەهرە بنۆشێت. لە ئاوێنەکانی سەر و خوار و ئەملاولاتان بڕووانن و ئەو ژەهرە نۆش بکەن، کە من….

کەسی ژمارە دە (کوڕێکی جەوان):

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا بە باوەشێک کتێبەوە کە بە زەحمەت لە باوەشیدا هەڵیان دەسووڕێنێت، هەڵدەسێتە سەرپێ)

بەڵێ بەڵێ، ئەو گەمژەپیرەی دەراوسێیشمان لە کۆتایی ئەو شەڕەدا گوتی ژەهرە، بەڵام هەر دەیخۆمەوە. ئایا لە راستییدا ژەهر بوو خواردیەوە، یان تەنیا مێتافۆرێک بوو بەکاری هێنا، واتە حاشاحازری، ناماقوڵیەک بوو کردی، بەڵام لە ئێمەی کرد بە ژەهر و وای دەزانی ئێمە لە سیاسەت …

ئامادەکاری یەک:

(قسەکەی پێ دەبڕێت)

ئێمە باسی هونەر دەکەین، تکایە مەکەونە ناو باسی فشەی دەراوسێکان و ناجددیەتەوە. ئیتر ڕێگا نادەم قسە بە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی ببڕن.

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

(ڕوو دەکاتە ئامادەکاری یەک و بە سەر سپاسی دەکات و پاشان ڕوو دەکاتەوە خەڵکەکە)

تکایە، تکایە هەم بە چاو و بە لەش دوای من بکەون.

(لە لای خۆیەوە بەرەو لای ڕاست بە کەنار دیوارەکەدا لە تەنیشت ئەو میوانانەوە، کە بە پێوە وێستاون وردە وردە بۆ سەرێ دەڕووات هەتا دەگاتە سەکۆی شانۆکەی هەرە پشتەوە، کە داپۆشراوە. خەڵکەکە هەموو بە چاو و بە لەش ڕووی تێ دەکەن. ئینجا ڕوو دەکاتە ئامادەکارانی ڕووناکیی)

ئادەی ئەو پرۆژێکتەرانە هەڵ بکەن، دەی دایانگیرسێنن. پەردەکانیش هەڵ بدەنەوە.

(ڕووناکیەکان لە سەر سەکۆی شانۆکە دادەگیرسێن و پەردەی شانۆکە هەڵ دەدرێتەوە. سەکۆیەکی ڕازاوەی خاوێن، ٧ کورسی بە مێزەوە تیادا دانراوە. مایکریفۆن و پێداویستیی دیکە هەن. ئەمیش بە پلیکانەکاندا دەچێتە سەرێ و لەوێوە لە سەر سەکۆی شانۆکەوە بە هەردوو باڵی کە بۆ سەرێ هەڵی بڕیوون سڵاو لە خەڵکەکە دەکات)

(هەموو خەڵکەکە لە سەر ئاوازی ″ئەم پەرچەم و ئەگریجە‟ بە یەک دەنگ)

بینەران پێکەوە:

شایستە بە یەک نەبووین ئێستا دووانمان هێناوە/ ئای ئای لە بەڵای شەیتان، خودایە چ قەوماوە؟

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

نا، نا، نا، هیچی خراپ نە قەوماوە.

(چاو دەبڕێتە خەڵکەکە و لەمسەر بۆ ئەوسەر سەر با دەدات)

ئادەی خەڵکینە دووبارە بە چاو و بە لەش بە دوامدا بێنەوە.

(خەڵکەکە دووبارە بە چاو و بە لەش بە دواییدا دەڕۆن)

(دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی لە سەر سەکۆی شانۆکە دێتە خوارێ و بەرەو لای چەپ بە کەنار دیوارەکەدا لە تەنیشت هەمان ئەو میوانانەوە، کە بە پێوە وێستاون وردە وردە بۆ خوارەوە دەڕووات هەتا دەگاتە شانۆکەی هەرە پێشەوە، کە داپۆشراوە. خەڵکەکە هەموو بە چاو و بە لەش ڕووی تێ دەکەن. ئینجا ڕوو دەکاتە ئامادەکارانی ڕووناکیی)

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

ئادەی ئەو پرۆژێکتەرانە هەڵ بکەن، دەی دایانگیرسێنن. پەردەکانیش هەڵ بدەنەوە.

(ڕووناکیەکان لە سەر شانۆکەی پێشێ دادەگیرسێن و پەردەی شانۆکە هەڵ دەدرێتەوە. هیچ سەکۆیەک بۆ شانۆکە نییە، هەر درێژەی هەمان زەوی ڕەق و تەقە و تەواو. لە بەشی خوارەوە سەکۆیەکی شانۆ نییە)

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

(دووبارە چاو دەبڕێتە خەڵکەکە و لەمسەر بۆ ئەوسەر سەری خۆی دەگەڕینێت)

ئادەی خەڵکینە دووبارە بە چاو و بە لەش بە دوامدا بێنەوە.

(دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی لەوێوە دووبارە بەرەو لای ڕاست بە کەنار دیوارەکەدا لە تەنیشت هەمان ئەو میوانانەوە، کە بە پێوە وێستاون بە وردە ڕاکردن بەرەو لای سەرێ هەتا دەگاتە شانۆکەی هەرە سەرەوە، کە بە کورسی و مێز و پێداویستیی دیکە چنراوە و دەچێتە سەر سەکۆی شانۆکە و ڕادەوەستێت. خەڵکەکە هەموو بە چاو و بە لەش ڕووی تێ دەکەن)

بینەران پێکەوە:

(هەموو خەڵکەکە لە سەر ئاوازی ″ئەم پەرچەم و ئەگریجە‟ بە یەک دەنگ)

یەکێکمان لێ بەڵا بوو ئێستا بیستمان هێناوە/ ئای ئای لە بەڵای شەیتان، خودایە چ قەوماوە؟

ڕووداوە کە ڕووی داوە کە

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

ئێستا، کە هەمووتان ڕووتان لە منە، فەرموون، هەر یەکە و کورسییەکەی خۆی بەرەو ڕووی من، بەرەو ئەم سەکۆی شانۆیە، وەربگێڕێت و هەروەها لە سەریشی دابنیشێت چونکە دەست پێ دەکەین. یاخوا بەخێر بێن!

(خەڵکەکە دادەنەونەوە و نزیکەی بە شێوەی سەلامی سەربازیی هەر یەکە و کورسی خۆی بەرز دەکاتەوە و ڕووبەرووی شانۆ ئاوەدانەکەی سەرەوە دایدەنێت و لە سەریان دادەنیشن. ماوەیەک تەقەتەقی هەڵگرتن و دانانی کورسیی دەبیسترێت)

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

بەڕێزان، ببینن، ببینن، ئەمە دونیایەکی نوێیە. ئەو حەوت کەسەی کە کۆڕەکەمان پێشکەش دەکەن ئەوسا لە ڕیزی هەرە دواوە دانیشتتبوون. بەڵام ئێستا بە سەرەقامێکی هونەر

(هەردوو باڵی بەرز دەکاتەوە و پەنجەکانی لە ڕووخساری خۆی نزیک دەکاتەوە و یەک بە یەک سەیری قامکەکانی خۆی دەکات و یەک دوای یەک دەیانچەمێنێتەوە و دەستی دەکات بە مست)

هە بە سەرە قامکێک ئەوانم هێنایە ڕیزی هەرە پێشێ. بەڕێزان ئەمە سیحر نییە، ئەمە هونەرە. ببینن ئێستا ئەوان لە ریزی پێشەوە دانیشتوون. ئەمان بەرپرسیاری دونیای نوێن. بەڵام ببینن، بەڕێزانی دەسەڵاتداران ئێستا لە دوای دواوە دانیشتوون و ئێوەیش لە نێوانیاندا، چۆن لە راستییدا ئێوە دونیای دەسەڵاتن، ئێوەی خەڵک. ئێوە….

بینەران پێکەوە:

(جەماوەرەکە دەست دەکەن بە چەپڵە لێدان و لە سەر ئاوازی ″ئەم پەرچەم و ئەگریجە‟ بە یەک دەنگ)

ئای ئای لە بەڵای شەیتان، خودایە چ قەوماوە؟/ هونەر بووە بە سیحر و خوێن وەکوو ئاو ڕژاوە

ڕووی داوە، چۆن نەی داوە؟ /کە داویەتی ڕووداوە

جا بەڵگە لەوە زیاتر، پێشمان بووە بە پشتمان

لە باوەشی چەتوون و لە کۆشی رەقیب دایە

 

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

(پڕ بە گەرووی خۆی دەنەڕێنێت)

ئا دەی پاسەوانان، ئەم حیزبابەم بۆ بگرن!

(هەر بە چاوترووکاندنێک دە پاسەوانێک ڕا دەکەنە سەر سەکۆکە و بە دەست و لاق دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی بەرز دەکەنەوە و بە هەواوە رای دەگرن. ئەویش هەر دەیەوێت خۆی ڕابپسکێنێت)

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

هەر ئێستا لەسەر سەکۆکە بهێننەوە خوارێ. سەگباب، شۆڕشمان لێ دەکەیت؟ ئا دەی عوسەی ئامین دۆشکە، واڵکی تاڵکیەک بۆ هێزەکانی زانیارچیەتیی و فریاگەریی و خێراگەریی و زێڕەنگەریی و پلانگەریی و ئەوانەی دیکە بکە، کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و تەواوی کۆڵانەکانی شار بگرن و نەهێڵن خەڵک موڵکی گشتیی داگیر بکەن و زەرەر لە یەکتر بدەن. وڵات لە مەترسییدایە! فریا بکەون. خەڵک نە فامن، دەکەونە یەکتر کوشتن و زەرەر دان لە موڵک و ماڵی یەکتر و دەست درێژی دەکەنە سەر خوشک و دایکی خۆشیان. ئێمە دەبێت بەرپرسیار بین. ئەمە نیشانەی شۆڕشە. من هەر زوو گوتم ئەمە بارانی سێڵاوە.

پاسەوانەکان بە کۆرس سروود دەچڕن:

ئەمە بارانی سێڵاوە/ ئەمە شۆڕشی بەد ناوە

چەقەنەی ئاشی بێ باراش/ هەراوهوریای زۆر هێناوە

خەمی سەردارمان چەندە قووڵە/ چەند کەرپیاوە ئەم بەدناوە!

 

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

(ڕوو لە خەڵکەکە دەکات و باسی دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییان بۆ دەکات)

 

ئەم سەگبابە قسەکانی بە کۆد دەکرد. کە دەیگوت خودا هەیە و گەورەیە، مەبەستی ئەوەبوو، کە خەڵک هەیە و گەورەن. ئەم سەگبابی کافرە.

بیست کەسێک لە ناو جەماوەرەوە کە ڕیش دارن و وەکوو مەلای مزگەوت دەردەکەون، سروود دەچڕن:

ماشەڵا لە ناوی خۆی

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

شەشەڵا لە ناوی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبیی)

ماشەڵا لە فەنی ئەو

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

نەفرەت بێت لە عیلمی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

ماشەڵا لە خێری ئەو

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

شەشەلا لە دوڕڕی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبیی)

سەد نەفرەت لە شەیتان و

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

سەد نەفرەت لە ناوی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

 

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

خەڵکینە، ئەی هەژارە پیاوچاکەکان، ئەی بێ ئەسپە سوارچاکەکان، ئەم سەگبابانە کودەتایان لێ کردووین. کودەتایان لە دەسەڵاتی گەل، دەسەڵاتی ئێوە کردووە. سەد هەزار جار شکور، کە فڕۆکەمان نییە دەنا ئێستا هەڵیانفڕاندبوونە سەرمان. پارلەمان و حکومەتیان وێران دەکردین. ئاخر بۆیە فڕۆکە ناکڕین، ئافەرین لە ئەقڵی تیژمان.

(دوو پیاوی چاکەت و پانتۆڵ لەبەرە حیزبیەکەی، کە لە ئەملاولای پیاوە حیزبێکەوە دانیشتوون، هەڵدەستنە سەرپێ و بە دەنگی بڵند دەڵێن)

دوو پیاوی حیزبیی:

قوربان، هەر یەک سەگباب، یان سەگبابەکان؟

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

سەگبابەکان، بەڵێ، سەگبابەکان. ئەو حەوت کۆڕچیەش و ئامادەکارەکانیش بگرن. هەر کەس بۆنی ئەوانی لێ دێت بیگرن.

(پاسەوانەکان، کە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییان بە هەواوە ڕاگرتووە)

پاسەوانەکان:

قوربان بۆنی کوێیان بکەین؟

بیست کەسێک لە ناو جەماوەرەوە کە ڕیش دارن و وەکوو مەلای مزگەوت دەردەکەون، سروود دەچڕن:

ماشەڵا لە بۆنی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبی)

باوەکەڕۆ لە بۆنی ئەو

(بە  دەستی راستیان لووتی یەکتری دەگرن و بە دەستی چەپیان های های های دەکەن)

ئۆخەی لە گوڵاوی میهرت

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبی)

وای وای بۆگەنی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

 

(لە چاوترووکاندنێکدا حەوت کەسی ئەندامی کۆڕەکە و پێنج ئامادەکارییش، کە سیانیان ژن و دووانیان پیاوە دەگیرێن و لە سەر سەکۆی شانۆکە پێکەوە لەگەڵ یەک ڕایان دەگرن)

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

ئەم سەگبابانە بهێنن بۆ ئێرە.

(بە تەوس و بە دەم و لچ بادانەوە)

بۆ ئەم پشتەوە. با قامکی هونەر بیکات بە هینی ئەم سەگبابەدا. دەی، بیانهێنن و لە سەر ئەم عەرزە رەق و تەقە هەڵیان بوواسن، بیانهێنن بۆ ئەم خوارەوە. نا، نا، نا، نەوەڵا بۆ ئەم سەرەوە. (ڕوو دەکاتە هەر ١٣ گیراوەکە) ئەرێ سەگبابینە ئێرە سەرەوەیە یان خوارەوە؟ (تۆزێک رادەوەستێت و سەیری ئەملاوئەولا دەکات، سەری لێ تێک دەچێت کوێ خوار و سەرە) نەوەڵا بۆ ئەم خوارەوە. دەی سەریان بە پەتدا بکەن و گورج لە سێدارەیان بدەن.

(هەر یەکسەر هەمووویان دەهێنن و لە سەر عەرزەکە رایان دەوەستێنن. سیازدە پەتی ئەڵقەدار شۆڕ دەبنەوە و پاسەوانەکان دەیانخەنە ملی هەر سیازدە کەسەکەوە و هەڵیان دەواسن)

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

ئا دەی، ئەو لایت و مایتە هەڵ بکەن

(ڕوو دەکاتە سەرێ بۆ لای ئەوانەی لەگەل ڕووناکییدا دەستبەکارن و ئینجا ڕوو دەکاتە خەڵکەکە)

دەی فەرموون، ئەم جارە دوای من بکەون.

(لەو خوارەوە بە بەری چەپدا لە لای قەراخی دیوارەکەوە بەرەو سەکۆی شانۆکەی سەرەوە دەچێت و هەندێک لە پاسەوانەکان بە دواییدا دەڕۆن. خەڵکەکە لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەودا هەموو لە بەری هەڵدەستن. دەڕووات تا دەگاتە سەر سەکۆی شانۆکە و لەوێ هەموو ڕووناکی پراژۆکتەرەکان لە سەر ئەو دەوێستن. مەلاکان دەست پێ دەکەنەوە)

مەلای ژمارە یەک:

ماشەڵا لە ناوی خۆی

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

بەراتیش لە ناوی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبیی)

مەلای ژمارە دوو:

ماشەڵا لە فەنی ئەو

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

نەفرەت بێت لە عیلمی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

مەلای ژمارە سێ:

ماشەڵا لە خێری ئەو

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

نەفرەت لە ڕووخساری تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

سەد ڕەحمەت لە سەردار و

(باڵ و روویان دەکەنە پیاوێکی حیزبی)

سەد نەفرەت لە ناوی تۆ

(باڵ و روویان دەکەنە دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی)

 

پاسەوان:

(پاسەوانێک لە بەری دەستە ڕاستەوە لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا لای خەڵکە وێستاوەکەوە هاوار دەکات)

قوربان، وڵاتە زلهێزەکە…

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

کامە؟

پاسەوان:

قوربان، ئەوی بە ئـ دەست پێ دەکات و بە ئا کۆتایی دێت، دەزانیت ئـ …ا، تەلەگرامیان بۆ کردووین و دەڵێن پێویستیان بە هونەری ئەمانەیە. قوربان، جا چی بکەین؟ چۆ ڕۆحیان بە بەردا بکەینەوە؟ قوربان، حەزرەتی عیسا بۆ ئەم رۆژە باش بوو.

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

پێیان بڵێ ‘تیرۆریستەکان گرتوویانن’. بڵێ ‘ئێمە خۆشمان بیریان دەکەین، کارمان پێیانە’. نەڵێیت کوشتومانن ها، لە زارت دەرنەچێت، تۆ جار نا جار شتت لە بیر دەچێت. کەرە بۆر، بایی ڕۆژێک لە مووچەکەی خۆت ئەقڵت بەکار ناهێنیت. زارت دەڵیی کونەئەشکەوتە…

کەسی ژمارە پازدە:

(کوڕە ڕۆژنامە بە دەستەکە)

ئەرێ کاکە بە نیازن کەی کۆڕەکەمان دەست پێ بکەین؟ چۆن چارەسەری قەیرانەکان بکەین؟

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

کۆڕەکەمان تەواو برالە، کێشەکان چارەسەر بوون. بڕۆ ڕۆژنامەکانی خۆت بخوێنەوە. بڕیارمان دا هەموومان هاودەنگ بیین، مەگەر کەڕیت؟ دەبێت بەرامبەر بە خیانەتکارانی ناوخۆ، بە کودەتاچییەکان یەک دەنگ بین. بڕیاریشمان دا هەر یەکەتان، کە لەم کۆڕە گەورەیەدا بەشدار بوون، دەفتەرێک و پارچەزەویەک و وەنەوشە یان ئۆبامایەکتان بدەینێ.

(جەماوەرەکە دەیکەن بە چەپڵەلێدان)

(مەلایەک، کە دیارە نوێنەری هەموو مەلاکانی ترە، هەڵ دەستێت)

مەلا:

دەستتان خۆش بێت و دەمتان گوڵ بگرێت قوربان…

مەلاکانی تر:

دەمتان گوڵ بگرێت قوربان.

مەلا:

ئێمە ئەلحەمدولیلا شوکر، سەڵات و سەلام لە سەر ئەولیا و ئەنبیا هەم عەرزەمان هەیە و هەم خانوو و هەم وەنەوشە و ئۆباما….

مەلاکانی تر:

هەم عەرزەمان هەیە و هەم خانوو و هەم وەنەوشە و ئۆباما.

مەلا: دەڵێم، هەر ئێستا کۆمیتەیەک بۆ سەربەسەرکردن و ئاڵوگۆڕ و بیلامەعنا، بە پێی شەریعەت، گۆڕینەوە و سەربەسەرکردن، بیلا مەعنا، دابمەزرێنین. خۆتان دەزانن، کە لە ئانکارا و تارانیش ئەو تەسهیلاتانەیان بۆ کردووین، یەعنی پاکەتەکە بە ئارەزووی خۆمان ورد دەکەینەوە، قوربان، عەیب نەبێت لە رووتدا یەعنی سەرەکەیان داوەتە دەست خۆمان، قوربان. خۆمان وەکیلین.

مەلاکانی تر:

سەرەکەیان داوەتە دەست خۆمان، قوربان. خۆمان وەکیلین.

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخ سوور):

دەی باشە. منیش ڕازیم، سەرەکەی دەدەم بە دەست خۆتان، بەڵام دەڵێم …

پاسەوان:

(پاسەوانێک هاواری لێ هەڵ دەستێت)

قوربان، هەر هەموویان، هەر سیازدە کەسیان هێشتا هەناسە دەدەن. نەمردوون. بە خوا وا زوو نامرن، چی بکەین؟ دەڵێم یەکی گولـلەیەکیشیان پێوە بنێین، گولـلەی بەزەیی. با نەشبن بە پاڵەوان، قوربان.

مەلا:

(مەلایەک، کە دیارە نوێنەری هەموو مەلاکانی ترە، هەڵ دەستێت)

ئای ژمارەی سیازدە، ئاخ ژمارەی سیازدە چەند شومیت، ژمارەی سیازدە ژمارەی شەیتانە. لە مەرگیشدا هەر بەدبەختیی دەهێنیت.

کەسی ژمارە پازدە (کوڕێک):

(لە بەشی سەرەوە لای دیوارێک راوەستاوە و چەند ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوەیە)

ئەرێ کاکە پرسیارمان کرد، ئەم کۆڕە تەواو نەبوو؟

کەسی ژمارە حەڤدە (پیاوێک):

تەواوی چی کەرە! خۆ هێشتا دەستی پێ نەکردووە. ئەمە شانۆگەرییە خۆ راستیی نییە. قابیلە بە راستیی ئەو عالەمە لە سێدارە بدەن، یان تۆیەک دەفتەرێک و وەنەوشەیەک و  خانووەیەک وەربگریت؟ یان ئەو مامۆستا بەڕێزە لە خوداترسانە، بەو هەموو قورئان و حەدیسەی سنگیان ئاوا حوکم دەدەن، ئەو بەڕێزانە کە دەفتەریشیان هەیە و وەنەوشە و مۆنیکا و خانوو و عەرزەشیان هەیە، ئێ بە خوا (روو دەکاتە سەرێ و هەر دوو دەستی بۆ نزا بەرز دەکاتەوە بەڵام بە لا چاو لە پیاوێکی حیزبیی دەڕووانێت) خوایە لێت بە زیاد بێت، دوو ژن و سیان و چواریشیان هەیە و لەو دونیاش بەهەشتی بەرینیشیان هەیە و ٧٢ سنگپانی خڕ و مڕ و شل و مل و چاوبەڵەکیان پێ دەبەخشرێت. پرسیار ئەمەیە (بە تووندی پشتی دەستی راستی دەکێشێت بە بەری دەستی چەپیدا و شەقەی لێ هەڵدەسێنێت) جا چۆن ئەوان دەستیان دەچێتە خوێنی بێ داد و بێ تاوانی خەڵک؟ یان ئەو ئەمیرولموئمینانەی فەرمانڕەوامانن چۆن ئاوا بەرخورد دەکەن و هەر ئاوا خەڵک لە سێدارە دەدەن؟ بەو خوا یە ئا بەو سەرەوە تۆ کەریت برام. دەنا چۆن شتی وات دەگوت و دەتپرسی. ئەمە شانۆگەرییە، هەی سەر زرکەتاڵ.

کەسی ژمارە شازدە (ژنێک):

(لەمسەری ئەو ڕیزەدا دانیشتووە لەوبەری کەسی ژمارە پازدەوە “کوڕە ڕۆژنامە بە دەستەکە”، هەڵ دەسیتە سەرپێ و سەیری کوڕەکە دەکات)

پێشنیار دەکەم هیچ بە مە نەدەن، پارەکەی خەسار دەکات، هەمووی دەدات بە ڕۆژنامەی کۆن. سەر و چاویشی لەوە ناچێت شۆفێریی بزانێت. شۆفێر بە دەستیدا دیارە.

کەسی ژمارە پازدە (کوڕێک):

(لە بەشی سەرەوە لای دیوارێک راوەستاوە و چەند ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوەیە)

(سەیری دەستەکانی خۆی دەکات و لێیان ورد دەبێتەوە) کاکە ئاگات لە دەمت بێت، کەر نییم، مرۆڤ دەبێت گومانی هەبێت و پرسیار بکات… دەمگوت شتێک هەڵەیە، ئەمە گوایە شاری ڕۆشنبیرییە. ئەگەر سیازدە کەس بە چاوترووکاندنێک لێرەدا  بکوژن، جا خۆ لە شارەکانی دیکە کە کەمتر یان هەر ڕؤشنبیر نیین سیازدە هەزار کەس دەکوژرێت. پێشنیار دەکەم لە شاری دیکە ئەم شانۆگەرییە پێشکەش نەکەن. ئەرێ برادەر و خوشکەدەرینە  ئەمەکۆڕە یان شانۆگەریی؟ ببوورن لە بیرم چووەوە.

مەلاکان:

خودایە لێی نەگریت، ئەوە شەکر دەشکێنێت. قوربان

(ڕوو دەکەنە پیاوێکی حیزبیی و بە چاو پێی دەڵێن ئەمیش بکوژە)

کەسی ژمارە هەژدە:

(کە لە پێش ڕۆژنامە بە دەستەکەوە دانیشتووە)

ئەمە چییە؟ خەریکە شێت دەبم. کورە بۆ خاتری خوا ئێوە دەڵێی ماددەی موخەدەرتان کێشاوە، کاکە راستە. ئەو برادەرانەیان لە بەر چاوی خۆتان لە سێدارە دا. نابینن گیان دەدەن؟ کۆڕەکەمان دەستی پێ نەکرد. هەموو شتەکان تێک چوون. (ڕوو دەکاتە خەڵکەکە) هاوار بە ماڵم. دە بیکەن بە ڕاهی خوا زوو پارەکانمان بدەنێ (ڕوو دەکاتە پیاوێکی حیزبیی).

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

(کە لەسەر کورسی یەکەم لە ڕیزی چوار دانیشتووە)

تکایە، پاسەوانە میهرەبانەکان، پەتەکان لە ملیان دەربهێنن، با نەمرن. خەتای من بوو. من درۆم لەگەڵ ئێوەدا کرد…

پیاوێکی حیزبی (بۆینباخ سوور):

بیبڕەوە دەنا زمانت دەبڕڕڕم.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

تو خوا جارێ مەیبڕە قوربان. ئێستا منیش دەمەوێت وەکوو سوکرات ئەو ژەهرە بخۆمەوە. من، سوکراتە ژنەکەی سەدەی بیستویەکەم. ئادەی جامێک ژەهرم بۆ بهێنن (روو دەکاتە پاسەوانەکان). بەڕێزان، ژمارەی کورسیەکان جووتن، تاک نیین. هەر ٣٤ کورسین. من لە داخاندا ئەوەم بە سەر هێنان. سەد جار کورسیەکانم بژارد هەر ٣٤ بوون. ئاخر چی بکەم، خۆ ئێوە نەتاندەزانی لە کوێ ئەو حەوت کەسە دابنیشێنن. منیش ئەو درۆیەم کرد و ژمارەی کورسیەکانم کرد بە سیوپێنج. ئەویش لە داخی ئەو هەتیوەی ئەو سەری ڕیزی چوار، کە دروست لەو پەڕی ئەو پەڕەوە بەرامبەرم دانیشتووە ئەو درۆیەم کرد و ٣٤م کرد بە ٣٥.

(بە باڵی چەپی ئاماژە بەو کەسە دەکات، کە دوا کورسی هەمان ڕیزی خۆی دانیشتووە)

بەڵێ، ئا ئەو بەدفەساڵی ناشیرینی ناحەزی ئێسک گرانە. ئەویش بکوژن، ئەو.

(جەماوەرەکە هەموو سەیری ئەو کوڕە دەکەن)

کەسی ژمارە نۆزدە (کوڕەکە، کە ئاماژەی پێکراوە):

(هەڵ دەسیتە سەرپێ)

لە داخی من؟ چۆن؟ چ سیحرێک ئەم سمێڵ بابڕە شیرینە و ئەم سەر و کەلـلەیەی منی لە تۆ ناشیرین کردووە؟ من تۆم خۆش دەوێت، گیانەکەم، گیرفانۆکەی سەعاتەکەی بەرباخەڵم. دونیام لەبەر خاتری تۆ خۆش دەوێت. حەز دەکەم مەرگی هەموو خەڵکی دونیا ببینم تەنیا و تەنیا تۆ لەم جیهانەدا هەناسە بدەیت. تۆ بۆ ڕکت لە منە؟ من نازناوم قەتێیە، بێ باکم، ترسم لە هیچ نییە، هەر پێم خۆشە خۆم بشارمەوە و زۆر دەرنەکەوم. بەڵام هەمیشە بۆ تۆ دەرکەوتووم.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

قەتێ، لەبەرئەوەی تۆ خوشکەکەمت خۆش دەوێت، منت خۆش ناوێت، بۆیە ڕکم لێتە.

کەسی ژمارە نۆزدە:

نا، نا، نا، هەرگیز نا. من تۆم خۆش دەوێت، تۆ شەکراو، بە قوربان، دڵەکەی قەتێ، شەکراو گیان. شەکراوی شیرین!

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

شەکراوی چی قەتێ فەنی؟ ئاخر دەڵێم ئەوت خۆش دەوێت. هەموو نامەکانت هەر بۆ ئەون، بۆ شەکراون، بۆ شەکراوی خوشکم. شەکراو، شەکراو، شەکراو، شەکراو. ئاخ چەند رکم لێتە!

مەلاکان:

(بیست کەسێک لە ناو جەماوەرەوە کە ڕیش دارن و وەکوو مەلای مزگەوت دەردەکەون، سروود دەچڕن)

ماشەڵا لەو شەکراوە

(باڵ و روویان دەکەنە کەسی ژمارە هەشت “ژنەکە”)

خودا دەستی لێ داوە

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

نەفرەت بێت لە قەتێی گەڕ

(باڵ و روویان دەکەنە قەتێ)

خۆی بۆ شەکراو داناوە

(باڵ و روویان دەکەنە کەسی ژمارە هەشت “ژنەکە”)

شەکراو بەراتی خوایە

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

بۆ مامۆستای داناوە

(هەر کەسە و بە باڵ ئاماژە بە خۆی دەکات)

ئیشەڵا لە بەهەشتیش

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

حۆریەک شەکراوی ناوە

(هەر کەسە و بە باڵ ئاماژە بە خۆی دەکات)

 

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

(کە لەسەر کورسی یەکەم لە ڕیزی چوار دانیشتووە)

قەتێ، لە داخی تۆ، لە داخاندا رکم لە خوشکەکەی خۆشمە، لە داخاندا چای شیرینیشم تەرک کردووە. ڕکم لە هەموو جۆرە شیرینیەکە.

کەسی ژمارە نۆزدە:

جا خۆ من عاشقی شیرینیم. لەبەر ناوی تۆ سینیەک پاقلاوەیش بخۆم پێم خوێیە، شەکراو گیان. تۆ شیرینت لەو دونیایە بڕیوە.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

من شەکراو نییم، من شەکراو نییم. بیبڕەوە.

(دەست بە گریان دەکات و دەچەمێتەوە و دەستەکانی دەکات بە مست. بە هاوارەوە:)

قەتێ، من بەفراوم. بەفراو! بەفراااااووووو.

مەلاکان:

(بیست کەسێک لە ناو جەماوەرەوە، کە ڕیش دارن و وەکوو مەلای مزگەوت دەردەکەون، سروود دەچڕن)

ماشەڵا لەو بەفراوە

(باڵ و روویان دەکەنە کەسی ژمارە هەشت “ژنەکە”)

ئاوە، ئاوی بەهەشتێ

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

نەفرەت بێت لە قەتێی گەڕ

(باڵ و روویان دەکەنە قەتێ)

تینووی بە کەوسەر دەشکێ

(باڵ و روویان دەکەنە کەسی ژمارە هەشت “ژنەکە”)

بەفراو میهری خودایە

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

دەستنوێژی لە من ناشکێ

(هەر کەسە و بە باڵ ئاماژە بە خۆی دەکات)

ئیشەڵا لە بەهەشتیش

(باڵ و روویان دەکەنە سەرێ)

حۆریەک بە بەفراو دەرچێ

(باڵ و روویان دەکەنە کەسی ژمارە هەشت “ژنەکە”)

کەسی ژمارە نۆزدە:

ئای بەفراو، من تۆم خۆش دەوێت. وام زانیبوو تۆ، تۆ شەکراو ـیت. ئای بەفراو گیان، سەهۆڵاوی دڵی قەتێ، بە خەمەوە مەمکوژە. بەفراو گیان شەکراوم ناوێت. بە ڕاستی تۆ بەفراویت؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

ئا ئا ئا قەتێ گیان، من بەفراوم. بە ڕاستتە قەتێ گیان، بە ڕاستتە کە منت خۆش دەوێت؟ خەڵکینە، ئەمە کۆڕی خێرە. ئەمە چارەسەرکەیە. بە ڕاستیی ئەمە کۆڕی چارەسەرە. دەبێت ئەم کۆڕە بە تەواوی ئەم وڵاتەدا بگێڕین. ئای چۆن دونیا ڕۆشن بووەوە. ئەو هەموو چلچرایە بۆ هەڵکراون، ئەو پەرادانە بۆ هەڵدراونەتەوە، ئەو هەموو خۆرە چین بە ئاسمانەوە؟ ئێستا گرینگ نییە کورسیەکان ٣٤ یان ٣٥ دانەن. ئەگەر وایە، قەتێ گیان، ڕۆمیۆکەی خۆم. نامەوێت ژەهر بخۆمەوە. خۆم من کەر نییم سەد جار ڕۆمیۆ و جولیام خوێندووەتەوە. جا من بۆ خۆم بکوژم؟ حەی! (سەیرێکی خەڵکەکە دەکات) ئەوەش خەتای باوکم بوو. ماڵی باوکم ئاوەدان بێت. ئەگەر هەر یەکەم ڕۆژ ناوی منی بنایە ″شەکراو‟ ئێستا تۆ بە هەڵەدا نەدەچوویت. ئاخ ئاخ ئاخ لە باوکم.

(لە خۆشیدا پێ دەکەنێت)

ناوێکی بچووک هەموو دونیای منی خراپ کردووە. قەتێ گیان، ئێستا سەرەی منە، لەمەولا لە هەموو باڵەخانەکانی شارەوە و لەوەی خۆمانەوە شیعرت بۆ دەخوێنمەوە و گۆرانیت بۆ دەچڕم، قەتێ گیان.

کەسی ژمارە نۆزدە:

ئای ئای ئای بەفراو، نەمدەزانی دەنگت خۆشە بەڵام نەشمدەزانی شیعریش دەنووسیت.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

نا نا نا، قەتێ گیان، شیعر نانووسم. حەزم لە هەر شیعرێک بێت ناوی خۆمی لە ژێردا دەنووسم. شیعر چییە، خۆ ئیشەڵا لە سەر دوو دێڕە شیعر نامانکوژن. قەتێ، دەڵێم؟

کەسی ژمارە نۆزدە:

گیانی قەتێ! ڕۆحی قەتێ! چاو و دەست و لاق و پەراسووی قەتێ!

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

دەڵێم، بە تەڕیی لێوەکانم شیعرەکانت دووبارە بۆ دەنووسمەوە و بە ئاوی بەفراو ئیمزای دەکەم، خۆ تێ دەگەیت؟

(قەتێ لە خۆشیاندا بە ڕیتمی هەنسکدان پێ دەکەنێت، لەشی لە خوارەوە بۆ سەرێ دەبزووێت)

کەسی ژمارە نۆزدە:

ئا ئا ئا، ئۆی ئۆی ئۆی، چۆن تێ ناگەم. دەڵێم با ئەو مەلایانە بێن و هەموو پێکەوە مارەییمان ببڕن. کچێ بە قوەتتر دەبێت. لە کوێ یەک دانە و لە کوێ سەد دانە!

(قەتێ بانگی مەلاکان دەکات)

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

نا، نا، نا. ئەی بولبولی خونچەی نەپشکتووم، ناتوانم شووت پێ بکەم چون ئەمڕۆ شەکراوی خوشکم شینی دەبێت. شەکراو عاشقی تۆ نییە، عاشقی دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییە. شەکراو، هەموو ناوەکانی ″شەکراو‟ـی لە نامەکانی تۆ دا گۆڕیبوو بە ″بەفراو‟، بە منی دەگوت با تۆی خۆش بوێت. ئەو نەیدەزانی کە تۆ منت خۆش دەوێت نەک ئەو. قەتێ بەسەرهاتێکی ئاڵۆزە. ئەمەی ئێمە قەیرانی سیستەمی خۆشەویستییە. قەتێ گیان، کە چێشتەکوڵینەمان دەکرد ئەو بەشی دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی دەدا و منیش بەشی تۆم دەدا. قەتێ، خۆم هیچم نەدەخوارد. هەمووویم دەکرد بە قوربانی ئەو سمێڵە بابرە ئەمسەر و ئەوسەرەت. قەتێ گیان، شەکراو ئەمڕۆ لەگەڵ دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتییدا دەمرێت.

(دەست دەکات بە گریان. بە گریانەوە)

بەڵێ، بە دڵناییەوە شەکراویش هەر ئەمڕۆ دەمرێت.

کەسی ژمارە نۆزدە (قەتێ):

بەفراوەکەم، ئەی ئەگەر دەستی نەچێتە خۆی؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

ئەوا من دەیکوژم قەتێ گیان، با لەو دونیا بە خۆشەویستی خۆی شاد بێت. لانی کەم با ببێت بە یەکێک لە حۆریەکانی  بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی. لەبەرچی بۆدەردەسەریی ژیان بژی؟

مەلاکان:

سەگبابی وا ناچیتە بەهەشت، حۆری چی؟ حەی حەی حەی.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

(دەست دەکاتەوە بە گریان)

ئەیەڕۆ!

کەسی ژمارە پازدە (کوڕێک):

(لە بەشی سەرەوە لای دیوارێک راوەستاوە و چەند ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوەیە)

خانم جولیۆ، مەگری. ئەڵبەت نازانم، تێ ناگەم، لە دڵەوە دەگریت یان گریانەکەت بەشێکە لەم شانۆگەرییە؟ خەڵکینە ئایا ئەمە شانۆگەرییە یان کۆڕێک بوو و سەری نەگرت؟ تکایە حاڵییم بکەن.

کەسی ژمارە بیست (ژنێک):

(لە لای سەکۆی شانۆکەوە بە ناو خەڵکەکەدا خۆی دڕ دەدا، وەڵامی کوڕە ڕۆژنامە بەدەستەکەی دەداتەوە)

ئەی کەرە، بۆ تێ ناگەیت؟ بۆ ناپرسیت کە بۆچی ئۆباما و عەرزە و دەفتەرت دەدەنێ؟

کەسی ژمارە نۆزدە:

(ڕوو دەکاتە کەسی ژمارە هەشت)

بەفراو، ئەی ئەو نامانەی شەکراو بۆ من؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

نامەی من بوون، قەتێ، بە ناوی شەکراوەوە دەمنووسین. چی بکەم وام دەزانی شەکراوت خۆش دەوێت.

دەرهێنەر و بەڕێوەبەر و ئامادەکاری گشتیی:

(بە دەم ئازار و گیاندانەوە)

بەفراو؟ شەکراو؟ ئەوەی من کامەیان بوو؟

کەسی ژمارە نۆزدە:

بەفراو، ئەی شەکراو لە کوێ پێ دەزانێت، چۆن دەتوانێت پێی بزانێت کە ڕێناس ڕێباز ڕێخاس کوژراوە؟

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

دەزانێت، قەتێ گیان، چۆن نازانێت. خۆشەویستیی ژن لە سەر زمانیەتیی. ژن بە هەست دەژی.

پیاوێکی حیزبیی (بۆینباخی سوور)

(ڕوو لە پاسەوانێک دەکات)

ئا دەی، هەر لە جێوە گولـلەیەک بە سەری ئەو قەتێ سەگبابەوە بنێ، دەنا ئەم کۆڕە پیسە هەر دوایی نایەت.

(چراکاکان هەموو دەکوژێنەوە. نزیکەی پێنج چرکە تاریکیەکی قووڵ باڵ بە سەر هۆڵەکەدا دەکێشیت و هیچ شتێک دیارنییە. تەنیا تاریکایی)

(هۆڵەکە تەواو تاریک و بێدەنگ دەبێت. لە پڕێکدا دەنگی گولـلەیەک دێت)

(بەفراو بە دەم گریانەوە)

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

دەک کوێر بم شەکراو

کەسی ژمارە نۆزدە:

(قەتێ بە دەم ناڵەناڵەوە)

شەکراو؟ بۆ شەکراو؟ قەتێم، منم، بەفراو. گولـلەیەکم پێوە نرا. پێموایە دڵمی ئەنگاوتووە، جون کەوشەکانم پڕبوون لە خوێن.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

کێ دڵتی ئەنگاوتووە؟ تۆ تازە هی منیت.

کەسی ژمارە نۆزدە:

گولـلەکە دڵمی پێکاوە کچێ. وا دەمرم. کچێ ئەمە شانۆگەریی نییە. هەر بە ڕاستیی خوێنم لێ دێت.

کەسی ژمارە هەشت (ژنێکە):

قەتێ گیان، منیش دەمانچەیەک لەمانە قەرز دەکەم و شەکراوی پێ دەکوژم.

مەلا:

(لە دوورەوە دەستخۆشیی لە سەرپاسەوانەکان دەکات)

لە خوا بەزیاد بێت، لەو ژمارە سیازدە شومەش ڕزگارمان بوو. ژمارەی چواردە ژمارەی خودایە.

کەسی ژمارە بیستویەک:

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا لای ئەوانەوە، کە بە پێوە وێستاون)

خوابتانگرێت، ئەی بێ بەڵێنەکان، مەگەر نەتانگوت بە گۆرانیەکی خۆش تەواو دەبێت؟

کەسی ژمارە یەک:

(لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا)

کورە گەوجە خۆ هێشتا دەستی پێ نەکردووە.

(لە بەشی خوارەوە هەر سیازدە کەسە لە سێدارە دراوەکان بە نەرمی دەبزوێن و قەتێش بە برینداریی لە بەردەمیاندا کەوتووە و خەریکە گیان دەدات)

پەردەکان نە هەڵ دەدرێنەوە و نە دا دەدرێنەوە.

ڕێبوار ڕەشید

١٣/٥/٢٠١٨

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز