سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / هێزی گوشار و مانەوەی دەسەڵات

هێزی گوشار و مانەوەی دەسەڵات

شوان حەسەن

بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکترى تێبگەین و بۆشایى لە نێوانمان دروست نەکەین، پێویست ناکا خۆمان لە میللەتەکەمان جودابکەینەوە. هەر چۆنیک بێت ئێمە منداڵی ئەو کۆمەڵەین، ئەگەر خۆشمان نەفرۆشتبی و کەسێکی پڕ شکۆش بین، بەڵام شکانی نەتەوەیەک بۆ شکانی تاکەکانیش دەگەڕێتەوە، مانەوە وەک کەمینە بۆ ماوەیەکی زۆر بارودۆخێکی دەروونیی خراپ دروستدەکا، مەبەستم ئەوە نیە خۆت لەگەڵ کۆمەڵگە بگونجێنی، بەڵام کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەمینە بووی، پێویستت بە بەخۆداچوونەوەیەک هەیە تا لە هۆکارەکان بگەی.

گوایە دوو مەرج دیارکراوە بۆ راپەڕین دژی نایەکسانیی و نادادپەروەریى؛ یەکێکیان هەژارییە و ئەویتریشیان هۆشیاریی، من وا هەست دەکەم ئەو پێوەرەش ئیمە ناگرێتەوە، چونکە بە واتاى وشە نە ئەو هەژارەین نە ئەو هۆشیارەش.

کوردێکی زۆر لە دەروەی وڵات دەژی و لە ژینگەیەکی تا رادەیەک  ئازاد، خۆیان و منداڵەکانیان گەشەدەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەو خەڵکە زۆرەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببن بە هێزی گوشار بەسەر دەسەڵاتى کوردى؟

– نایانەوێ لێیان تێکبچی، لەبەرئەوەی حەز بە سەردانی نیشتیمانەکەیان دەکەن.

– توانای خۆگونجانیان نییە نە لە وڵاتە ئەوروپاییەکان نە لە وڵاتەکەی خۆیشیان.

– بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی باشوور هەیە، لە مووچەوە تا دەگاتە ئەو پڕۆژانەی میللەت دادەدۆشن، دەسەڵاتیش کارێکى زۆر دەکا بۆ مانەوەی ئەو پەیوەندییە و رازییکردنیان.

–  خەڵكانێکیش هەن هەر بەسروشتی خۆیان وان کە تێکەڵ بە کێشەکان نابن و بەرپرسیاریی وەرناگرن.

– بێ هیوایی و بێ باوەڕیی لە نێوان تاکەکان و لە نێوان خەڵک ودروستبوونی حیزب و ریکخراوەکان ( بۆ نێوخۆی وڵاتیش هەر رااستە).

بە کورتیی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببنە هێزی گوشار.

لە دەڤەری سەوز تا رادەیەک ئازادیی قسەکردن هەیە، بەڵام بۆ نەکرا ئەو هێزی گوشارە لەوێ دروست ببێ؟

خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان لە بازنەی جەلالی و مەلایی.

بە بڕاوی من یەکێک لەو خاڵانەی بزووتنەوەی گۆڕانی کوشت و دەنگە یاخییەکانی ناو ئەو بزووتنەوەشی خنکاند، زیندووکردنەوە و درێژەدانینان بوو بە ململانێی جەلالی و مەلایی، لە کاتێکدا هیچ پێویستیان بەو زیندووکردنەوەیە نەبوو، چونکە ئەو تاوانانەی هەردوو باڵ کردبوویان – مەبەستم یەکێتی و پارتییە – بەشی ئەوەی دەکرد بە بەرنامەیەکی تۆکمە هەڵیانوەشێنیەوە، نەک بە بێ ئەوەی هەستی پێبکەی شەڕێک لە قازانجی لایەنێک بکەی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی گەیشتونەتە قۆناغێکی هێندە ترسناک کە دەکرێ بە ورژندانیان زۆرترین جەماوەر لە خۆت کۆبکەیەوە. لە کەسێکیان پرسی: ”بۆ خۆت بە شایەنی پۆستی پارێزگا دەزانی؟” لە وەڵامدا گوتی: ”چونکە کوڕى ئەو شارەم” ئیتر تەواو لەو شیاوتر نیە. ئەمن لەبەرئەوەی شوێنی لە دایکبوونم هەولێرە، کە لێم دەپرسن ئەرێ بۆ هەولێر راناپەڕێ؟ یەکسەر دەزانم ئەو کەسە یان ڤایرۆسی شارچیەتی لێیداوە.. یان هیچ لە سیاسەت نازانێ!

گیانە پێکهاتەی شار گۆڕاوە، تۆ سەیرێکی دەوروبەری خۆت بکە، ئایە بۆ تاران راناپەڕێ؟ بۆ دیمەشق راناپەڕێ؟ بۆ ئێستا کەتەلۆنیا داوای سەربەخۆیی دەکا، هەرێمەکانیتر پشتیوانیی ناکەن، ئایە ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ حکومەتی نێوەند نیە؟ (بنغازی)ش رزگاردەکرێ کەچی هیچ  خۆپیشاندانێک لە تەرابلوس ناکرێ، سەیرەکە لەوەیە لە هەر کوردێک بپرسی دەیان هۆکارت بۆ پایتەختی ئەو وڵاتانە بۆ دێنتەوە، بەڵام نایەوێ لەبارودۆخی پایتەختەکەی خۆی بگا (ئەمە ئەگەر بە پایتەختی خۆشی بزانێ!).

ئەوەی کە هەولێرى داگیرکردوە و نایەڵێ خۆپیشاندان بکرێ تەنیا پارتی نییە، بەڵکو کۆی ئەو حیزبانەن کە لە گۆڕەپانەکەدا هەن، چونکە بەرژەوەندەییان  لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستەمەیە. بۆیە ئەوانەی باسی راپەڕینی شاری هەولێر دەکەن خۆیان تووشی هەڵەیەکی گەورە دەکەن، واتە لە روانگەی  شارچیەتی و ناوچەگەرییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکەن، چونکە راپەڕینی ئەو شارە پەیوەندیی بە فەرهەنگی ئەو شارەوە نییە، بەڵکە بۆ چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، لە لایەکیتریش بۆ  هەلپەرستیی ئەو هێزانە دەگەڕێتەوە کە گوایە بەرهەڵستکارن.. رێگرییان لە شکاندنی کۆدی ئەو تۆقە کرد.

دیارە لە دەڤەری زەرد  مەترسییەکی دیکەش هەیە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و دابڕاندنی بادینانە لە سۆران، ئەو مەترسییە گەورەیە گەیشتۆتە ئاستێک کە لەگەڵ ئەوەی هەولێریش لە ژێر دەسەڵاتی رەهای پارتی دایە.. کەچی هێشتا رێ نادا ئەو سنوورە بشکێ و ئەو تێکەڵییە دروست ببێتەوە.

کە باسی گوشار دەکەین ناکرێ ئاماژە بە دەسەڵاتی نووسەرانیش نەکەین – کە هەندێک جار بە رۆشنبریش ناویان دەبەین – نووسەران پەرژینێکی پۆڵاینیان دروستکردوە بۆ پارستنی ئەو سیستەمە.

رێگرییکردن لە دروستبوونی نەوەیەکی نوێ.

ئەوەی نەیەتە ناو بازنەی دەسەڵات یان سێبەری ئەو دەسەڵاتەی بەسەرەوە نەبێ ناهێڵن دەربکەوێ و بناسرێ، لە گۆڤار و رۆژنامەکانیان گرنگیی پێنادەن، تەنیا گرنگیی بەوانە دەدەن کە رێز لەوان دەگرن.. ئەگەر ئەوانی پێ نووسەر نەبێ ئەوە بە نووسەریان دانانێن!

هێزی دەرەکیی.

ئێمە لەبەرئەوەی میللەتێک نین فێری داواکاریی بووبین – دیارە ئەو دۆخە بۆ کۆی ناوچەکەی ئێمەش هەر راستە – بۆیە دەبینین گۆڕانکارییەکانیش لە دەست هێزە دەرەکییەکانە، لەبەرئەوە لەو کوردستانەی خۆشمان ئەوانەی ئەو دەسەڵاتە دادەنێن و پەسەندیان دەکەن هێزە دەرەکیەکانن، دەسەڵاتدارنیش بۆ ئەوەی بمێننەوە کار لەسەر شکاندنی شکۆمەندیی تاکەکان دەکەن، چونکە ئەگەر کار لەسەر دروستکردنی خواستی میللەت بکەن ئەوە لە دەست هێزە دەرەکیەکان دەردەچن، بۆیە کۆی ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی خەڵکە دڵسۆزەکە پێشکەشی دەسەڵاتەکەی خۆیان دەکەن.. نەک بە هەندی وەرناگرن بەڵکە کار لەسەر تێکدانیشیان دەکەن، ئەمەش بەو ئامانجەى تا وابەستەییە نیشتیمانییەکەت لێبستینەوە و هەست نەکەی تۆ بەشێکی لەو نیشتمانە، لە لایەکیتریش  بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە نەکەوێتە سەر رێڕەوێکی باش.. دامەزراوەکان تێکدەشکێنن و لە جێیدا دامەزراوەی حیزبیی و خێڵەکیی لە شوێنیان دادەنێن، بۆیە تۆ کە دەڵێی ئەوهایان بکردبایە یان ئەوها بکەن.. لە راستییدا هیچ نییە جگە لە قسە.

کەمێک بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، زۆرینەی چەپ و پێشکەوتنخوازانی رۆژەڵاتی ناوین دۆستایەتییەکمان بۆ خۆمان دروستکردبوو، بەڵام لە رووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی ئێمە هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی نەبوو، ئەو دۆستایەتییە لەگەڵ ئەو هێزە گەورە بوو کە پێی دەگوترا یەکێتیی سۆڤیەت.

یەكێتیی سۆڤیەت هەر لەسەرتاوە سەرقاڵی پاراستنی ئەو کۆمارانەبوو کە یەكێتییەکەی پێ دروستکردبوو، پاشان لە جەنگی دووەمی جیهانیی بە یەکجاریی پشت لە رۆژەڵاتی ناوین دەکا و لە خەمی پاراستنی ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەبێ کە لە جەنگدا داگیریان کردبوون. ئەوەی یاری بە چارەنووسی رۆژەڵاتی ناوین دەکرد ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بوون. خەڵکە چەپ و پێشکەوتنخوازەکە خۆی بە دۆستی سۆڤیەت دەزانی و سۆڤیەتیش بە پشتیوانیی خۆی دەزانی، دەسەڵاتەکەشی دەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەو سێ وڵاتە زلهێزە و بەرە بەرە بە تەواویی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوان.. ئیدی ئەوانیش هەر چیان لە دەست بێ بۆ تاواندنەوەی ئەو هێزە پێشکەوتنخوازانە کردیان، کەواتە ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە ناو یارییەکی دۆڕاودا بووین.

هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بووین رێک پێجەوانەی ئەو بارودۆخەی کە خۆمان هەمانبوو، حیزبێکی شیوعی بە گوێرەی ئایدیۆلۆژیایەکەی دەبا خەباتی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات بێ، کەچی دەبینی کۆی مێژووی ئەو حیزبانە زیاتر وەک حیزبی ریفۆرمیست خۆیان نمایش دەکرد، هەر ئەو ئاوەز و تێڕوانینە بە ناو چەپەش ماڵی کورد وێران دەکا و لە مافە رەواکەی خۆی دووری دەخاتەوە، بۆ نمونە دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەیخاتە بازنەی رازییبوون وەک هاوڵاتییەک لە وڵاتێک کە داگیرکراوە، بەو هزرە وەک خەباتکارێک هەنگاوەکانت سنووردار کراوە و هەموو کات چاوەڕوانی دانوستانی لە گەڵ نەیارەکانت، دانوستانەکانیش پتر لەسەر دابەشکردنی ماف و خاکی هاوڵاتییانی خۆمان بووە، تا ئێستاش هەرئەو ئاوەز و تێڕوانینە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوەیە دەکا.

بێگومان پەکەکەش لە باشوور لە دروستکردنى جێگرەوە شکستى هێناوە و چەندان حیزبی بێ دەرئەنجامی دروستکرد و سەرنەکەوتنی ئەو حیزبانەی پەکەکەش دروستیکردن کاریگەریی نەرێنیی لە ناو خەڵک جێهێشت و نەیتوانی ببێتە هێزی گوشار، من تا ئێستا هیچ خوێندنەوەیەکی بەخۆداچوونەوەی پەکەکەم نەبینوە دەرهەق بەو هەڵانەی کردوویانە لە پرۆسەی رزگارکردنی باشوور، بەڵام دەرئەنجامەکەی دیارە، خەڵکانێک هەن هیوایان پێیەتى ببێتە جێگرەوەی ئەو بارودۆخە.. ئەوەش وەک پەکەکە نەك وەک ئەو رێکخراوانەی لە باشوور دروستیکردن.

گشتپرسیی ئەوەی سەلماند کە هێشتا خەڵکەکە هیوایەکیان بەو دەسەڵاتە ماوە، زۆربەی ئەو بەڵگە و نووسینانەی پێشتر دەرهەق بەو دەسەڵاتە گوترابوو دەرکەوت کەمترین کاریگەرییان هەبوو.

کەواتە پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە چۆن ئەو  دەسەڵات دەڕووخێ کە هێزی گوشار نەبێ؟

ئەو رستەیەى کۆتاییم لە رەشبینیی نییە، بەڵکە پرسیارێکە بۆ دەرچوون لە رەشبینیی.

دوو تێبینیی بچووک: یەکەم قسەکانم تایبەتن بە باشووری وڵات، دووەم بۆیە ئاماژەم بە لایەنی دینیی نەکرد چونکە دین هەرگیز لە کوردستان  نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی گوشار، بەڵکە پتر خۆی لە گەڵ دەسەڵاتەکان گونجاندوە، ئەوەشمان لەبیرنەچێ کورد وەک نەتەوە ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک سوود لە دین وەربگرێ، چونکە یا دەبێ لە بەرەی سونە خۆی بتوێنتەوە یاخود لەبەرەی شیعە، ئەوەش دەرئەنجامەکەی دیارە بەرەو کوێى دەبا.

ده‌رباره‌ شوان حه‌سه‌ن

Profile photo of شوان حه‌سه‌ن

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سەدەی بیستەم، سەدەی رووداوە دەگمەنەکان

هاشم كه‌ریمی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا هەم گەورەترین دەسکەوتی لەبواری پێشکەوتندا مسۆگەرکرد، و هەم بە …

پێویستی بە “فێمینیزمێکی هاندەر” لە نێو ژنانی کورددا

رۆیا تلوعی کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵگایەکی سەرکوت کراوە، بەڵام کێشەکە هەر …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز