سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / مردنی ئایەتوڵاکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران

مردنی ئایەتوڵاکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕێبوار ڕەشید

لە سەردەمی دە ساڵەی حوکمی ئایەتوڵا خومەینیی دا گەلانی ئێران ڕۆژگەلێکی ڕەشیان بە سەر برد. سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و نەتەوەیی پەرەی ستاند و کرا بە ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت.

بە هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و خەڵکانێک کە نەیاندەوسیت ببن بە بەسیج و پاسدار و خاهەر زەینەب، خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران، بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی ستاند.

هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندیی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتییە لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە باشوور کە دیارە لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆیەوە ئەنجام درا. لە ٢٨ ساڵی دەستبەکاربوونییدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کران.

خامنەیی رابەری رەسمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سپا و بەڕێوەبەری رەسمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکوو کاری تێرۆریستیی کراون.

خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی “هۆلۆکۆست” (کوشتاری جووەکان لە شەڕی دووەمی جیهانی بەدەستی هیتلەر) دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە بە پارەوپول و بە ژیانی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور درێژە پێ دەدا.

ئایەتوڵا خومەینیی بوو کە فەرمانی بە ڕاوەدوونان و گرتنی بەهاییەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانیان دا، بەڵام ئایەتوڵا خامنەیی و ئایەتوڵا رەفسنجانیی و ئایەتوڵا گوڵپایەگانی بوون کە پرۆژەی گرتن و ئازاردان و کوشتنیان، بە مەبەستیی دەرکردنیان لە ئێران، کرد بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی دەوڵەت. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی، بە بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشآری کۆمەڵایەتیی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپبوون.

خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاش ئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە کوردستان و لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەرێوە دەچێت، هەروەکوو چۆن مستەفا چەمران، بکوژی خەڵکی کوردستان و تیرۆرکەری نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و دەیانی دیکە لە گیانبەختکردووان بوو، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بەپیادەکردنی ئەو مەرگانەیە کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە. خامنەیی وەسیەتی ژیانکردووی ئایەتوڵا خومەینییە، درێژەی سەرکەوتووی ئەو پرۆژەیەیە کە ئایەتوڵا خومەینی دەستی پێ کرد.

جێی داخە و وەکوو بیرەوەریەکی تاڵ لە زهنماندا دەمێنێتەوە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خەڵخاڵیی و بەهەشتیی، موسەویی تەبرێزیی، حەسەنی و بە دەیانی دیکە، ئاسایی دەمرن بێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگایییان بکات و سزای دروست و حیسابیان بە سەردا بسەپێنێت. بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین ئێسکوپرووسکی ئەوانە لە دادگادا دابنێین و لانی کەم سیمبولیک دادگاییان بکەین. مەسەلەکە تۆڵەستاندنەوەیەکی کۆنەپەرستانە نییە، بەڵکو گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە بکوژان و تاوانباران بە رووڕەشیی لە مێژوو و لە بیرەوەریی زیندووی مرۆڤدا دەمێننەوە، هەروەکوو چۆن بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادیی و پێشکەوتووخوازیی بە نەمریی و شانازیی لە دڵماندا هەڵ دەگرین.

مردنی خامنەیی کۆتایی بە بەشێکی خوێناوی لە مێژووی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت، بەڵام تەواوی ئەو ماری تیرۆریزمە ئیسلامییە جۆرەکانی ئیسلاحتەڵەبی فەرمیی و سەوزی گوایا ئۆپۆزیسیۆن دەگرێتەوەکە دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوانی ئێران کەمتر سوور نییە.

ئەوانەی ئەوڕۆ لە کوچە و کۆڵانەکداندا بە زگی برسیی و بە گیرفانی خاڵیی و بە هیوا و ئاواتی لە گڵنراوەوە گیانیان بە خت دەکەن، شایستەی هەموو جۆرە پشتگیریی و هاوسەنگەرییەکن. دەبێت ئەوی لە دەستمان بێت بیکەین تا تینی ژیلەمۆی شۆڕش تەنیا بە سووتاندنی تیرۆریزمی ئیسلامیی دەوڵەتیی دابمرکێتەوە.

جێی داخە، ئاخ هەزار ئەفسوس کە ئەم داری ئازادییە لە هەندێک شوێنی دونیادا هەر دەبێت بە خوێن ئاو بدرێت!

بەو هیوایەی مردنی فرە درەنگکەوتووی خامنەیی کە لە مێژە وەختی هاتووە دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین بکات. هەر لە ئێستاوە جێی خۆیەتی ئەوانەی بە جددیەتەوە لە سیاسەت دەڕووانن ئاوەڕدانەیەکی دروست لە ڕابردووی پڕ هەڵە بدەنەوە و دەست بە باسێکی خەسەراناسیی خۆڕەخنەگرانە بکەن تاوەکوو سەرئەنجام بتوانین بە تەبایی و هاوکاریی و هاوسەنگەریی و بە قازانجی ئێران و ڕۆژهەڵات و تەواوی کوردستان ئەم قۆناخە تێ بپەڕێنین.

لەم سەرهەڵدانەدا موجاهیدەکان و حیزبوڵاکان و سەڵتەنەتتەڵەبەکان دژ بە بەرەی دیموکراتیکی خەڵکن. ئێرانی ئێستا بەرهەم و زادەی هەبوونی ئەوانە. پەیامی ئەوانە تاکپەرستیی و نەتەوەپەرستیی و یەکتاپەرستیی و پیاوسالارییە کە جێی هیچ جۆرە دیموکرات و سۆسیالیست و سیکولاریست و فێمێنیست و پێشکەوتووخوازێکی تێدا نابێتەوە. بەڵام هەروەها جۆرەکانی چەپی ناجیددیی و چەپی پەڕگیر و چەپی رۆمانسیی و شۆڕشگیڕی جیهانبگۆڕ ـیش هەن و دەبن کە دەتوانن زەرەر لە بەرەی دیموکراتیکی خەڵک بدەن، هەروەکوو چۆن بازرگانانی شەڕ و دووکاندارانی حیزبیی و مەقامپەرست و هەلپەرست هەن کە هەوڵ دەدەن بێنە سەر خوانی ئامادەکراو. لەبەرئەوە چەندە تینووی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە تیرۆریستەین دەبێت بە هەمان شێوەش تینووی چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی گشتگیریی پلورالیست و سیکولاریست بین. ئەو هێزە لە ئێستای ئیراندا هەیە، هونەر کۆکردنەوە و ڕێکخستنیەتیی. دەبێت چاو و سەرنجمان تیژ بێت!

ئاسمانێک لە گوڵ پێشکەش بەوانەی تا ئێستا گیانیان سپاردووە و ئەوانەی لە داهاتوودا لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت دەکەن.
٢/١/٢٠١٨

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سۆری برا ئەرمەنیەكان، بابەتێک لەسەر شەراکەتی کورد لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا

عەلی مەحمود محەمەد كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە …

ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵێک هێناوەتەپێش؟

شێرکۆ کرمانج بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی تورکیا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ ئەنجامبدرێن …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز