سه‌ره‌تا / ئه‌زموونی خه‌بات / لە یادی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان

لە یادی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان

 

تێبینی ماڵپەڕی هەڵوێست

ئەمڕۆ ١٩ی مانگی ٦ زایینی ساڵیادی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەری باشووری کوردستانە کە بەشداریی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد(١٩٤٥-١٩٤٦) بوون. بەو بۆنەوە رێزدار شاسوار هەرشەمی بابتێکی نووسیوە کە هێندێک زانیاریی نوێ لە خۆی دەگرێت.

هەندێک زانیاری تایبەت:

١ – ئەفسەرانی شەهید موحەممەد قودسی، خەیڕوللا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو، عیززەت عەبدولعەزیز، لە سالی 1946، لە باشوری کوردستانەوە، چوون بۆ ڕۆژهەلات و لە کۆماری ساوای کوردستان له‌ موکریاندا، به‌ تواناو شاره‌زایی خۆیان له‌ بواری سه‌ربازیی، لە دامه‌زراندنی لەشکری کوردستان به‌شداریان کرد. تەمەنی کۆمارە ساوایەکە، تەنها 11 مانگ بوو. ئه‌وان به‌ هۆی نێوان تێکچوونیان له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا، نه‌چوونه‌ ناو خاکی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ ئێڕاق دواتر پۆلیسی ئێڕاقیی، بە هاوکاری بەریتانیەکان، گرتنیانن و بە تاوانی یاخی بوونیان لە سوپای عێراق و بەشداری کردنیان لە هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە ١٩ی جونی، یان حوزەیرانی ساڵی 1947 لە شاری بەغدا لەسێدارە دران.

٢ – خەیڕوللا عەبدولکەریم خەڵکی هەولێر بوو. خۆی لە بنەچەدا، لە بنەماڵەی (شێخ عوبەیدوللای نەهری) بوو. واتا خەڵکی نەهری ناوچەی هەکاری بوو. بەشێک لە خزمەکانی، دانیشتووی شارۆچکەی (بەندێ) ی نزیک شاری (ورمێ)ن. ساڵی ١٩٨٩ز، لەگەڵ کاک ئومێدی فکری ساعەتچی، لە شاری (نەغەدە) ئاشناییم لەگەڵ (لێپرسراوی پۆلیسی نەغەدە، پۆلیسی شەهرەداری) پەیدا کرد، کە ئامۆزای کاک ئومێد بوو. ئومێد هەولێری و بەڕێوەبەری پۆلیسیش، خەڵکی ئەوێ بوو، کە تەنیا بە فارسی و تورکی، دەیزانی بدوێت. لە کاتی دوان، گوتی من کوردم و لە نەوەی شێخانی نەهریم. ئەو گوتی کە خەڵکی (بەندێ)یە. هەروەک دوای ئەوەی چوومە بەندێ و بینیم تەنیا پیرەکان بە زاراوەی شکاکی دەدوان، ئەوانەی کە گەنج بوون، هەموویان بە تورکی دەدوان. پیرەکان پێیان گوتم کە خەڵکی شارەکە گشتی کوردن و تەنیا چوار ماڵە عەجەمی لێبوو. گەنجەکانیش لە وەڵامی باری میللیاندا، دەیانگوت ئێمە (سوننە)ین. داخم خوارد کە کچێک پێی گوتم بە هۆی سوننی بوونیەوە، لە زانکۆ وەرنەگیراوە. دیارە شێخانی نەهری (سەید تەهای شەمزینی) لە ڕواندزیش هەبوون.

٣ – چوار شەهیدەکە، لە ڕاستیدا پێنج بوون. بەکر حەوێزی ئەفسەریش، لە هەموو گەشتی کۆمار، تا بڕیاری مەرگ، لەگەڵیان دابوو. هەندە هەیە ئەو خۆی بە دەستەوە نەدا. تا بارو دۆخەکان گۆڕان، بە خۆشاردنەوە لە دەشتی کۆیە مایەوە. ژنی بەکر حەوێزی خوشکی (مامجەلال تاڵەبانی) بوو .

٤ – مستەفا خۆشناو برای (هیچ تەنی) بەکر حەوێزی بوو. هیچ تەنی چیە؟. مستەفا خۆشناو لە ساڵانی سەفەربەرلک، یان سەردەمی قات و قڕی شەڕی یەکەمی جیهانی، بە هەتیوی لە دایکێکی هەژار، لە بێتواتە لەدایک بووە. دایکی هەڵی دەگرێت و دێتە کۆیە. لەوێ لەبەردەم کۆسپی ماڵی حەوێزی فڕێی دەدات، بەڵکو هەڵیبگرنەوە و لە مەرگ ڕزگاری بکەن. ئەو لەو ماڵە و لەگەڵ بەکر پێکەوە دەخرێنە بەر خوێندن و پێکەوەش وەک برا گەورە دەبن. پێکه‌وه‌ش ده‌چنه‌ کۆڵێژی سه‌ربازی و ده‌بنه‌ ئه‌فسه‌ری سوپا.

٥ – ئەو ئەفسەرانە هەموویان بەری سەردەمی کورتی دەستەڵاتی (بەکر سیدقی) بوون، کە لە ساڵی ١٩٣٧ بە کودەتایەک دەستەڵاتی بەغدای کەوتە دەست. سیدقی ژمارەیەک خوێندکاری کوردی، خستە کۆلێژی سەربازی، کە زوربەیان دواتر بوون بە ئەستێرەی درەوشاوەی کوردستان.

٦ – لە سەردەمی پێشمەرگایەتییمدا، لە ساڵی ١٩٨٢ز هاتمە گوندی سەرسەوزی (وەرتێ)، کە ئێستا ناوەندی ناحیەیە. ئێوارە لە ماڵەکان دابەش بووین تا نانی ئێوارەمان بدەنێ. من بەر ماڵێک کەوتم. لە دەلاقەی دیواری پشت سەرمدا، چەند کۆنە کتێبێک هەبوون. منیش دەستم بۆیان درێژ کرد و سەیرێکم کردن. یەکێک لەوانە گۆڤارێکی سەربازی بوو. کە پەڕەی یەکەمم هەڵدایەوە، بینیم بە دەستخەت ناوی (موحەممەد قودسی) لەسەر نوسراوە. دڵنیا بووم کە ئەو گۆڤارە هی ئەو بووە و نوسینەکەش دەستخەتی خۆیەتی. داوام لە خاوەنی کتێبەکە کرد، گەر بمداتێ. بە خۆشیەوە لێم وەرگرت. دواتر بەهۆی هاتوچۆ و دوورکەوتنەوەم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەڵگەنامە، لە گوندی (سەرنەوسی دۆڵی خانەقا) لە ماڵێکم دانابوون. درەنگتر هێزێکی دوژمن هاتبوونە دۆڵەکە، ماڵەکەش لە ترسان، هەموو شتەکانی منیان فڕێدابووە ناو چەمەکەی دێ. کاک مەغدیدی بەرگدروو، هەندێکیانی لە ناو ئاو دەرهێنابوو، بەڵام یادگاریەکەی قودسی سەری تیاچوو.

٧ – وه‌سیه‌تی هاوبه‌شیان، که‌ به‌ ده‌ستخه‌ت ماوه‌ته‌وه‌ و تەنیا 14 سه‌عات پێش له‌سێداره‌ دانیان، به‌ ئیمزای هه‌ر چواریان ئاماده‌ کراوه‌، سوور بوونه‌ له‌سه‌ر (دژایه‌تی کردنی جه‌هاله‌ت). ئه‌وان تێگه‌یشتن که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م، جه‌هاله‌ت و دواکه‌وتویی خێڵه‌کیه‌، نه‌ک دوژمنی داگیرکه‌ر، هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رنه‌که‌وتنه‌کانمانن.

ده‌رباره‌ شاسوار هەرشەمی

Profile photo of شاسوار هەرشەمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

رووداوه‌كانی مه‌ریوان له‌ ساڵانی ١٣٥٧_ ١٣٥٨ و هه‌ندێك تێبینی‌!

تێبینیەکی کورتی هەڵوێست لەسەر ئەم بابەتە خوێنەری هێژا، ئەوەی لەبەردەستت‌دایە بابەتێکی دوور و درێژیی رێزدار …

ئایا دەبینە یەكەم قوربانیی ریفراندۆم لە جیهاندا؟

ریفراندۆمی كوردستان وەك سندوقی باندۆرای لێهاتووە, دەڵێی هەموو شەڕ و نهامەتیەكانی مرۆڤایەتی لەوێدا هەڵگیراوە, دەڵێی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز