سه‌ره‌تا / ئه‌زموونی خه‌بات / لە ماتەمینیی رێزدار “سارمەدینی سادق وەزیری” ی مەزن دا

لە ماتەمینیی رێزدار “سارمەدینی سادق وەزیری” ی مەزن دا

عەزیز ماملێ

قەڵەم تازیەبارە و کاغەز ماتەمینی گرتووە، کتێب و رۆژنامە شێن دەگێڕن، ئاخر ئەمەگناسێکی گەورەیان لەدەسداوە. کەسێک کە باشترین پێوەندیی لەگەڵیان هەبوو و بە درێژایی تەمەن هاتووچوویانی کرد. دۆستایەتیی نێوانیان قووڵ و بەردەوام بوو. ئەوینداری یەکتر بوون و پێوەندیەکانیان لە قووڵایی کۆمەڵگە رەگیان کوتا و بەریان گرت، بەرهەمی ئەو پێوەندیە مرۆف دۆستی، ئەخلاق و هەوڵ بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەریی بوو.

دادوەر(قازی)ی بوێری تاران، پارێزەر(وەکیل)ی بە ئەزموون ، سیاسەتوان و تێکۆشەری ماندوونەناس، سارمەدینی سادق وەزیری کۆچی دوایی کرد.

کۆمەڵگەی سیاسی و حقۆقیی ئێران و کوردستان خەم دایگرتوە، ئازادیخوازان و پێشکەوتنخوازان، دۆست ، هاورێ و هاوبیرێکی جێگای ڕێز، بەئەزموون، پێشکەوتنخواز و ئەرک وەخۆگریان لەدەسداوە. لێرە ناتوانم سیاسیە و کارنامەیەک لە تایبەتمەندیەکانی ریز بکەم. دەرەتان تەسکە، مەودا تەنگەبەر و خەم تەشەنای سەندوە. لەم هەلە دا هەر دەتوانم بەکورتی ئاماژە بە تایبەتمەندی و سەرمایەی دەوڵەمەندی فەرهەنگی سیاسی، حقوقی و کۆمەڵایەتیی بکەم.

لە بواری “قەزا” دا خۆشناو و لە مەیدانی سیاسەتدا ئەوپەڕی بڕوا و خۆشناوی. هەموو ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی لە بواری پێشە و لە باری رێکخراوەییەوە بەو پەڕی کارامەیی ڕادەپەڕاند. قورس و قایم پێبەند بە بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بوو، لە بەرابەر هیچ داگیرکەر و ستەمکارێکدا داینەنواند، خاوێن ژیا و نوێنگەی پاکی لە ئەخلاق مایەوە.

لە رووبەرووبوونەوەی رووداوەکان گەرچی پێی لەسەر عەرز بوو، بەڵام سەری لە ئاسمان و بۆ بیرۆکە سیاسی‌یەکان و گەران بۆ ئامانج، کاکڵەی ئیدە و دۆزینەوەی رێگاچارە بوو. ئیدە و رێگەچارەیەک کە هەڵقوڵاوی راستیەکانی کۆمەڵگە بوون.

لە سیاسەت دا هیچکات ئەدەب و پاراستنی حورمەتی لەبیر نەکرد و پێ بەند بە رێوورەسمی ئەخلاقی و ئینسانی بوو و بە مەتانەتەوە لەو بوارانەدا هەڵسوکەوتی دەکرد. تێگەیشتوویی و زانستی خۆی لە خزمەت ئامانجەکانی دانابوو و ئامانجی مرۆڤدۆستی و خزمەت بە کۆمەڵانی ستەملێکراو و مافخوارو بوو. ئەویندار و عاشقی سەوداسەری دیموکراسی بوو و بە تەنیا هەڵبژاردەی بۆ چارەسەریی کێشە سیاسی و ئیدارییەکانی ئێرانی دەزانی، بە تێفکرینەوە دژی سەرەرۆیی و دیکتاتۆریی خەباتی کرد و لە بوارەدا بڕیاری ئیعدامی بۆ دەرچوو.

وەک مرۆڤێکی شەریف، بوێڕ، دیار و تێکۆشەر لە لای هەموو کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراوە پێشکەوتنخوازەکان و کەسایەتیە دێموکرات و شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی ئێران لە نزیک بە یەک سەدەدا ، رێز و حورمەتێکی زۆری بۆ خۆی دەستەبەر کرد. دڵی هەمیشە لای خەڵک بوو، رێزی لە کۆمەلگە دەگرت و بۆ ئەو مەبەستەی(خەڵک خۆش ویستن و رێزگرتن لە کۆمەڵگە) لە خۆبوردوو بوو و تاوان ێکی زۆریشی بۆ دا. لە رێگەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئازادیخوازانە و بەرابەری خوازانەکانی حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا. لەو بوارەدا ترس لە ئیعدام و دڵەراوکێی لەدەسدانی کار و هەلومەرجی بنەماڵەیی لای گرنگ نەبوو و هیچکات تووشی ڕارایی نەهات.

لە بواری “قەزاوەت” (وەک قازی و دادوەر) و پارێزەر(وەکالەت) لە مافی خەڵکی ستەم لێکراو و لە “داد”(عەداڵەت) دیفاعی کرد و لە مەیدانی سیاسەتدا، داکۆکیکاری ستەملێکراوان و بەشمەینەتان بوو. بە سەرنج و دەسپاکیەوە، بە بوێری و لەخۆبوردوویی هەموو بەڵێنەکانی خۆی لەو بوارانەدا بە ئەنجام گەیاند. دادوەری (قەزاوەت) و پاریزەر(وەکالەت) و سیاسەتی لەو پەڕی سەداقەت و  سەلامەت و حەکیمانە و عالمانە رەچاوکرد و لە گەل خەبات بۆ ئازادی، بەرابەری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پێکەوەی گرێدان.

هێژا سادق وەزیری نوێنگەی تێکۆشان و خەبات بۆ مافە دێموکراتیکەکانی خەڵک لە سەردەمە مێژووییەکاندا بوو.ئەو بە مێژووی زیندووی ئێران و کوردستان دەژمێردرا. ژیانی٩٠ ساڵی ڕابردووی هاوکات بوو لەگەل رووداوە گرنگ و چارەنووس‌سازەکان لە ئێران و کوردستان. بەشداری و چالاکیەکانی هەر لە خەبات و ڕاپەرینەکان لە ساڵەکانی ٢٠ و ٣٠ ـەوە تا بەشداریی چالاک و گشت لایەنە لە شۆڕشی ٥٧، دەبێ بە شانازیی و سەربەرزیەوە چاولێبکرێن. لە هەموو ئەو سەردەمانەدا لەوتار و نووسین و کردارەکانی دا بلیمەتی لە کەسایەتیی و لێبڕاوی و بەردەوام بوونی لە ئاستێکی بەرز دا لەخۆی نیشان دا. لە کۆڕی ئازادیخوازانی ئێراندا باسی گۆڕانکاریی دێموکراتێکی لە دەسەڵاتی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی وڵات هێنایە ئاراوە و بانگەشەی بۆ کرد. پێ ئەسپاردنی پلە و پۆستی هەستیار و بەرپرسایەتیی گرینگ لە دامەرزاوەکانی وەک کومیتەی ئازەربایجان – کوردستان و کۆمەڵەی خەبات دژ بە ئیستعمار، هەروەها هەڵبژاردنی وەک ئەندامی بەڕێوەبەریی کانوونی وەکیلانی دادگوستەریی ئێران، دەرخەری ئەوپەڕی بڕوای هاوخەبات و هاوکار و هاوپیشەکانی لە لایەک و نیشانەی لووتکەی شیاو بوونی بۆ بەرێوەبردنی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکان بوو. قسە مێژووییەکانی لە زانکۆی تاران لە هەڕەتی لاوێتی لە تەنیشت دوکتور موسەدێقەوە، لە کاتی رووداوی مێژویی گەڕانەوەی دوکتور موسەدێق بۆ پارلەمان(مەجلس) کە بوەهۆی بریندار بوونی، نیشانەی توانایی، کارزانی و تایبەتمەندیی بایەخدار بوو لە کەسایەتیدا.

لە “کانوونی وەکلای ئێران” و لە کۆڕی پارێزەرانی پێشڕەودا لە بنەمای “سەربەخۆیی قوەی قەزاییە” و هەروەها دامەرزان و پاراستنی سەربەخۆیی “کانوونی وەکلا” پشتیوانیی کرد. لە پێکهاتنی” جەمعیەتی حقوقدانانی ئێران” کاریگەریی هەبوو کە لە دامەرزێنەرانی بوو.لە سەرهەڵدان و دامەرزانی “جبهەی دمکراتیک ملی” بەشدار بوو. هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی بە بێ هیچ خۆدەرخستن و خۆپەرستیەک ئەنجامدا.

هێژا سادق وەزیری دروست و ئاگاهانە “شوێن و قورسایی بزووتنەوەی نیشتمانی – شۆڕشگێڕانەی کوردستان‌ی لە بواری گشتیی بزووتنەوەی شۆڕاگێڕانەی ئێران”دا بە بایەخدار دەزانی و”ڕاستیی تاڵی دەرکی هەڵە یا تەم و مژاویی ڕێکخراوە پێشکەوتنخواز و شوڕشگێڕەکانی ئێران لە ئاستی دا”وەبیر دەهێنایەوە و هەمیشە لە سەرئەوە پێداگر بوو کە :”بەردەوامیی حەرەکەتی شۆڕشگێرانە و دێموکراتیک لە سەرانسەری ئێران لە پێوەندیی راستەوخۆ و نزیک و بەردەوام  و مانەوەی بزووتنەوەی نیشتمانی – دێموکراتیکی کوردستان دایە”. وەک دیتمان رووداوەکانی پاشتر راستیی فێکر و هەڵسەنگاندنەکانە ژیرانەکانی سارم خانی سەلماند.

رێزدار سارم خان، بە سەرنج و وردبینی‌ و لە روانگەی زانستی سیاسیی مودێڕنەوە بزووتنەوەی کوردستانی بە “نیشتمانی – شۆشگێڕانە” ناو هێنا و وەک راستی‌یەکی تایبەتمەند هێنایە ئاواوە کە لەهەلومەرجی دیاری مێژوویی لەم سەردەمەدا، ئامانج دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردە لە چوارچێوەی ئێرانێکی سەربەخۆ و ئازاد دا. چەندەش زانایانە و ژیرانە لە بەرابەر ئەوانەی کە دژی بۆچوون و بیرۆکەکەی راوەستان و نووسین یان لەسەر بڵاوکردەوە راوەستا و وەڵامی کونجاوی دانەوە. وەک دەبینین لە کتێبی”رێگا رێگای دێموکراسی‌یە” لە وەڵامی نووسەرێک کە لە بابەتێکدا بەناوی” رێگە لە کام لایە” و دژایەتیی روانگەکانی لەسەر داکۆکی لە دێموکراسی و مافی نەیەوەیی کردبوو، ئاوا دەڵێ:

“تەنیا رێگا، دێموکراسی‌ ڕاستەقینەیە، ئەویش بە زەمانەت کردنی ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵک بتوانن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە بوارەکانی نیشتمانی، تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستی‌یەکانی ئێران و دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەلایەتیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی وەک کورد، تورکمەن، بەلووچ، عەرەب و ئازەربایجانی؛ بەبێ دەستەبەر بوونی ئەو مەرج و ئەوهەلە کە باسکرا، هەرچەشنە قسەیەک لە دێموکراسی و فرەچەشنی و شتی لەو بابەتە قسەگەلێکن بۆ لە خەو خستن(خاپاندن)ی بەشمەینەتان ونەتەوە ستەملێکراوەکان. ئاخر کاتێک نووسەر خۆی دەڵێ: بەشی هەرە زۆری هێزی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکان و هەروەها فابریک و دامەرزاوەکانی بەرهەم هێنان لەدەستی دەوڵەت دان، کاتێک بەڕێوەبەران و کارگێڕان و بوروکراسی حاکم بەگشتی لە یەک نەتەوەن، کاتێک ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان لەباری ئابووری و فەرهەنگیەوە دواکەتووترلە ناوچەکانی دیکەی ئێرانن، چۆن دەتوانرێت بەبێ رەچاوکردنی مێکانیزمی تایبەت کە ئەو نابەرابەریانەی کورد و بەلووچ قەرەبوو بکاتەوە و مافی هەردوو گەلی کورد و بەلووچ دەستەبەربکات، تەنیا بە گەمەی زۆرینە و دەستاودەست کردن دڵ خۆش بکەین؟”

جەمعیەتی کوردانی دانیشتووی ناوەند(جمعیت كردهای مقیم مركز)ی لە تاران دامەرزاند و رۆژنامەی برووسکە و سدای مەعاسری بە هەوڵ و تێکۆشانی کەم وێنەی خۆی، کردە سەنەنگەری دیفاع لە بزووتنەوەی کوردستان لە بەرابەر هێرشەکانی پاسدارانی کۆنەپەرستیدا. رێکخراوە سیاسی‌یەکان بە رێزی تایبەتەوە دەڕوانینە کەسایەتیی ئەم گەورە پێاوە و لە رێنوێنی و راسپاردە داهێنەرانەکانی کەڵکیان وەردەگرت.

رێزدار سارم خان هەمووکات پێویستیی یەکێتی رێبەریی سیاسی – نیزامی بۆ راوەستان لەبەرابەر شەڕی سەپێندراوی بازرگان و خومەینی و مەلاکانی تاران بەسەر کوردستان، وەبیر حیزب و رێکخراوە کوردیەکان دەهێنایەوە. هەوڵ و تێکۆشانی بەرێز سادق وەزیری و هاوکات داخواز و زەختی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەست بە بەرپرسایەتیی هێزە سیاسی‌یەکان و تەیایبەت مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی بونە هۆی سەرهەڵدانی لاپەڕێکی زێڕین لە خەباتی گەلی کورد، کە ئەویش پێکهێنانی دەستەی نوێنەراتی گەلی کورد(هیات نمایندگی خلق كرد) بۆ وتووێژ لەگەڵ نوینەرانی دەوڵەت.

سارم خان بەوەش نەوەستا و بۆ چاودێری و رێکوپێک کردنی کاردکرد و کاری دەستەی نوێنەراتی کورد چوە مەهاباد و لە نزیکەوە چاودێری وتووێژ و ئەرکەکانی “دەستەی نوینەرایەتی کورد” ی کرد. گرنگترین بەرهەمی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد، “گەلاڵەی ٢٦ مادەیی” بوو کە سارم خان بە گەڵاڵە دارێژی سەرەکیی دەژمێردرێت، ئەم گەڵاڵەیە پێشکەش بە گەل و هاوکات وەک بنەمای وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت، پێشکەش بە دەسەڵات کرا.

کەسایەتیی سارم خان ئەوەندە بەرز و بەڕێز بوو کە لە شەڕی سنە(نەورۆزی خوێناوی ١٣٥٨)لەسەر بانگ هێشتی ئاغای ئەحمەد حاج سەید جەوادی لە شوێنی لەدایک بوونی خۆی(سنە) ئامادە بووو لە بەرابەر بەهەشتی، رەفسەنجانی، بەنی سەدر، تاڵەقانی و ئەحمەدی سەدر داکۆکیی لە مافەکانی  گەل کرد و بە پێشنیار و داهێنانی بەرێزیان شوورای شاری سنە پێک هات کە لە سەردەمی خۆیدا بە دەستکەوتێکی گەورە حیساب دەکرێت.

لە تەبعیدی سیاسیش دا ئارام دانەنیشت و بەردەوام بە نووسین و راوێژ و راسپاردەی ژیرانە یارمەتتیی هێزە کوردیەکانی دەدا و بەهەر بۆنەیەکەوە بوایە هەڵە و ناکۆکیەکانی وەبیر دەهێنانەوە. پێشنیار و گەڵاڵەی “پێکهێنانی شووای کاتیی شۆڕشگێری سەراسەریی کوردستانی ئێڕان، پێویستیی حاشاهەنەگری قۆناخی ئێستا”ی لە ساڵی ١٣٦١ نموونەیەک لە هەست بە بەرپرسایەتیەکی بەنرخی بەرێزیان بوو.

یادزیندوو سادق وەزیری بە قەڵەم و بە قەدەم، بێ ئەملاو ئەولا، وەک “ژان ژورز” بیرمەندی فەڕانسەیی هەموو بیر و توانی خۆی نایە خزمەت مرۆڤایەتی، دیفاع لە ستەملێکراوان و بەتایبەت پشتوانی لە رێبازی چەپ و پێشکەوتنخوازی، لە ماوەی ژیانی پڕ لە شانازیی‌دا، ئەوەی لە توانایدا هەبوو بۆ خزمەت بە چوونە پێشی خواستی کۆمەڵانی خەڵک و رێبوارانی رزگاریی ئێران لە دەستی سەرەڕۆیی و ئینحسار بەکاری هێنا. جەنابی سادق وەزیری بە هۆی ئەو رێز و حورمەت و بەکردەوە هەنگاو نان بۆ دیفاع لە ئازادی و بایەخە ئەخلاقی و ئینسانیەکان هەیبوو ناوبانکی تایبەتی هەبوو. هەر ئەوەشە هەتا هەتایە، یاد و خۆشناوی و تایبەتمەندیە ئینسانی و ئەخلاقیەکانی لە کۆڕ و کۆمەڵە حقوقی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەمێنێتەوە.

من بەتایبەت قەدرزانی ئەو پەروەردە بەرزەم کە لە سەردەمی پڕ لە شانازیی قوتابی بوونم لە مەکتەبی ئەم کەسایەتیە گەورە وەرم گرتوە و هەمیشە لە ناخی دڵەوە سپاسیان دەکەم ، دەفتەری وەکالەتی بەرێزیان بۆ من بایەخدارترین کەنجینە و کتێبخانە بوو و جەنابیشیان باشترین مامۆستا و سەرچاوە بوو بۆ من. هەستی باوکانە و لوتف و گەورەیی بەرێزیان تا دوا هەناسەی ژیانم لەبیر ناکەم.

من ئیمڕۆ باوکی مەعنەویم لەدەسدا.

پاریس

یازدەی ئاوریل ٢٠١٨

 

ده‌رباره‌ عەزیز ماملێ

Profile photo of عەزیز ماملێ

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سۆری برا ئەرمەنیەكان، بابەتێک لەسەر شەراکەتی کورد لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا

عەلی مەحمود محەمەد كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە …

لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن

بۆ ڕای گشتیی کوردستانیی بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز لە هەر کوێیەک هەیە بەڕێزان، ژنان و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز