سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن

لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن

بۆ ڕای گشتیی کوردستانیی
بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز لە هەر کوێیەک هەیە
بەڕێزان، ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی کوردستان

لەم ڕۆژانەدا کوردستان کەوتووەتە ناوجەرگەی شەڕێکی گەورەی ناوچەییەوە. هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر پاش چەند ساڵێک دابڕان لە یەکتر کەوتوونەتەوە هاوکارییکردنی یەک و هەم بە نهێنیی و هەم بە ئاشکرا هاوپەیمانیی نوێ دروست دەکەن.
کوردستانیش هەمان کوردستانی کۆن نەماوە. حیزب و پارتگەل و ڕێکخراوەی پیشەیی و ئایینیی و جۆرەکانی ناحکومیی زۆر بوون و لە بواری جیاوازدا هەن.
بەڵام لە سەر هەمان ئاست و بە شێوەی پێویست یەکیەتیەکی کوردستانیی لە ئارادا نییە. لەبەرئەوە داگیرکەران دەتوانن سوود لەو بۆشاییانە وەربگرن و دژ بە خەباتی ئازادیخوازییمان بەکاری بهێنن.
سێ نموونەی بەر چاو هەن، یەکەمیان هێرشی حکومەتی ئێراق بوو لە ١٦/١٠/٢٠١٧ و داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کوردستان بوون کە دوا جار لە دەستی داعیش ئازاد کرا بوون. لەم هێرشەدا تورکیا و ئێرانیش بەشدار بوون و ئێراق بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو ناوچانە داگیر بکاتەوە. دووهەم، هێرشی دەوڵەتی تورکیا بوو لە ٢٠/١/٢٠١٨ بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی عەفرین بوو کە بە هاوکاریی ئێران و رووسیا ئەنجامی دا. سێهەم هاتنی سپای تورکە بۆ باشووری کوردستان کە تا ئێستا ٢٠ مۆڵگەی سەربازیی دروست کردووە.
دیارە هێرشی سەربازیی بەردەوام بۆ سەر باشوور و قەندیل و شەنگال و بۆ سەر نزیکەی سەرتاسەری باکووری کوردستان هەبووە و هەیە، هێرشی پروپاگەندەیی، سیاسەتیی بێکارکردن و برسیکردن و ترساندن و شێوەکانی دیکەی تەسلیمکردن لە پاکەتی هاوپەیمانیی ئەو چوار دەولەتەدایە کە هەمیشەش هەبووە.

لە ساڵی ٢٠١٨ دا کوردیش خاوەنی هێزی پێشمەرگە و هێزی گەریلا و هێزی یەکینەی جیاوازە و لە نێو ئەوانەدا ژمارەیەکی بەرچاو ژنانن کە سەری کوردیان لە جیهاندا بەرز کردووەتەوە و کە کاریگەریی زۆر ئەرێنیان لە سەر خەسڵەتی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان داناوە. مرۆڤ دەتوانێت پێ دابگرێت کە لە ئێستادا ڕای گشتیی جیهانیی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان بە بزووتنەوەیەکی ڕەوا و هاوکات بە دیموکراتیک و پلورالیست و سیکولاریست و بەرابەرخواز دادەنێن.
هەروەها لە بواری دیپلۆماسییدا هەندێک پێش کەوتن هەیە. ئەگەر گشتگییر بدوێین دەتوانین بڵێین کە جۆرێک لە هاوئاهەنگییبوون لە نێوان چالاکییە گشتییەکاندا هەیە. یەکیەتیەکی نەتەوەیی لە سەر ئاستیی خەڵک بە گشتیی، لە ناو داوای رۆشنبیرانی کورد بۆ یەکگوتاریی و یەکدەنگیی، هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.
هاوکات داگیرکەرانیش کەوتوونەتە قەیرانی سیاسیی و لە دۆخی دژواری ئابووریی و جۆرێک لە ناتەبایی سیاسیی نەتەوەییدا دەژین و لە ناوخۆیاندا کێشەیان بۆ ساز دەبێت. لە رووی دیپلۆماسییەوە ئیدی ناتوانن خۆیان بە نوێنەرای کوردان دابنێن و بە ناوی کوردەوە بدوێن.

بەڵام لەبەرئەوەی یەکیەتییەکی نەتەوەیی لە ناو کورددا لە ئاستی پێویستدا نییە، لەبەرئەوەی هەموو وزە و توانای نەتەوەیی خۆمان بە یەک ئاراستە ناخەینە کار، لەبەرئەوەی زمانێکی پێویستی هاوبەش و بەرنامەیەکی هاوبەش پێکەوە بەڕێوە نابەین، ئەوا ئەم دۆخەی ئێستا کە تا ڕادەیەک لە قازانجی کوردە دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە زەرەری گەورەی خەڵکی کوردستان وەربچەرخێت و تەنانەت باشوور و ڕۆژئاواشمان لە کیس بچێت.
ئەمە زەنگێکی ترسناکە و دەبێت هەموو تاکەکەسێکی دڵسۆزی کورد و هەموو جۆرە رێکخراوەیەکی کوردستان بە جیددیی وەری بگرێت و هەوڵ بدات لە چارەسەرکردنیدا بەشدار بێت.

لە دۆخی عەفریندا وێنایەک هەبوو کە مرۆڤی سیاسیی لێی تێ دەگەیتشت. لەوێدا داگیرکەرێک هێرشی دەبردە سەر خەڵکانێک کە بەرگرییان لە خۆیان دەکرد. بەڵام لە دۆخی ئێستای باشووری کوردستاندا کە سپای تورک ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی مۆڵگە و سەربازەکانی زیاتر دەکات و هیچ لایەنێکی باشوور لە پراکتیکدا دژایەتیی ناکات، وێنایەک نییە کە مرۆڤی سیاسیی لێی تێ بگات. هەر ئێستا تورکیا بێ تەقاندنی گوللەیەک باشوور داگیر دەکات. باشوورێک کە لە ئاستی خەڵکدا هەمیشە گڕکانی بەرەنگاربوونەوە و سەنگەری تێکۆشان بووە.
ئایا چ تاکە کەسێک یان چ پارت و ڕێکخراوەیەک سپای تورکیای داوەت کردووە؟
ئایا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕ دژ بە سپای تورک ناکات؟
ئایا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕ دژ بە سپای تورک ناکات؟
ئایا بۆ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان شەڕ دژ بە سپای تورک ناکات؟
ئایا بۆ بزووتنەوەی گۆڕان شەڕ دژ بە سپای تورک ناکات؟
ڕاستە بزووتنەوەی گۆڕان هێزی پێشمەرگەی خۆی نییە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو پێشمەرگەی ئەندام لە شەڕی دژ بە داعشدا سەربەرزانە بەشدار بوو. ئایا هەبوونی چەندین هەزار سەربازی تورکیا، تانک و زرێپۆش و هێلیکۆپتەر و جبەخانە، بنکەی میت و دەزگای سیخوڕیی سەربازیی و هتاد. لە مەترسیی داعش بۆ سەر باشوور و بۆ سەر کوردستان کەمترە؟
ئایا بۆ حیزبی سۆسیالیست دیموکرات کوردستان شەڕ دژ بە سپای تورک ناکات؟ مەگەر هەمان حیزب بە لانی کەم بە سێ سەد پێشمەرگە بەردەوام دژ بە داعش شەڕی نەکردووە؟ ئایا ئەم حیزبە مێژوویەکی لە خەباتی چەکداریی دژ بە داگیرکەران نییە؟ ئایا لەبەرچی بەرامبەر بە داگیرکاریی سپای تورکیا بێ دەنگە؟
ئایا حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە بۆ بێ دەنگن؟ نموونەکان زۆرن و پێویست ناکات درێژەیان پێ بدرێت.

هەمان پرسیار سەبارەت بە دەستدرێژییکردن و دەستتێوەردان و کاری تیرۆریستیی کۆماری ئسیلامیی ئێران لە باشوور. ئایا لە بەر چی لە هیچ ئاستێکی جیددیدا کاردانەوەیەک دژ بە تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە. لە کاتێکدا دەزانین کە چ ئێران و چ تورکیاش لە دونیای ڕۆژئاوادا بەدناو و ناحەزن و کە بە ڕاستیی هەل و دەرفەتی لە بار بۆ دژایەتیکردن و بەرپەرچدانەوەیان هەیە.

سیاسەتی نیشتیمانیی کە پەیڕەووپرۆگرامی هەموو لایەک بە وردیی باسی دەکات، بە مانای وەدەستهێنانی دەستکەوت و پێشخستنیانە، بە مانای فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی و ئاسۆڕوونیی دێت. هەبوونی حیزب و ڕێکخراوەی جۆراوجۆر دەتوانێت نیشانەی تەندروستیی کۆمەڵگایەک بێت ئەگەر ئەوانە لە پراکتیکدا نیشانی بدەن کە هەبوونیان پێویستە، کە دەبن بە مایەی وەدەستهێنانی دەستکەوت و کە لە ئەگەری نەبوونیاندا بۆشایی دروست دەبێت. دەنا بۆچی هەبن؟
گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە رێکخراوەی کۆنسەرڤاتیڤ و جۆرەکانی لیبرال و سۆسیالدیموکراتیی و سۆسیالیست و دیموکرات و فێمێنیستیی و هتاد. هەیە، کوردستان جێگای گەلێک حیزب و پارتی تێدا دەبێتەوە، بەڵام لە شوێنێک و لە ئاستێک و لە قۆناخێکدا دەبێت ئەم جۆرە ڕێکخراوانە نیشانی بدەن کە هەبوونیان پێویستیەکە، کە هەبوونیان قازانجێک بە خەڵک دەگەیەنن، کە دەتوانن وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەنەوە کە ڕەنگە بەوانی دیکە نەدرێتەوە.
حیزب و ڕێکخراوەکان دەبێت لە ڕووانگا و دیدی ڕێزگرتن لە پرینسیپی پلورالیزم لە بریتیی ناوزڕاندن و ناونەتۆرە و بوختان و قسەوقسەڵۆک بۆ یەکتر، فێری کێبڕکێی تەندروست و گرەوی ناو مەیدانی دیموکراسیی بن.
لەم شەڕەدا کە ناوچەکە و بە تایبەتیی کوردستانی گرتووەتەوە، ئێمەی کورد لە ڕووی تەکنیکی چەک و چۆڵەوە لە پاش جێ ماوین. داگیرکەران زۆر لە ئێمە بەهێزترن. بەڵام لە بەرامبەر بەوەدا ئێمە خاوەنی ئیرادەیەکین بۆ سەرکەوتن، خاوەنی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانێکین بۆ کار و تێکۆشان، خاوەنی گەلێکین کە ئامادەیە ڕەنج بۆ ئازادیی بدات، بەڵام پێویستمان بە یەکیەتیی نەتەوەییە، پێویستمان بە لێکنزیکبوونەوە ویەکترقبووڵکردنی حیزب و ڕێکخراوەکانە، پێویستمان بە ئاشتیەوانیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، پێویستمان بە خۆشخوانییەکی هاوبەشی نیشتیمانییە.
مەترسیی زۆرە کە نەتوانین ئەم دۆخەی ئێستا بە قازانجی خۆمان بە کار بهێنین و گەلەکەمان هەروا بە ژێردەستەیی و داگیرکراوەیی بمێنێتەوە.
خەباتێکی ئازادیخوازیی ئەگەر لە ڕووی مۆدێرنبوونی چەک و چۆڵیشەوە لە داگیرکەر لاوازتر بێت، هەر دەتوانێت سەر بکەوێت چون فاکتەرەکانی سەرکەوتن گەلێکن و هەر هەموویان قابیکی سازکردن و دروستکردن و وەدەستهێنانن. ئەوانەی لەم خەباتە ئازادیخوازییەدا بەشدارن دەبێت بایەخ بە شانۆ و سینەما و فەرهەنگی موزیک و گۆرانیی و فەرهەنگی پێشکەوتووی گشتیی بدەن. مێدیاکاران دەبێت لە مانای داگیرکەریی تێ بگەن. بۆ نموونە مێدیای کوردیی نابێت وەکوو بینەر و وەکوو بێلایەنێک لە هەبوونی سپای تورک و نفوزی ئێرانیی لە باشوور و ڕۆژئاوا بڕووانێت. میدیای کوردیی نابێت خەمسارد و بێدەربەست لە نەبوونی سپایەکی کوردستانیی یەکگرتوو بڕووانێت، نابێت بەرامبەر بە ناتەبایی و ناکۆکیەکانی نێوان حیزب و ڕێکخراوەکان بێ دەنگ بێت، نابێت بەرامبەر بە گەندەڵیی و دزیی و تاڵانکاریی بێ دەنگ بێت.
بڕووانن، کاتێک ئەرۆغان کە سەرۆککۆماری دەوڵەتێکە کە خۆی بە زلهیزی خاوەرمیانە دادەنێت دێت و لەگەڵ گۆرانیبێژێکی وازهێناوی پەککەوتەدا دادەنیشێت کە گوایا دایکی کوردە بۆ ئەوەی بە زمانی کوردیی بە سەر داگیرکردنی عەفریندا هەڵبڵێت، چەندین مانای جیاوازیی هەیە.
لەلایەکەوە دەتوانێت بەو مانایە بێت کە بە ڕاستیی ئەردۆغان لە قەیرانێکدا دەژی کە دەبێت پێویستیی بە جۆرێکی وا لە پروپاگەندە بێت. بەڵام هەروەها لە ڕاستییدا زیاتر بەو مانایە دێت کە ئەردۆغان دەیەوێت یەکیەتیی کوردان تێکبشکێنێت ئەگەر تەنانەت لە ڕێگای بەکارهێنانی بابایەکی ئابڕووچۆڕاو و داتەکاو و داڕماویشەوە بێت. ئەو ئامادەیە لە ئاستی سەرۆککۆماریی خۆیدا لەگەڵ بیچمێکی وا دا دابنیشێت و خۆی بهێنێتە ڕیزی ئەوەوە تەنیا لەبەرئەوەی دڵی کوردستانیانی پێ بریندار بکات، لەبەرئەوەی بە دونیا بڵێت کوردانێک هەن بە گۆرانیی لە دەورمان دەگەڕێن. مەبەستی ئەردۆغان دروستکردنی پوازە لە کورد خۆی، شکاندنی هەستی نیشتیمانیی و ئازادیخوازیی کوردستانیانە.

ئەردۆغان کاتێک ئەم کارەمان لەگەل دەکات کە ئێمە خاوەنی سەدان و بگرە هەزاران لە ژنان و پیاوانی سەربەرزی خۆشبێژین کە بێ پارە و بەرامبەر و خۆبەخشانە لەو خەباتە ئازادیخوازییەدا بەشدارن. ئێمە خاوەنی ژمارەی گەورە لە شانۆکاران و سینەماکاران و پەیکەرسازان و وێنەکێش و هونەرمەندانی جیاوازین. بە دڵنیایەوە ئێمە دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا لە رووی تەکنیکی سپاییشەوە پێش بکەوین کە لانی کەم وەڵام بە داگیرکەران بدەینەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە توانای خۆمان وەربگرین، دەبێت فێری خۆڕێکخستن بیین و بە هێزی خۆڕێکخستن لە داگیرکەران بسرەوێین. دەبێت ڕێز لە بۆچوون و دید و رووانگای جیاواز لە چوارچێوەی نیشتیمانپەروەرییدا بگرین. دەبێت کۆتایی بە پێوەندیگەلی عەشیرەتیی و بە ناوچەگەریی بهێنین و لە ناو پێناسەیەکی کوردستانییدا کە مرۆڤ بە ناوەند دابنێت، ڕۆڵ بە خۆمان بدەین.

بەڕێزان،
ئێمە وەکوو مرۆڤ هەرگیز ناتوانیین لە سەداسەد لەگەڵ یەکدا کۆک بین و پێویستیش ناکات کورد ببێت بە یەک تۆپەڵ، بەڵام بە سەدان خاڵی هاوبەشمان هەن کە دەتوانین لە سەریان ڕێک بکەوین. هەندێک لەو خاڵە هاوبەشانە بریتین لە نیشتیمانێکی ئازاد بۆ هەموومان، سیستەمێکی دیموکراسیی و پلورالیست و سیکولاریست بۆ هەموومان، بۆ منداڵانی دوا ڕۆژ. سیستەمێک کە تیایدا رێز لە مافی ژنان و لە بەرابەریی بگیرێت، کە تیایدا کەمئەندامان و ئەوانەی خاوەنی پێداویستیی تایبەتن بە سەربەرزیی و خۆشییەوە درێژە بە ژیانیان بدەن. سیستەمێک کە بایەخ بە کولتوری پێشکەوتووخوازیی و بە خۆشگوزەرانیی مرۆڤ و بە رێزگرتن لە بەها مرۆڤییەکان بدات.
بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین و ئەو دەستکەوتانە بۆ خۆمان و بۆ منداڵانی دوا رۆژ فەراهەم بکەین.

لەو بارەوە داوا لە هەموو تاکەکەسێکی دڵسۆزی کوردستانیی و لە هەموو جۆرە رێکخراوەیەک دەکەم کە بە دەنگ یەکیەتیی نەتەوەیی و هاوڕیزیی و هاودەنگیی نەتەوەییەوە بێن، کە بیانوویەک نەهێننەوە کە هیچ کاتێک ناتوانێت بە باڵای ئامانجەکانمان بێت.

بێگومان یەکیەتیی نەتەوەیی دەبێت لە چوارچێوەی خۆڕەخنەکردن و ڕەخنەگرتن و تەنانەت گازەندە و گلەییشدا بێت، دەتوانێت بە مانای لە یەک تووڕەبوون و دەنگ هەڵبڕینێکیش لە یەکتر بێت، بەڵام هیچ کاتێک نابێت بە مانای پشت لە یەکترکردن بێت، نابێت بە مانای خۆدوورگرتن و دوورەپاریزیی بێت، نابێت بە مانای خەنجەر وەشاندن لە یەکتر بێت.

بە دڵنیاییەوە پێکەوە دەتوانین میتۆدێکی چارەسەرئامێز پێش بخەین و واز لە دیدی کێشەسسازیی و ئاڵۆزکردن بهێنین.

ئەو مرۆڤەی ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارەی دەدات، یان چەتەکانی ئەردۆغان پاش مەرگیش جلوبەگی لە بەر دادەکەنن و بە ئەقڵ و کولتوری خۆیان گوایا سووکایەتیی پێ دەکەن، ئەو دایکە کوردەی ئێستا لە هەر شوێنێکی کوردستان جەرگی دەسووتێت یان ئەو منداڵەی هەر ئێستا برسیەتیی، و ئەو نەخۆشەی دەزانێت لە بێ تیمارییدا دەمرێت، هەرگیزاوهەرگیز هیچ دەسەڵاتدارێک نابەخشن. مرۆڤ ناتوانێت بەرامبەر بەوانە ڕابووەستێت و بیانووەکانی خۆی بۆیان بژمێرێت.
بەشێکی سیاسەت دەبێت پێشخستنی میتۆدی چارەسەرئامێز و کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بێت.

بەڕێزان، میژوو هەرگیز لەوانە خۆش نابێت کە گەلێک و نیشتمانێک و ئاییندەیەکی بێکۆتایی دەکەن بە قوربانی هەندێک بەرژەوەندیی تاکەکەسیی.
دەبێت هەر ئێستا هەموو تاکەکەسێکی دڵسۆز بزانێت کە لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن. یەکیەتیی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نیشتیمانیی چارەسەری بندەستیین.
لەبەرئەوە ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە لە پێشخستنی زمانێکی هاوبەشی نیشتیمانیی ئازادیخوازانەدا بەشدار بیین، کە رووەو لای یەک هەنگاو بنێین و وەڵامێکی دروست بە داگیرکەران بدەینەوە و ئێمەیش بچینە ڕیزی ئەو کاراوانانەی جیهان کە لە مۆزەخانەکاندا بە شانازیی و سەری بەرزەوە نەمر ماونەتەوە و دەمێننەوە.

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بەڵای بنەماڵە، حەفتا ساڵ ستەمی ماڵباتی ”کیم ”

حاتەم مەنبەری بەشی یەکەم ئەگەر کێشەی کوریای باکوور چارەسەر بێت پێشەکیەکی کورت کۆتاییەکانی دەیەی ٣٠ی …

بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات و رەخنەگرانی

نووسینی: هاشم کەریمی لە وڵاتی خۆمان دا هەندێک گۆڕهەبوون کە گۆڕی کافرانیان پێدەگوتن و خەڵکی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز