سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / لە خۆڕا تووشی دڵەڕاوکە مەبن!

لە خۆڕا تووشی دڵەڕاوکە مەبن!

ڕیىوار ڕەشید

هاوڕێی دڵسۆز هەن بە بیستنی هەوالێک، بۆ نموونە کە رووسیا یان ئەمریکا شایەد بەڕێوە بن کە بڕیارێکی نێگەتیڤ لە سەر هاوکاریکردن بە کورد دەدەن، زوو تووشی دڵەخورپە و دڵەهۆرە دەبن و نیەگرانیەکانیان هێندە زیاد دەبێت کە ئانالیز و سەرئەنجامکێشانەکانیان تەواو ڕەشبینیی و نائومێدیی دەداتەوە.

قسەی تێدا نییە کە گومان و پرسیاری قورس و ڕەخنەی دروست دەلیلی تەندروستیی هزریی و بەدەربەستەوەهاتنە. بەڵام ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە بنەمای خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان (نەک تاڵانکاریی و گەندەڵیی و دووکانداریی) لە سەر کۆمەڵێک پایەی وا قورس و قایم و پتەو دامەزراوە کە بە گۆڕینی تاکتیکی سەربازیی ئەمەریکا و ڕووس، ئەگەر زەرەرییشی پێ بکەوێت، پێی ناشکێت.

ئەسڵەن هیچ هێزێک نییە ڕێ لەم خەباتە دڵخوازانە خۆبەخشانە گیانبەخشانەی کوردستان بگرێت، کە لە بوومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتدا نموونەیەکمان دیت. لەوێدا بینیمان چۆن ڕؤژهەڵاتییە سەربەرزەکان، سەرباری هەژاربوون و نەداریی و بێکاریی خۆیان،و بەتایبەت ئەو بارگرانییە کە سیاسەتە چەوت و تاڵانگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەریاندا سەپاندوویە،سیسانیش بوێرانە و ئازایانە بە گژ یاسای سرووشت و دەسەڵاتی داگیرکەریشدا چوونەوە.

لە ڕۆژئاوا، لە سەدان نموونەی قارەمانیەتییدا، ئەوەمان بینیووە و دیسانیش دەبیبینین. ڕۆژئاوا بوو بە مەیدانی چاندنی ژیان.

لە باکوور، لە نێوان قەندیل و گەل و ئیمرالیدا، پێکەوەگرێدانێک هەیە کە چەندین ساڵە حکومەتە یەک لەدواییەکەکانی تورکیا دەیانەوێت لە ناوی ببەن، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر، پایەدارتر، بەپرینسیپتر و سەرکەوتووتر بوە و دەبێت. تەنانەت دۆستە هەرە دێرین و ستراتیژیەکانی تورک ئێستا لە تورکیا هەڵ دێن.

بیستوپێنج سالێک لەمەوبەر، تێکۆشەر ئۆجەلان، لە وتارێکدا کە بە داخەوە ئێستا لە بەردەستمدا نییە، دەڵێت: دەسەڵاتدارییەتی تورکیا ئامادەیە هەموو تورکیا بفرۆشێت و تا هەتایە بیخاتە ڕەهنەوە تەنیا بەو مەرجەی ڕێگری لە کورد بکات.

جیهان شاهیدمانە کە حکومەتەکانی پێش ئاکەپە چییان کرد و ئاکەپە چی کردووە و چی ناکات. کەسی وەکوو ئەردۆغان و پاکەتەکەی بەڕێوەن لەوە زیاتر خۆیان سووک و ڕووسوا و شەرمەزار بکەن. ئەردۆغان بووە بە “بووکە بەنەفرەتێ”، لە جیاتی بارانی رەحمەت، نەفرەتی بە سەردا دەبارێت.

ئەو دەستەکەوتانە چۆن وەدەست هێنراون؟ بە دەستپاکیی، بە خۆبەخشیی، بە گیانفیداکاریی، بە ڕاستگۆیی، بە بنەماگرتنی گەل، بە باوەڕبوون بە ئازادیی ژنان، بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، بە بڕووابوون بە خەبات و کاری هەرەوەرز، بە ڕەخنەگرتنی دروستکارانە، بە توانای خۆڕەخنەگرتن، بە نەترسان لە داوای لێبووردن، بە هەبوونی گومانی دروست، بە هێنانەئارای پرسیاری قورس، بە دژایەتیکردنی پۆپۆلیزم، بە دیدی رەخنەگرانە لە پاسیفیزم و نهیلیزم و دیدی گشتگەرایی، بە دووبارە پێناسەکردنەوەی کۆلۆنیالیزم، بە تێکەڵکردنی خەباتی چینایەتیی و ژنایەتی و مرۆڤایەتیی و بەستنەوەیان بە خەباتی ئازادیخوازییەوە، بە دەرهێنانی جڵەوی ڕابەرایەتیی لە زهنی پیاوانە و پیاوسالاریی، بە باوەڕبەخۆبوون و پشت بەخۆبەستن، بە پشتبەستن بە توانا و ئیمکانیاتی خۆ. بەڵام هەروەها بە برووابوون بە هەستانەوە، بە کۆڵنەدان، بە جیهانبینیەکی گەشبین و مرۆڤپەروەر.

قسەی تێدا نییە کە ئاستەنگ دێنە رێمان، کە گەلێک لە خۆشەویستانمان، لەوانەی لە پەڕەی گوڵ ناسکتر و لە ژیانمان شیرتنترن. لەبەرچاومان گیانی شیرینیان دەسپێرن، بەڵام هەر سەر دەکەوین.

لەبەرئەوە، هەموو قسەوباسێک بە جێی خۆی، دەبێت ڕێگا بدەین گەل لە دیالۆگێکی دیموکراتیکی کراوە و ئاوەڵە و میچ بڵندا بەشدار بێت، بەڵام ئەوە هەمیشە دروستە کە باوەڕمان بە هێزی گەلی خۆمان و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بێت.

خەباتی ئازادیخوازیی و یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە ڕێز لە ڕەخنەی دروست و لە خەمی بەدەربەستەوەهاتن بگرین ئەگەرچی خواروخێچیش فۆرمولە بکرێن، کە هاوکاریی و کۆمەکی بەردەوام بەو هاونیشتیمانیانەمان بگەیەنین کە لە کرماشان و دەوروبەریی دووچاری ئەو نەهامەتییە سرووشتییە هاتوون و کە سیستەمی داگیرکەر زیاتری پێچیدە کردووە، هەروەکوو چۆن دڵمان لای تاک تاکی ئەو کچ و کوڕە گەریلایانەیە کە لە ژێر بۆمبارانی داگیرکەراندا باوەڕیان بە سەرکەوتنە، بەوانەی خۆیان بە پێشمەرگەی گەل دەزانن نەک بە چەکدار و میلیسیای ئەم و ئەو، بەو تاکەکەسانەی نایانەوێت رێکخراو بن، بەڵام وەکوو تاکەکەس لە بازنەی خەباتدان و باوەڕیان بە سەرکەوتنی گەلی خۆیانە.

یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە لە تاریککترین دۆخدا دەرووازە و مەمەڕ ڕووەو ڕۆشنایی و ئاسۆی روون لێ بدەین!

یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان ئەوڕۆ لەم ڕۆژەدا بڕیار بدەن ژنان ئازاد بکەن و بێ مەرج و بەڵام و ئاخر وەکوو هاومرۆڤ لێیان بڕووانن.

یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە پێش ئەوەی بپرسین و دڵمان خۆش بێت کە دۆستێکی دوور یان نزیک چیمان بۆ دەکات، خۆمان شان لە شانی یەک و دەست لە ناو دەست، ئەو کارە بکەین کە دەبێت بیکەین. هێزی خۆمان زۆر لەوە گەورەترە کە پێمان وایە.

بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین!

٢٥/١١/٢٠١٧

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

وەڵاتی فینلاند لە سیفرەوە بۆ لووتکە

هیوا گوڵ محەمەدی فینلاند وەڵاتێکی بچوکە لە باکوری ئەوروپا کە پێنج ملیون و نیو حەشیمەتی …

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! عه‌بدوڵا ساڵەح هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز