سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / عەبباسی دوێنێ و عەبباسی ئەمڕۆ , لێکدانەوێک بۆ ڕوداوەکانی شاری بانه

عەبباسی دوێنێ و عەبباسی ئەمڕۆ , لێکدانەوێک بۆ ڕوداوەکانی شاری بانه

 

ئەردەڵان قادرخان‌زادە

هەشتاد، نەود ساڵ لەمەوپێش هەر لەو شوێنەی که دو کۆڵبەری کڵۆڵی کورد شەهید کران، ئەفسەرێکی رەزا شا بە ناوی(عەبباس) فەرماندەی هێزی مەرزی ناوچەکانی بانه بوو .

ئەم ئەفسەرە ئەوەی لەو مەرزەوە بارێکی پێ بواێ ، ئەیکوشت وە بارەکەشی بە تاڵانی ئەبرد . شەق و تێڵاکاری و کوشتن و بڕین ببوو بە پیشەی عەبباس . وە هەر کەسێکیش شکایەتی لێ بکرداێ ، شکایەت نامەکە ئەهاتەوە بەر دەستی عەبباس . ئێتر عەبباس ئەم سکاڵاکەرەی بە ئارەزوی خۆی دادگایی ئەکرد ، خەڵکێکی زۆر لە ژێر تەعزیب و شکەنجەکردن‌دا گیانیان لە دەست دا .

یەکەمین شۆرش دژی عەبباس کە دەستی پێ کرد شۆرشی حەمە تاڵی بانه بوو . بەڵام بەداخەوە حەمەتاڵ سەرکەوتوو نەبوو ، وە بە هەزار و یەک ئاواتی بەدینەهاتوو سەری نایەوە .

حکومەت ، حەمەتاڵی بە ناوی چەتە و جەردەوە بە خەڵک ناساند . وە ئەوەی عەبباس کردبووی کردیانە ملی حەمە تاڵ .وە ناخۆشتر لە هەموو ئەمانە ئەوە بوو کە خەڵکی ناوچەی خۆمان باوەڕیان کرد کە حەمەتاڵ چەتە بووە.وە گۆرانی‌یان بۆ ساز ئەکرد : سەرە ڕێگەت پێ ئەگرم وەک حەمە تاڵی بانە.

ئەم ڕستە بۆتە بەندی یەکێک لەو گۆرانی‌یانەی کە تا ئێستاش هەر ماوە .

دوای حەمە تاڵ زوڵم و زۆری عەبباس زیادی کرد کەمی نەکرد .

ئەم ستەمکارە لە بانەدا مایەوە تا ۷٦ ساڵ لەمەوپێش . کاتێک زوڵم و ستەمی لە حەد تێپەر بوو ، حەمەڕەشیدخانی بانە بڕیاری دا کە عەبباس بە سزای خۆی بگەێنێت . هەر بۆیە تفەنگە داداشەکەی هەڵگرت و فیشەکێکی نا بە نێو چاوانی عەبباسەوە ، عەبباس لە نێو پادگانی کێلە لە خوێنی خۆی‌دا گەوزا . پادگان بە هەموو چەک و تەقەمەنیەکانیەوە کەوتە دەستی حەمەڕەشیدخان . وە هەر بەو چەک و تەقەمەنییانەوە وە بە هیممەتی خەڵکی ناوچەکە توانی شارەکانی بانە و سەقز و سەردەشت و مەریوان ئازاد بکا و خەڵک بۆ ماوەیک پشوێکیان هاتەوە بەر و لە دەست عەبباس و هاوشێوەکانی رزگاریان بوو .

کاتێک حەمەڕەشیدخان شکستی خوارد ، حکومەت دەیان تۆمەتی ناڕەوای بۆ دروست کرد کە ئەم پیاوە بانەی سوتاند ، سەقزی تاڵان کرد وە نۆکەری بێگانە بووە .

دیسانەوە ناخۆشترین شت ئەوە بوو کە خەڵکی ناوچەکە باوەڕیان کرد کە حەمەڕەشیدخان بانەی سوتاندوە . وە ئەوەی کە شاری بانە لە ئاکامی تۆپ‌بارانی حکومەت دا سوتاوە کەس نەیئەوێرا باسی بکات .

بە کورتی حەمەڕەشیدخان بوو بە پیاوێکی خائن و خراپ وە عەبباس بوو بە قارەمانی میللی و پاڵەوانی نیشتمانی .

حکومەت بەوەشەوە نەوەستا بەڵکوو ئاوایی کێلەشی بە ناوی ئەم ئەفسەرەوە ناو نا : ( روستای عباس آباد ) . وە کۆماری ئیسلامیش هەر ئەو ڕێزەی پێشووی لە عەبباس گرت و سەددی ئاوەکەشی ناو نا ( سد عباس‌آباد ) .

ئەمە بەسەرهاتی عەبباسی دوێنێ بوو . ئێستا بێینە سەر باسی عەبباسی ئەمڕۆ .

عەبباسی ئەمڕۆ لە گەڵ عەبباسی دوێنێ‌دا فەرقێکی وایان نەکردوە تەنها ئەوە نەبێت بڕنەوەکانیان کردوە بە کڵاشینکۆف و هێسترەکانیان کردوە بە ئۆتۆمبیلی (تو‌یو‌تا)ی ژاپۆنی .ئەگینا هەر بەو زمانە گفتوگۆ ئەکەن کە پێشتر قسەیان پێ ئەکرد. رەفتاریشیان لە گەڵ رەفتاری عەبباسی پێشوو دا هەر وەک یەکە هیچ فەرقێکی نەکردوە .

ئەگەر عەبباسی دوێنێ ئەوەندە پیاوەتی بوو کە حورمەتی ژن و ئافرەت بپارێزێ ، عەبباسی ئەمڕۆ ئەوەندە خوێریە کە دەست لە دایک و خوشکانمان بەرز ئەکاتەوە . وە بە گوێ‌‌نەدان بە هەموو بەها و پرێنسیپە ئەخلاقیەکان ، کچ و ژنی بێ‌تاوان ئەکوژێ .

سێ ساڵ لەمەوپێش کچێکی نۆزدە ساڵەی بانەیی بە ناوی (ئەوین عوسمانی) لە جادەی سورێن کەوتە بەر هێرشی فیشەکی عەبباسێکی ئەمڕۆ وە کۆتاییان بە ژیانی پڕ لە ئەوینی هێنا . ئەوینێک کە چوار ڕۆژی تر وادەی زەماوەندی بوو .

بە عەبباسی ئەمڕۆیان ووت ، ئەم کچە بێ تاوانەت بۆ کوشت ؟ ووتی : پێم ووت بوەستە ، نەوەستا . منیش تەقەم لێ کرد و کوشتم . هەر وا بە سادەیی !!!!!

دوو ساڵ لەمەوپێش لە ئاوایی چەمپاراو ژنێک بە ناوی دادە خاتون لە مانگی موبارەکی ڕەمەزان‌دا ئەبینێ کە عەبباسەکان هەر بۆ خۆشی خۆیان خەریکن هێسترەکان ئەکوژن . دادە خاتون قارەمانانە بە گژیانا ئەچێت وە بە توندی لە بەرامبەریان‌دا ئەوەستێ . عەبباسێک کە خۆشیەکەی لێ تاڵ بوو بوو ،لە مەودای پێنج مەتری‌دا فیشەکێک ئەنێ بە پشتی دادە خاتون و سەرسنگی هەڵئەتەکێنێ.

دادە خاتون بە زمانی بەڕۆژوو شەهید بوو .

کاتێک دادە خاتون و دادە ئەوین شەهید بوون سەرۆک کۆمار خەریکی نوسینی مەنشوری حقوقی بەشەر بوو . وە فورسەتی ئەوەی نەبوو کە لە عەبباسەکانی خۆی بپرسێ ئەم ژنانەتان بە کام تاوان کوشت ؟

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تەنها لە ناوچەی بانە زیاتر لە سەد نەفەر بە دەستی عەبباسی ئەمڕۆ کوژراوە . لە ناو ئەم کوژراوانەدا یەک نەفەریان سیاسی یان چەکدار نەبووە . هەموویان بە بێ تاوان بە بێ گوناە بە دەستی عەبباسی ئەمڕۆ کوژراون .

نە حەمەڕەشیدخانێک مابوو کە عەبباس بە سزای خۆی بگەێنێ وە نە دادگاێکیش بوو کە ئەم خەڵکە پەنای پێ ببەن .

عەبباس خۆیشی هەر دادگا بوو . خۆی ئەیکوشت ، خۆی پەروەندەی بۆ دروست ئەکرد وە خۆیشی تەبرەئەی خۆی ئەکرد . سەدان بێ‌تاوان کوژران بەڵام یەک عەبباس سزا نەدرا . کورد وتەنی چەقۆ دەستوی خۆی نابڕێ .

لە ئاوا بارو دۆخێک‌دا وە لە دنیاێکی پڕ لە نائومێدی‌دا کە تروسکەێکی هیوای تیا بەدی نەئەکرا ، گەنجانێک لە شاری بانە هەستان وە دژ بە زوڵم و ستەمی عەبباس نارەزایەتیان دەربڕی وە داوای مافی ژیانیان بۆ هاووڵاتیان کرد . بەڵام حکومەت لە جیاتی ئەوەی سوپاسیان بکات و بە‌دەنگیانەوە بچێت هەر خێرا بە پاس و کۆپتەر رەشەعەبباسێکی زۆری ڕژاندە ناو شار و سەرکوتی کردن، وە بە زمانی حاڵ ئەیوت ( پسندم آنچە را عباس پسندد) . وە ئەوەی ناڕەزایەتیێکی دژی عەبباس دەربڕی بێ، شەوانە چونەتە سەری و ڕەوانەی بەندیخانەیان کردوە .

من وەکو مامۆستاێکی قوتابخانە و خەڵکێکی ئاسایی ئەم شارە دەنگم ئەخەمە پاڵ دەنگی خەڵک و پشتیوانی داوا رەواکانیانم وە داوا لە حکومەت ئەکەم سنورێک بۆ کارەکانی عەبباس دابنێت . رەشەکوژی و ڕەشبگیری شایستەی ئەم خەڵکە چەوساوە نیە .

مامۆستای قوتابخانەی نمونەیی دواناوەندی زانستی بانە

۱۳۹٦/٦/۱٥

تێبینن هەڵوێست:ئەم بابەتە لە فەیسبووک وەرگیراوە

ده‌رباره‌ هەوال -

Profile photo of هەوال -

ئه‌مه‌ش ببینه‌

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەشی یەکەم وەرگێڕان لە …

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز