سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / سەرۆککۆمار و دێمۆکراسی دیژیتاڵی و کوردی سەدەی بیست ویەک!؟

سەرۆککۆمار و دێمۆکراسی دیژیتاڵی و کوردی سەدەی بیست ویەک!؟

برایم فەڕشی

لە کۆمۆنی پاریسەوە، هەتا ئۆکتۆبری ڕۆسیە و دوو شۆڕش لە ئێران خەڵک هێزی داڕمان بوون، نەک هێزی ڕابەر و دەستەڵاتدار! حزبی کۆمۆنیستی ڕووسیە(بلشویک) ساڵی ١٩١٧ بە بیست و سێ هەزر ئەندام، بەسەر وڵاتێکی سەت و هەشتا ملیۆنیدا زال بوو. پازدە هەزار مەلا ساڵی ١٩٧٩ بە پشتیوانی سیاسەتمەداری قەڵب لە هەموو هێڵەکان، بە سەر ولاتێکی ٣٥ ملیۆنیدا زاڵ بوون.

ئورووپا کە بەناو شەپۆلی خوێن، کۆلۆنیالیسم و شەڕەکانی ئایینی، نەتەوەیی و ناوچەییدا تێپەڕ بووە، مودێلێک لە دێموکراسی دەداتە دەست کە لە هیچ هەلومەرجێکدا بە زیانی خاوەن سەرمایە، زەوی، دەستەڵات و کۆنسێرنەکان، تەواو نەبووە.

بە پێی ئامار و لێکۆڵینەوەکان لە هیچ وڵاتێکی ئوروپایی، دەستەڵاتی سەرەکی ماڵی، سیاسی، ئابووریی، نیزامی، سەنعەتی، پلانداڕێژەر، لە دەست چینی دەستەڵاتداری سێسەت ساڵی دوایە، دەرنەچووە. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئووروپا، کۆمۆنیستەکانی خاوەن دەستەڵات، پاش ڕووخانی سیستەمی سۆسیالیستی، بوونە میلیۆنێڕ و میلیاردی هەمان وڵات.

دێمۆکراسی سەدەی نۆزدە و بیست دوور لە فرتوفێل نەبوو. دێمۆکراسی سەدەی بیست ویەک لە سایەی زانست و تێکنۆلۆژی بنەما فەلسەفییەکانی دەدۆڕێنێ و ئیندیویدیۆم کە مانایەکی فەلسەفی- سیاسی- کۆمەڵایەتی بە ئینسان دەبەخشی و دێمۆکراسی لە سەر بنەمای مافی ئیندیویدیۆم ساخ دەبووە، دەکاتە “تاک” کە دەکرێ لە جیهانی دیژیتاڵی حیسابی ژمارەی بۆ بکرێ. ژمارەیەک بۆ دێمۆکراسی!

ئەمریکا بۆ ڕێکخستنی شۆوی هەڵبژاردن بەناوبانگە، بەڵام لە سەدەی دیژیتالیسم نمایش و شۆوی تەلەویزیۆنی و تەبلیغات دەنگ بۆ حزبەکان ناهێنێ، حزبەکان پێویستیان بە شێوەی نوێ، بۆ کێشانی خەڵک بۆ سەر سەنندوقەکان هەیە.

“باراک حوسێن ئۆباما” لە ساڵی ٢٠٠٩ هەت ٢٠١٧ سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بوو. خەڵکی جیهان بەو ڕووداوە شاگەشکە بوون. نەوەی کۆیلەیەکی ئەفریقایی ببوو بە سەرکۆماری وڵاتێک، کە لە سەدەکانی پێشتر بیست ملیۆن کۆیلەی ئەفریقایی لە مەیدانەکانی کار لە ناو بردبوو، هەنگاوێکی گەورە بوو لە مێژووی پێنجسەتساڵەی کۆیلە کوشتن لە ئەمریکا. بەڵام ئۆباما چۆن گەیشتە کاخی سپی؟

تیمێکی بیست و چەند کەسی لە پسپۆڕانی جیهانی دیژیتاڵی لە گوگل و ئامازۆن و مایکرسافت کۆ کرایەوە و لە ژوورێکی بێ پەنجەرە خزێندران، بۆ ئەوەی ئانالیزی سێسەت ملیۆن خەڵکی ئامریکا بکەن و تایبەتمەندی تاک تاکیان دەربێنن.

بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەو خەڵکە بە سەر سی هەزار کاتاگۆڕی، دابەش کران و پلانی پێویست بە پێی نیازی کۆمەڵە کەس و تاکەکان بۆ تەبلیغاتی هەڵبژاردن، داڕێژدرا.

بۆ وێنە لە “ئۆهایۆ” نۆسەدوپەنجا هەزار کەس لە لایەن بیست ویەک هەزار کەسەوە سەردانی ماڵەکانیان کرا و سێسەت وپەنجا هەزار گفتوگۆ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی دەنگ بە ئۆباما بدرێ. ئەم هەڵمەتە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئۆباما لە هەموو ئامریکا بەڕێوە چوو.

ئۆباما بە هۆی کۆکردنەوەی دوو میلیارد دۆڵار یارمەتی ماڵی، توانای دانی پارەی بەو کەسانە پەیدا کرد، کە بۆ کارەکە ئەجیر کرابوون. ئەم بیست و چەند کەسە نزیک ٢٣٠ ملیۆن دۆلاریان پێبڕا.

هەر بۆیە ئۆباما بە یەکەم سەرکۆماری دیژیتاڵی دەناسرێ و ئەو چەشنە دێمۆکراسییەش بە دێموکراسی دیژیتاڵی ناوی دەرکردووە. ئەم چەشنە دێمۆکراسییە بڕەوی پەیدا کردووە و سەرۆککۆمار و پارلەمانتاری دیژیتاڵی، سیاسەتمەدارەکانی ئەو سەردەمەن.

دێمۆکراسی پاش کۆمۆنی پاریس و شۆڕشەکانی سەدەی بیست کۆتاییان پێهاتووە و سەدەی بیست ویەک، سەدەیەکی جیاوازە.

ئایا شۆڕشگێڕانی کورد گەیشتوونەتە سەدەی بیست و یەک، یان لە سەدەکانی نۆزدە و بیست- دا ماونەتەوە؟

ئایا جیاوازی دوو سەدەی ڕابوورد و ئەم سەدەیە لای ئەوان ڕوونە؟

کام پلان و بەرنامەی ئەوان مۆری ئەو سەدەیەی پێوە دیارە؟

ئایا پسپۆڕانی کورد لە ژێر سایەی ئەم سەدەیە، بەرچاوڕوونی دەدەنە خەڵک بۆ ئەوەی بزاندرێ ڕێگای ئەم نەتەوەیە لەم سەدەیەدا، بەرەو کوێیە؟

“کورد و سەدەی بیست ویەک” دەبوو گرنگترین باسی کۆمەڵگای ئێمە و پسپۆڕ و لێزانەکان بایە. بەڵام ئەوینی کەڵاشینکۆف ئێمەی لە نیوەی سەدەی بیست-دا هێشتۆتەوە و سەدەی دیژیتاڵی لە فەیسبووک و تێلگرام و… هەمان وێنە لە ئێمە نیشان دەدەن!

ده‌رباره‌ برایم فەرشی

Profile photo of برایم فەرشی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سۆری برا ئەرمەنیەكان، بابەتێک لەسەر شەراکەتی کورد لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا

عەلی مەحمود محەمەد كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە …

لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن

بۆ ڕای گشتیی کوردستانیی بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز لە هەر کوێیەک هەیە بەڕێزان، ژنان و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز