سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / سیاسەتی شکستخواردووی ئەردۆغان

سیاسەتی شکستخواردووی ئەردۆغان

زەخت و زۆر و سەرکوتی ڕژێمی ئاکەپە و ئەردۆغان لە باکووری کوردستان، بە پەلکێشکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و دەیان پەڕلەمانتاری کورد بۆ دادگەی دژە تيڕۆڕ لەم ڕۆژانەی دواییدا، گەیشتە قۆناغێکی نوێ لەپێشیلکاری مافە دێمۆکراتیکەکان و کاردانەوەیەکی ئێجگار بەربڵاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لێکەوەتەوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکییەتی ئەورووپا بە توندی ئیدانەی گرتنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کوردەکانیان کرد. هەرکامە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و سوێد، باڵیۆزی تورکیایان بۆ وەزارەتخانەکانی خۆیان بانگ کردوە و ئەوپەڕی نیگەرانی خۆیان لەم سیاسەتەی ئەردۆغانیان پێ ڕاگەیاندوون. لە درێژەی ئەم کاردانەوەدا، رۆژی دووشەمە حەوتی مانگی نوڤمبر، هەدەپە کشانەوەی پەڕلەمانتارەکانی خۆی لە پەڕلەمنی تورکیا ڕاگەیاند و بەوجۆرە ئەو پەڕلمانتارانەی کە تا ئێستا زیندانی نەکراون دەستیان لە ئەرکە پەڕلەمانییەکانی خۆیان کێشایەوە و سۆزیان دا کە بگەڕێنەوە نێو خەڵکی خۆیان و گۆێێان لێبگرن و پێکەوە هەتا سەرکەوەتن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن.

ئەم سیاسەتی سەرکوتکارییەی ئەردۆغان، شتێکی نوێ نییە. سیاسەتی ئەردۆغان هەر دەم ئەوە بووە کە کوردەکانی باکوور لە حیزبە کوردییەکان دوورخاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئاکەپە وە، هەوڵیداوە بە سیاسەتێکی پۆپۆلیستی و بە فڕوفێڵی ئایینی و بە دروشمی ڕەنگاوڕەنگەوە خۆی لە کوردکەکان نزیک کاتەوە. بۆ نموونە سەردەمێک بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە ڕێگەی پێشکەوتنی تورکیا بە دیاربەکر واتە بە ئامەدا تێپەڕ ئەبێت. ئەو دروشمانەش بۆ ئەوە بوون کە دەنگی کوردەکان بۆ حیزبەکەی ڕاکێشێت و بەو جۆرە ڕێژەی دەنگی حیزبەکەی لە پەڕلەمانا بگەیەنێتە ئەو ڕادەی کە بتوانێ دستووری وڵاتی تورکیا بگۆڕێت و کەماڵیزم کەمڕەنگ کاتەوە. بۆ ئەم گۆڕانکارییەش توانیبووی سەرنجی پۆزیتیڤی نەک هەر لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی نێوخۆی تورکیا بەڵکوو دەوڵەتانی ڕۆژئاواییش بۆخۆی ڕاکێشێت. بەڵام  دواتر لە کردەوەدا بۆ هەموو لایەک دەرکەوت کە ئەو گۆڕانکارییەی کە ئەردۆغان خولیایەتی، عوسمانیزمە و ئەو لە خەونی ئیمپەڕاتۆریایەکی نوێی عوسمانییە و لە خەونی ئەوەدایە کە خۆی ببێتە سوڵتانی ئەو ئیمپڕاتۆرییە.

هەر وەها ئەو هەنگاوانەش کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی هاوینی ساڵی ٢٠١٥ ئەردۆغان ناڕاستەوەخۆ داینابوو بە نێوی ئاشتی لە گەڵ پەکەکە، هەر تاکتیکێک بوو بۆ فریودانی دەنگدەرانی کورد. ڕووداوەکان ئەو ڕاستییەیان دەرخست کە ئەردۆغان نەک هیچ مافێک بۆ گەلی کورد ناناسێت بەڵکوو زیاتر لە ڕەگەزپەرستەکان بە خۆێنی کوردستانیان توونییە و دڕەندەتر لە سەددام پوتەنسیالی وێرانکردنی کوردستانی هەیە. کاتێک هاوینی ٢٠١٥ کوردەکان دەنگی خۆیان دا بە هەدەپە و کورسییەکانی حیزبەکەی ئەردۆغان لە پەڕلەمانا بە ڕێژەیەکی بەرچاو  کەمیان کرد، ئەردۆغان بەو قەناعەتە گەیشت کە لە ڕێێ کوردەکانەوە ناتوانی ببێتە سوڵتان بۆیە ڕێبازەکەی خۆی گۆڕی. ئەمجارەیان سیاسەتی ئاشکرای کوشت وبڕی کوردانی خستە گەڕ، ئەویش بۆ ڕاکێشانی دەنگی ڕەگەزپەرستەکان. هەر ئەوەش وایکرد کە ئەردۆغان هەڵبژاردنێکی نوێ ڕابگەیەنێت و حیزبەکەی نەختێک ببووژێنێتەوە، بەڵام ئاکەپە زۆر دوورە لە وەی کە بتوانێ یەک لایەنە دستوور بگۆڕێت.

سیاسەتی ئەردۆغان لە بەرانبەر کوردەکان هەر دەم دوژمنانە بووە. ئێستاش ئەم ڕاستییە بۆ هەموو جیهانیان دەرکەوتووە و ئیتر تورکیا ناتوانی ماسکی دێمۆکڕاسییەت بدا بە سەر و چاوی خۆیدا و بە درۆ و دەلەسە و بە نێوی بەرەنگار بوونەوەی تەڕۆڕیزم کوردەکان سەرکوت کات. چەن ڕۆژ لە مەوەبەر دادگایەکی بەلژیکا بڕیاری لە سەر بێ تاوانی ئەو کوردانە دا کە تورکیا چەن ساڵ بوو بە نێوی تەڕۆڕیست و ئەندامەتی لە پەکەکەدا دۆزی بۆ کردبوونەوە. ئەو بڕیارە سەرکەوتنێکی زۆر مەزنە بۆ کۆردستانیان بەوەی کە دادگەی بڕوکسەل ئەو داوای تورکیای رەت کردۆتەوە و خەباتی باکوور وەک خەباتێکی تەڕۆڕیستی ناناسێت. ئەو بڕیارە هاوکات شکستێکی مەزنە بۆ تورکیا و ئەردۆغان کە گوشارێکی زۆری کردبوە سەر بەلژیکا بۆ سزادانی کەسایەتییە کوردەکان.

شکستێکیتری ئەردۆغان، گوشارەکانی بوو بۆ سەر ئەمەریکا کە تورکیا لە شەڕی ئازادکردنی ڕەققەدا بەشداری بکات و هەروەها بۆ ئەوەی کە یەپەژە و یەپەگە نابێ بە هیچ شێوەیەک لەو شەڕەدا بەشداری بکەن. بەڵام وەک ئەمڕۆ هەواڵنێرە جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، شەڕی ئازادکردنی ڕەققە ڕێک بە پێچەوانەی ویستی تورکیا دەستی پێکردووە و تورکیا بۆی نییە بەشداری بکات. ئەم شکستە سیاسییانەی ئەردۆغان بە دوای چەندین شکستیتریدا دیت کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بەوە بکرێت کە تورکیا ڕێگەی بە هێزی ئەمەریکایی نەدا تا لە تورکیاوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سەددام، هەروەها خستنە خوارەوەی هێلیکۆپتەری ڕووسیایی لە سەر سنووری تورکیا و سوریا.

هەرچی تورکیا لە سیاسەتەکانیدا سەرلێشێواو بووە، کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا سیاسەتێکی باش مەشاندووە و جێگە و پێگەی خۆی لە نێو پێگە نێو دەوڵەتییەکاندا زیاتر کردۆتەوە. لە نێوخۆی کوردستانیشدا، سەرکوتی ئەردۆغان لە باکووری کوردستان، کۆڵی بە کوردستانیانی قارەمان و شۆڕشگیری ئەو پارچەی کوردستان نەهێناوە. گرتنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و پەڕلەمانتارانی کورد لە تورکیا، ئاکامی سیاسەتی شکستخواردووی ئەردۆغانە.  شۆڕشی باکووری کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێک کە بە هیچ دەسەڵاتێک و بە هیچ ئەردۆغانێک شکست ناهێنێت. ئەم سیاسەتە شەڕخوازانەی ئەردۆغان نەک هەر گەلی کوردی باکوور بەڵکوو گەلی کوردی لە هەموو پارچەکان کوردستان سوورتر کردووە تا پشتگیری شۆڕشی باکوور بن. دوێنی و ئەمڕۆ پشتیوانی پڕشکۆی ڕۆژئاو و باشورمان بینی کە لە باکووری کوردستانیان کرد. لە ڕۆژهەڵاتیش پەڕلەمانتاری کورد لە پەڕلەمانی ئێرانەوە بە دەنگی بەرز ئیدانەی تورکیای کرد و وا دیارە خۆپیشاندانی مەزنی گەلیش بەڕێوە بێت. ئەمڕۆکە گەلی کورد بە زۆربەی حیزبەکانیەوە هەستی بە هەسیتاریی بار ودۆخی ڕۆژهەڵای ناوین کردووە و یەکگرتنی نەتەوەیی بە ئەرکێکی هەنوکەیی دەزانێت. ئەمڕۆکە ڕەوتی ڕوداوەکان وایکردووە کە هیچ حیزبێک نەتوانێ بە ئاسانی پشت لە گەل بکات و پاڵ بە داگیرکەری کوردستانەوە بدات.

 

ده‌رباره‌ ئەحمەد قەسیمی

Profile photo of ئەحمەد قەسیمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بەڵای بنەماڵە، حەفتا ساڵ ستەمی ماڵباتی ”کیم ”

حاتەم مەنبەری بەشی یەکەم ئەگەر کێشەی کوریای باکوور چارەسەر بێت پێشەکیەکی کورت کۆتاییەکانی دەیەی ٣٠ی …

بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات و رەخنەگرانی

نووسینی: هاشم کەریمی لە وڵاتی خۆمان دا هەندێک گۆڕهەبوون کە گۆڕی کافرانیان پێدەگوتن و خەڵکی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز