سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / سیاسەتی دووفاقەی “مافی مڕۆڤ”ی سەرمایەداری

سیاسەتی دووفاقەی “مافی مڕۆڤ”ی سەرمایەداری

هاشم کریمی

لە چەرخی پانزدە و شانزدەی زاینی کە وڵاتانی سەرمایە داری دەستیان داوەتە کۆلۆنیکردنی(موستەعمەرە) وڵاتانی دیکە، تاکوو ئەمڕۆ لە بارەی مافی مرۆڤەوە سیاستی دوو فاقەیان پەیڕەو کردووە. بۆ روونکردنەوەی باسەکە پێویستە بە کورتی چاوێک بە سەرمێژووی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمدا بخشێنم .

یەکەم جار ئیسپانیا و پورتەقاڵ روویان کردە ئەمریکای باشوور وئەمریکای ناوەندیی ، دواتر بریتانیا ئەمریکای باکوور و ئوقیانووسیە و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەفریقا و باشووری ئاسیای کردە کۆلۆنی خۆی. فەڕانسە روویکردە باکووری ئەفریقا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ، بلژیک کونگۆی ئەفریقای داگیرکرد، هولەند ئەندونزیا و دانمارک دورگەی گەورەی گرینلەندی لە  ئەمریکای باکوور کردە کۆلۆنی خۆی.  لەولاشەوەوە رووسیە سەرزەویی پان و بەرینی سیبری و ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازی داگیر کرد و ژاپۆن دەستی بەسەربەشێک لە مەنچووریی چین و هێندێک دوورگەی دەوروبەری خۆیدا گرت و ئیتالیا و ئەڵمانیش روویان کردە ئەفریقا و بەشی خۆیان پچڕی. ئەمریکاش دوای ئەوەی  سەربەخۆیی بەدەست هێنا، دەستی بەسەر هێندێ دوورگەی دەورو بەری خۆیدا گرت و بەشێک لە خاکی میکزیکی داگیر کرد، ئەوە بێجگە لەوەی زۆربەی  وڵاتانی ئەمریکای باشوور وئەمریکای ناوەندی کە بەرواڵەت سەربەخۆ بوون و کۆلۆنی نەبوون، بەڵام لە باری سیاسی و ئابوورییەوە لە ژیر هیژموونیی سیاسەتی ئەمریکادا بوون.

وڵاتانی سەرمایەداری کاتێک دەیانویست وڵاتێک داگیر بکەن لە پێشدا میسیۆنی مەزهەبییان دەنارد، بۆ “بە شارستانێتی”(متمدن) کردنی خەڵکانی بە ناو وەحشی ئەو وڵاتانە. دوابەدوای ئەوە، کۆڕی بازرگانیان بەڕی دەکرد بۆداگیرکردنی کەرەستە و مادەی خاوی ژێرزەوی و سەرزەویی ئەو وڵاتانە و فرۆشتنی کەل و پەلی کارخانەکانیان، دواتر بە رواڵەت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی خۆیان هێزی نیزامیان بەڕێ دەکرد و دەستیان بەسەر وڵاتەکەدا دەگرت.

ئەو جینایەت و بێڕەحمیانەی داگیرکەران بەرامبەر بە خەڵکانی وڵاتانی کۆلۆنی خۆیان  بەکاریان هێنا لە رادەبەدەرە، بۆ نموونە کاتێک ئیسپانیا و پورتەقاڵ و بریتانیا و فەڕانسە پیان نایە ئەمریکا، حەشیمەتی سوورپێستەکان ٣٠ میلیون کەس بوون، لە ماوەی ٣٠٠ ساڵ دا حەشیمەتیان بووە شەش ملیۆن کەس کە بۆ داگیرکردنی زەویەکانیان بە دەستی سپی پێستە “خاوەن شارستانیەتیەکان” دەکوژران! بە ملیۆنها رەش پێست لە وڵاتانی ئەفریقا دزران و وەکوو کۆیلە بۆ ئەمریکا بردران کە  پتر لە نیوەیان لە رێگەدا دەمردن و دەبوونە خۆراکی گیانلەبەرانی دەریایی و ئەوانەی دیکەش کە دەمانەوە نیوەیان لە برسان  و بە قامچیی خاوەنەکانیان گیانیان لەدەست دەدا. دڵرەقی و بێرەحمیی هولەندیەکان لە ئەندونزی و خواروی ئەفریقا ، ژاپونیەکان لە چین، بریتانیەکان لە هیندوستان و زۆر لە کۆلۆنیەکانی دیکەیان، بلژیکیەکان لە کونگۆ، پورتەقالییەکان لە ئەنگولا و موزامبیک، فەرانسەیەکان لە وێتنام و ئەلجەزیرە ، ئیتالیایەکان لە حەبەشە(ئیتیوپی)، میژوەکانیان ‌هێشتا کۆن نەبووە ولە زۆر کیێبی پێوەندیداردا دەبینرێن.

بۆ پیشاندانی جینایەت و دڵڕەقیی وڵاتانی میتڕوپۆل، تەنیا پاڕاگڕافێک لە بەرگی دوومی سەرمایەی مارکس دێنمەوه کە لە نووسینێکی ویلیام هاویت نووسەری مەسیحی ئینگلیزی هێناویەتی. ناوبراو دەڵێ: “بەڕبەڕیەت و ئەو کارە بێشەرمانەی کە خەڵکە بە ناو مەسیحییەکان لە هەر شوێنێکی جیهان لە دژی خەڵکی هەر وڵاتێکی داگیرکراو ئەنجامیان داوە لە هیچ یەک لە سەردەمەکانی مێژووی جیهان  و لە لای هیچ خەڵکێك چەندە وەحشی و دواکەوتووبووبن، چەندە بێبەزەیی و بێشەرم بووبێتن، نموونەی نەبووە و نابێتەوە.”

لە سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٩ی زاینی دا، بۆ یەکەمین جار لە قانوونی بنەڕەتیی حکوومەتی شۆڕشگێڕدا باس لە مافی مرۆڤ کرا. دوابەداوی ئەوە فەیلەسووفان و رووناکبیرانی وڵاتانی ئوروپایی پرسی ئازادیە سیاسیەکانی مرۆڤیان هێنایە گۆڕێ، و بە خەباتی رووناکبیران و چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵ توانرا لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکا مافە سیاسی و مەدەنیەکان بە سەر حکوومەتانی ئەو وڵاتانەدا بسەپێنن . هەروەها توانرا هەڵبژاردنی ئازاد بۆ نوێنەرانی پاڕلەمانەکان بێتە گۆڕێ و سێ هێزی “بەڕێوەبەری”، “یاسادانان” و “دادوەری” لێک جودا بکرێنەوە، و تەنانەت توانرا لە هێندێک لە وڵاتان دا  سیستمی کۆیلەتی قەدەغەن بکرێ کە گرنگترینیان لە ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥دا بوو و هەروەها توانرا مافی یەکسانی ژن و پیاو دابین بکرێ.

لە شۆڕشی ئوکتوبری ١٩١٧ی رووسیەدا مافە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیش تا رادەیک دابین کرا و بۆ ماوەیەک تارادەیەک چارەسەر کران، و هێندێک لە وڵاتانی ئوروپایی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە بۆ پێشگرتن لە شۆڕشێکی سوسیالیستی دەبێ سیستمی خۆش بژێوی (دەوڵەتی رفاه) رەچاو بکرێ، کە تا رادەیەک لە سەرپرسی دەرمان، خوێندن و هێندی شتی تر کاریگەریی لە سەر ژیانی چین و توێژە چەوساوەکان دانا.

لە ساڵەکانی ١٩٢٠ تا١٩٤٠ی سەدی بیستەم بە هۆی نەنجامی شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٤- ١٩١٨) کە حکوومەتەکانی شکستخواردوو خۆیان بە زەرەرمەندی شەڕ دەزانی و قەیرانی ئابووی پێکهاتوو، لە چەند وڵاتی ئوروپایی کە پێشتر بەشیوەی دیموکڕاتیی بورژوایی بەڕیوە دەچوون، سیستمی فاشیستی و دیکتاتۆری سەریهەڵدایەوە. لە ئەڵمان حیزبی نازی بە رێبەریی هیتلەر، لە ئیتالیا حیزبی فاشیست بە رێبەریی موسولینی، لە ژاپۆن حکوومەتێکی میلیتاریستی، لە ئیسپانیا فڕانکۆی دیکتاتۆری فالانژیست، لە پوڕتەقاڵ سالازاری دیکتاتور، لە تورکیە ئەتاتورکی رەگەزپەرست و لە بولغارستان و لەهستان و هەنگری( مەجارستان) و رۆمانی حکوومەتانی دیکتاتۆریی پەیدابوونەوە کە ئەوانە بوونە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی دووەمی جیهانی (١٩٣٩-١٩٤٥).

بە هۆی ئەو شەڕە خوێناوی و ماڵوێرانکەرەوە، ٢٢ ملیۆن خەڵکی سۆڤیەت، ١٦ ملیۆن چینی، شەش ملیۆن ئەڵمانی،  شەش ملیۆن جوو، چوارملیۆن لەهستانی، سێ ملیۆن خەڵکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە پتریان کۆلۆنی هولەند بوون، دووملیۆن و ٧٠٠هەزار ژاپنی، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار خەڵکی هیندوستان کە موستەعمەرەی بریتانیا بوو، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار فەڕانسەیی، و ملیۆنێک خەلکی یوگوسلاوی؛  لەسەر یەک نزیکەی ٧٠ ملیۆن مرۆڤ بوونە قورنانی.

چەند ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی لە ١٠ دیسامبری ١٩٤٨ بەیاننامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. مافەکانی مرۆڤ بریتین لەم مافانەی خوارەوە:

مافە مەدەنییەکان ئەو مافانەن کە: حەقی ژیان، ئازادیی دین ومەزهەب، ئەمنیەتی قەزایی و حقووقی(دادوەری و ماف)، ژیانی تایبەتی و بنەماڵەیی، ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوە و پێکهینانی کۆر و کۆمەل و حیزب و ئازادی هاتووچوو دەگریتەوە.

 مافە سیاسیەکان  بریتین لە: مافی مرۆڤ بۆ بەشداریکردن لە بەڕیوەبردنی کاروباری وڵاتدا، بۆ نموونە مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە هاووڵاتیان دەدا.

مافە ئابووریەکان ئەو مافانەن  وەک: مافی کارکردن و هەبوونی کار، مافی دروستکردنی سەندیکا و یەکییتیەکانی سینفی(پیشەیی) و ئازادی کارکردن لە نێوانیاندا، مافی مانگرتن و مافی هەبوونی ئاستێکی ستانداردی ژیان کە شایانی مرۆڤ بیت.

 مافە کۆمەڵایەتییەکان ئەو مافانەن کە: حەقی تاکەکەس واتە ئەندامانی کۆمەڵ لە حاڵەتەکانی بێکاری و نەخۆشی و پەککەوتوویی دەپارێزن. مافە فەرهەنگی و کولتوریەکان ئەو مافانەن کە حەقی هاووڵاتیان بۆ خویندن و فێربوون  و کەڵک وەرگرتن لە زانست و چاپ و بڵاوکردنەوە دەپاریزن.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و شکستی نازیسمی ئەڵمان، میلیتاریزمی ژاپۆن و فاشیزمی ئیتالیا، لە هێندێک لە کۆلۆنیەکانی وڵاتانی ئوروپایی جوڵانەوە بۆ رزگاری سەری هەڵدا. گەلانی هێندێک لە کۆلۆنیەکان وەکوو وێتنام، هیندوستان،  ئەلجەزیرە ،کونگۆ، موزامبیک، ئەنگولا و… دژی وڵاتانی میتروپۆل راپەڕین و سەربەخۆییان بەدست هێنا، بەڵام دوای ئەوە وڵاتانی میتروپۆل ئەوەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان زانی کە پیش ئەوەی گەلانی کۆلۆنیەکان راپەڕن، خۆیان سەربەخۆییان بدەنێ. ئەوە بوو کە بە دەیان وڵاتی سەربەخۆی تازە لە ئەفریقا و ئاسیادا هاتنە گۆرەپانی سیاسەتی جیهانیەوە، بەڵام بە داخەوە زۆربەی سەرانی ئەو وڵاتانە کەسانێک بوون کە وڵاتانی میتڕوپۆل دەسنیشانیان کردبوون و لە بەرژەوەندی ئەواندا دەجووڵانەوە و وڵاتیان بە شێوە ی دیکتا تۆڕی بەڕیوە دەبرد.

ئا لێرەوەیە کە سیاستی دووفاقەی سەرمایەداری بە زەقی دەبیندرێ. وڵاتانی سەرمایەداریی جیهان لە نیوخۆدا  هەموو مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی و کولتوریی هاونیشتمانانی خۆیان دەپارێزن و تەنیا لەسەر پرسی ماڵی یە کە نابەرامبەریی سامناک و جیاوازیی چینایەتیی لەرادەبەدەر دەبینرێ، لە حاڵێکەدا خەڵکانێکی زۆر خاوەنی میلاردها دولار یا پۆند و پارەی وڵاتی خۆیانن،  بە دەیان هەزار کەس شەوانە لە تونیلەکانی پیادەڕۆ وشەقامەکاندا دەخەون و خواردنیان ژەمێک نانە کە کلیساکان دەیاندەنێ. هەر ئەم وڵاتانە لە بەرامبەر پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ولاتانی دیکتاتۆڕیدا چاوی خۆیان دەقونجێنن و مامەلە و بازرگانیان لەگەڵ دەکەن و چەک و چۆڵیان پێدەفرۆشن کە دیکتاتۆڕەکان بەشی زۆری ئەو چەکانە بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن و ئەگەر بەرەی سەر بە ئەمریکا دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتێکی سەر بە بەرەی  رووس یان چین لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان داوخوازی یەک پێشکەش بکا (دیارە نەک بۆ خاتری دڵسۆزی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بەڵکوو بۆدژایەتی لەگەڵ رووس یان چین) لە لایەن رووس یان چینەوە ڤیتۆ دەکرێ، و بە پێچەوانەش ئەگەر بەرەی رووس بە دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن  وڵاتێکی سەر بە ئەمریکا و بریتانیا و فرانسە داوخوازی یەک پێشنیاربكا لە لایەن یەکێک لەو سی وڵاتەوە ڤیتۆ دەکرێ.

لەبەر ئەوەی وتارەکە درێژ نەبێتەوە ناچمە سەر پێوەندیی هەموو وڵاتانی سەرمایەداری لە گەڵ وڵاتانی دیکتاتۆڕی، تەنیا باسی پێوەندیی وڵاتانی سەرمایەداری لەگەل چواروڵات دەکەم کە کوردستان لە نیوانیان دا دابەشکراوە. ئەو چوار وڵاتە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دا کارنامەیەکی رەشیان هەیە، بەڵام لە بەربەستراوەیی بە ولاتانی سەرمایەداری یان بەناو وڵاتانی کۆمۆنستی کەمتر وا هەلکەوتووە لە لایەن ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکووم بکرێن .

دوای پەسەند کرانی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێران دا حەمە رەزا شا بووە دەسەڵاتدار و هەمەکارەی ئێران، هەر ساڵێک پێش پەسەندکردنی مافی مرۆڤ، حەمەرەزاشا بە یارمەتیی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا و بریتانیا ولاوازیی سیاسەتی ئیستالین، هێرشی کردەسەر کوردستان و ئازربایجان و لەسەر داوای مافی رەوای خۆیان ئەو دوو گەلەی شەڵاڵی خوین کرد. حەمە رەزاشا تا ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی (١٩٤٣ی زاینی) لەبەر بەهێزبوونی تێکۆشانی کریکاری و روناکبیری نەیتوانی رووی راستەقینەی سەرەرۆیی خۆی پێشان بدا ،هەرچەند زۆرجارپۆلیس هێرشی دەکردە  سەر خۆپیشاندەران و مانگرتوان و خەڵکی دەکوشت و دەگرت. لە ساڵی ١٣٣٢دا بە یارمەتیی دەزگای جاسووسیی ئەمریکا و بریتانیا حکوومەتی  “موسەدێق”ی  رووخاند، کە ناوبراوتوانی نەوتی ئێران میللی بکا و دەیویست شا بکاتە شایەکی مەشرووتە و لە دەسەڵاتی کەم کاتەوە .

شا ماوەی ٢٥ سال بەوپەڕی دیکتاتۆری و سەرەرۆیی حکوومەتی کرد و دەزگای ساواکی شا هەر دەنگێکی نارازیان لە قوڕگدا دەخنکاند، بەڵام نەک تەنیا بۆ جارێک وڵاتانی سەرمایەداری لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ رەخنەیان لێنەگرت ، بەڵکوو لە پێشدا بۆ بەرواڵەت بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ یەکیتی سۆڤیەت کردیانە  ئەندامی پەیمانی بەغدا و دوایی ئەندامی پەیمانی سنتۆ و میلیاردها دولار پارەی نەوت کە دەبوو بۆ ئاوەدانی ئێران و خۆشگوزەرانیی خەلکەکەی کەڵکی لێوەربگیرێ، چەک و چۆڵیان پی فرۆشت. دواییش کە زانیان شا بۆتە مۆرەیەکی سووتاو، لە کۆبوونەوەی  گوادلوپ(فەرانسە) بریاری لابردنیان دا و لە ترسی هاتنە سەر کاری حکوومەتێکی دیموکڕات یان چەپ، رێخۆشکەرییان بۆ خومەینی کرد کە خۆی بە هۆی پێگەی ئاینی و چاوپۆشیی رژیمی شا لە تێکۆشانی ئاخوندەکان، خەڵکانێکی زۆری مەزهەبیی دەمارگرژ لە دەوری ئاڵا بوون،لە رێبەندانی ١٣٥٧ حکوومەتی پاشایەتیی رووخا و ئەو(خومەینی) هاتە سەر کار.

هێشتا ساڵ تێنەپەڕیبوو خومەینی بە ‌هێرش بۆسەر بزووتنەوەی گەلانی بندەست ویەک لەوان گەلی کورد ماهیت (ناوەرۆک)ی کۆنەپەرستانەی خۆی پیشاندا و دوایی وەرگەڕایەوە سەر خەڵکانی ئازادیخواز و چەپ و موجاهید  و بە دڕندانەترین شیۆە خەڵکی سەرکوت کرد .تەنیا لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ١٩٨٨ی زاینی نزیکەی ١٠هەزار کەس لە زیندانیانی سیاسیی قەتلووعام کرد. تەنانەت لە وڵاتانی ئوروپا و ئاسیا و ئەمریکا سەدان کەس لە نەیارانی کۆماری ئیسلامیی تیرۆرکران؛ کە تەنیا جارێک لە دادگای میکونووسی برلین لەسەر تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، هومایون ئەردەلان، فەتاح عەبدولی و نووری دێهکوردی مەحکووم کرا. لە ماوەی ئەو ٣٩ ساڵە دا ئەگەر چەند جاڕیک لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مەحکووم کرابێ، زۆر جار بەرەی رووس و چین و وڵاتە دیکتاتۆرەکانی جیهان کە خۆیان کەم نین، دەنگی نەرێنیان( نیگەتیڤ ) بە مەحکوومیەتەکەی رژیم دراوە.

حکوومەتی عێراق تا ساڵی ١٩٥٨ی زاینی و کودتای عەبدولکەریم قاسم پاشایەتی لە ژیر گاریگەریی سیاسەتی بریتانیادا  و ئەندامی پەیمانی بەغدا بوو. هەر ساڵێک پێش پەسەند کردنی مافەکانی مرۆڤ، چوار ئەفسەری ئازدیخوازی کورد: مستەفا خۆشناو ،عیزەت عەبدولعەزیز،محەمەد قودسی و خەیروڵا عەبولکەریم  کە چووبوون بۆ یارمەرتیی کۆماری کوردستان، لە گەرانەوەدا گیران و ئیعدام کران. رژیمی عێراق هەرچەند بە ئەندازەی رژیمی شا سەرڕۆ نەبوو، لەگەڵ ئەوەش حیزب و ریکخراوە سیاسییەکان قەدەغە بوون  و ئەگەر کەسێک بە تاوانی سیاسی بگیرابایە بۆ ماوەیەکی زۆر زیندانی دەکرا. بزووتنەوە کوردیەکانی شیخ مەحموود و بارزان سەرکووت کرابوون، پارتی دیموکڕاتی کوردستان و حیزبی شیوعی و حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی دیکە تیکۆشانیان نهێنی بوو. لە تەوای ئەو ماوەدا لەبەر بەستراوەیی عێراق بە بریتانیاوە لەسەر پێشیلکردنی مافی مرۆڤ مەحکووم نەکرا.

لەو ساڵەدا(١٩٥٨) لەشکر بە فەرماندەیی عەبدولکەریم قاسم کودەتای کرد کە بە “شۆڕشی ٢٨ی گەلاویژ” ناسراوە . قاسم پیاوێکی نیشتمانپەروە بوو، پرسی کوردی لە قانوونی بنەڕەتیدا هێنایەگۆڕێ. سێ چوار ساڵ عیراق ببووە لانکەی ئازادی، بەداخەوە ‌‌هێندێ کیشەی نێوخۆیی و هاندانی هێندێک لە سەرانی کۆنەپەرستی عەرەبی گۆڕانیان لە قاسم دا پێک هێنا و لە ساڵی ١٩٦٣ی زاینی حیزبی بەعس کە حیزبێکی شوینیستی عەرەبی بوو، کودەتای کرد و عێراقی خەڵتانی خوین کرد.

دواییش کە  برایانی عارف (عەندولڕەحمان و عەبدولسەلام) هاتنە سەر کار، لەبەر ئەوەی دژی بەری چەپ بوون، لە لایەن بەرەی رۆژئاواوە پشتیوانیان لێدەکرا و لە پێشیلکردنەکانی مافی مرۆڤ و کورد کوشتن و کومۆنیست و دیموکڕات کوشتنەکانیان چاوپۆشی دەکرا. دواتر کە حیزبی بەعس هاتەوە سەرکار بە رواڵەت بووە هاوپێمانی شیوعیەکان، ئەمجارە بەرەی رووس لە جینایەتەکانی چاوپۆشیان دەکرد. دوایی کە عێراق شەڕی لەگەڵ ئێران دەست پێکرد، لەبەر ئەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لای بەرەی ئەمریکا ناپەسەند بوو، لە جینایەتەکانی بەرامبەر بەکورد وەكوو کوشتاری فەیلیەکان و بارزانیەکان و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە وسەردەشت و دەیان گوندی کوردستان و کوشتارو دەرکردنی شێعەکان چاپۆشیی لێکرا و تەنانەت جارێکیش مەحکووم نەکرا. لەم رژیمەی ئێستاش دا کە شێعەکان دەسەڵاتدارن، پیان ناوەتە جێ پێی رژیمەکانی پیشووی عێراق وئەو مافانەی کە کوردەکان دوای رووخانی رژیمی سەدام بە تێکۆشانی خۆیان بەدستیان هێنابوو، وردە وردە بەرتەسک دەکەنەوە و بەرەی ئەمریکا و بریتانیا چراسەوزیان بۆ لیدا  بۆ گرتنەوەی کرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، کە  لە راستیدا بۆ نەوتەکەی بوو، بەڵام بە ناو بۆ ئەوەی زیاتر نەچێتە باوەشی کوماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کە خەیاڵێکی خاوە.

حکوومەتی سوریە  دوای هاتنەدەر لە ژێر سەرپەرستیی(ماندەیت) فەڕانسە، تا هاتنەسەرکاری (حافز ئەسەد) چەندین کودەتای نیزامیی تاقی کردەوە. لە سالی ١٩٤٨سالی  پەسەندکردنی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ لە ریکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دا، هاوڕی لە گەڵ فەلەستینیەکان وولاتانی میسر و ئوردەن لەگەڵ حکوومەتی تازەپێکهاتووی ئیسڕائیل تووشی شەڕ بوو، کە بە زەرەی بەرەی عەڕەب تەواو بوو. لە سآڵی ١٩٤٩ کودەتایەکی نیزامی کرا کە پتر سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو کە دیارە لە رژیمێکی ئەوتۆدا مافەکانی مرۆڤ پیشێل دەکران. سوریە لە ١٩٥٦ لە گەڵ یەکیتی سۆڤیەت پەیمانی هاوکاریی پێک هێنا و کەوتە بەرەی سۆڤیەت. سالی١٩٥٨ لە گەڵ میسری (جەمال عەبدوناسر) کۆماری یەکگرتووی پێک هێنا کە سێ سال درێژەی کێشا. لە ١٩٦١کودەتا کرا و کۆماری یەکگرتوو هەڵوەشایەوە ، بەلام ئەوانەی هاتنە سەرکار خۆیان بە لایەنگری چەپ پیشان دەدا و دۆستی سۆڤیەت بوون. لە ١٩٦٣  حیزبی بەعس کودەتای کرد و دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت ولە ساڵی ١٩٦٦ حافز ئەسەد  کە خۆی ئەندامی حیزبی بەعس بوو دەسەلاتی بەدەست هێنا و تا ئیستا خۆی و کوڕەکەی بەشار ئەسەد لە سوریە حکوومەت دەکەن. حافز ئەسەد بێجگە لە پیشێلکردنەکانی گشتی مافی مرۆڤ لە سوریە، ئۆباڵی دوو کوشتاریشی لە ئەستۆیە ،یەکەم کوشتاری پەنابەرانی فەلەستینی لە ئوردوگای  تەل زەعتر، بە هاوکاریی مەسیحیە فالانژەکانی لوبنان، و دووەم کوشتاری جەماحەتی  ئەخوان الموسلمین لە شاری حەمای سوریە. لە تەوای ئەو ماوەدا چ کەسانی سەر بە رۆژئاوا و چ کەسانی سەر بەرۆژهەڵات دەسەڵاتیان بەدەست بووبێ، لە گەڵ پێیشێلکرانی مافی مرۆڤ بە تایبەت بەرامبەر بە کورد کە تەنانەت بە بەشیکی زۆریان حازرنەبوون ناسنامەی هاونیشتمانیی سوریەشیان بدەنێ بەو بیانووە کە ئەوانە لە تورکیەوە هاتوون، مەحکووم نەکراون.

لە ٢٠١١ کە بە ناو بەهاری عەرەبی سەری هەڵدا، سوریەشی گرتەوە، بەرەی ئەمریکا کە سوریەیان بە هاوپێمانی رووس دەزانی، زوو کەوتنە خۆ بۆ رووخانی ئەو وڵاتە وەکوو لە لێبی ئەو کارەیان کرد ، ىەڵام لێرەدا رووس و ئێران و حیزبوڵای لوبنان فریای کەوتن و لە رووخان رزگاریان کرد. ئەوە شەش حەوت ساڵە شەڕیکی چەند لایەنە لە سوریە درێژەی هەیە کە ئەو وڵاتەی کردۆتە ویرانەیەک. لایەک بەرەی ئەمریکا و بریتانیا و فەڕانسە و هێندێک لە وڵاتانی کەنداوی فارس ،لایەکی دیکەش سوریە و رووس وکۆماری ئیسلامیی ئێران و حێزبوڵای لوبنان، لەولاشەوە داعەش کە لە پێشدا تورکیە و قەتەر یارمەتیی چاکیان کرد و لە بەشێکی زۆری سەرزەویی سوریە جێگیر بوو، لە لایەکیش کوردەکان کە هەمیشە لە سوریە بێبەش بوون کەوتنەخۆ و ناوچەکانی خۆیان لە داعەش پاک کردەوە.

رژیمی تورکیە لە تەوای ئەو ماوەدا ئەندامی پەیمانە هێرشبەرەکانی بەغدا، سنتۆ و ناتۆ بووە، ئەگەر جارو بار حکوومەتێکی سیویل هاتبێتە سەرکارو ویستبێتی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان لە تورکیەدا پەرە پێ بدا، کودەتای لێکراوە و ئەگەر تۆزێک ئازادییش هەبووبێ  پێشیل کراوە. ئەوە بێجگە لەوەی گشت ئەو حکوومەتانەی کە هاتوونەتە سەر کار بە نیزامی و سیویلەوە بەرامبەربە گەلانی “ناتورک” بە تایبەت کوردەکان سیاسەتی شوینیستی یان رەچاو کردووە. دیارە ئەوە لە سیاستی تورکیەدا تازە نەبو و لە ساڵی ١٩١٥دا پتر لە ملیۆنێک ئەرمەنی لە تورکیە کۆمەل کوژ کرابوون و دەیان هەزار ئاسووری لەو وڵاتە ئاوارەی ئێران و عێراق ببوون، و لە دەورەی ئەتاتورک یشدا دەیان هەزار کورد لە شۆڕشەکانی شێخ سەعید وئاگری و دەرسیم کۆمەڵکوژ کرابوون . دوای هاتنە سەرکاری حیزبی مەزهەبیی داد و گەشە (ئاکاپە) بە سەرۆکایەتیی ئوردوغان، هێندێک نەرمی هەم  لە گشت وڵات و هەم بەرامبەر بە کوردەکان پێشاندرا و حیزبەکانی سەر بە کوردەکان  تێکۆشانیان دەستپێکرد و لە هەڵبژاردنی پاڕلەماندا نوینەریان بۆ پارلەمان دیاری کرد و تەنانەت بۆ سێ ساڵ بە نارەسمی لە گەڵ ( پ ک ک) ئاگربڕ کرا، بەڵام کاتێک ئوروغان هەموو مۆرەکانی دەسەڵاتی بە تەواوەتی گرتە دەست، گۆڕا. ئێستا دەیەوێ هەم ئازادیە سیاسیەکان بەرتەسک بکاتەوە و هەم کوردەکان بخاتە ژێر گوشارەوە و تا ئێستا بە هەزاران کەسی سیاسی لە نوینەری پاڕلەمانەوە بگرە تا رۆژنامەنووس لە بە ناو دادگاکانی تورکیە دا مەحکووم کراون. ئەوە لایەکی کیشەکەیە. تورکیە خۆی یەکێک بوو لەو رژیمانەی کە یارمەتیی داعەشی دا لە سوریە و عێراقدا چەند ناوچە داگیر بکاو پێکهێنەری چەندین تاقمی کۆنەپەرستی  “ئەخوانی”یە بە ناو بە دژی سوریە،  کەچی بە بیانووی سەرکوتی تیروریزم هێرش دەکاتە سەر گەلێک کە ئەو گەلەخۆی هەزاران کەسی دژی تیروریزم  قوربانی داوە. سەیر ئەوەیە لە ریزی سوپای تورکیە دا هەزاران کەسی دەمارگرژی مەزهەبی کە خۆیان لە راکردوانی داعەش و تاقمەکانی سەر بەقاعیدە بوون بەشدارن. لەوەش سەیرتر رووسیە کە خۆی بە پشتیوانی سوریە دەزانێ، لێرەدا بۆ سەرکوتی ئازادیخوازانی کورد و عەڕەب و ئاسووری پشتیوانی لە تورکیە دەکا و ئەمریکاش کە بەرواڵەت بە دژی داعەش هاوپێمانی کوردان بوو، خۆی لێ بیدەنگ کردووە و بێدەنگیش نیشانە رازیبوونە. دەوڵەتانی بە ناو دیموکڕاتی ئوروپاش لە بەر ئەوەی نەوەکوو ئوردوغان دەرگا لە پەنابەران بکاتەوە بەرەو ئوروپا، لە بەر چاویان دا ئەرتەشی تورکیە ژن و مندال و پیرو پەککەوتەی عەفرین بوردومان دەکا و دەکوژێ، ئەوانیش خۆیان لێ کویر و کەڕ کردووە و وەکوو ئەوەی ئاگایان لە هێچ نەبێ. ئەوەیە سیاستی دووفاقەی سەرمایەداری .

٨ مارسی ٢٠١٨

ده‌رباره‌ هاشم کەریمی

Profile photo of هاشم کەریمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز