سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / سوبژەی داگیرکراوی بێ‌وڵات، خوێندنەوەیەک بۆ کورتە چیرۆکی: “ئەوبەری فەنەر”

سوبژەی داگیرکراوی بێ‌وڵات، خوێندنەوەیەک بۆ کورتە چیرۆکی: “ئەوبەری فەنەر”

شەهلا دەباغی

ئەگەر لەو ڕەخنانە گەڕێین کە لەسەر هێندێک لە تیئۆرییەکانی فرۆید هەیە و ئێرە جێگای باسیان نییە، ئەوە دەکرێ بۆ خوێندنەوە و شیکردنی هێندێک چیرۆک کەڵکیان لێ وەربگرین. بە ڕای فرۆید خەون لە ڕاستیدا ئامانجێکی هەیە، گەیشتن بە ئارەزوو. تاک خەون دەبینێ تا لە گوزارەکانی ژیانی لە خەوندا بە ئامانجێک بگا یا بەرەو ڕووی گرفتێک بێتەوە. دیارە ئەو “تاک”ەی فرۆید مەبەستێتی، تاکی ئورووپایی مۆدێڕنە نەک تاکی ڕۆژهەڵاتی و کورد. بەو حاڵەش دەکرێ تیئۆرییەکانی فرۆید بۆ شیکردنەوەی هێندێک دەقی کوردی بەکار بێنین و ڕێگایەک بکەینەوە بۆ Psyche/ ڕەوانی تاک. خه‌ون بۆ فرۆید به‌ مانای ئه‌وه‌یه که به وێنه بیرده‌کەینه‌وه. ڕه‌وانی ئینسان به‌گوێره‌ی فرۆید وه‌ک ده‌قێکه‌ ‘بڵاو و پڕ له دژایه‌تی ‌و ناته‌بایی’. “ضمیر ناخودآگاه”The Unconscious ژێرخانێکی قوڵە پڕ لە ئارەزوو و هەستی خەوتووی ناهوشیاری هەژێنەر.
دوای فرۆید، چەمکی “ناخودآگاه جمعی/ ناهوشیاری کۆمەڵی” Collective Unconscious یا بەواتایەک ڕەوانی هاوبەش، بەهۆی خوێندنەوەکانی یونگ لەسەر کولتوری جیاوازی هێندێک قەوم هاتە مەیدان. یونگ پێیوایە کە قەومەکان هەڵگری هێندێک هەستی ئارکایی و “غەریزی” هاوبەشن کە لە ڕەوتی مێژوودا لە ڕێگای قوڵترین بەشی ڕەوانی ئینسانی نەسڵ بە نەسڵ دەڕوا. جۆرێک لە “ضمیر ناخودآگاه ملی” بەهۆی مێژوو و کولتورەوە، نەوە بە دوای نەوە بەناو چاخەکاندا تێپەردەبێ.

“ئەوبەری فەنەر” لە نووسینی خەبات ڕەسووڵی چیرۆکێکی بە ڕواڵەت سادەیە کە لە زمان میرمنداڵێکی دە-دوازدە ساڵە باسی ڕووداوێک لە کورەخانەیەک دەکا. هەموو کەس بە خویندنەوەی “ئەوبەری فەنەر” دەتوانی بزانێ ئەو چیرۆکە دەتوانێ باسی بەسەرهاتی هەزاران کرێکاری کورد بێ کە هاوینان دەچنە کورەخانە و زۆر جار خاوەن کار نەتەنیا یارمەتییان ناکا بگرە زوڵمیشیان لێ دەکا. ڕەنگە هەبن ئەو خوێنەرانەی کە بڵێن سەرمایەداری کوردیش دەتوانێ مافی کرێکار پێشێل بکا، یا خاوەن کاری فارس و عەجەمیش دەتوانن مافی هاوزمانی خۆیان زەوت بکەن. تا ئێرە ڕەنگە هەموومان هاوڕا بین. بەڵام ئەوەی بە نیسبەت کوردەوە گرینگە، زۆربەی کرێکارانی کورەخانەکانی هەمەدان، تەورێز، تاکستان، هتد واتە ناوچەکانی عەجەمان، ژن، منداڵ و پیاوانی کوردن. لە ناوچەکانی کوردستان هێشتا کارگا و کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی وەها نییە کە خەڵکی هەژار بتوانن کاری تێدا بکەن و ڕسقی خۆیان وەدەست بخەن.

بەڵام ڕەوایەتی “ئەوبەری فەنەر” لەوپەڕی سادەیی خۆیدا لە زمان منداڵێکەوە هەڵگری چەندین گریی قوڵ و کۆنتر لە بیرەوەرییەکانی منداڵانی کوردی کورەخانەکانە. گرێی نەتەوەی بندەست، نەتەوەیەک کە تاکەکانی نەک سوبژە نین، کە بگرە ئۆبژەیەکی داگیرکراون.

سێ کۆچکەی کارەکتەرەکانی باب (جیلی کۆن)، مامۆستا کومپوت (ڕووناکبیر) و کوڕ/منداڵ (داهاتوو) کە لە کورەخانە کاردەکەن، هیمای کۆی کورد پێکدێنن، کوردی داگیرکراو.

کاتێک بابەکە داوای پارە لە خاوەن کارەکەی دەکا (تا کوڕەکەی بنێرێتەوە بۆکان و تاقیکاریی تەجدیدی بداتەوە) و دەستەویەخەی ئیرەج/خاوەنی کورەخانە دەبێ، ئیڕەج “بە ڕمبە”/ بەدەنگ دەکەوێ بەڵام زوو هەڵدەستێتەوە سەر پێ و بابەکە وەبەر پێلاقان دەدا و تەنانەت منداڵەکە/کوڕەکە کە دەیەوێ یارمەتی بابی بدا، وەک بێچوو پشیلە فڕێی دەدا. “ئیرەج”ی خاوەن پارە و کورەخانە نوێنەری دەوڵەتی عەجەمان و نەتەوەی داگیرکەرە، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە بنەماڵەی ئیرەج کە بەشێکیان لە ئیران دەژین و بەشێک لە ئازەربایجان، واتە عەجەمی خاوەن چەند وڵات، ئەو پلە و جێگەیان بە کار و زەحمەت و ستەم لە خەڵکانی دیکە وەدەست هێناوە بۆیە ئێستا خاوەنی سامان و دەسەڵاتن.

باب و بنەماڵە سەرەڕای کاری سەخت لە کورەخانە لە وەرزی گەرمادا نە تەنیا خاونی وڵات و سامان نین کە بگرە چاو لە دەستن. مامۆستاش، کومپوت، کە بە هۆی چالاکی سیاسی بێکارکراوە و ئێستا لە کورەخانە کاردەکا، وەک تاکێکی کورد کە بۆ گۆڕانی دۆخ هەنگاوی هەڵێناوە، دوچاری هەمان داگیربوونە و بگرە ئیرەج چاوی لەسەر ژنی کومپوتە و بەقسەی خەڵک بەدەوروبەریدا دێ و دەچێ. بەڵام مامۆستا کومپوت هێشتا هومێدی بەرنەداوە و بە بابەکە دەڵێ کە شکایەت لە ئیرەج بکا. باب ماندوو لە ڕابردوو و هەوڵی بێ ئاکام، دەڵێ من پارەی ناردنی کوڕەکەم بۆ بۆکان نییە، چ بگا بە شکایەت. مامۆستا کومپوت چاو لە زەوی دەبڕێ و بیردەکاتەوە. کومپوت پێشتر کاتێک هاوسەرەکەی لە لا نەبووە هێندە دەستوپێ سپیلکە بووە کە نەیتوانیوە نان و چێشت بۆخۆی دروست بکا و هەر کومپوتی خواردووە و خەڵک سەرەڕای ڕێزیان بۆی هەر بە کومپوت ناوی دەبەن. ئەوە خۆی دەتوانی ئاماژە بە ڕووناکبیران بێ کە خاوەن بیرن بەڵام لە کردەوەدا ناتوانن تەنانەت بەڕەی خۆیان لە ئاو بێنە دەر و یا وەک قودووکومپوت بەستراو، خەفەکراو و تەنانەت هەڵگری ناوئاخنی کۆنن. لێڕەدا هەم باب و هەم مامۆستا لە بازنەی داگیرکراوی و بێدەسەڵاتی دا سووڕ دەخۆن.

ئەوەی کە گرینگە منداڵەکەیە (ڕەوایەت بە زمانی یەکەم شەخس). منداڵێک کە ئەوەندەی فام کردووە تا ڕووداوەکانی دەوروبەری خۆی بخوێنێتەوە و بۆ وێنە بزانێ کە ئیرەج چاوی لە ژنی مامۆستایە، یا دەبینێ کە بابی دوای شەڕ لەگەڵ ئیرەج ئیدی ڕاست نابێتەوە و وەک جارانی لێ نایەتەوە، و ڕەنگە بابی داخی بێدەسەڵاتی خۆی و شەڕ لەگەڵ ئیرەج بەسەر ئەودا بڕژێنێ.
منداڵەکە دوای شەڕەکە ناچێتەوە ماڵ و دەڕواتە بیابانەکەی پشتەوەی سورمەکان، ئەو شوێنەی کە ڕێگای قەتاری پێدا دەڕوا. لەسەر بەردێک دادەنیشی و قەتارێک تێپەڕ دەبێ بەڵام تاقەتی نییە وڵامی بای‌بای مسافیرەکان بداتەوە. لەسەر زەوی مێروولە عەجەمانەیەکی زۆر دێن و دەچن. کوڕەکە دەچێ مێروولەیەکی دیکە دێنێ و دووجار لەگەڵ مێروولە عەجەمەیەک بە شەڕی دەدا، بەڵام مێروولە عەجەمەکە “دڕە”. کوڕەکە مێروولە عەجەمەکە لە ژێر پێ پان دەکاتەوە و ڕقی لە مێروولەکەی دیکەش هەڵدەستێ کە وەبن مێروولە عەجەمەکە دەكەوت و هەڵدەهات. ئەویش دەکوژێ.

بە هۆی تووڕەیی نادیار و شاراوەی ناخودئاگا، شارە مێروولەکان پەیدا دەکا و تێکی دەدا. دوایە لەسەر پشت ڕادەکشێ و خەو دەیباتەوە. لە خەودا تا چاو هەتەر دەکا دەوروبەری مێروولەیە و ئەڕز ڕەش دەچێتەوە. دەقیژێنێ و لەخەو ڕادەچڵەکێ. مێشوولە لەبن گوێی وزەوز دەکەن و رۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌رِوات. قەتارێکی دیکە بە گرمە دێ و منداڵەکە بەرەو قەتارەکە دەچێ و دەیوێ بای‌بای لە مسافیرەکانی بکا.

ئەگەر بە دوو چەمکی وەرگرتوو لە فرۆید و یونگ بڕوانینە ئەم کورتە چیرۆکە و باس لە دەق/ ڕەوانی پڕ لە ناتەبایی بکەین، دەبینین کە هێندێک سیمبۆل و نیشانە لەو دەقەدا جێی تێڕامانن. کاتێک منداڵەکە لەسەر ئەرز ڕادەکشێ و چاو لە ئاسمان دەکا، ئاسمانی کورەخانەی عەجەمانیش وەکی ئاسمانی بۆکان شینە. ئایا دۆخەکە چ لە بۆکان و چ لە کورەخانە هەر هەمانە یا سروشت/ئاسمان لە هەموو شوێنێک دەتوانێ شین و مێهرەبان بێ؟ مێروولە عەجەمەی دڕ سیمبۆلی تاک و نەتەوەی باڵادەست کە زوڵم لە تاک و کۆی کورد دەکەن و دنیایان داگرتووە و مێروولەکەی دیکە/ژێردەستە کە بە مێروولەعەجەمە ناوێرێ و منداڵەکە هەردووکیان لەژێر پێ پان دەکاتەوە.

منداڵەکە/نووسەر هێندە ڕقی لە بێدەسەڵاتی نەتەوەیی خۆیەتی (بابەکە کە هێز و تاقەتی بەدواچوونی کێشەی خۆی نییە و مامۆستا کە چاو لە زەوی دەبڕێ)، ژانی ئەو بێدەسەڵاتییە هێندە زۆرە و قینێکی مێژوویی پەنگ خواردوو وا دەکەن کە منداڵەکە مێروولە ترسەنۆکەکەش/خود/باب بکوژێ. لەڕاستیدا منداڵەکە دەیەوێ دۆخی ژیان و داهاتووی خۆی بگۆڕێ. بە دیتنی قەتار، کە سیمبۆلی گەشەی ئابووری و بەرەو پێشکەوتنە، هەوەڵ منداڵەکە تاقەتی دەست تەکاندانی نییە، بەڵام سەرئەنجام منداڵەکە بڕیار دەدا بای‌بای لەگەڵ مسافیرانی ناو قەتار بکا. ئایا ئەو بڕیارە هەڵەیە یا ڕاست؟ ئایا دەکرێ بڕوا بە قەتاری عەجەمان بێنین و ببینە هاوسەفەریان؟

ئێمە نازانین چ بەسەر مامۆستا و هاوسەرەکەی، باوک و ئیرەج دێ و هەر کەس دەتوانێ بەسەرهاتێکیان بۆ بنووسێتەوە، بەڵام تا ڕادەیەک دەزانین کە هێزی جوڵەی ناهوشیار لە منداڵەکەدا دەیەوێ ئەو لە تەنیایی و پەڕتەوازی ڕزگاربێ، ڕەگەڵ قەتارەکە کەوێ و گەشە بکا، لە جەغزی بێدەسەڵاتی دەرچێ و چیدی مل بە شکست نەدا. بەڵام ئایا دانیشتوانی ناو قەتاریش پێشکەوتنی منداڵە کوردەکەیان دەوێ؟

ئێستا چەند پرسیاری گرینگمان ئەوانەن کە ئەو قەتارەی کە بە ناوچەی عەجەمان دا دێ و تێپەر دەبێ بۆخۆی بەرەو کوێ دەڕوا و ئایا خێری بۆ کورد هەیە؟ بۆ لەناو کۆمەڵی خەڵکی کورەخانەدا “دایک”ەکە دیار نییە؟ ئەو دایکە لە کوێیە؟ ئایا مردووە و یا نادیارە؟ ئایا ئەو دایکە هەمان وڵات و نەتەوەی ون بوو و شکست خواردوومان نییە کە منداڵەکە بەدوایدا دەگەرێ کە چیدی باوکی لەوڵاتی غەریب و لەبەر هەژاری وەبەر پێلاقەی عەجەمان نەکەوێ و چیدی مامۆستا چاو لە زەوی نەبڕێ؟
ئەمانە پرسیارگەلێکی کراوەن بەڵام لەبیرمان نەچێ تاکی کورد تەنانەت زۆر جار کە خەونیش دەبینێ، خەونەکەی حەدیسی ئارەزویەکی نەتەوەیی/گشتییە، ئارەزوویەک کە تا ئێستا نامومکین بووە و زۆر جار هەوڵی وەدیهێنانی لە واقع و بە خەون ڕووبەڕووی کابووس بۆتەوە. ئاواتێک کە لە نەست/ناخودئاگای بەکۆمەڵماندا هەر ماوە و دوای دەیان ساڵ بەرخۆدان و کار بۆتە بەشێک لە “هوشیاری نەتەوەیی”مان، هەڵبەت نە لە لای سەرجەم تاکەکانی کورد. ئاواتێک لە سەروی هەموو ئاوات و خواستەکان، ئارەزووی گەیشتن بە “سەروەری و وڵات” کە بەردەوام سەرکوت کراوە بەڵام هەمیسان هێزی جوڵەیە.

*****

ئه‌وبه‌رى فه‌نه‌ر(١)

خه‌بات رِه‌سووڵى

چاوم له‌ باوكمه‌ له‌ گه‌ڵ ئیره‌جه‌ سوورى خاوه‌ن كوره‌خانه‌ قسه‌ ده‌كات .ده‌یه‌وێ ده‌هه‌زارتمه‌نى لێ وه‌ربگرێ وبیدا به‌ من .به‌ ته‌مام بچمه‌وه‌ ئیمتحانى بیركارى وه‌رزى دووه‌مى هاوینێ بده‌مه‌وه‌.به‌ لاچاوێكیش ئاگام له‌ مه‌یدانى ماڵى كومپوته‌.به‌وجومعه‌یه‌ كارده‌كه‌ن.ژنێكى خرِوخۆڵى هه‌یه‌ . خه‌ڵك ده‌ڵێن ئیره‌ج به‌ده‌وریدادێ.تا خێزانى نه‌هاتبوو كه‌س مه‌رحه‌باشى نه‌ده‌كرد.كابرایه‌كى ته‌نیا .له‌ بێ كابانى ناچار بوو خواردن و میوه ى قوتوو بخوات .خه‌ڵكیش به‌وه‌یان زانیبوو ناویان نابوو كومپوت.پاشان كه‌ خێزان و منداڵه‌كانى هاتن ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك لێى نزیك بوونه‌وه‌ و زانیان كابرا مامۆستاى قوتابخانه‌ بووه‌ و به‌ هۆى چالاكى سیاسیه‌وه‌ ده‌ركراوه‌.

ئێستا زۆرى رێز لێده‌گرن ،به‌ڵام تا نه‌ڵێى كومپوت كه‌س نایناسێته‌وه‌.ده‌بێ لانى كه‌م حه‌وتوویه‌ك له‌ بۆكان بم.شایی له‌ دڵمدا ده‌گه‌رِێ.ئیره‌ج نایه‌وێ پوڵ بدا.باوكم ده‌نگى هه‌ڵدێنێ .ئیره‌جیش ده‌نگى هه‌ڵدێنێ. ئیره‌ج ئازه‌رییه‌ و كورِى بنه‌ماڵه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.به‌شێك له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ته‌ورێزن و به‌شێكیان له‌ ئازه‌ربایجانن .باوكیان به‌ ئاره‌قه‌ى نێو چاوانى ئه‌و سامانه‌ى كۆ كردووه‌ته‌وه‌،بێجگه‌ له‌و كوره‌خانه‌یه‌ وه‌ك ده‌ڵێن زۆریان كارخانه‌ و دوكان و شت هه‌یه‌ .ئیره‌ج پشت له‌ باوكم ده‌كات و ده‌رِوات .باوكم ملیوانه‌ى كراسه‌كه‌ى ده‌گرێ و ده‌یكێشێ .ئیره‌ج قه‌ت چاوه‌روانى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد.پشته‌ و قوون كه‌وت. قه‌ڵه‌و و به‌ خۆوه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێ رِمبه‌ى ده‌ێ.زۆر به‌ خێرایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و باوكم وه‌به‌ر مست و پێلاقه‌ ده‌دات. باوكم ده‌كه‌وێ و ئیره‌جیش وه‌به‌ر شه‌قى ده‌دات. تا من خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌ ئه‌وێ .كومپوت و ژنه‌كه‌شى دێن . چه‌ند جحێڵى توركیش كه‌ هه‌ركرێكارى كوره‌خانه‌كه‌ن گه‌یشتنێ .ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك كۆ بۆوه‌ .من پرِم به‌ ئیره‌جدا كرد .ئیره‌ج وه‌ك به‌چكه‌ پشیله‌یه‌ك پشت ملمى گرت و فرِێى دام.خه‌ڵك كه‌وتنه‌ نێوانمان و لێكیان كردینه‌وه‌.نازانم كێ بوو ده‌ستى باوكمى گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌. هه‌ستم كرد باوكم كه‌ هه‌ستاوه‌ پێ ئیدى ئه‌و باوكه‌ى جاران نه‌بوو.به‌ زه‌حمه‌ت راوه‌ستا.پشتى ته‌واو راست نه‌كرده‌وه‌.كورِه‌ كورِ به‌ره‌و مه‌نزڵه‌كان وه‌رِێ كه‌وت.وه‌دواى كه‌وتم.كومپوت به‌ په‌له‌ خۆى گه‌یانده‌ باوكم.گۆیم لێ بوو گوتى ده‌بێ شكایه‌تى لێ بكه‌ى.باوكم راوه‌ستا و چاوى برِیه‌ چاوى كومپوت وگوتى من پوڵى ئه‌وه‌م نییه‌ كوره‌كه‌م بنێرمه‌وه‌ بۆكان كوا پوڵى شكایه‌ت و شكایه‌تكاریم هه‌یه‌ .ده‌نگى باوكم ده‌له‌رزى .پاشان رِۆیشته‌ ژوورێ.كومپوت هه‌روا راوه‌ستا بوو و چاوى له‌ ئه‌رزه‌كه‌ ده‌كرد.

به‌ ته‌نیشتیدا تێپه‌ریم.ویستم بچمه‌ ژوورێ په‌شیمان بوومه‌وه‌.باشتره‌ باوكم جارێ نه‌مبینێ ده‌نا تۆڵه‌ى ئیره‌جیش له‌ من ده‌كاته‌وه‌.به‌ره‌و بیابانه‌كه‌ى پشته‌وه‌ى سورمه‌كان (٢)وه‌رێ كه‌وتم. له‌ سه‌ر به‌ردێك نزیك رێى قه‌تاره‌كه‌ دانیشتم.بیرى لێده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌مووى تاوانى منه‌.من نه‌ده‌بوایه‌ ئێستا ئیمتحانم هه‌بێ.پاش ماوه‌یه‌ك قه‌تارێك به‌ گرمه‌گرم تێده‌په‌رێ.مسافیره‌كان باى بایم لێده‌كه‌ن تاقه‌تم نییه‌ جوابیان ده‌مه‌وه‌.سه‌یرى ئه‌رزه‌كه‌ ده‌كه‌م مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌یه‌كى زۆر دێن و ده‌چن .هه‌ڵده‌ستمه‌ سه‌ر پێ وده‌چم مێرووله‌یه‌كى دیكه‌ دینم ئه‌وه‌یان له‌وان نییه‌.له‌ گه‌ڵ یه‌ك دانه‌ له‌و مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌ به‌ شه‌رِى ده‌ده‌م.مێرووله‌ عه‌جه‌مه‌كه‌ زۆر درِه‌.ئه‌وه‌ی دیكه‌ هه‌ڵدێ ده‌یگرمه‌وه‌ .دیسان مێرووله‌كه‌ی دیكه‌ كه‌وته‌ بنه‌وه‌. به‌ پێ مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌كه‌ پان ده‌كه‌مه‌وه‌.مێرووله‌كه‌ى دیكه‌ش پان ده‌كه‌مه‌وه‌.رقم له‌ویشه‌.هه‌ڵده‌ستم ده‌ست ده‌كه‌م به‌ مێرووله‌ كوشتن.شاره‌كه‌یان ده‌بینمه‌وه‌ و تێكى ده‌ده‌م. پاشان له‌ سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌ راده‌كشێم.و چاو له‌ ئاسمان ده‌كه‌م.ئاسمانى ئێره‌ش وه‌ك ئاسمانى بۆكان شینه‌.هه‌ست ده‌كه‌م ورده‌ ورده‌ مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌ ده‌ورم ده‌ده‌ن .به‌ په‌له‌ راسته‌وه‌ ده‌بم و داده‌نیشم.ئه‌رزه‌كه‌ ره‌ش ده‌چێته‌وه‌.تا چاو هه‌ته‌ر ده‌كات مێرووله‌یه‌.یه‌ك به‌ خۆم ده‌قیژێنم و له‌ خه‌ودارا‌چڵه‌كم.رۆژبه‌ره‌و ئاوا بوون ده‌رِوات و مێشووله‌یه‌كى زۆر هازه‌ هازیانه‌.قه‌تارێكى دیكه‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ گرمه‌ گرمه‌وه‌ وه‌دیار كه‌وتووه‌ و به‌ره‌و لاى من دێ. به‌ره‌و قه‌تاره‌كه‌ ده‌چم ده‌مه‌وێ باى باى له‌ مسافیره‌كانى بكه‌م.

ژانویە 2014

١. له‌ كوره‌خانه‌كان كاتێك كه‌رپوچه‌كان ویشك بوونه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ سه‌ر یه‌كتر هه‌ڵى ده‌چنن ، فه‌نه‌ری پێى ده‌ڵێن .
٢. ئه‌وگڵه‌ى له‌ كوره‌خانه‌كان هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ و كرێكاره‌كان كارى له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن،سورمه‌ى پێ ده‌ڵێن.

ده‌رباره‌ شه‌هلا ده‌باغی

Profile photo of شه‌هلا ده‌باغی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز