سه‌ره‌تا / ئه‌زموونی خه‌بات / دیاردەی خۆفرۆشی و نەبوونی لێپرسینەوە لە مێژووی کوردا

دیاردەی خۆفرۆشی و نەبوونی لێپرسینەوە لە مێژووی کوردا

دکتۆر جەبار قادر

بەشی سێیەم

دەوڵەتانی دونیا لە ڕێگەی دەستور و قانونەوە پێناسەی هەموو ئەو کردەوانەیان کردووە کە دەچنە چوارچێوەی خیانەتەوە. هەر بە قانونیش ڕێکارەکانی مامەڵەکردن و سزادانیان لە گەڵ ئەنجامدەرانیدا دیاری کردووە. هەموو ئەو کەسانەی بە یارمەتی لایەنێکی دەرەکی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەدەن، پەیوەندی نهێنی لە گەڵ هێز و دەوڵەتانی دیکەدا دەبەستن، لە تەك هێزی بیانیدا لە دژی وڵاتەکەی خۆیان شەڕ دەکەن یاخود زانیاری هەستیار و نهێنی دەوڵەت بۆ دەزگا و دەوڵەتانی بیانی دزە پێدەکەن، بە پێی قانونی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە خیانەتکار پێناسە دەکرێن و کردەوەکانیان بە خیانەت یا تەنانەت خەیانەتی گەورە و ترسناك دادەنرێن.

هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، خیانەت بە ئاسایشی نیشتمانی و سەروەری دەوڵەتەوە گرێدەدەن. لە بار ودۆخی کورد و کوردستاندا مرۆڤ ڕوو بە ڕووی کێشەیەکی میتۆدۆلۆژی دەبێتەوە. جارێ کورد خاوەن دەوڵەت و قەوارەی خاوەن سەروەری نیە، شتێكیش بە ناوی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە ئارادا نەیە. بۆیە هەموو ئەو پێناسانە نەك هەر بۆ باری کورد ناگونجێن، بەڵکو ئەگەر بەم پێوەرانە بێت، ئەوا زۆربەی کردەوە سیاسییەکانی کورد و بزاڤە نەتەوەییەکانی لە نیو سەدەی ڕابردوودا بە لای دەوڵەتانی داگیرکەرەوە دەچنە خانەی خیانەت و خیانەتکارییەوە. ئەمە دۆخێکی نالەباری بۆ کورد و بزاڤەکەی دروست کردووە. سەرچاوەی سەرەکی ئەم دۆخە ستاتوی قانونی کوردستانە لە چوارچیوەی دەوڵەتانی داگیرکەر و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا. هیچ گومان لەوەدا نیە کە ئەوان یەك پێناسەیان هەیە ئەویش داگیرکەرە و بەم پێیەش کوردستان داگیرکراوە، واتا کۆڵۆنیا یا بە وتەی زانای بەویژدانی تورک ئیسماعیل بێشکچی کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتی. لە سەر ئاست و قانونی نێونەتەوەیی سەرباری هەموو کارەساتەکانی کورد، ئەم ستاتووە بە کوردستان ڕەوا نەبینراوە، کوردیش کەمترین هەوڵیداوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بە کۆڵۆنیا پێناسە بکات. ئەگەر وڵاتەکەت ستاتوی کۆڵۆنیای هەبێت، ئەو دەمە بەرگری کردنت و تەنانەت خەباتی چەکداریت لە پێناوی ڕزگاری نیشتمانیدایە و ئەستەمە دونیا ناوی دیکەت لێ بنێت. پێچەوانەکەی ئەوەیە کە تۆ دۆزێکی ناوخۆییت هەیە و زۆر بە ئاسانی ناو و ناتۆرەی خراپەکار، تێکدەر، جوداخواز، تیڕۆریست ..تاد لێدەنرێت.

ڕابەرە سیاسییەکانی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا کەمترین باسیان لە داگیرکاری و ستاتووی کۆڵۆنی کوردستان کردووە. زیاتر باسیان لە دڵسۆزی خۆیان بۆ یەکێتی ئەو وڵاتانە کردووە و زۆریش بەرگرییان لەوە کردووە کە گوایە بزاڤی نەتەوەیی کورد بەشێکی دانەبڕاوی بزاڤی نیشتمانی و دیموکراتی ئەو وڵاتانەیە. ئێستاش لە گەرمەی شکستی ئابڕووبەرانەی ١٦ ئوکتۆبەردا و هێنانی جانەوەرەکانی حەشدی خوێنڕێژ بۆ ناو جەرگەی کوردستان، دەنگی کەوا سورانی بەر لەشکری داگیرکەر بۆ یەکێتی خاكی عیراق زوڵاڵە و ئەم بازاڕە گەرمە.

لە دەرئەنجامی ئەم بارەدا کورد ناچار کراوە ببێتە “هاووڵاتی” ئەم وڵاتانە، بەڵام بەبێ ئەوەی مافی تەواوی هاووڵاتێتی هەبێت. سیاسەتە دژ بە کوردەکانی داگیرکەرانیش لە سەد ساڵی ڕابردوودا وایانکردووە، هیچ کوردێك نەتوانێت لە دڵەوە هەست بە ئینتیمای ڕاستەقینە بۆ هیچ یەکێ لەم وڵاتانە بکات و خۆی بە هاووڵاتییەکی پلە یەکیان بزانێت. لە عیراقدا بە درێژایی سەدەی بیستەم عەرەبی سوننە خاوەن دەسەڵاتی ڕەها و هاووڵاتی پلە یەك بوون، هەرچی عەرەبی شیعە و کوردیش بوون، ئەوا لە پلەی دووەم و سێیەمدا بوون. ئێستا لە نێو عەرەبی عیراقدا بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، بەڵام کورد وەك خۆی بە پلە سێ ماوەتەوە.

ئەگەر مرۆڤ هاووڵاتی بێت ئەوا هەر خزمەتێك پێشەکەش بە وڵاتەکەی بکات مایەی ڕێزلێنانە لە لایەن دەوڵەتەوە و بۆ خۆیشی شانازی پێوە دەکات. لە بارودۆخی ئاساییدا کاتێك مرۆڤەکان هاووڵاتی پلە یەکن کارەکە بەم شێوەیە، بەڵام بۆ کورد قەت بارەکە بەم جۆرە ئاساییە نەبووە، بۆیە کارکردنی کورد لە تەك دەوڵەتی داگیرکەردا زۆر جار لە لایەن خەباتگێڕانی بزاڤی کوردییەوە بە کردەوەی خۆفرۆشی لە قەڵەم دراوە. لە بارودۆخی کوردا تاڵێکی دەزووی زۆر بارێك خۆفرۆشی و نیشتمانپەروەری لێك جودا دەکاتەوە.

ئا لێرەوە بارێکی دەروونی، سیاسی و قانونی سەیر بۆ گەلی کورد بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتی دروست بووە. کورد بە درێژایی سەدەی بیستەمین لە دژی ئەو دەوڵەتانە خەباتی کردووە. ئەوانەی لە جەنگدا بوونە لە دژی داگیرکەر وەك جەنگاوەری ئازادی و شۆڕشگێر سەیر کراوەن، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی داگیرکەر بە خۆفرۆش، تێکدەر، جوداخواز، پیاوی بێگانە …تاد تاوانباری کردوون. لە بەرامبەردا ئەو کوردانەی لە تەک داگیرکەردا لە دژی گەلەکەی خۆیان شەڕیان کردووە وخەڵك ناوی جاشی لێیان ناوە، هەر ئەم کەس و گروپانە لە لای داگیرکەر بە “نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بۆ یەکێتی خاکی نیشتمان” پێناسە کراون. تەنانەت خزمەتی سەربازی کە لە هەموو ئەو ڵاتانە بە بەزۆر بووە و ئێستاش لە زۆربەیان بە زۆرە، کاتێك کورد دەبێت بە سەرباز و دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە دژی خەباتگێڕانی گەلەکەی خۆی شەڕ بکات و لە وێرانکردنی کوردستانا بەشدار بێت، کێشيیەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت و نازانێت چی بکات، لە کۆتاییدا ناچار دەبێت ڕابکات بۆ نیو پێشمەرگە. لە ماوەی یەك کاتژمێردا لە لایەك لە نیشتمانپەروەرەوە دەبێتە تێکدەر و جوداخواز و لە لایەکەی بەرامبەرەوە لە کوردێکی پیاوی دەوڵەتەوە دەبێتە جەنگاوەرێکی خەباتی ڕزگاری. باسی جاشێتی لە کوردستان بە هەموو جۆرەکانێوە بابەتێکی فرە ڕەهەندە و هەڵوەستەی تایبەتی و هەمەلایەنەی دەوێت.

چەمکی خۆفرۆشی و خیانەت و کوردایەتی ئەم ڕۆژانە بە شێوەیەكی زۆر خراپ تێکەڵ بەیەك کراون بە جۆرێك سەریان لێ دەرناکرێت. ئەگەر نوێنەرێکی حکومەت بچێتە لایەك بۆ دان و سان، نوێنەری حیزبە نەیارەکەی دەڵێت بۆ بۆ ئێوە ئاساییە و بۆ ئێمە نابێت. کەسانێك لە خۆیانەوە بە بێ ئەوەی کەس ڕایسپاردبن و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکەن، خەریکی دان و سانن لە سەر چی کەس نازانێت. هەموو ئەمەش وەك کوردایەتی بە خەڵك دەفرۆشنەوە گوایە دەیانەوێت ئەوەی ماوە ڕزگاری بکەن.
بونیادی خێڵەکی کۆمەڵگا هەمیشە ژینگەیەکی لە بار بووە بۆ خیانەت و خۆفرۆشی. نەبوونی لێپرسینەوەش لە خۆفرۆشان بارودۆخێکی وای ئەفراندووە کەسانێکی زۆر بە ئاسانی خۆیان بە دەوڵەت، دەزگای نهێنی، هێزی دەرەکی بفرۆشن. لە ئەڵقەکانی داهاتوودا هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەم لایەنانە.

 

بەشی چوارەم

یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیکەی دیاردەی خۆفرۆشی لە کوردستان ڕەگ و ڕیشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ بونیادی خێڵەکایەتی کۆمەڵگەی کوردی. داگیرکەران بە درێژایی چەند سەدەیەك لە ڕێگەی سەرەک هۆز و دەرەبەگەکانەوە توانیویانە هەموو ئەندمانی خێڵ ملکەچ بە خوستەکانی خۆیان بکەن. خێڵایەتی بونیادێکی کۆمەڵایەتی کۆنی بەر لە گەل و نەتەوەیە، دواکەوتوو، داخراو و دژ بە خێڵەکانی دیکەیە. هەوڵی بەردەوامی ڕابەرانی خێڵ و هۆز بۆ ئەوەیە ئەوەی خۆیان باڵادەست بێت و دەستی بەسەر ئەوانی دیکەدا بڕوات. پاراستنی یەکێتی ڕیزەکانی خێڵ لە سەرووی هەموو شتێكەوە دێت و لە دژی هەر هەوڵێك دەوەستێتەوە کە بیەوێت ئەو یەکێتییە لاواز بکات. ئەندامان خۆیان بە برا و خزمی یەكتر دەناسێنن و بە هەستی دوژمنایەتی سەیری خێڵەکانی دیکە دەکەن. خێڵایەتی خەسڵەتێکی سەرەکی گەلانی دواکەوتوو و پریمیتیڤە “بدائي”. مانەوەی ئەم بونیادە تا ئەندازەیەکی زۆر گرێدراوە بە ڕەوتی مێژوویی، گەشەی ئابوری، سیاسی و کولتوری گەلانەوە. داگیرکاری بیانی، پەرتەوازەیی جوگرافی، نەخوێندەواری ونەبوونی هؤشیاری و بزووتنەوەی سیاسی هاوچەرخ، ئەو ژینگە لە بارەن بۆ مانەوە و درێژەدان بە بەردەوامی ئەم بونیادە لە کۆمەڵگەکان. هەموو ئەم دیاردە و مەرجانە لە کۆمەڵکەی کوردیدا بە زەقی ئامادەن. دابەشبوونی کوردستان لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لە ئاستی خێڵەکیدا بوو و دەربازی بونیادێکی باڵاتر نەبووبوو کە گەل و نەتەوەیە و دەوڵەتی نیشتمانی خۆیشی وەك گەلانی دیکە دانەمزراند. لە چوارچیوەی هەر پارەچەیەکی کوردستاندا چەندین هۆز و خێڵی دژ بەیەک کۆکرابوونەوە، کە لە شەڕ و ئاژاوەی بەردەوامدا بوون، داگیرکەران ئەم ناکۆکییانەیان بەکار دەهێنا و تا پێیان کرابێت قووڵیان کردوونەتەوە.

ئەوەی لە دونیادا باوە بە گەشەکردنی ئابوری، پرۆسەی خوێندن و پەروەردەی هاوچەرخ، خزمەتی سەربازی لە ڕیزەکانی سوپا و لە سێبەری دەوڵەتی قانون و کارگێڕی هاوچەرخدا، خێلەکان تێکەڵ بە یەك دەبن و هەست دەکەن کە بەشێکن لە بونیادێکی گەورەتر کە گەل و نەتەوەیە. بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردوو لە کوردستان و کۆمەلگەی کوردی ئەو فاکتەرانە بەو شیوەیە لە ئارادا نەبوونە کە بتوانن ئەم ئەرکە بە دی بێنن. نەك هەر ئەوە، بەڵکو زۆر جار ڕۆلی پێچەوانەیان گێڕاوە.
ئەرکی سەرەکی دەزگاکانی دەوڵەتانی داگیرکەر خۆی لەوەدا دبینێتەوە کە کورد زیاتر دابەشبن و بونیادی خێڵەکی و هۆزگەرێتی لە نێو ڕیزەکانیاندا بە هێزتر بکەن. لە کاتی ڕژێمی بەعسدا ئەم بونیادە بە شیوەیەك بە هێزکرا، ئەنجامەکەی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار جاشی لێ کەوتەوە. هێشتا حەشدی شعبی لە بەغدا نەجووڵا بوو، جاشی حەشد لە کوردستان و دەور و بەری پەیدا بوون. لێرەدا باسی جاشەکانی حەشد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ناکەم. دوێنێ برادەرێك هەواڵی ئەوەی دامێ کە پرۆسەی بوون بە حەشد لە نێوان کوردانی هەندێك لە دەڤەرە تازە داگیرکراوەکاندا دەستی پێکردووە. خۆ لە نێو کوردانی فەیلی، شەبەك و ئێزیدی هەر زوو حەشدی شەبەکی و ئێزیدی پەیدا بوون.

باری کارەساتاوی پەروەردە و پەرەسەندنی نەخوێندەواری لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان بەرجەستەی شکستی تەواوی ئەم دەسەڵاتە کوردییەیە. نە فەلسەفەیەکی فێرکردن و نە پەروەردەیەکی نیشتمانی لە دەزگاکانی خوێندندا لە ئارادان ونەیانتوانیووە هیچ ڕۆڵێك ببینن لە لاوازکردنی بونیادی خێلەکی و گەشەکردنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی. سوپاش لە کوردستان هێزی سەر بەحیزب و سەرکردە و دەڤەرەکانە، بۆیە ئەویش نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە ببینێت کە لە وڵاتانی دێکەدا سوپا دەیگێڕێت بۆ ئاوێتەبوونی ئەندامانی گەل و کۆمەلگە لۆکاڵییەکان.

لە بیست و شەش ساڵی دەسەڵاتی کوردیدا بونیادی خێڵەکی نەك لاواز نەکرا، بەڵکو لە بەرامبەر پشتگیری کردنیان لە حیزب کەرەستەی مادی و مەعنەوی زیاتر خرانە بەردەست سەردارانی هۆزەکان بۆ ئەوەی بونیادی خێڵایەتی و هۆزگەرێتی بەهێزتر بکەن. دێوەخانانە و فیستیڤالی قەومانی فڵانە تیرە و فیسارە هۆز بووە سیمایەکی ناحەزی کۆمەڵگەی کوردی. ڕێکخەرانی ئەم جۆرە ئاهەنگانە بە شێوەیەكی زۆر بێ تام لاسایی گەڵانی دیکەیان دەکردەوە، کە چەند سەدەیەکە لە لای ئەوان باسی خێڵ و هۆز لە ئارادا نەماوە. ئەوان ئەم کارانە بۆ پاراستنی کولتورە لۆکاڵییە دێرینەکان دەکەن کە لە ژیانی خەڵکدا شوێنەواریان نەماوە. لە کاتێکدا کولتوری خێڵ و ئاوایی لە کوردستان نەک هەر لە لادێ ئامادەیە، بەڵکو ژیانی شارەکانیشی داگیرکردووە. چۆن خۆت لە گەڵ گەلانێکدا بەراورد دەکەیت کە بەلای کەمەوە زیاتر لە دوو سەدەیە پرۆسەی بە نەتەوەبوونیان کامڵ بووە و هیچ مەترسییەکی دابەشبوون و پەرتەوازەییان لە سەر نەماوە. لە کاتێکدا بۆ کورد کە هێشتا لە دەسپێکی ئەم پرۆسەیەدایە ئەنجامەکەی ڕاست پێچەوانەیە، بەو واتایە کە ناسنامە بچووك و لاوەکییەکان بۆ ژمارەیەكی زۆری کورد دەبنە ناسنامەی سەرەکی و کوردێتی دەبێتە ناسنامەیەکی لاوەکی و پلە دوو.

لە چوارچیوەی حکومەت و دەوڵەتیشدا لە کۆمەڵگە خێڵەکییەکان، خێڵ هەوڵدەدات هەرچی پۆستی سەرەکی و گرنگ هەیە بە کادیرانی خۆی پڕیان بکاتەوە. لێرەدا نەوە نوێکانی خێڵ لە سەرداری هۆزەوە دەبن بە کادری دەوڵەت لە دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان وەك وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار و ئەفسەرانی باڵای سوپا و پۆلیس و ئاسایش. لە بیست و شەش ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردیدا داگیرکردنی هەموو پۆست و پلە گرنگ و باڵاکانی حکومەت، دەسەڵاتی قانووندانان و دادوەری لە لایەن کوڕان و کچانی سەرەك هۆز و خێڵەکانەوە لە کوردستان بووە بە دیاردەیەکی زەق و بەرچاو. بەدەگمەن نەوەی سەرەک هۆزێك دبینیت پلەیەکی باڵای داگیر نەکردبێت. زۆربەی هەرە زۆری ئەمانەش بە لێهاتوویی نەگەیشتوونە ئەو پلە و پایانە، بۆیە بە شێویەکی زۆر خراپ بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خزمەکانیان بەکاری دێنن.
بەلای سەردارانی خێڵەوە بەرژەوەندی خێڵ لە پێش هەموو شتێکی دیکەوەیە، بۆیە ئامادەیە لە پێناوی ئەو بەرژەوەندییەدا هەموو شتێك بکات، با زیان بە گەڵ و نیشتمان بگەیەنێت. دیاردەی جاشایەتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی بەرجەستەی ئەم تێڕوانینە دەکات. لە باشوری کوردستان لە دەسپێکی شەستەکانەوە، کاتێ جاشی سەلاحەدین (فرسان صلاح الدین) دروست کران و دواتر لە حەفتاکان و هەشتاکان دیاردەی جاشایەتی و بەعسێتی بوو بە سیما هەرە دیارەکەی کۆمەڵگەی خێڵەکی کوردی.

نەك هەر لێپرسینەوە لەو هەموو خۆفرۆش و جاشانە نەکرا، بەڵکو دەرگاکانی حیزبیان لە بەردەمدا کرانەوە و ئێستا ژمارەیەکیان بە ناوی ئەو حیزبانەوە کوردایەتی بە خەڵک دەفرۆشنەوە. پێموایە ئەمانە دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت دە جاری دیکەش خۆیان دەفرۆشنەوە. هەندێ لەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەمیان زۆر گەرمە و پشتگیری هەموو هەنگاوە دژ بە کوردەکانی مالیکی و حەشد دەکەن، لە منداڵییەوە لە طلائع و ڕێکخراوی قوتابیانی بەعس بوون و وێنەی سەدامیان لە خۆپیشاندانەکاندا لە کەرکوك بەرز دەکردەوە و کەم کەس هەن لە کەرکوک چیرۆکەکانیان نەزانن. ئەمە بەرهەمی ڕاستەوخۆی لێنەپرسینەوەیە، لە ئەڵقەی داهاتوودا لایەکی لێ دەکەمەوە.

 

بەشەکانی یەک و دووی ئەم رەنجیرە وتارە:

دیاردەی خۆفرۆشی و نەبوونی لێپرسینەوە لە مێژووی کوردا

ده‌رباره‌ دکتۆر جەبار قادر

Profile photo of دکتۆر جەبار قادر

ئه‌مه‌ش ببینه‌

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەشی یەکەم وەرگێڕان لە …

پێگەی کورد لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هادی سۆفی‌زادە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتنی نییە و زۆر قەیرانی دیکە لە بواری سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز