سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / خەیانەت بە عەفرین، پووتین میراتگری ئیستالین

خەیانەت بە عەفرین، پووتین میراتگری ئیستالین

هاشم كه‌ریمی

هێندێک لە مێژوونووسان پیانوایە مێژوو دەوەرانیە و دووپات دەبێتەوە، بەڵام زۆربەی مێژوونووسان لەگەڵ ئەو بیرۆکەن کە مێژووهەر بەرەو پێشکەوتنە ودووبارە نابێتەوە، هەرچەند هەڵکشان و داکشانی هەیە.

لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهانیدا هێندیک شت بەرچاو دەکەون کە مرۆڤ تووشی گومان دەکەن کە بڵێی ئەوەی دەڵین میژوو دەوەرانیە راست نەبێ؟ شەڕی دووەمی جیهانی بە شکستی ئەڵمانی نازی و ئیتالیای فاشیست و ژاپۆنی میلیتاریست و هاوپیمانانیان و، سەرکەوتنی  یەکیتی سۆڤیەت و ئەمریکا و بریتانیا و هاوپیمانانیان تەوابوو. لەو نێوەدا نەقشی ئەرتەشی سووری سۆڤیەت ئێچگار زۆر کاریگەر بوو و دەوری دیکتاتۆڕی سۆڤیەت، واتا ” ئیستالین” یش کەم نەبوو. هەرچەند کردەوەی جەنایتکارانەی ئیستالین لە ئیعدامی هاوڕێکانی خۆی – بە تۆمەتی دروستکراو لە پێش شەڕەکەو و  له‌ کاتی شەڕدا- کە هەمووی ئەوانە  لە رێبەرانی ناودار و گاریگەریی شۆڕشی ئوکتۆبر بوون، گەورەترین زیانی بە سۆڤیەت گەیاند کە قەت قەرەبوو نەکرایەوە. لە ڕاستیدا ئەوانە تەوەری ئەم نووسراوە نین و، لێرەدا باسێ لایەنێک دەکەین کە پێوەندیی بە باسەکەمانەوە هەیە.

لە وڵاتانی “ئوروپای رۆژهەڵات” کە زۆرتریان بەشیوەی دیکتاتۆریی ئیدارە دەکران و سەر بە ئەڵمانی نازی بوون، لە کاتی شەڕدا بزووتنەوەی بە‌هێزی پارتیزانی سەری هەڵدا و زەبری باشیان لە ئەرتەشی داگیرکەری ئەڵمان وەشاند و پێ بە پێی پێشرەوییەکانی ئەرتەشی سوور، ئەوانێش کە زۆرتریان سەر بە حیزبە کومونیستەکان بوون، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.  هەرچەند بریتانیا وبە تایبەت ئەمریکا کە تازە دەستی بە چەکی ئەتۆمیش گەیشتبوو و دووشاری بێتاوانی “هێروشیما” و “ناکازاکی”ی لە ژاپۆن بە خەڵکەکەیەوە نابووت کردبوو، کەوتنە هەڕەشە و گورەشە لە سۆڤیەت. بەڵام ” ئیستالین ”  لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و بریتانیادا بە باشی راوەستا و پاشەکشەی نەکرد و تەنیا لە یۆنان یارمەتیی پێویستی پارتیزانەکانی نەدا، بۆیە لەبەرئەوەی ملکەچی موسکۆ نەبوون، پاشەکشەی کرد. حکوومەتی کۆنەپەرستی یۆنانیش لەو هەلە کەڵکی وەرگرت و بە یارمەتیی ئەرتەشی ئیمپریالیزمی بریتانیا دوای سێ سال پارتیزانەکانی سەرکوت کرد. کەچی هەر ئەو ئیستالینە بۆ بەدشانسیی کورد، بە هەڕەشەی ئەمریکا و بریتانیا و بە بەڵینیی درۆی ” قوام السڵطنە ” سەرەک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران، بە دانی ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێران، لە هەڵوێستی لاوازەوە لەگەڵیان رووبەروو بوو و پشتی کورد و ئازەربایجانیی بەردا و رژیمی شا بە پشتیوانی ئەمریکا و ئینگلیز کوردستان وبە تایبەت ئازربایجانی خەڵتانی خوێن کرد، کە رووخانی یەکەم کوردستانی بەداوە بوو.

لە کانتۆنی ” عەفرین” ی رۆژئاوای کوردستان چەندین ساڵ بنکەی سەربازی رووسی لێ بوو، لەوماوەدا خوێن لە لووتی سەربازێکی رووس نەڕژا و بە ئارامی لەوێ حەوابوونەوە، تەنانەت لە عەفرینەوە فیشەکێک بەرەو سنوورەکانی تورکیەش نەتەقاندرابوو. ئەمریکای بە رەواڵەت هاوپیمانی ” هەسەدە “(هێزی سووریەی دێموکراتیک) بۆ تەحریکی تورکیە کە خۆی لە بیانووی هێرشێکدا بوو بۆ سەرعەفرین، رایگەیاند کە ئەرتەشێکی سی(٣٠) هەزارکەسیی پارێزگاریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریە پێک دێنێ کە پتر لە هێزەکانی “یەپەگە” و”پەپەژە” دەبن. ” ئوروغان”ی فاشیستی پان – تورکیستی پان- ئیسلامیست هەڕەشەی داگیرکردنی عەفرینی کرد،” پوتین”ی دیکتاتۆر بۆ ئەوەی بە حیسابی خۆی تورکیە لە ئەمریکا دوور خاتەوە، دوای حەفتا ساڵ پێی نایە جێ پێی “ئیستالین” و لە پشتەوە خەنجەری لە بزووتنەوە  کورد دا. دیارە بە چرای سەوزی ئەمریکای بێ پەیمان. تورکیە بە هەموو هێزی هەوایی و زەمینی و بەکرێگیراوی سووری و فرۆکەی ئەمریکایی و تانگی ئەڵمانی و چەك و چۆڵی وڵاتانی دیکەی “پەیمانی ناتۆ” هەڵی کوتایە سەر عەفرین و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆری بەوە خەلکە ئاشتی خوازە کە پێک هاتوون  لە کوردی عەلەوی وکوردی ئێزەدی،  عەرەب ،ئەرمەنی ، تورکمەن، سریانی و  خه‌ڵكی ئاوارەی شەری داعەش کە ساڵەهایە بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژین، گەیاندو سەدان پیرو پەککەوتە و مناڵی شەڵالی خوێن کرد.

تا نووسینی ئەم دێڕانە (٣ی فووریە- ١٤ی رێبەندان) زیاتر لە دوو حەفتەیە شەڕێکی سەخت و نابەرامبەر لە نێوان گەلێکی پچووک، بەڵام خۆڕاگر کە تەنیا بیرورای گەلەگەی وبیرورای هێندیک لە گەلانی جیهانی لە پشتە و دەوڵەتێکی گەورە کە خاوەنی چوارەمین هێزی نیزامییە لە پەیمانی ناتۆدا بەردەوامە. پشتیوانانی دەوڵەتی تورک لە شەڕەدا بریتین لە ئەندامانی پەیمانی ناتۆ لەبەرهاوپەیمانیبوون، دەوڵەتانی تورک لەبەر دەمارگیریی تورکبوون، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی ئیسلامی لە بەر دەمارگیریی موسڵمانبوون. باقی وڵاتانی جیهانیش لە بەر بەرژەوەندی مادی چاوی خۆیان بەستوە وگوی خۆیان ئاخنیوە بۆ ئەوەی بڵین ئاگامان لە کێشەکە نیە .

نەفرەت لە بەرژەوەندیی مادیی دنیای سەرمایەداری ، نەفرەت لە  ئیدیعای درۆیینەی مافی مرۆڤ، نەفرەت لە فاشیسم، کۆنەپەرستی و چەوسانەوە. هەرچەند شەڕەکە نابەرامبەرە، بەڵام من بە سەرکەوتنی کچان و کوڕانی یەپەژە و یەپەگە و خەڵکی عەفرین دڵخۆشم، هیوادارم دلخۆشییەکەم لە جێی خۆیدا بێ.

ده‌رباره‌ هاشم کەریمی

Profile photo of هاشم کەریمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز