سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / خوێندنەوەی شێعڕی “من نامهەوێ بێ وڵات بمرم”

خوێندنەوەی شێعڕی “من نامهەوێ بێ وڵات بمرم”

شەهلا دەباغی

کاتێک بەلەمی شێعرێک لە دەریای مێشکتدا دێت و دەچێ، ناچاری بە ناختدا شۆڕ بیتەوە تا سووڕ و سەمای بەلەم شەپۆلەکانی ڕوح بگەێنێتە کەناری ئاسوودەیی. لێرەدا نە دەریا و شەپۆلەکانی بەڵکو سەمای بەلەمە کە هێزی جوڵەیە و ئاخی ناخت زۆرەبانی دەگەڵ دەقێک دەگری نە بۆ ئەوە بەسەریدا زاڵ بێ، بەڵکو بۆ ئەوە هەستی ناو شێعرەکە گەردوونێکی فراوانتر لە دەریای مێشکی تۆی داگیرکردووە: گەردوونی ئاشقانی کوردایەتی.

ئینجا ڕەنگە زۆرت بە سەر زۆربەی شێعرەکانی شاعیرەکەدا نەشكێ، بەڵام ڕاست لە یەک شێعرەدا و بۆ یەک مەبەست تۆ و “ڕامان” یەک دەگرن و دەگەن بە یەک: هەست و بیری کوردایەتی:

نامهەوێ

غەریبانە بژیم،

لە سەمای گەڵایەکی وەرویدا

دەدۆزمەوە

نیشتمانێک

بۆ ژیان.

ڕامان سۆفی سوڵتانی لەو ئەدیب و شاعیرانەیە کە نەک هەر لە مانای “مانا” دەگات کە بگرە لە بواری “جوانناسی”شدا قەڵەمێکی کەم وێنەیە. ئەو جوانناسی تەنیا وەک فۆرم و جۆری دەربڕین بۆ نیشاندانی جوانی و هەست بەکار ناهێنی، کە وەک خودی مانا بەکاری دەبا.

دەستبردن بۆ “جوانناسی” ئەستەمە بەڵام کاتێک سەمای شێعرێک ئەفسوونی کردی چ کەردەن جگە لە قۆڵ هەڵماڵین؟ بەڵکو بە شیکردنەوەی شێعرەکە مانایەک بۆ خودی خۆت/خوێنەر ببێتە چرای ژیانی ئاڵۆزی کورد و حەجمینی دەریای مێشک.

کە مانا و جوانناسی، فۆڕم و هەوێن تێکەڵاو دەبن، شێعر دەبێتە دالی مەدلوولێک، مەدلوولێکی گەورە کە هەر خۆی بەتەنیا مانای تەواوی دال و مەدلوولەکانی ترە، “مەدلوولێکی سەربەخۆ”، مەدلولێک تا گەردوونی شێعڕی کوردایەتی بخاتە سەر ڕێچکە و هێڵی سەربەخۆیی. گەردوونێک دەبێ بسووڕێ کە شێعرێک بنووسرێ تا بەمجۆرە نیشتمانێک/وڵاتێك لە دایک بێ: کوردستان.

 

شێعڕ بۆ ڕامان هزرو بیر، هەست و جوانناسییە لەیەک کاتدا. کاتێک ئەم سێ سامانە مێژووی- هەستی- کولتورییە لە “دەقێکی ڕامانی” دا تێکەڵاو دەبن، دەق لە مەرگ دوور دەکەوێت و دەگاتە هەرمان، وەبیر دەمێنێ، بڵاو دەبێتەوە، دەبێتە هێلانە/وڵات بۆ وشەگەلێک کە تێیدا بحەسێنەوە تا خۆێنەر و شاعیر غەریبانە نەمرن و پێکەوە بگەنە نیشتمانێک بۆ ژیان. نیشتمانێک کە شاعیر تەنانەت لە گەڵایەکی وەریودا، تۆ بڵێ شەهیدێک یا ئەوینێکی لەدەست چوو، بەدوایدا دەگەڕێ. شاعیر نایەوێ بێ‌وڵات/ بێ‌ناسنامە/بێ‌ئەوین بمرێ. ئەو دەیەوێ بژی، بەڵام بۆ ژیانێکی ئازاد هێندێک مەرج هەن، گرینگترین مەرج: بوونی وڵاتێکە تا تێیدا سەربەست دەست بۆ قەڵەم بەری، نەک غەریب و ژێرچەپۆکە داکەوی.

ئینجا کە سەمای گەڵایەکی وەریو بوو بە نیشتمانی شاعیرێکی جوانپەرەست، و لە پێکەنینێکی منداڵانەی یاردا وڵاتێک دۆزراوە، شاعیر ئامادەی مەرگ دەبێ. مەرگ لە باوەشی یار و پێکەنینی ئەودا مەرگێکی شازە و بەبایەخ، چونکە نرخی خۆی بۆ دراوە، نرخێک بارستای گەران بەدوای ڕزگاری، ئازادی و بەرخۆدان.

مەرگ و ژیان دووانەی یەکن هەر بۆیە هەوەڵ شاعیر لە مەرگ/ گەڵای وەرویدا نیشتمان/ژیان دەدۆزێتەوە و دواتر لە پێکەنینی یاردا نیشتمانێک بۆ مردن سازدەکا تا بەسەر خودی مەرگدا زاڵ بێ. بەواتایەک داهێنانێكی هونەری هەستیار دەبێتە “وحی”یەک لە نەبوونەوە بەرەو بوون، لە بێ وڵاتی بەرەو خاوەن بوونی وڵات، لە مەرگەوە بەرەو ئەبەدییەت، لە ئەسیری بۆ ڕەهایی، و لە بێ نیشانەیی بەرەو کۆد و نیشانە و وشە. بەمجۆرە گەشاوەترین ئەستێرە لە گەردوونی شێعری ڕامان دا لەدایک دەبێ، بەناوی “من نامهەوێ بێ وڵات بمرم”. و لە ئێستاتیکای دەقێکی مێژوەیی- هەستی و جوانناسانەدا وڵاتێک لەدایک دەبێ بۆ ژیان.

ده‌رباره‌ شه‌هلا ده‌باغی

Profile photo of شه‌هلا ده‌باغی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز