حیزب چییە؟

رێبوار ڕەشید

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە سەدان ئیمایلم بۆ هاتووە کە دەپرسن ئایا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان چ جۆرە پێناسەیەکی بۆ ”حیزب/ پارت‟ هەیە. هەروەها کۆمەڵێک پرسیاری دیکەش دەکەن کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بەو وەڵامەوە هەیە. هەرچەندە لەوەبەر وەڵامم بە چەندین لەو هاوڕێیانە داوەتەوە، بەڵام پێموایە کە وەڵامی ئەو پرسیارە بە ڕای گشتیی بگەیەنرێت هاسانترە، چونکە بۆ هەمیشە لەبەر دەستدا دەبێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان تا ئەوڕۆیش پێناسەیەکی نییە سەبارەت بەوەی ”حیزب/ پارت‟ چییە، بەڵکو پرۆگرامێکی گشتیی سەبارەت بە یەکیەتیی نەتەوەیی و پێشخستنی ئەو یەکیەتییە هەیە و نەچووەتە ناو زۆر وردەکارییەوە.

وەڵامی ئەو پرسیارە تا ڕادەیەک بە هاسانیی دەدرێتەوە چون نزیکەی هەموو دەوڵەتانی دونیا جۆرێک لە مەرجی پارلەمانییان بۆ ئەوە هەیە کە حیزبێک چییە و دەبێت بە کام مەرجانە بەشداریی لە هەڵبژاردن و حکومەت و هتاد. بکات. لە زانستیی سیاسییشدا باسی چۆنیەتیی حیزب و ئایدیۆلۆژیای جیاواز و تایبەتمەندیی ”حیزب/ پارت‟ دەکرێت. دیارە ئەو مەرجانە لە زۆربەی دەوڵەتاندا زۆر لێکچوون و لەبەرئەوە مرۆڤ دەتوانێت کۆی هەموو ئەو خاڵانە بکات بە پێناسەیەک بۆ ئەوەی بزانرێت ”حیزب/ پارت‟ چییە. نموونە گشتییەکانی ئەو مەرجگەلانە ئەمانەن، واتە بۆ ئەوەی ڕێکخستنێک پێی بگوترێت ”حیزب/ پارت‟ دەبێت ئەم مەرجانە پڕ بکاتەوە:

١. لە سەر ئاستی ناوچەیەکی دیاریکراو کار بکات و دەبێت بەرنامەکەی خەسڵەتێکی نیشتیمانیی هەبێت و بە پێی ناوەڕۆکی ئەو بەرنامەیەی قابیلی ڕەخنەلێگرتن و شکایەت و لێپرسینەوە و سزادان دەبێت.

٢. بەدەنەیەکی/ ساختارێکی تەواو دیموکراتیکی هەبێت. بە واتایەکی دیکە هەڵبژاردنی سکرتێر، کۆمیتەی ناوەندیی، جۆرەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی جیاواز و هتاد. دەبێت لە سەرئەنجامی پرۆسەی دیموکراتیک دانرابن (پێچەوانەی لیستی فیکس و هتاد) و جێگۆڕکێی دەسەڵات و وازهێنان و دووبارە بە ئەندامبوون دڵخوازانە و دوور لە هەر جۆرە فشارێک بێت.

٣. ئەندام بە دڵخوازی خۆی و بە خواستی خۆی دوور لە هەر جۆرە توندوتیژیی و ناچارکردن و فریودانێک بوو بێت بە ئەندام. ئەو حیزبانەی لە ژێر سێبەری حکومەتێکدان، واتە لە مەترسیی سیاسییدا نیین، دەبێت ئاماری شەفاف و دروستیان هەبێت، واتە دەبێت هاووڵاتیی ئاسایی بۆی هەبێت بزانێت فڵان حیزب چەند ئەندامی هەیە، ڕێژەی ژنان و پیاوان، ئاستی خوێندەواریی و بەڵگەنامە و پیشە و هتاد. ئەم فاکتانە بۆ سیستەمی دیموکراسیی و پێشخستنی سیستەمی دیموکراسیی زۆر گرینگن. تۆماری یاداشتنامە و پرۆتۆکۆلی هەموو کۆبوونەوە و دیدارێکیش لە چوارچێوەی ئەرکداریی بە شەفافیەتی سیستەمی دیموکراسیی یان ئاوەڵەیە.

٤. هەموو ئەندامێک لە نوێترین ئەندامەوە تاوەکوو پلەترین باڵای ئەو حیزبە دەبێت ئابوونەی مانگانە بەردەوام بدەن.

٥. ئابوونەی حیزب تەنیا دەبێت بە گشتیی لە چوار (٤) سەرچاوە بێت: یەک: ئابوونەی ئەندامان، دوو: سپۆنسەری رەسمیی دیار و ئاشکرا، بۆ نموونە دووکاندارێک خەجی کۆنفەرانسێک دەکێشێت لەبەرئەوەی بڕووای بەو حیزبە، بەو کۆنفرانسەیە، سێ: ئەو سامانەی لە سەرئەنجامی کۆی ئابوونە و فرۆشتنی بەرهەمی حیزب کۆ دەبێتەوە، بۆ نموونە پارەی ئابوونە ئەوەندە زۆر بێت کە حیزبێک بتوانێت هوتێلێک بکڕێت و بە ڕەسمیی بە کرێی بدات و بە قازانجەکەی کاروبارەکانی خۆی بەڕێوە ببات، چوار: ئەو بڕە پارەیەی حکومەت بە پێی یاسای ڕوون و بڕیاری پارلەمان وەکوو کۆمەک بە هەموو حیزبێکی دەدات کە شایستەیەتین.

٦. حیزب دەبێت خەرجیی هەموو کاروبارێکی خۆی بە کۆی پارەی ئەو چوار (٤) سەرچاوەیە بکێشێت.

٧. حیزب نابێت بهێڵێت هیچ ئەندامێکی کە لە حکومەت، وەزارەت، پارلەمان، جۆرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی و خزمەتگوزاریی بەرپرسیاریی هەبێت و کار بکات، هاوکات سەرمایەگوزاریی یان کار لە کەرتی تایبەتییدا بکات. هەروەها هیچ کەسکی نزیکیشی وەکوو هاوسەر، خوشک و برا، منداڵ، ئامۆزا و پورزا و هاوڕێی نزیک، هاوکات سەرمایەگوزاریی یان کار لە کەرتی تایبەتییدا بکەن. هەمان ئەو کەسانە بۆیان نییە لەو کاتانەدا کە پۆستی ڕەسمییان هەیە سەهمیان لە سەرمایەگوزارییدا هەبێت.

٨. حیزبێک بۆی نییە کە رێکخراوەی نهێنیی، چالاکیی پەنهان و شاردراوە، میلیسیا و چەکدار و چەک و تەقەمەنیی هەبێت. هەروەها بۆی نییە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە کاروباری حیزب و لایەنەکانی دیکەدا بکات.

٩. ئەندامانی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆیان هەیە ئەندام یان لایەنگری هەر حیزبێک بن کە دەیانەوێت، یاخود لە هەڵبژاردندا دەنگ بە هەر کەس و لایەنێک بدەن کە دەیانەوێت، بەڵام هیچ حیزبک بۆی نییە بیانکات بە ئەڵقەیەک/ شاخەیەک یان بەشێک لە نفوزی خۆی. سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان دەبێت بە تەواویی سەربەخۆ بن.

١٠. حیزبێک بە هیچ شێوەیەک نابێت لە جۆرەکانی دزیی، تاڵانیی، گەندەڵیی، قاچاخچیەتی، بەرتیل، نیپۆتیزم/ خزمخزمێنە، نایاساییکردن بگلێت.

١١. ئەندامی حیزب تەنیا کاتێک کە پۆستی ڕەسمیی لە حکومەتدا هەبێت بۆی هەیە مووچە لە سەر حیسابی سامانی نەتەوەیی وەربگرێت. کاتێک حیزبێک ژمارەیەک کادێری بۆ بەڕێوەبردنی کار و باری خۆی پێویست بێت ئەوا دەبێت لە پارەی حیزب خۆی مووچەیان بداتێ، نەک لە سامانی نەتەوەیی. هەروەها گرینگە هەموو حیزبێک لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت. هەر حیزبێک لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ نەبێت بێ ئەملاولا دەبێت بە پاشکۆی لایەنی دیکە و لەبەرئەوە پێناسەی سەرەکیی ”حیزببوون ‟ نایگرێتەوە.

١٢. هیچ حیزبێک نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە ساختەچیەتیی و گزیی لە هەڵبژاردندا بدات، بە پێچەوانەوە دەبێت هەموو جۆرە زەمینەیەک بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەیەکی خاوێن و دروست لە هەڵبژاردن خۆش بکات.

حیزب وشەیەکی عارەبییە و هێندەی من ئاگادارم ٢٦ جار لە قورئاندا هاتووە و بە گەلێک مانای جیاواز دێت، یەکێک لەو مانایانە ئەوەیە کە لێرە مەبەستە، واتە کۆی خەڵکێک بۆ خستنەگەڕی بەرنامەیەک. دەنا لە دونیادا زیاتر سوود لە وشەی ”پارت/ پارتی‟ وەردەگیرێت.

دیارە لە دونیای ڕۆژهەڵاتیی و ڕۆژئاوای دیموکراسییدا جیاوازیی بنەڕەتیی و پرینسیپیی زۆر هەیە، بۆ نموونە لە دونیای دیموکراسییدا خەڵک بەرنامە و کردار و ساختاری دیموکراتیک و شەفافیان بە لاوە گرینگە، بەڵام لە دونیای ڕۆژهەڵاتییدا کەسان هەن لە حیزبێکدا دەبن بە ئەندام لەبەرئەوەی کەسێکی خۆشەویستیان لەو حیزبەدا بووە یان لەو پێناوەدا گیانی سپاردووە. خەڵک زۆر هەن کە ئەسڵەن خوێندەوارییان نییە و تەنیا بە سەلیقەت و لە ڕێگای وەفاداریی بە گوایا ڕێبازی کەسێک دەبن بە ئەندامی حیزبێک. هەروەها گوێ بەوە نادرێت حیزبێک چەند ”حیزبە‟ و چەند بە جیددی مۆتۆڕی کۆمەڵگایەکە و چەند نەخشی لە پێشخستن و گۆڕانکاریی پۆزەتیڤدا هەیە.

٨/١/٢٠١٨

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سەدەی بیستەم، سەدەی رووداوە دەگمەنەکان

هاشم كه‌ریمی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا هەم گەورەترین دەسکەوتی لەبواری پێشکەوتندا مسۆگەرکرد، و هەم بە …

پێویستی بە “فێمینیزمێکی هاندەر” لە نێو ژنانی کورددا

رۆیا تلوعی کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵگایەکی سەرکوت کراوە، بەڵام کێشەکە هەر …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز