سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / جیاوازیى خۆپیشاندانەکانى ئێستاى ئێران لەگەڵ خۆپیشاندانەکانى پێشوو

جیاوازیى خۆپیشاندانەکانى ئێستاى ئێران لەگەڵ خۆپیشاندانەکانى پێشوو

رەزا مەنووچەری

لە ڕووی قەبارە و لە روبەری پانتایى جوگرافی و بەشداریی بەربڵاوی چین و توێژە جیاوازەکان و بەشداریى کەمە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و جۆرى دەربڕینی داواکان و خواست، ئەم خۆپیشاندانانەى ئەمداوایەى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کور دستان لە نارەزایەتییەکانی ۲٠ بیست ساڵی رابردوی ناوخۆی ئێرانی جیا دەکاتەوە.

پێشتر خۆ پیشاندان بۆ بابەتی هەڵبژاردن، داوایەکی دیاریکراو ئەنجامدراوە. سەندیکایەک یان رێکخراوێک بە تەنها خۆی و بەبێ پشتیوانیی بەربڵاو ناڕەزایەتی دەربڕیوە، یان مانی گرتوە. جاری وا هەبوە گەلی کورد ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و تەنها بوە و لە شوێنەکانی تر پشتیوانی پێویستی نەکراوە، یان جاری واش هەبوە عەرەب و بەلوچیش بە جیا نارەزایەتی و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە تاران و مەشهەد دەنگی پشتیوانی بەرز نەبووەتەوە، هەروەها خوێنکارانی زانکۆ، یان ژنان، یان کرێکاران، خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئەنجامداوە و لە بەر ئەوەی پشتیوانی لە ئاستەکانی تردا لێنەکراوە بە ئەنجام نەگەیشتوە.

بەڵام ئەمجارە، بێکارەکان، برسییەکان، چینی مامناوەند، ژنان، کورد، خوێندکاران، بەلوچ، عەرەب، تارانی، ئەسفەهانی و مەشهەدی، گیلەکی…، خوێندکاران، کرێکاران، گەنجان، بە یەکجار و لە یەک کات و لە سەرتاسەری ئێراندا یەک دەنگ داوای مافەکانیان و نەمانی دیکتاتۆر دەکەن.

ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک بە رادەیەک گەورە بوە، کە بە ئاسانی دەسەڵات ناتوانێت پڕی بکاتەوە، ئەمە یانی سیاسەتەکانی دەوڵەت لە هەمو ئاستەکاندا شکستیهێناوە، چونکە خەڵک بە ئاشکرا لە دژى سیاسەتى ناوخۆی و هەروەها سیاسەتى دەرەوەى حکومەتى تارانە و ئەوەش بەو مانایە دێت ناڕەزایەتی گەیشتوەتە ناو هەمو چین و توێژەکان.

قەبارە و جۆرى ناڕەزایەتییەکە ئەوەى لێدەخوێندرێتەوە، کە خەڵک ئیتر بە بەڵێنی هەڵبژاردن و بەڵێنەکانی تر دانامرکێتەوە. ئەگەریش بە دەستی پۆڵاین بەرەنگاری خەڵک بنەوە و بۆ ماوەیەکیش دۆخی میلیتاریزە و پۆلیسی دروست بکەن، هەر ناتوانن کۆتایی بەو خرۆشانە گەورەیە بهێینن، چونکە سەردەمی ئەمجۆرە دەسەڵات و حکومەتانە تەواو بووە و بە سەرکوتیش ناتوانن زۆر درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن.

یەکگرتنى ئەو هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایینەى ناو کۆمەڵگاى ئێران بۆ داوا ڕەواکانیان بومەلەرزەیەکى گەورەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەمنییە بۆ دەسەڵات. هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت هەموو ناڕەزایەتییەکان هەڵبمژێت. هەوڵەکان بۆ ئەوەى کە نشان بدرێت خۆپیشاندانەکان ململانێى ناوخۆیى دەسەڵاتە، لێکدانەوەیەکى ساکارە، چونکە ئەمەیان تەنها شەڕى موسەوی و ئەحمەدى نەژاد نییە، کە هەر دوکیان ئەرکیان پاراستنى ئەو دەسەڵاتە بوو، بەڵام بە فۆرمی جیاواز. ناڕەزایەتییەکانى ئێستا ناڕەزایەتى خەڵکە بەمانا گشتگیرەکەى بەرامبەر بە دەسەڵات. ئەم ناڕەزایەتییانە هەر ئەنجامیان دەبێت و ڕەوایى کارەکانى دەسەڵات بە تەواوەتى لەق دەکات و شڵقانێک دروست دەکات، کە هەرگیز دۆخى جێگیربوونى دەسەڵات وەک پێشتر نابێت، چونکە تەمەنى هەموو دیکتاتۆرەکانى ئەم ناوچەیە بە گشتى لە دەورووبەرى تەمەنى ٤٠ ساڵەیاندا کۆتایى پێهاتووە. تەمەنى دەسەڵاتى ئێستاى ئێرانیش ٣٩ ساڵە…

ده‌رباره‌ رەزا مەنووچەری

Profile photo of رەزا مەنووچەری

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سەدەی بیستەم، سەدەی رووداوە دەگمەنەکان

هاشم كه‌ریمی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا هەم گەورەترین دەسکەوتی لەبواری پێشکەوتندا مسۆگەرکرد، و هەم بە …

پێویستی بە “فێمینیزمێکی هاندەر” لە نێو ژنانی کورددا

رۆیا تلوعی کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵگایەکی سەرکوت کراوە، بەڵام کێشەکە هەر …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز