سه‌ره‌تا / ئه‌زموونی خه‌بات / تێکۆشەر “هاشمی کەریمی”، کوردێکی چەپ ، چەپێکی واقعبین

تێکۆشەر “هاشمی کەریمی”، کوردێکی چەپ ، چەپێکی واقعبین

خەلیل غەزەڵی

لە لایەن دۆست و هاوڕێێ چەندین سالەم  کاک رەحمان نەقشی‌یەوە بە پەیام ئاگادارکرام کە بەتەمایە وەک وەفایەک بۆ تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی تێکۆشەری ناوداری بزووتنەوەی رزگاری- نیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان کاک هاشم کەریمی، نامێلکەیەک بلاوبکاتەوە . بەو بۆنەوە پرسیاری لە چەندین کەس و لەوانە لە من کردوە گەر بکرێ چەند دێڕێک وەک بیرەوەریی یا هاورییەتی لەگەڵ کاک هاشم بنووسین.

من ژیاننامە و مێژووی تێکۆشانی کاک هاشم دادەنێم یا خۆی بینووسێ یا کەسانێکی دیکە کە زۆرتر لەمن لێوە نزیک بون. بۆیە تەنیا بە چەند تایبەتمەندیی کاک هاشم ئیشارە دەکەم کە رەنگە کەمتر ئاوڕی لێبدرێتەوە.

من بەحوکمی بواری تێکۆشانم چەند ساڵ هاوکاری نزیکی کاک هاشم بوم. دیارە پێشتریش یەکترمان ناسیوە. بەلام ئەوە هەر ناسینێکی دوراو دوور بوە ، گەرچی هەردووکمان دەمانزانی ئەوی دیکە خاوەن چ بیروباوەڕ و تێگەیشتنێکە. بەڵام ئەو چەندساڵ هاوکار بوون و نزیکییە، ئەو ئیجازەم پێدەدا ، بێ ترس و دڵەراوکێ روانگە و بۆچوونی خۆم لەسەر کەسایەتیی، بیرو وباوەر و هێندێک تایبەتمەندیی کاک هاشم باس بکەم. ئەویش بەو هۆیە کەلەو باوەڕەدام تایبەتمەنیە باشەکانی تاک دەبێ هەمیشە زەق بکرێنەوە و بکرێنە نموونەی فێربوون ، تا بەو شێوە هەوڵ بدرێ فەرهەنگ سازییەکی سالم و گونجاوی مرۆڤی سەردەم بانگەشە بکرێت.

کاک هاشم لە راستی دا کەسێکی ناسراوە و پێویستیی بە ناساندنی من یا کەسانی دیکە نی‌یە و ئەم دێڕانە تەنیا بۆ تۆمارکردنی را و بۆچوونی تاکێکە و ئیشارە بە هێندێک تایبەتمەندییە کە رەنگە کاک هاشم خۆی بەهۆ ئەو “تەوازوع”ـەی کە هەیەتی و کەسانی دیکەش بەهۆی جیاوازیی بیروباوەریان لەگەڵ کاک هاشم، باسی نەکەن.

هاشمی کەریمی هەر لە هەڕەتی لاوییەوە بەهۆی خوێندن و رۆیشتنی بۆ زانکۆ(لەو سەردەمەدا رادەی خوێندکاری زانکۆ زۆرکەم بو) لەگەڵ بیرو فێکری چەپ ئاشنا دەبێ. بەڵام بەهۆی ئەوە لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەری بواری “مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد” پەروەردە بوە، چەپ بوونەکەی نە بەشێوەیەکی کلاسیکی باوی ئێران(تودەئیزم)، بەڵکوو هەمیشە کوردێکی چەپ بوە و بەرژەوەندیی نەتەوەکەی  و خەباتەکەی نەخستوەتە پاش بیری چەپ و یەکسانیخوازیەوە، ئەگەرچی قەتیش یەکسانی و عەداڵەتخوازیی لەبیر نەکردوە. هەر ئەو تایبەتمەندیە یە کە هاشمی کەریمی لە گەردەلوولی شڵەژانی بیروباوەڕ دەپارێزێ و هەمیشە پێ لەسەر عەرز و  راوەستاو لەسەر بیروباوەڕی تا بە ئەمڕۆ رێگەی پێواوە. واتا سەردەمێک کە فیکریی توودەیی بەناوی “چەپ و پێشکەوتنخوازیی”، بەڵام لە ناوەرۆکدا تەسلیم تەڵەبی و خۆبەدەستەوەدان، لە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە “ڕێرەوی خەتی ئیمام”(خومەینی) و بە قازانجی حکوومەت ،حیزبی دیموکرات لەت دەکات و ژمارێک زۆر لاوی شەریف  و تێکۆشەر بەلارێدا دەبات ، هاشمی کەریمی لە بەرابەریاندا هەڵوێستکی رەخنەگرانە دەگرێ، یا ئەو کاتەی سۆڤیەت رووخا و بەرەی سەرمایەداریی کۆتایی بیری بەرابەریخوازی و عەداڵەتخوازیی راگەیاند و، زۆرێک لەو رەوت و کەسانەی کە بیری چەپ و پێسکەونخوازییان وەک “مود” و “چاولێگەریی” هەڵبژاردبوو دارووخان و “چەپە”بوون، هاشم کەریمی لەو کەسانە بوو کە پێکەنینی بەو داتەپیوانە و هەروەها مودەعیانی رووخانی بیری یەکسانیخوازی دەهات. من خۆم لەو سەروبەندەدا کەلەگەل کاک هاشم لەوبارەوە قسەم دەکرد، لەبیرمە هەمیشە دەیگوت : ئاخر کاتێک هەژاری و فەقر و ستەم کۆتایی نەهاتوە و خراپتر بوە، چۆن ئەو بیرو باوەڕە لەبەین ئەچێ”.

ئەو خاڵێکی گرنگ لە ناسنامەی فیکریی کاک هاشم بوو کە بەپێویستم زانی ئاماژەی پێ‌بدەم. دیارە هەر لەو پێوەندیەدا(کوردی چەپ) هەمیشە کاک هاشم ئەوەی دەربڕیوە کە ئێمە (من و ئەو) زۆر قەرابەتی فێکریمان هەیە، هەرچەند ئەو سەردەمانێک پێیوابوو کەمن هێندێک توندئاژۆم!

دیارە زۆر خالی دیکە هەیە کە دڵنیام لە نووسراوەکانی دیکەئیشارەیان پێدەکرێ . بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەری ئەم دێڕانە لەگەل تەوەری فیکری و کردەوەی کاک هاشم ئاشنا بکەم ،بەکورتی هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو مرۆڤە تێکۆشەر و بێ‌ئیدیعایە باسدەکەم :

کاک هاشم بە رەفتاری هێمنانە و تەحەمولی جیاوازبیر هەمیشە لای هەموو رەوتە فیکرییەکان جێ رێز بوە. تەنانەت “موسوڵمانە توندەکان”یش سەرەڕای ئەوە بەشێوەیەکی توند دژی هەر کەس و بۆچوونێکی یەکسانیخوازی بوون و بەناوی کومونیست و “بێ‌دینی” بەدژی دەوستانەوە، لە ئاست کاک هاشم بەپارێزەوە دەجووڵانەوە. لەبەر ئەوە هەموو دەیاندیت کە ئەو شتانەی کە کاک هاشم باوەڕی پێانە(نە ئەوە خۆی ئیدیعای بکات) بە کردەوەش رەچاویان دەکات.

کاک هاشم سەرەڕای ئەوە لە ماوەی تێکۆشانی سیاسی و حیزبی خۆیدا خاوەن پلەی بەرز و بەرپرسایەتیی بەرز بوە، هیچکات لە پلە و بەرپرسایەتی خۆی کەڵکی خراپ و نابەجێی وەرنەگرتوە(چ لەباری مادی و چ لەباری سیاسی و چ لەباری کۆمەلایەتی و چچ لەباری ئەخلاقیەوە).

ئەوانە ئەو تایبەتمەندیانەن کە کاک هاشمی کردەوەتە ئەو کەسایەتییە کە هەر کوردێکی چەپ دەبێ وەک نوێنگەی راستی و دروستی و سەداقت شانازی پێوە بکات و بیکاتە سەرچاوەی فیکریی خۆی.

حەزدەکەم ئیشارە بەو خاڵەش بکەم کاک هاشم لەناو سیاسیکارانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەگمەن و کەم وێنیە(مەبەستم رێبەرانی حێزبی‌یە). کاک هاشم سەرەڕای تەمەنێک خەبات و بەرپرسایتی، ئێستە بێ هیچ ئیدیعایە و بەبێ هیچ پاشکەوتێکی مادی، لە بریتانیا ژیان بەسەر دەبات و هێشتاش هەر خەریکی بەرهەمهێنانی فیکری(نووسین)ـە.

لە کۆتاییدا دەبێ ئیشارە بەوەش بکەم کە وەک ئەو پەندە بەناوبانگە دەڵێ:”هەر پیاوێکی سەرکەوتوو، حەتمەن “ژن”ێکی سەرکەوتووی پشتیوانە ، بۆیە نابی ئەو هەموو تایبەتمەندییە بەنرخانەی کاک هاشم باسبکەم بەلام ، ئیشارە بە هاوسەر و شەریکی جێ رێز و حورمەتی “زەینەب”خانم نەکەم. کەسێک کە تەمەنێک لە تاڵی و شیرینیی ژیانی کاک هاشم دا شانبەشانی بوە و بێگومان بەبێ ئەو کاک هاشم نەیدەتوانی لەم پلە و بایەخەی ئەمرۆدا بێت.

بۆ من جێگەی شانازییە کە ئێستەش لە رێگەی هاوکاریی کاک هاشم لەگەڵ ماڵپەڕی “هەڵوێست”، پێوەندیی و هاورییەتیمان قوول و بەردەوامە. هەر لێرشەوە سپاسی هەموو هاوکاری و نووسینەکانی دەکەم و وەک یەکێک لەو کۆڵەکانە کە “ماڵپەری هەڵوێست”ی گەیاندوەتە ئاستی ئەمڕۆ، دەیاننرخێنم.

هیوام تەمەندرێژی تەندروستی بۆ کاک هاشم و بنەماڵەی بەرێزیانە.

ده‌رباره‌ خه‌لیل غه‌زه‌لی

Profile photo of خه‌لیل غه‌زه‌لی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

وەڵاتی فینلاند لە سیفرەوە بۆ لووتکە

هیوا گوڵ محەمەدی فینلاند وەڵاتێکی بچوکە لە باکوری ئەوروپا کە پێنج ملیون و نیو حەشیمەتی …

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ

سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! عه‌بدوڵا ساڵەح هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز