سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / بەرپرسیارێتی مێژوویی بریتانیا لە تراژیدیای سەد ساڵەی کوردا – بەشی یەکەم

بەرپرسیارێتی مێژوویی بریتانیا لە تراژیدیای سەد ساڵەی کوردا – بەشی یەکەم

دکتۆر جەبار قادر

چەند وتەیەکی پێویست:

ئەم زنجیرە وتارە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە ڕۆڵی بریتانیا لە دروستکردنی تراژیدیای کوردیدا بەر لە سەد ساڵ. هەڵبەتە ڕۆڵی بریتانیا تەنها دیوێکی دراوەکەیە، دیوەکەی دیکەی کورد بە خۆی گوناهەکەی هەڵدەگرێت. تا ئەم ئەمڕۆش پەند لەو ئەزموونە تاڵانە وەرنەگیراوە و بە شێوازی جیاواز دوو بارە و چەند بارە دەکرێنەوە. پوختەیەکی ئەم زنجیرەیە لە ژمارە (٢٦٧)ڕۆژنامەی “باس”دا بڵاوکراوەتەوە.

پێشەکی:

سیاسەتە کۆڵۆنیالییەکانی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بوونە هۆی گەلێ کارەسات و ماڵوێرانی، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر گەلی کوردا هاتن. ئەو سیاسەتانە لە کاتی یەکەمین شەڕی جیهان و ساڵانی دواتردا دەیان کۆسپ و تەگەرەی نوێیان لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی ئەم گەلەدا دروست کرد، کە تا ئەمڕۆش پێیەوەی دەناڵێت. نەک هەر نەیتوانیوە لە لێکەوتە و شوێنەوارەکانی خۆی ڕزگار بکات بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن. بەرهەمی سیاسەتەکانی بریتانیا دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد و داگیرکردنی کوردستان و کردنی بە کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتی بوو. ئەم بارودۆخە سەدەیەکی تەواوە ژیانی نەتەوەیەکی گەورەی کردووە بە دۆزەخ. کردەوە دژە مرۆییەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە بەرامبەر کورد و نیشتمانەکەی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو بڕیارە چارەنووسسازانە بوون، کە ئەو ڕۆژانە بریتانیا بە هاوکاری فرەنسا لە سەری ڕێکدەکەوتن. هەڵبەتە تاوانەکانی کۆڵۆنیالیزمی بریتانی پاکانە ناکات بۆ خوێنڕێژی و کاولکاری داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی ئەو ماوەیە، هەروەها گەردنی سەرداران و ڕابەرانی ئەو سەردەمەی کوردیش لە بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی ئازاد ناکات. ئەمانەی دوایی، وەک پیشەی هەمیشەییان، نە لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییە مەزنەکانی ناوچەکەدا بوون و نە دەستبەرادی ململانێ و کێبڕکێی خێڵەکی، بنەماڵەیی و ناوچەیی خۆیان دەبوون، بۆیە لە ئەنجامدا نەیانتوانی سود لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگرن و زەمینە خۆش بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بۆ خۆشیان زۆربەیان بوونە سوتەمەنی ئاگربارانی داگیرکەران .

ئاشکرایە فاکتەری دەرەکی ناتوانێت ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازە ببینێت ئەگەر بارودۆخی نێوخۆیی گەلان و وڵاتان هاوکار و لەبار نەبن. بارودۆخی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردی، دابەشبوونی و دابڕانی جوگرافی دەڤەر و ناوچەکانی کوردستان لە یەکدی، داتەپینی باری ئابوری کوردستان، ئاستی نزمی هۆشیاری نەتەوەیی و سیاسی و کولتوری کورد و ململانێ و کێبڕکێی سەردارانی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خێڵەکی و بنەماڵەیی، ئەو فاکتەرانە بوون کە ئەرکی داگیرکەرانی ئەوروپایی و هەرێمییان لە کوردستان ئاسان دەکرد.

دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کورد دان بە هەندێ ڕاستی تاڵی مێژووی خۆیدا بنێت و لەوە زیاتر دڵی خۆی بە چیرۆکی هۆنراوە و هەڵبەستراوی بێ بنەما و بێ بەڵگەی مێژوویی خۆش نەکات. ئەوەی بەشێکی زۆر لە نووسەران و بە ناو مێژوونووسانی کورد دەیکەن بریتییە لە مێژوویەك کە دڵ دەیخوازێ، نەك ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوویداوە و قەوماوە. گەلی کورد نە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی و نە لە دوای ئەو شەڕەش پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی نەبووە. کۆمەڵێک پرۆژەی دەوڵەتۆکەی لۆکاڵ، ئۆتۆنۆمی، نیمچە دەوڵەتی سەربەخۆ لە ژێر چاودێری ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا لە ئارادا بوون، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی گشتگیری نەتەوەیی و نیشتمانی نەبوون، بەو واتایەی هەموو بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە. وەک پرۆژە گشتگیرەکە لە ئارادا نەبوو، هیچ یەکێك لەو پرۆژە لۆکاڵیانەش زەمینەسازی بۆ نەکرابوو و کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەردەست نەبوون، بۆیە هەموویان لە لانکەدا سەریان نایەوە. نە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد بە گشتی، نە هیچ یەكێك لەو پڕۆژە لۆکاڵیانە هاوبەش و هاوئاهەنگ بوون لە گەڵ بەرژەوەندی ستراتیژی یەکێ لە زلهێزەکاندا کە بڕیاریان لە چارەنووسی گەلان دەدا. بۆیە ئەوەی بۆ گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نزیک هەڵکەوت بۆ کورد نەلوا.

کۆمەڵێ سەردار و ڕابەری کوردیش لەم بەشە و ئەو بەشەی کوردستان لە سەر گۆڕەپانەکە لە جموجوڵ و چالاکیدا بوون و هەوڵی ئەوەیان دەدا شتێك بۆ کورد بە دەست بێنن، بەڵام سەرکردایەتییەکی دووربین و خاوەن کارێزما، کە زۆربەی کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە لە هیچ شوێنێکی کوردستان لە ئارادا نەبوو. چالاکی و خەباتی خوێندەواران و ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەستەموڵ گیری خواردبوو و کەم کەس لە کوردستان دەیناسین و ئاستی خوێنەواریش ئەوەندە نزم بوو کەس ئاگای لێ نەبوو خەریکی چین و باسی چی دەکەن. نە ئەوانەی ئەستەموڵ و نە ئەوانەشی لە دوای شەڕ گەڕانەوە بۆ باشوری کوردستان توانیان لە گەڵ عەقڵیەت و هەڵس و کەوتی سەردارانی خێڵەکی و ئاینیدا هەڵبکەن، بۆیە لە کۆتاییدا زۆربەی هەرە زۆریان لە دەزگا و ناوەندەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گیرسانەوە و شارەزایی و ئەزموونی کارگێڕی و سەربازی خۆیان خستە خزمەتی ئەو دەوڵەتانەوە.

لە خودی کوردستان چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە دەستی سەرەك هۆز، دەربەگ، شێخانی تەریقەت و پیاوانی ئاینییەوە بوو، کە مەودای بیرکردنەوەو ئاگادارییان لە دونیای سیاسەت و دەوڵەتسازی زۆر سنووردار و دواکەتوو بوو و هەر یەکەیان لە ئاوازێك دەیخوێند و چاوی لە دەستی دەوڵەتێک بوو. نە وەک مستەفا کەمال و نە وەک شەریفی مەککە کەسێکیان تێدا هەڵنەکەوت گەلەکەی ئامادە بکات بۆ بەرگری لە نیشتمان و مافە نەتەوەییەکانی. هەمیشە چاویان لە هێزێک بوو یارمەتیان بدات و دەوڵەتیان بۆ دروست بکات و ئەمانیش شانی لێبدنەوە. تەنانەت لە مەشدا زۆر جار مەبەستی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و هۆز و خێل و گروپ و بنەماڵەکانیان بوو. ئەمانە هەندێك لە ڕاستییە تاڵەکانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی نەتەوەی کوردن کە زۆر کەم تیشکیان دەخرێنە سەر و زەق دەکرێنەوە.

نابێت ئەو بۆچوونانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن بەهەڵماندا ببەن و وابزانین ئەم خو و نەریت و خەسڵەتانە تایبەتن بە کورد وەک گەل و کۆمەڵگا. نەخێر ئەم بارودۆخە بەرهەمی ڕەوتێکی مێژوویی دوور و درێژی کۆمەڵگای کوردستانە، کە گرنگترین خەسڵەتەکانی بریتین لە دابەشبوونی سیاسی چەند سەدەیی، دابڕانی جوگرافی دەڤەرەکانی لە یەکدی، شەڕ و جەنگی لە بننەهاتووی نێوخۆیی و دەرەکی، تاڵانکاریی ئابوری، بونیادی کۆمەڵایەتی خێڵەکی و داکەوتوویی کولتوری …تاد، کە لەم وتارە کورتەدا دەرفەتی ئەوە نیە بە وردی لێیان بکۆڵینەوە.

لە بەرامبەردا بە بێ تێگەیشتن لە ڵۆژیک و شێوازی مامەڵەکردنی بریتانیا لە گەڵ دۆزی کوردا، ئەستەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو زلهێزە بە وردی بخەینە ڕوو، بۆیە لێرەدا ئاماژە دەکەم بە چەند هێڵێکی سەرەکی تێگەیشتن و هەڵس و کەوتی بریتانیا لە تەك دۆزی کوردا.

دەمێک بوو ئینگلیز شارەزایی لە سەر کوردستان پەیداکردبوو و زانیاری زۆری لە بارەی بونیادی کۆمەڵایەتی، هۆز، خێڵ و بنەماڵە دیارەکانێوە کۆکردبووە. گەڕیدە، بازرگان، سیخوڕ و مسیۆنێرەکانیان سەردانی زۆر ناوچەیان کردبوو و پەیوەندییان لە گەڵ سەرەك هۆز و کەسایەتییە دیارەکاندا بەستبوو. بەداخەوە ئەم شارەزایی و زانیارییانەیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد بەکارنەهێنا، بەڵکو بۆ داگیرکردنی کوردستان و ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی گەلەکەی. بۆ بەرپرسانی بریتانیا لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە میسۆپۆتامیا “ئەو دەمە هێشتا ناوی عیراقیان بۆی دانەتاشیبوو”، کوردستان یەك کوردستان نەبوو و دۆزی کوردیش یەک دۆز نەبوو. ئەمە تەنها لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە نەبوو، بەڵکو لە سەر ئاستی باشوری کوردستانیش ئەوان چەند کوردستانێکیان دەبینی. بڕیاربەدەستانی باڵای بریتانیا لە میسۆپۆتامیا دەیان جار ئەم بیرۆکەیان لە نامە و نامەکارییە نهێنی و دواتریش لە بیرەوەری و کتێبەکانیاندا دووپات کردۆتەوە. ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتەکانی بریتانیا چ لە سەر ئاستی باشوری کوردستان و چ لە سەر ئاستی ولاتی کوردان بە گشتی. دەبێ ئەوەش لە بیر نەکرێت کە سیاسەتەکانی بریتانیا بەرامبەر بە کوردستان لە کاتی شەڕی جیهانی و ساڵانی دواتردا گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هات، واتا لە دەسپێکەوە تا کۆتایی هەمان سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیک نەبووە، بەڵکو بە پێی ڕووداوەکان نوێ کراونەتەوە و گۆڕانکارییان تێدا کراوە. جیاوازی زۆریش لە نێوان داڕێژەرانی ستراتیژ و سیاسەتەکاندا لە لەندەن و هیندستان و ئەوانەی لە سەر ئەرز و گؤڕەپانی ڕووداوەکان کاریان دەکرد لە ئارادا بوون، بەڵام ئەو جیاوازییانە زیاتر لە سەر شیوازی جێبەجێکردنی سیاسەتە کۆڵۆنیالییەکان بوون نەک گەوهەر و ناوەڕۆکەکانیان. ئەم خاڵەی دوایی زۆر توێژەری کورد و بیانیشی بەهەڵەدا بردووە و وای لە هەندێکیان کردووە باس لە فڵانە ئەفسەر و بەرپرس بکەن، گوایە لایەنگری کورد بووە و هەوڵیداوە دەوڵەتیان بۆ دروست بکات.

لە بەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، لەم وتارەدا دۆزی کورد لە چەند ڕەهەند و لە سەر چەند ئاستێکی جیاواز لێکدەدەینەوە. ئەو سەردەمە بریتانیا لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینی و هێز نەبوو ڕکەبەرایەتی بکات. تێڕوانینی بریتانیا بۆ بەشەکانی کوردستان زۆر جیاواز بوو، پلانە سەرەکییەکانی بۆ هەردوو بەشی ئێرانی و عوسمانی وەک یەک نەبوون. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی بریتانیا ئاسان بوو، چونکە دەمێك بوو باڵادەستی بریتانیا لە ئێران مسۆگەر کرابوو. ئەوەی بابەت و مایەی بگەرە و بەردە بوو کوردستانی عوسمانی بوو، کە لەو ڕۆژانەدا هێشتا نەدەزانرا چارەنووسی چۆن دەبێ و دوایی کرا بە سێ بەشەوە و بە سەر تورکیا، عیراق و سوریادا دابەشکرا.

ده‌رباره‌ دکتۆر جەبار قادر

Profile photo of دکتۆر جەبار قادر

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز