سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / بەراوەردێکی کورتی گەندەڵیی باشوور و بەرخودانی رۆژئاوای کوردستان

بەراوەردێکی کورتی گەندەڵیی باشوور و بەرخودانی رۆژئاوای کوردستان

هاشم كه‌ریمی

لەگەل هاوڕێیەکم باسی بەرخودان و خۆڕاگریی کوردانی رۆژئاوامان دەکرد لە بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی پەیمانی ناتۆی هێرشبەر. هاوڕێکەم پرسیی کورد هەر کوردە، بۆچی کوردانی باشوور لە هەڵوێستی لاوازەوە لە بەرامبەر بەغدا دا دەجووڵێنەوە و، هەر رۆژەی دەستەیەک لە کاربەدەستانی هەرێم و حیزبەکانی ئۆپوزسیون و کەسانی تر بەڕیوەن بۆ خزمەتی ” عەبادی ” ئەویش بۆ مووچە ، دەڵێی کورد لە عێراق دا تەنیا گیرو گرفتی  مووچەیە و هیچی تر؟ مادەی ١٤٠ و ناوچە دابراوەکان و پاریزگەی هەڵەبجە (کە هەریم کردویەتە پارێزگە و بەغدا  قبووڵی ناکا) و ئاوارەکانی خورماتو و کەرکووک و زۆر کێشەی تر بە تەواوەتی لەبیر چوونەتەوە. لە كاتێكدا (تا کاتی نووسینی ئەم دێڕانە)، ئەوە پتر مانگێک زیاترە کوردانی رۆژئاوا لە بەرامبەر ئەرتەشێکی فاشیستی تورکیە کە بە فڕۆکەی ئەمریکایی و تانگی ئەڵمانی و چەك و چۆڵی وڵاتانی دیکەی پەیمانی ناتۆ  ته‌یارە؛ هاورێ لەگەڵ دەیان هەزارکەس کۆنەپەرستی سووری کە لە پاشماوەکانی داعەش، ئەلقاعیدە، بەرەی نوسرە و هه‌ندێ گرووپی دیكه‌ پێك هاتبوون، توانیان به‌ خۆڕاگری بێ وێنه‌، حەماسەی ئەستالینگراد، وێتنام و کۆبانی وەبیر بێننەوە.

لەو کاتەدا یەکێک لە تەلەڤزیۆنەکانی کوردستانی باشوور وتووویژی کەسێکی بڵاو دەکردەوە کە یەکێک بوو لە ئەندامانی “لیژنەی دەستپاکی” هەرێم، ئەو کەسە دەیگووت لە هەرێمی کوردستان پتر لەشەست هەزار کەس دوو مووچە وەردەگرن و زۆر کەسیش سی مووچە و چوارمووچە وەردەگرن، هەروەها گوتی هێندێک لە بەرپرسانی حیزبی و حکوومی دەستیان بەسەر مڵکی گشتیدا گرتوە و هەرزان فرۆشیان کردووە یان دەیکەن و…

منیش بە هاوڕێکەم گوت: یەکێک لە هۆیەکانی لاوازیی هەڵویستی کوردانی باشوور ئەو گه‌نده‌لێه‌یه‌ كه‌ وا ئێستاكه‌ له‌ ته‌له‌ڤه‌زێۆن گوێمان لێیبوو”. دیارە ئه‌مه‌ ته‌نیا فاكتۆرێك نیه‌ بۆ لاوازییان، به‌ڵكوو فاكتۆری دیكه‌یش وه‌ك خەیانەت و ناکۆکیی نێوخۆیی، گەلە کۆمەکێی رژیمەکانی عێراق و ئێران و تورکیە کە ساڵەهایە کوردی وڵاتی خۆیان سەرکووت دەکەن و مافیان پێشێل دەکەن، و خەیانەتی ئەمریکا و بریتانیا لە ئوکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ دا پێویسته‌ ره‌چاو بكرێ.  ئه‌م فاكتۆرانه‌ بێگومان له‌ گه‌ڵ ئەو گەندەڵیەی سەرەوە لەو فاکتەرانەن کە هەڵوێستی کوردی باشووریان لاواز کردوە.

بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ راپۆرتی ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی هەرێم. ئەو کەسەی کە دوو یان سی یان چوار مووچە وەر دەگرێ و لە حاڵێکدا کە دەزانێ بە دەیان هەزار بنەماڵە لە کوردستانی باشوور لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەژین، به‌ڵام ویژدانی ئازاری نادا و بە ئاسانی ئەو زیادە مووچانە قووت دەدا. ئه‌م مرۆڤه‌ چلۆن دەتوانێ لە هەڵویستی بەهێزەوە جموجووڵ بکا؟ ئەو فیکر و زیکری هەر لە چوارچێوەی پووڵ و پارە و مووچەدا دەخولێتەوە و ئیتر نیشتمان و وڵات چی بەسەر دێت و کێ بەسەریدا حکوم دەکات خەمی ئەو نی‌یە.

یان ئەو کەسەی کە بەرپرسی حیزبیە یان فەرمانبەری حکوومیە کە بێگومان زۆرلەوانیش پێشتر حیزبی بوون، چۆن ویژدانی ئاسوودە دەبێ کە مڵکی گشتی بە قازانجی خۆی و کەس و کاری داگیردەکا و هەرزانفرۆشی دەکا؟ بیرو باوەڕی ئەو شێوە کەسانە تەنیا پاراستنی مڵک و ماڵ و سامانەکەیەتی نەک مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی میللەتەکەی. کەسێکی خەباتگێڕو نیشتمانپەروەر دەزانێ تاک لە نێو کۆمەڵدا باشتر دەتوانێ خزمەتی ئامانجەکانی بکا؛ بۆیە دەبێتە ئەندامی حیزب و رێکخراوێک کە بەرنامە و رێبازی لەگەڵ ئامانجکانی ئەو کە خزمەتە بە گەڵ و نیشتمان یەک بگرێتەوە. هەر کە ئەندامەتیی ئەو حیزب و رێکخراوەی قبووڵ کرد، دەبێ بەڵێنی بدا کە لەو رێبازەدا تێبکۆشێ و نەک تەنیا مڵک و ماڵی گشتی داگیر نەکا، بەڵکوو مڵک و ماڵی خۆی ئەگەر هەیبێ و تەنانەت گیانی لەو ریگەدا فیدای ئامانجەکانی بکا، جا ئەو کەسانەی کەلە هەرێم  مڵکی گشتی داگیر دەکەن چۆن دەتوانن لە هەڵوێستی بە‌هێزەوە لە گەڵ بەغدا دا بجووڵێنەوە؟

هێمای بەرخودانی کوردانی رۆژئاوا (دیارە بە هاوکاریی عەڕەب و ئەرمەنی و ئاسووری و نەتەوەکانی دیکە) لەوەدایە کە نە چاویان لە مووچەیە و نە لە مڵکی گشتی. من گەشبینم بە سەرکەوتنییان، خۆ ئەگەر گریمان لە بەرامبەر ئەو هیزە زەبەلاحەدا زیاتر نەتوانن خۆڕاگرن (هەرکە چۆن رووس خەیانەتی پێکردن، دوور نیە ئەمریکاش کە تەنیا بەرژەوەندیی خۆی مەبەستە، لەگەڵ تورکیە رێک بکەوێ  و چەک و چۆڵیان نەداتێ، هەر چەند ئەوان تا ئێستا پشت ئەستوور بە ئیرادەی پتەو وقایمی خۆیان بوون نەک چەک و چۆڵی ئەمریکایی) وەکوو زۆر لە شۆڕش و جووڵانەوە گەلیەکان کە بە هۆی هەل و مەرجی بابەتی(ئۆبژکتیڤ) نەیانتوانیوە سەرکەون، بەڵام خەبات و بەربەرەکانیی ئەوان بۆ هەتا هەتایە لە دڵی میللەتدا دەمێنێتەوە.

ده‌رباره‌ هاشم کەریمی

Profile photo of هاشم کەریمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بەڵای بنەماڵە، حەفتا ساڵ ستەمی ماڵباتی ”کیم ”

حاتەم مەنبەری بەشی یەکەم ئەگەر کێشەی کوریای باکوور چارەسەر بێت پێشەکیەکی کورت کۆتاییەکانی دەیەی ٣٠ی …

بەغدا لە نێوان برێت ماكگۆرك و قاسم سلێمانیدا

عەلی مەحمود محەمەد تا نیوەڕۆی 12ی مانگ, سندوقەكان بەتاڵ بوون, لە نوێژی نیوەڕۆوە فتواكان دەستیان …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز