سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی حوسێنپه‌ناهی و ئامانجه‌كانی به‌ڕیز موهته‌دی

بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی حوسێنپه‌ناهی و ئامانجه‌كانی به‌ڕیز موهته‌دی

به‌ر له‌وه‌ بچمه‌ ناو ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌م، ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵ به‌ پێویست ده‌زانم:

١ – من بڕیارم دابوو كه‌ ئیتر شت له‌ سه‌ر به‌ڕێز عەبدوڵای موهته‌دی نه‌نوسم. ئه‌ویش هۆكاری خۆی هه‌یه‌. له‌ چه‌ند رۆژی پێشوشدا خۆمم راگرت، به‌ڵكوو كه‌سێك به‌وردی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئامانجه‌كانی كاك عه‌بدوڵا بكات و من ناچار نه‌بم دیسان له‌ سه‌ری بنوسم. كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ئامانجێكی سه‌ره‌كی له‌ پلانه‌كانی ناوبراودا هه‌یه‌ كه‌ كه‌س ئاماژه‌ی پێ نه‌كرد. منیش ناچارم له‌سه‌ری بنوسم. من ئاگاهانه‌ش ناڵێم حزبی كۆمه‌ڵه‌ واده‌كات. چونكه‌ دڵنیام له‌و حزبه‌ ته‌نیا یه‌ك كه‌س بڕیارده‌ره‌ و ئه‌ویش بەرێز موهته‌دییه‌.
٢ – له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ر دڵۆپێك خوێن له‌ لوتی هه‌ڵسوڕاوێكی سیاسی یان مه‌ده‌نی و …برژێت، تاوانباری سه‌ره‌كی كۆماری ئیسلامییه‌. تاوانی خه‌باتكارانی ئێمه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ وه‌كوو هه‌موو گه‌لانی دنیا به‌ ئازادانه‌ له‌ سه‌ر خاكی خۆیان بژین. رژیمێك كه‌ ده‌ستی سوره‌ به‌ خوێنی هه‌زاران مرۆڤی ئازادیخواز و شه‌رافه‌تمه‌ند، ناتوانی قه‌زاوه‌ت له‌ سه‌ر مێژوو بكات و له‌ سه‌ر كورسی قه‌زاوه‌ت دانیشێت.

٣ – له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا كه‌  چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران‌ گیانیان به‌خت كردوه‌، منیش وه‌كوو ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ به‌هه‌ست و ئه‌مه‌گناسان دڵم له‌ لای بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردوان بووه‌، خه‌مم خواردوه‌ و سه‌دان جار خۆمم له‌ جێگه‌ی دایك و باوكی بنه‌ماڵه‌ی حوسێنپه‌ناهی داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئازاره‌كه‌ بكه‌م. به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ گۆڕانیكی زۆر دڵخۆشكه‌ریش له‌ نێوان خه‌باتكارانی سیاسیدا هاتۆته‌ ئاراوه‌ (مه‌به‌ستم كه‌سانی ده‌مارگرژی حزبی نییه‌)، ئه‌ویش خاوه‌ندارێتی كردنه‌ له‌ شه‌هیدان به‌ بێ جیاوازی بیر و باوه‌ڕی سیاسی یا سازمانی‌یان. ئه‌م گۆڕانه‌ به‌ربه‌ستێكی باشی داناوه‌ بۆ پاوانخوازی و هه‌لپه‌ره‌ستی.

ئه‌م روداوه‌ و روداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو پێمان ده‌ڵێن كه‌ ناردنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی وڵات، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد و لۆژیكیانه‌ی له‌ پشت نییه‌. ئاماژه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان پێمان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ به‌ پێی پێویستی ئێستای بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نییه‌، به‌ڵكوو هۆكاره‌گه‌لێكی تر وه‌كوو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی، و بۆ پێكانی ئامانجێكی دیكه‌ ئه‌نجام ئەدرێن (چاو له‌ حه‌ره‌كه‌ته‌ چه‌كدارییه‌كانی دوای ئینشعابی حزبه‌كان بكه‌ن. ته‌نیا و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ به‌ لایه‌نی دیكه‌ بڵێن، ئێمه‌ش هه‌ین). به‌ كورتی به‌جیگه‌ی ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی به‌هێزی حزبه‌كان بێت، ئاماژه‌ن به‌دۆخی قه‌یراناوی ئه‌وان. نه‌تیجه‌ی هه‌تا ئێستاشی گیانبه‌ختكردنی پۆل پۆل رۆڵه‌ی قاره‌مان و فیدكاری و گیان له‌سه‌رده‌ستی كورد بووه‌.

ده‌سكه‌وت له‌چاو خه‌سار بۆ به‌راورد كردن نابێت. زۆرجار تۆ ده‌گه‌رێیت كه‌ ناوێك له‌ سه‌ر ئه‌م كاره‌ دابنێیت، ده‌سوڕێیته‌وه‌ و ده‌سوڕێیته‌وه‌، دیسان ده‌گه‌یته‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ئه‌مه‌ نامه‌سئولییه‌تییه‌. با بە سەراحەت بڵێم کە ئه‌مه‌ش به‌مانای موخالفه‌ت كردن له‌گه‌ڵ خه‌باتی چه‌كداری نییه‌. من بۆ خۆم یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌م كه‌ بڕوای قوڵم به‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌تا ئه‌و كاته‌ كه‌ رژیم وه‌ڵامی داوا ره‌واكانی گه‌لی كورد به ‌چه‌ك ده‌داته‌وه‌، ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ چه‌ك، به‌مانای خۆكوشتنه‌.

روداوه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌ڵگری دوجۆر بێ مه‌سئولییه‌تییه‌:

الف. ناردنه‌وه‌ی چه‌ند پێشمه‌رگه‌ به‌و شێوه‌ و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ته‌شكیلاتی نهێنی، جگه‌ له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ هیچ ناوێكی دیكه‌ی نییه‌.

ب. دروستكردنی زه‌خت و زۆری له‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێز و سه‌ربه‌رزی حوسێنپه‌ناهی نامه‌سئولییه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی. ئه‌گه‌رچی بۆ كاك عه‌بدوڵا گرنگ نییه‌. چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ پلانی چه‌ند ساڵی رابردووی خۆی به‌ ناوی “عبور” به‌ره‌و پێش به‌رێت. ئه‌ویش بۆ مه‌به‌سته‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانی خۆیه‌تی. بەڵام با بزانین پرۆژه‌ی “عبور”ی كاك عه‌بدوڵا چییه‌؟؟

به‌رێز موهته‌دی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا ده‌یه‌وێ به‌قه‌ولی خۆی به‌سه‌ر رابردووی كۆمه‌ڵه‌ و هه‌موو ئه‌و خه‌باتكارانه‌ كه‌ خشت به‌ خشتی ئه‌م مێژوه‌یان تۆمار كردوه‌، باز بدات و ئه‌وان بنێته‌ پشت سه‌ر. ته‌سفییه‌كردنی ده‌یان كادر و ئه‌ندامی خۆشناو و شۆڕشگێری ئه‌و حزبه‌ له‌ پێناو سه‌رگرتنی ئه‌م پرۆژه‌دا ئه‌نجام دراوه‌.

كاك عه‌بدوڵا بیری له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌ كردۆته‌وه‌. چۆن؟ شتیكی دیكه‌ كاك عه‌بدوڵای زۆر نیگه‌ران كردوه‌ و بۆ ئاڵترناتیڤێك ده‌گه‌ڕێت بۆیان. له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ند بنه‌ماڵه‌ بوونیان هه‌یه‌، كه‌ بونه‌ته‌ پێناسه‌ی خۆڕاگری و فیداكاری و قوربانیدان. نمونه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی مسته‌فا سوڵتانی و كه‌عبی و كه‌مانگه‌ر‌ و مه‌نبه‌ری و … ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجه‌كانی كاك عه‌بدوڵا كه‌ كه‌مترین به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانی تێدایه‌، ببیننه‌وه‌. نه‌ته‌نیا خۆیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نابیننه‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ربه‌ستێكن بۆ ئه‌وه‌ كاك عه‌بدوڵا نه‌توانێ ئه‌و رابردوه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌رییه‌ بۆ مه‌به‌سته‌ شه‌خسییه‌كانی خۆی موسادره‌ بكات.

هه‌ر بۆیه‌ به‌ڕیز موهته‌دی به‌ شوێن ئاڵترناتیڤدا ده‌گه‌ڕیت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك خۆی به‌ رێبه‌ر بزانێت و زه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی بكات له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و هێزه‌كه‌ی خۆیدا، ئیمكانی نییه‌ ئیجازه‌ بدات، له‌مه‌ زیاتر ئه‌و بنه‌ماڵه‌ شه‌ریفه‌ بكه‌وێته‌ ژێر گوشاری هێزه‌ جینایه‌تكاره‌كانی كۆماری ئیسلامی‌. من گومانم له‌وه‌ نییه‌، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا كه‌ هه‌موومان په‌رۆشی بنه‌ماڵه‌ی حوسێنپه‌ناهین و دڵمان له‌ لایانه‌، كاك عه‌بدوڵا به‌شوێن نه‌تیجه‌ی پرۆژه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت. ئێستا هیچ شتێك به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ ئه‌و خۆشحاڵ ناكات، ” ئێمه‌ هه‌موومان بنه‌ماڵه‌ی حوسێنپه‌ناهین”، بنه‌ماڵه‌ی حوسێنپه‌ناهی ناسنامه‌ی خۆڕاگری و قاره‌مانێتین”، و … و….

پێویسته‌ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕێ قه‌لبیمه‌ بیڵێم كه‌ من گومانم له‌وه‌ نییه‌ کە  ئه‌م بنه‌ماڵه‌ خه‌باتكاره‌ تاجی سه‌ری ئێمه‌ن، چونكه‌ بۆ ئازادی نرخێكی یه‌كجار مه‌زنیان داوه‌ و ئه‌وه‌ی من له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان ئاشناییم هه‌یه‌، زه‌ڕیه‌ك گومانم له‌ سه‌داقه‌ت و پاكییان نییه‌، به‌ڵام نییه‌تی ئه‌مان هیچ كات له‌گه‌ڵ نییه‌تی كاك عه‌بدوڵا یه‌ك ناگرێته‌وه‌. لێره‌ دیسان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كاك عه‌بدوڵا به‌ هه‌ڵه‌دا چووه‌، چونكه‌ ئێستا ئیتر هه‌ر رۆڵه‌یه‌كی ئه‌م نیشتمانه‌ كه‌ گیانی خۆی به‌خت ده‌كات، مڵكی گشتی و كه‌س ناتوانێ موسادره‌ی بكات.

ده‌رباره‌ جوامێر مارابی

Profile photo of جوامێر مارابی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز