بانە!

٢٠ ساڵە لە بانە دوورکەوتومەتەوەوو ٢ ساڵی لە ئارامترین وڵاتی دنیا چومەتە لای ڕەوانناس. لەم ماوە دووردرێژەدا ٢٠٠٠ جار خەوی ناخۆش ( کابوس )م دیوەوو ئەبینم کە لە حاڵی گیران دام، هیزی ئەژنۆم نییە ڕابکەم، ڕائەچلەکم وو ئەڵێم ئۆخەی کە خەو بوو. وەسییەت بێ لاتان ئەگەر تووشی مەرگی زوودڕەس بووم بزانن کە ئاکامی شۆکێکە کە کاتی خۆم پێم وارد بوەوو ئەگەرچی کەسێکی ترسەنۆک نییم بەڵام ترسی ئەو ساڵانە هەر لە دڵمدا ماوە. بێ گومان ئەوە حاڵوو ڕۆژی زۆر یەک لە خەڵکی ئێمەیە کە لە ژێر دەسەڵاتێکی ترسناک و تۆقێنەری وەک ئێڕان ژیان بە سەر دەبەن.

لێرەوە سڵاوو ڕێزی خۆم پێشکەشی ئەو خەڵکە بە جورئەتە ئەکەم کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی ترسناک و تۆقێنەر بونەوەوو قارەمانتییان نواند و حەیسییەتی لاوازوو نەبووی ڕژیمیان ژێر پێ نا. ئەوەی کە ڕوویدا هەر ناوێکی لێ بنێین گرنگ نییە بەڵام دڵم لای ئەو کۆمەڵە کەسەیە کە گیراوون و دەزانم دواڕۆژێکی نادیاریان دەبێ. ڕاپەڕینی بانە ئەکرێ خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ و هەوڵ ئەدەم زۆر بە کورتی ئاوڕێکم لە شارەکەم دابێتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا بانە وێردی زمانی خەڵک بووە بەڵام بە دیوە مەنفییەکەیدا. بانە کە لە کۆنەوە کانگای بیری نەتەوەیی و کورادیەتی بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرەوو هەڵدێر چبوو، بە نیسبەت گەشەی کولتووری و ڕوناکبیری شارەکانی دیکەی کوردستانەوە لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە. هەڵکەوتەی جوغڕافییایی ئەم شارەو تێکەڵی لە گەڵ سلێمانی و پێنجوێن وەک دوو شاری کانگای کوردایەتی، تێکەڵی لە گەڵ شاری سنە وەک ناوەندی ئیداری و فەرهەنگی و هەروەها تێکەلی لە گەڵ تاران لە بواری بازرگانی و بازرگانی، بانەی جیاوازتر لە شارەکانی دیکەی کوردستان نیشان داوە. بە هۆی ئەم تایبەتمەندیانە کۆنتڕۆل و مەهاری بانەش لە لایەن دەوڵەت جیاوازتر لە شارەکانی دیکە بەڕێوە چووە. ڕژیم لە مەریوان لە کەڵێنی نێوان هەورامی و سۆرانی، لە پاوە و هەورامانات لە کەلێنی نێوان جاف و هەورامی، لە کرماشان شیعە و سوننی، لە سنە شارستانی و دێهاتی، لە سەقز ئیعتیاد و نەخۆشی کۆمەڵایەتی، لە مهاباد قەتیس هێشتنەوەی جوغڕافییایی و حەشیمەتی، لە ورمێ نێوان تورک و کورد بەڵام لە بانە بە سەرکووت و ترساندنی لە ڕاددە بەدەر سیاسەتی خۆی دەسەپاند.

بانە جگە لەوەی لە ژێر تەئسیری بزوتنەوەی باشووری کوردستاندا بووە لە ساڵانی دواییدا بەرەو باکووری کوردستان هەنگاوی ناوەوو کەم نین ئەو بانەییانەی کە لە باکووری کوردستانەوە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بانە لە پاراستنی زمان و جلوبەرگ وەک دوو ئەسڵی هێمای نەتەوەیی خۆی پاراستوەوو نەکەوتوەتە ژێر تەئسیری فەرهەنگی زاڵ بە سەر ئێڕاندا. بۆ ماوەیەکی کورت پێڕێک لە چوارچێوەی فیدائیانی ئەکسەرییەت و حیزبی توودەدا خۆیان نیشان ئەدا بەڵام بە زووری هاتنەوە ناو بازنەی نەتەوەیی و کەسانێکش هەن کە بە پێچەوانەی جەرەیانی ئاوو مەلە دەکەن.

تا ساڵانی ١٩٩١ و پێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان نشاتی کۆمەڵایەتی و دڵپاکی لە ناو خەڵکدا بەهێز بوو، فەقر هەبوو بەڵام دابەش کردنی نان و دەستگیرۆدەیی خەڵکیش هەبوو. بەڵام بە دوای ئازادی باشووری کوردستان بانە کەوتە بەر هێرشی دەستەمۆ کردن و لە خشتە بردن. لەو سەردەمە بەدواوە بە دەیان و سەدان گەنجی بانە بە هۆی بیری سیاسی و نەتەوەیی کەوتنە زیندان و تەبعیدکران. لە ساڵانی ١٣٧٤ تا ١٣٧٦ زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە خەڵکی بانە و شارەکانی دیکە لە سەر سنوور کەوتنە سەر مەیدانی مین یا بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژران. بە گشتی بانە چاوترسێن کرابوو. لە بواری ئابووریەوە فەقر بە سەر بانەدا سەپا، دەنگی کوردایەتی کپ کرا. کەشوهەوایەکی بە تەواووی ئەمنی بە سەر بانەدا زاڵ بوو. جارێک ڕێگام کەوتە دادسەرای شاری مهاباد. بۆم نامۆ بوو کە خەڵک زۆر بە ئاسانی لە گەڵ دادیار و پاسدارەکانی ئەوێ قسە ئەکەن و تەنانەت جوابە جەنگێ ئەکەن. لە بانە پێ کەوتنە ناو دادسەرا سامی هەبوو.

بە دوای هاتنە سەرکاری خاتەمی جوڵەیەکی فەرهەنگی و سیاسی لە ئێڕان سەری هەڵداو کوردستانیش تا ڕاددەیەک کەوتە ئەو بازنەوە بەڵام بانە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەگێڕا، ئەو کەسانەی کە کەڵکیان لەو کەشوهەوا وەرگرت بە پەنجەی دەست ئەژمێردران. شتێک بە ناوی ناوەندی مەدەنی و ژینگەپارێزی هەر نەبوو.

هەر لەو ساڵانەدا دوو گۆڕانی جیاواز لە یەک ڕوویان دا. یەکەمیان کردنەوەی بازاڕی پیلەوەری و دووهەم خۆپیشاندانی خەڵک بۆ پشتگیری و نیشان دانی توڕەیی لە گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

بازاڕی پیلەوەری پێشتر لە بەلوچستان تاقی کرابوەوەوو دەوڵەت سەرکەوتنی مەزنی تیا بە دەست هێنابوو. بەلوچستان ڕۆژگارێک بە قوتبی ئابووری ئێران، مەسیری ترانزیتی شتومەکی وڵاتانی چین، هیند و پاکستان و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی ئێڕان بە حساب دەهات. ڕژیم بە کونتڕۆڵ کردنی سنوورە کانی بەلوچستان و کردنەوەی پیلەوەری فەقری شەدیدی بە سەر خەڵکی بەلوچستاندا سەپاند. ئەم سیاسەتەی ڕژیم لە کوردستانیش پەیڕەو کراوو کردنەوەی پیلەوەری بوو بە هۆی گرێدراوی بەشێکی زۆر خەڵک بە ناوەندە ئیداری و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە. ئیتر خەڵکی بانە لە باری سیاسییەوە لە باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستان دابڕێندرا، جگە لە یەک دوو چالاکی سنوردار بۆ کۆبانی و فیدڕالییەتی باشوور لە زۆر بۆنەی سیاسی و جێژن و شادی نەتەوەیی بێ دەنگ بوو.

کردنەوەی بازاڕی پیلەوەری قۆناغێکی دیکەی لە خشتە بردنی کۆمەڵگای ئێمە بوو. ڕاستە خەڵکانێکی کەم پێگەیشتن بەڵام باقی خەڵکەکەی دیکە داری بازاڕچەی پیلەوەریان خوارد. ڕاستە توریزم ئەبێتە هۆی کرانەوەوو گەشەی فەرهەنگی بەڵام هاتنی خەڵکی ئێران بۆ بانە گەشەی فەرهەنگی بە دواوە نەبوو. کاتێک لە موناقشە لە گەڵ ئێرانییەکان باسی فەقر لە کوردستان دەکەین بەشێک لەوان پاساژەکانی بانەیان وەک گەشەی ئابووری بە نموونە ئەهێننەوە، بێ ئاگا لەوەی لە ژێرپێستی شاردا فەقری شەدید نوستوەوو کالای پاساژەکان بە خوێنی خەڵکی هەژار ئەڕازێنەوە. پێویستە ئەوە بە بیر بێنمەوە کە بە گوێرەی ئاماری یەک لە توێژەرە ئابورییەکان حەجمی معامەلاتی بانکی پارێزگای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ نەگەیشتبوە ئاستی ئەو ئیختلاسەی کە مە آفرید امیرخوسرەوی و عەلی خاوەری لە بانکی میللی کردبوویان.
ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵک بۆ گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە یەکەم سەرهەڵدانی جەماوەری دوای شۆڕشی گەلانی ئێڕان لە ١٣٥٧ بە حساب دێ و ئەم ڕاپەڕینەش بە هەستانەوەی خەڵکی بانە بە دژی ستەم بە ناو دەکرێ و نیشان درا کە ئاستی تەحەممولی خەڵک سنوردارەوو تێکشکانی سیاسەتی ئەمنییەتی ڕژیمە. بە کورتی ڕاپەڕینی نیشان دانەوەی هێزوو هزری نەتەوەیی خەڵکی بانەو شکانی حەیسییەتی ڕژیم بوو. لە دنیای شۆڕشی ڕاگەیاندندا دیکتاتۆرەکان ناتوانن لە هەمبەر خەڵکدا ڕووی ناشرینی خۆیان بشارنەوە.

 

ده‌رباره‌ هادی سۆفی‌زاده‌

Profile photo of هادی سۆفی‌زاده‌

ئه‌مه‌ش ببینه‌

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەشی یەکەم وەرگێڕان لە …

ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز