سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج

لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) خودییە (subjective) یان بابەتییە (objective)… خۆی لەڕاستیدا شوناس هەم خودییە، واتە مرۆڤەکان دەتوانن بەخۆیان شوناسێک بۆ خۆیان هەڵبژێرن‌، دەشکرێت شوناسێکیش ڕەتکەنەوە، هەم بابەتیشە، واتە کۆمەڵێک فاکتی بابەتی دەبنە هۆی دیاریکردنی شوناس بۆ مرۆڤەکان وەک شوێنی لە دایکبوون‌و دایک‌و باوک‌و زمان‌و هتد.

کەسێک لە دایک وباوکێکی کورد لەدایکبووبێت‌و لە ماڵەکەیاندا کوردی فێربووبێت بەگشتی دەبێتە کورد. کوردبوون لێرە شوناسی ئیتنی یان نەتەوەییە نەک نیشتیمانیی کە وابەستەی دەوڵەتە. ئەو کەسە کوردە لە عێراق بەتەنیا لەبەرئەوەی کە لە وڵاتێک لە دایکبووە ناوی عێراق مەرج نییە ببێتە عێراقی. ڕونتربڵێم، کوردێک ئەگەر هەڵگری جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی بێت مەرج نییە ببێتە کەسێکی عێراقی، چونکە عێراقیبوون شوناسێکی دەوڵەتییە، شوناسی دەوڵەتی لەئاکامی عەقدێکی کۆمەڵایەتی لەدایکدەبێت‌و هەر لەسەر ئەو ئەساسەش دادەمەزرێت، کە بنەماکەی ماف‌و ئەرکە. بەواتایەکی دیکە ئەو کوردەی لە عێراق دەژی بە جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی ئەگەر بشبێتە عێراقی لەڕووی یاساییەوە عێراقییە نەک لە ڕووی کۆمەڵایەتی‌و ڕۆحی‌و زاتی.

کورد دەکرێت ببێتە عێراقی بەڵام تەنیا کاتێک کە دان بە تەواوی مافە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی‌و کەلتورییەکانی بنرێت. ئەگەر ئەو مافانەی پێشێلکرا ئەوە دەبێتە عێراقییەک لە ڕووی یاساییەوە، واتە خاوەنی جنسیەو هەویەیەکە، بەڵام لە ڕووی زاتییەوە لەوانەیە کەسەکە خۆی بە عێراقی دانەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق دەیبینین کە کوردێکی زۆر سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری جنسیەو پاسپۆرتی عێراقین بەڵام لەڕووی زاتییەوە خۆیان بە عێراقی دانانێن. ئەمەش بەکورتی ئەوەمان پێدەڵێت کە شوناسی دەوڵەت ڕەهەندی زاتی‌و بابەتی هەیە بەڵام شوناسی ئیتنی‌و نەتەوەیی زیاتر ڕەهەندی بابەتیان هەیە.

ئەو کوردانەی کە تەنیا لەبەرئەوەی جنسیەی عێراقی ‌و پاسپۆرتی عێراقیان هەیە خۆیان بە کورد دادەنێن بەگشتی بەهەڵە لە پرسی شوناس گەیشتون. لەنێو ئەو کەسانە کەسانێک هەن کە خۆی بەعێراقی دادەنێت لەبەر ئەوەی جنسیەی عێراقی هەیە کەچی هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتی عێراقی ‌و سەربەخۆیی بۆ کوردستان. ئەمە پارادۆکسێکە کە ئەو کەسانە تێیکەوتون.

بەکورتی، بەگشتی کورد لە عێراق عێراقی نین چونکە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی ئینسانی کورد نەک هەر دان بە مافەکانی نەنراوە بەڵکو دووچاری جینۆساید و، پاکتاوی ڕەگەزیی‌ و کۆچی بە زۆرەملێی‌ بوون، واتە ئەو عەقدە کۆمەڵایەتییەی کە گوتم بنەمای شوناسی دەوڵەتییە نەک هەر پێشێلکراوە بەڵکو هەر دروستنەبووە. لەوانەی کەسانێک هەبن پرسیاری ئەوە بکەن ئەوە ڕژێمی بەعس بوو کە مافەکانی کوردی زەوتکردبوو و کوردی جینۆساید دەکرد؛ بەڵام ڕژێمە نوێکەی دوای سەدام، بەنمونە حکومەتەکەی عەبادی، ئەو کارانە ڕەتدەکاتەوە. لێرە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا ئاماژە بە چەند نمونەیەک دەکەم.

یەکەم، وەک چەند ڕۆژێک لە بابەتێک بەناوی “عەبادی و سەدام چی کۆیاندەکاتەوە” باسمکرد، عەبادی وەک سەدام تەنیا دان بەو سنورە دەنێت بۆ هەرێمی کوردستان کە سەدام لە ١٩٩١ بۆ کوردستانی کێشابوو ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتەکانی دوای سەدام وەک بەعس دژی شوناسی کوردستانی بوونی ناوچە کێشە لەسەرەکانن ‌و لە ٢٠٠٧ خۆ دەدزنەوە لە جێبەجێکردنی دەستورو ماددەی ١٤٠ کە جێبەجێکردنی شوناسی ئەم ناوچانەی دیاریدەکرد.

دووەم، وەک لە پڕۆژە یاسای بودجە کە چەند ڕۆژێکە خراوەتە بەردەست پەرلەمان دەردەکەوێت، عەبادی ناوی هەرێمی کوردستانی لە پڕۆژەکە نەهێناوە و لەبری ئەو وەک سەدام شمالی عێراقی بەکارهێناوە، ئەمەش هاوتایی‌و هاوبیری عەبادی ‌و سەدام دووبارە پشت ڕاستدەکاتەوە.

سێیەم، عەبادی نەک هەر ڕێزی بۆ ڕای زۆرینەی خەڵکی کوردستان دانەنا، کە لە ڕێفراندۆمێک بڕیاری جیابوونەوەی خۆیان دا، کەچی هێرشی کردە سەر هەرێم ‌و دەیەوێت لەڕێگەی هێزەوە ئەوەی کاتی خۆی سەدامیش بە کوردستانی ڕەوا بینیوە، ئەوە لە خەڵکی کوردستانی وەرگرێتەوە و ڕیفراندۆم‌ و بنەماڵە گەندەڵە حوکم بەدەستەکانی کردوە بە پاساو بۆ لێئەستاندنەوەی مافەکانی گەلی کوردستان.

کورد بەزەبرو زەنگ ‌و ترس‌ و تۆقاندن نابێتە عێراقی، بەڵکو لە ڕێگەی داننان بە مافەکانییەوە ئەگەرەکانی قەبوڵکردنی شوناسی عێراقی دێنەگۆڕێ، تا ئێستا ئەو مافانە نە لەسەر دەستی بەعس‌ نە لەسەر دەستی حکومەتەکانی دوای بەعس مسۆگەر نەکراون بۆیە قسەکردن لە عێراقیبوونی کورد لە ئێستادا وەهمە.

ده‌رباره‌ دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

Profile photo of دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز