سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ئایا بە ڕاستی پ.ک.ک بچووک بوەتەوە؟

ئایا بە ڕاستی پ.ک.ک بچووک بوەتەوە؟

هادی سۆفی‌زادە

چەند ڕۆژ پێش ئیستا وتارێکی کاک حسام دەست پیشم لە ژێر ناوی ” بچووک بوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژیی پ.ک.ک ” لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی خوێندوە کە سەرنجی ڕاکێشام. لە ماوەی ڕابردوودا کاک حسام ڕەخنەوو ڕوانینێکی هاوشێوەی لە سەر حیزبی دیموکڕاتی کوردستان، پێشتریش لە سەر ڕۆژهەڵاتییەکانی باکوورتەوەر!! هەروەها لە سەر هەڵسوڕاوانی ناوخۆی کوردستان دەربڕیوە. بە تایبەت لە کاتی گیرانی د. سەلاح خەدیوو بەڕێزیان سەلاح خەدیوو کەسانی وەک ئەویان بە عاملی بنکوڵ کردنی ڕۆحی نەتەوەیی لە مهاباد تاوانبار کرد.

کەم نین ئەو کەسانەی وەک کاک حسام بیر دەکەنەوەوو هەموو ڕاستی و حەقیقەتەکان لای خۆیان دەبینن. لە بەر ئەوەی کە کاک حسام ناوێکی ئاشنا بۆ بەشێک لە خەڵکە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەک وتەبێژ، پێشەنگ و بیرمەندی ” ڕاسان ” خۆی نیشان داوە بی دەنگی لە ئاست دەربڕینی لەو شێوە خەتا بە ئەژمار دێ وبە پیویستم زانی لە ئاست بیرۆکەیەکی لەو چەشنە کە وەک خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە بێ دەنگ نەبم. چونکە هەر وەک وتم بەڕێزیان لە رەئسی بزوتنەوەیەکدایە کە بەشێک لە خەڵکی سادە و دڵپاکی ئێمە پشتیان پێ بەستوەوو دڵیان پێ خۆش کردوە.

دوور نییە کاک حسام بە دوای بەرنامەیەکی تەلەفزوێنی میدیای سەر بە پ.ک.ک ئەو قسانەی ڕیز کردبێ کە لەم ڕۆژانەدا میدیای پ.ک.ک لە پڕۆگرامێکی زۆر ناشرین و بوختاناوی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێڕانیان بە دەست هەبوون لە ڕووداوی دێگەڵە تاوانبار کرد. ئەوە یەکەم جار نییە کەسانێکی نابەرپرس لە میدیای پ.ک.ک دەست بۆ چەواشەکاری دەبەن. تا ئێرە حەق بە لایەنگرانی حدکایە کە ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە دەرببڕن بەڵام نوسراوەی کاک حسام زۆر لە پڕۆگرامەکەی میدیای پ.ک.ک چەواشەکارانەترە.

کاک حسام دەنووسێ ” هەر ئەوەی كە پ.ك.ك هێشتا حیزبی دیمكرات وەك گرێیەك دەبینێ، واتای ئەوەیە كە پ.ك.ك گەیشتووتە ئاست بچووكترین ناوەندی حیزبی دیموكرات “. ئەم ڕستەی بەڕێزیان پێجەوانەکەی ڕاستە و لە ڕاستیدا حیزبی دیموکڕات پ.ک.ک وەک گرێ دەبینێ. کێ هەیە نەزانێ کە حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و باقی حیزبەکانی دیکە بەردەوام پ.ک.ک بە حیزب داتاشین بۆ ڕۆژهەڵات و دەست خستنە ناو کاروباری پارچەکانی دیکە تاوانبار دەکەن. کەواتە ئەوە ئەوانن کە پ.ک.ک بە گرێ و بەربەست لە سەر رێگای خۆیان دەبینن. ئەگەر واقعی بڕوانین و پ.ک.ک تەنیا لە باکووردا خولاسە بکەینەوە، ئەوەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە دەستی هێناوە لە قازانج قازانجە و فارس گوتەنی ” اضافە بر سازمان ” ە.

دەڵێن کابرایەکی قسە خۆش! دەبێ و ئێوارە کە دەگەڕێتەوە گوند دەڵێ ئەمڕۆ ڕەوە گورگێم بینی ٤٠ گورگ ئەبوون، خەڵکەکە باوەڕی پێ ناکەن و دەڵێێن عەقڵ نایبڕێ، دەڵێ بە خوا ٣٠ گورگ ئەبوون خەڵک دەڵێن زۆرە، دێتە خوار، دێتە خوار بۆ سی و دوو، خەڵک ئەڵێن زۆرە. لە کۆتاییدا دەڵێ بەخوا تارمایێکم بینی.

گەر چاو لە هەڵوێست و لێکدانەوەکانی کاک حسام بکەین هەر تارمایێکی دیوە. بەڕێزیان وەک وتەبێژی “ڕاسان ” ڕوانگەیەکی وەهای بە دەوروبەریانی ئیلقا کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار دەکەن و ئەگەر دروست بوون و سەرکەوتنی شۆڕشی کووبا ٣ ساڵی خایاند ئەمان بە کەمتر لە ٣ ساڵ بە ئەنجامی دەگەیەنن. تەنانەت ئەگەر کەسێک سەرنجێکی بچووکی لە سەر ” ڕاسان ” هەبوایە بە باکوور تەوەریان لە قەڵەم دەدا و پلاریان تێ دەگرت. ئیستا کە ٣ ساڵ بە سەر ” ڕاسان ” دا تێدەپەڕێ بەڕێزیان لە جیاتی ئاوڕدانەوە لە گرفتەکانی ئەو بزوتنەوەیە میترو شاغوڵی هەڵگرتوەتەوو دیواری ماڵی خەڵکی دیکە ئەندازە دەگرێ.

ئایا بە ڕاستی پ.ک.ک بچووک بوەتەوە؟

ئەو کەسانەی کە پ.ک.ک دەناسن دەزانن کە بەشێکی بەرچاوو لەو کەسانەی کە لە ڕێبەری پ.ک.ک دان پێشتر ئەندامی پارتەکانی دیکەی باکووری کوردستان بوون وەک پارتی ڕزگاری، پارتی سوسیالیست و حیزبی کاوەوو ….. ئەم حیزبە چونکە لە مەیدانی خەبات و ئامانجی خۆیدا ( چاک یا خراپ ) جیددییە وزەی خۆی بۆ درووست کردنی بەرەی کوردستانی و ئەو داڵغانەی کە لە باشوروو ڕۆژهەڵات هەیە خەرج نەکردوە، چونکە توانایی ئەوەی لە خۆی نیشان داوە کە حیزبەکەی خۆی بەهێز بکا. ئەم کارە لای نەیارانی پ.ک.ک بە دیکتاتۆری و پاوانخوازی لێک دەدرێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٣٠ ساڵە بیر لە بەرەی کوردستانی ئەکرێتەوەوو هەر لە خاڵی سفردایە. تا ئیستا کەسێک ئەو پرسیارەی لا درووست نەبوو کە بپرسێ ٣٥ ساڵ خۆماندوو کردن بە مەسەلەیەکەوە یەعنی چی؟ حیزبێک درووست نەبوو کە ببێتە پێشەنگ و سەرنجی جەماوەری حیزبەکانی دیکە بۆ لای خۆی ڕابکێشی و بەم جۆرە لە جیاتی خۆماندوو کردن بە بەرەی کوردستانییەوە خۆی بکاتە بەرە، وەک ئەوەی کە پ.ک.ک هەیە.

پارتی دیموکڕاتیکی گەڵان لە سەر داوای بەڕێز ئۆجەلان درووست بوو و ئەتوانین بڵێێن شەخسی سەلاحە دین دمیرتاش کەسێکی زۆر نزیک لە بیروڕامانی ئۆجەلانە. ئەگەر دەنگی ئەو حیزبە بە بنەما وەربگرین بۆمان دەردەکەوێ کە بە پێی ڕێژەی حەشیمەتی باکووری کوردستان نیوەی خەڵکی باکوور دەنگیان بەو حیزبە داوە. لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریشدا دمیرتاش ١٠ لە سەدی دەنگی هێنایەوە. واتە پ.ک.ک سەرەڕای قەدەغە بوونی لە باکووری کوردستاندا تا ئەم قۆناغە لە ناو نیوەی کۆمەڵگادا جێی خۆی کردوەتەوە. ئەم وەزعە لە بەشەکانی دیکە چۆنە؟ گەورەترین پارتی باشووری کوردستان پارتییە. پارتی خاوەنی ٣٨ کورسی پاڕلمانییە کە تەقریبەن ٣٠ لە سەدی دەنگی خەڵکی لە پشتە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر ڕاپرسی ” هەڵبەت ڕاپرسی گاڵتەجاری ” ساڵی ٢٠١٤ی سایتی ڕووداو بە بنەما وەربگرین بە پێی ئەو راپرسییە نیوەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەو دو بەشەی حیزبی دیموکڕات داوە، واتە هەرکام ٢٥ لە سەد. کەواتە ئەگەر حیزبی دیموکڕات لە چەندین ساڵی ڕابردوودا بەردەوام وتویە کە ٨٠ لە سەدی خەڵک دەنگی لە پشتە ئیستا بچووکتر بوەتەوە.

لای بەشێک لە خەڵکی ئێمە ئەو پرسیارە درووست بووە کە چونکە خەڵکی باکوور بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نایەنە سەرشەقام ئەوە نیشآنەی بچووک بوونەوەی پ.ک.ک و هەڵەی ئەو حیزبەیە. هۆکاری ئەمە چییە؟ کەس ناتوانێ ئینکاری هەڵەی پ.ک.ک و هەر حیزبێکی دیکە بکا بەڵام بە باوەڕی من دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. یەکەم ئەوەی کە دوای کودەتای سەرکەنەوتووی ساڵی ٢٠١٦ ی تورکیە ترس باڵی بە سەر کۆمەڵگای تورکیە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کێشاوە. باری نائاسایی ڕاگەیەندراوەوو هەر شەش مانگ جارێک تازە دەبێتەوە. کاتێک باری نائاسایی ڕادەگەیەندرێ دەرەتانی هەرچەشنە ئیعترازێک دەگیردرێ. گەورەترین پارتی تورکیە واتە پارتی کۆماری گەل چالاکییەکانی بەرتەسک بوەتەوە. هەر کەس بە دژی شەڕی عەفرین قسە بکا بە توندترین شێوە سزا دەدرێ. حەفتەی ڕابردوو ١١ ئەندامی کۆمەڵەی تەندروستی ئەو وڵاتە بە جورمی دژایەتی لە گەڵ ئەو شەڕە کەوتنە زیندان. هیچکام لەوانە کورد نەبوون. دووهەم بیری نەتەوەیی کوردی باکووری کوردستان لە سەرسنووری عەفرین لاوازەوو لە هەمان کاتدا ڕێژەی کوردی باکوور لە سنووری نزیک عەفرین کەمە. بۆیە ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەی کە بۆ کۆبانی لە سەرسنوور کرا لە لای عەفرینەوە ناکرێ.

من لە گەڵ حسام دان کە دەڵێ کۆبانی و عەفرین موڵکی پ.ک.ک نییە هەر وەک ڕیفڕاندۆم موڵکی پارتی نییە. بەڵام دەبێ ئەوەش قبووڵ بکا کە پ.ک.ک ش تەنیا موڵکی باکوور نییە. مرۆڤێکی بە ویژدان ناتوانێ بێ لایەن بێ کە کاتێک وەزیری بەرگری عەفرین لە خەتی پێشەوی شەڕ کە لە گەڵ دلبەخوێن بەڕێوەبەری بەرنامەی تەلەفزوێنی ڕووداو قسە دەکا، دڵبەخوێن لێی دەپرسێ تۆ ناترسی لەو شەڕدەدا بکوژرێی؟ ئەویش لە وڵامدا دەڵێ خوێنێ من لە خوێنی د. قاسملوو سەکینە جانسز گەشتر نییە. بێ گومان کەسێک کە وەزیری بەرگری بێ دەبێ نانێکی لە گەڵ پ.ک.ک خواردبێ. لە مەیدانی شەڕو لە ژێر هێرشی تەیارەی تورکیەدا چ کەسێک ئەتوانێ ڕستەیەک لەوە کوردستانی تروو نەتەوەیی تربە بیریدا بێ؟

ساڵی پار کوردەکانی خوراسان کتێبی پۆلی یەکەمی سەرەتاییان بە لاتینی لە چاپ دا. دوای بڵاوبونەوەی ئەو کتێبە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران ئەو کتێبەیان لە بازاردا کۆکردەوەوو ١٢ کەس کە ئەو کتێبەیان داڕشتبوو دەستگیر کران و خاوەن چاپخانەکەش سزادرا. ئیتلاعات ئەو کتێبەیان بە بڵاوکردنەوەی بیری پ.ک.ک و نوسەرەکانیان بە هاودەستی لە گەڵ پ.ک.ک تاوانبار کرد. پرسیار ئەوەیە بۆ کوردەکانی خوراسان بە ئەلفوبیی باو لە ڕۆژهەڵات کتێب نانوسن؟ بۆ ئەوان ڕۆژهەڵات نابینین و باکوور دەبینن؟ خۆ ئەگەر ئەوان بە ئەلفوبیی عەرەبی بیانوسیایە دەستگیر نەدەکران چونکە لانی کەم ڕێنووسی زمانی فەرمی وڵاتە. ئیتر خۆ ئەوە ئەو بیانووە هەڵناگرێ کە کۆمەڵێک خەڵک بڵێێن چونکە جموجۆڵی پ.ک.ک لە ئێران ئازادە.

بە باوەری من ئەرکی کەسانی وەک کاک حسام کە ویجهەیەکی زانستی هەیە ئەوە یە کە لە جیاتی کەوتنە ناو کۆمەڵێک باس کە لەوانەیە کۆمەڵێک کەس چێژی لێ وەربگرن لە بازنەیەکی فرەوانتردا کاری بکردایە.

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە یەک لە بیرۆکەکانی قازی محەممەد نوسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی بووە. ئەلفوبێی لاتینی لە تورکیە پڕۆژەی لوتفی فکری نوێنەری ئامەد لە مەجلسی عوسمانی بووە کە ئەمڕۆ بە ناوی ئاتاتورکەوە ناودەبرێ. ئەگەر ئێمە لە ڕۆهەڵات بە لاتینی بنووسین سنووری جوغڕافیایی خۆمان لە گەڵ ئێران دیاری دەکەین، پلەیەک لە شارستانییەت نزیک دەبینەوەوو پلەیەک لە ئیسلامییەت دوور دەکەوینەوە، پلەیەک بە یەکیەتی نەتەوەیی نزیک دەبینەوە. لای من ئەرکی کاک حسام کارکردن و خۆمەشغوول کردن بەم مەسەلانەوەیە کە دەتوانێ مەسیری نەتەوەیەک بگۆڕێ نەک بیانوو گرتن بەم حیزب و ئەو حیزب.

ئەوەی کە دەردەکەوێ کاک حسام کەمترین زانیاری لە سەر ڕووسیە و شەخسی ولادیمیر پوتین هەیە. گۆڤاری تایم هەر ساڵ ناوی بەهێزترین کەسایەتی دنیا بڵاو دەکاتەوە. چەند ساڵە پوتین بە بەهێزترین کەسایەتی دنیا ناوی دێتەوە. تەنانەت لە نێوان ئۆباماو پوتین دیسان پوتین بە پلەی یەکەم دیاری کرا. ئیتر ئەمە کاری بەوە نییە ئێمە چارەی پوتینمان بوێ یا نەوێ. بەڕێزیان ئاگاداری خۆشەویستی پوتین لە ناو خەڵکی ڕووسیە نییە وبێ لێکدانەوە لە گەڵ سەرۆکی کورەی باکوور و کووباو.. موقایسەی ئەکا. ئەردۆغانیش لە تورکیە خۆشەویستیێکی هاوشێوەی هەیە. لە دوای ئاتاتۆرک ئەردۆغان بەهێزترین کەسایەتی تورکیە بووە.

ده‌رباره‌ هادی سۆفی‌زاده‌

Profile photo of هادی سۆفی‌زاده‌

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بارودۆخى په‌نابه‌ری کورد له‌ بریتانیا

ئەنوەر سوڵتانی “ئەم وتارەم لە ساڵی٢٠٠٩ دا نووسی وبە ناوی خوازراوەی ‘عەبدوڵڵا ئەحمەد’، لە ڕێگەی …

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز