سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ئامریکا و کۆماری ئیسلامی، ترامپ و خامێنەیی

ئامریکا و کۆماری ئیسلامی، ترامپ و خامێنەیی

حاتەم مەنبەری

کۆماری ئیسلامی ئێران دوای گەییشنە دەسەڵات دوو دیاردەی نایاب و نوێ لەگەڵ خویدا هێنایە ناو سیاسەتی ناوچە.

١ بە بنەماکردنی دژمنایەتیی لەگەڵ رۆژاوا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەک پێشەنگی ئەو بەرەیە.

٢ بۆ یەکەمجار بزوتنەوەیەکی ئیسلامی شێعەی، هاوشێوەی بزووتنەوەی ئێخوانی سونەکان لە چەندین شوێن پێکهێنا و لە باری ئیدێئۆلۆژی و روانگەی سیاسییەوە بە گژ ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دیکەی ڕۆژاوایدا کرد.

هەنگاوی یەکەم لە لایان خوێندکارانی حیزبوڵایی پەیڕەوەی خەتی خومەینییەوە، بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامەریکا و دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتەکانی دەستی پێکرد و هاوکات لەگەڵ ئەم حەرەکەتە نامۆیەدا تەبلیغاتێکی خەستی دژی ئامریکاییش دەستی پێ کرد کە ڕێگای لە گشت گەڕانەوە و ئاساییکردنەوەیەکی پێوەندی نێوان دوو وڵاتدا بەربەست کرد.

هەنگاوی دووهەم بە دامەزراندنی حیزبووڵای لوبنان وتەیارکردنی بە چەک و گشت ئیمکاناتێکی مومکین دەستی پێکرد، دواتر بە پشتیوانی راستەوخۆ و بەرفراوان لە گشت بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ئێراق، جەزایەر، فەلەستین، بە‌حرەین و سعوودییە درێژەی پێدرا و لە ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا گەییشتە لووتکە.

لە ماوەی ٣٩ ساڵی بووریدا ئامریکا هیچ پێوەندییەکی سیاسی، دیپلۆماتیک، ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئێران نەبووە. پێچەوانەکەی، ئێران یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای پڕۆژە سیاسی و ئابووریەکانی ئەو وڵاتە بووە و تەنانەت هێندێک شارزای بوارەکە پێیان وایە کە ئەوەی شکستی بە پڕۆژەی ” ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورەی” جورج بووشی یەکەم و داگیرکردنی ئێراق و ئەفغانستانیش هێنا، بە دەرەجەی یەکەم کۆماری ئیسلامی بوو.

گرنگی ئەم وەزعە بە نیسبەت ئامریکاوە کاتێک دیارە بزانین کە ئێرانی پێش کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە هاوپەیمانانی گرنگ و حیساب لە سەرکراوی واشینگتۆن و لە گشت بار و بوارێکی سەربازی، سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتیشەوە لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ئامریکادا بوو.

لە حاڵی ئاساییدا وڵاتانی دنیا پێوەندی گەرم و پڕ لە حورمەتییان پێکەوە هەیە، یان پێوەندی سارد و پڕ لە گرفت. لە حاڵەتی دووهەمدا هەردووکلا هەوڵ ئەدەن گرفتەکان کەمتر و سەرەنجام لە سەر رێگای خویانی لابەرن، بەڵام لە نموونەی ئێران و ئامریکادا، شتێک بە ناو پێوەندی بوونی نیە و ئەوەی هەبووە و ئیستاش هەیە دژمنایەتییە. دژمنایەتییەک کە کۆماری ئیسلامی لە سەر دامەزراوە و گۆڕانی ئەم بنەمایە بە مانای گۆڕانی دەسەڵات لە تاراندا حیساب ئەکرێ.

ترامپ و خامێنەیی

دە ساڵەی یەکەمی کۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵا خومەینی بڕیاردەر و سیاسەت داڕێژەری تامولئەختیاری وڵات بوو. لەم دە ساڵەدا جگە لەو دوو خاڵە گرنگەی سەرەوە باسیان کرا، فەرهەنگێکی تایبەتیش لە کۆمەڵگەی ئێراندا جێ کەوت کە جوێندان بە ئامریکا، ئیسرائیل و هێندێک جاریش بە ئینگلیز بنەماکەی بوو. واتا سەدان هەزار مرۆڤی ئێرانی لە شوێنێکدا کۆ دەبوونەوە ( مزگەوت، زانکۆ، شەقام…) و بە دەنگی بەرز هاواریان ئەکرد مەرگ بۆ ئامریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل و….

ئەم شێوە شاڕلاتانبازییە لە هیچ شوێن و جێگایەکی دیکەی دنیادا بەم شێوە هەراوە نابینرێ و قەتیش نەبینراوە. مرۆڤ ئەتوانێ و ڕەنگە حەقیشی بێت بە بڵینگۆ هاوار بکات مەرگ بۆ فڵان کاربە دەستی فیسارە وڵات. بەڵام ناردن و حەواڵەکردنی مەرگ بۆ وڵاتێک بە تێکڕا، کە سەدان میلیون ئینسانی تێدا دەژین، تەنیا کاری ڕاسیست و شاڕلاتانیستانە.

دوای مەرگی خومەینی، واتا لە ٣، ژۆئەینی ١٩٨٦ ی زایەنییەوە تا ئیستا، دەسەڵات و بڕیاری کۆماری ئیسلامی لە دەستی ئایەتوڵا خامێنەیی دایە. کەسێک کە بە حەق ئەبێت وەک میراتگرێکی راستەقینەی خومەینی پێناسە بکرێ.

لەو سەردەمەوە تا ئیستا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا شەش سەرۆک کۆماری گۆڕیون و زۆربەی نزیک بە تەواویشیان دوو دەورە، واتا هەشت ساڵ سەرۆکایەتییان کردووە. گشت ئەم سەرۆکانە کێشە و گرفتی تایبەتی خویان لەگەڵ ئێران و کۆماری ئیسلامی هەبووە، بەڵام تێکڕایان رێگای سازان و مودارایان لەگەڵ ئەم دەوڵەت و سیستەمە دژمنەدا هەڵبژاردووە و سەرەنجام ئەوان پاشەکشێ و خومەینیزم، کە بنەماکەی لە سەر سڕینەوەی بەها و بایەخەکانی ڕۆژاوا دانراوە پێشڕەوی کردووە. سەرنجێکی وردی نەخشەی ناوچە و بگرە جیهانیش پێمان دەڵێ کە لە کوێ تێرۆریزمێکی ئیسلامی بوونی هەبێ، حەتمەن شوێنپێ خومەینیزمیش ئەدۆزرێتەوە تەنانەت لە دوورترین وڵاتانی ئافریقاییشدا.

دوایین سەرۆک کۆماری ئامریکا کە ئیستا لە سەر حوکمە، لە گشت بارێکەوە جیاوازە و لە بار و بواری سیاسەتی دەرەوەدا جیاوازییەکانی لەگەڵ ئەوانەی پێش خوی زۆر زەق و ئاشکراتر دەبینرێن.

دۆناڵد ترامپ پێش هاتنە سەرکار، گشت ئەو سیاسەتانەی کە باراک ئوباما لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا گرتبوونییە بەر، بە هەڵە، زیانبار و زەرەر بۆ ئامریکا باس دەکردن و قەولی ئەدا کە ئەگەر بگاتە دەسەڵات، راست پێچەوانەی تێکڕای ئەو کارانە ئەنجام ئەدات و گەلێک پەیمانی گرنگ کە ئەو بە زیانی ئامریکای دەزانین هەڵئەوەشێنێتەوە. سیاسەتی پێچەوانەی دەوڵەتەکانی پێش خوی لە بەرانبەر مێگزیک، یەکیەتی ئورووپا، چین، کۆریای باکوور و سەرەنجام لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا ئەگرێتە بەر و بە زووترین کاتیش لەو پەیمانەی کە چەندین وڵات و لەوانە وڵاتی خوی دە ساڵی تەواو کاریان لە سەر کردبوو دێتە دەر. پەیمانێک کە لە ئێراندا بە بەرجام نارسراوە و ئێرانییەکان چاوەڕوان بوون لە ڕێگایەوە دواڕۆژی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەکی درێژ گارانتی بکەن .

ئاکام

١ باری ئابووری گشت وڵاتێک بۆ سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ( بخوێنەوە ئامریکا) گرنگە، بەڵام لە ئابووریش گرنگتر، باری هەڵکەوتەی جێئۆگرافییە کە ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەی دنیایە و بوونی حەشیمەتێکی هەشتا میلوونی مەسرەفگەراش کە هەوڵ ئەدات لە مودێڕنترین کەرەسەکانی سەردەم کەڵک وەرگرێ، بە گرنگی ئەم وڵاتە زیاد ئەکات.

٢ ڕۆژاوا بەرینترە لەو شوێن و وڵاتانەی کەوتوونەتە خورنشینی دنیاوە. تێکڕای وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات، کانادا، ئاریکا، ئاوسترالیا، نیوزلاند، ژاپۆن و بەشێکی فرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش لەو چوارچێوەیەدا ئەگونجێن کە بە ڕۆژاوا پێناسە ئەکرێ. بۆیە کاتێک باسی دژمنایەتی ئێران و ڕۆژاوا دەکەین، ئەبێت ئەم نەخشە بەرینەمان لە بەر چاو بێت نەک تەنیا ترامپ و ئامریکا.

٣ سەرەنجام دوای نزیک بە چل ساڵ پیاوێک بووەتە سەرۆک کۆماری ئامریکا کە فرەیەک لە خوو تایبەتمەندییەکانی لە رێبەرانی دنیای نادیموکرات ئەچن. پیاوێک هێندە بیر لە زۆر و زەبر ئەکاتەوە، بیر لە چتی دیکە ناکاتەوە. پیاوێک کە زۆربەی قەولەکانی، بۆ نموونە هاتنەدەر لە گەلێک پەیمان و لەوانە پەیمانی پاریس و بەرجام کە بەرهەمی هەشت ساڵ رەنج و هەوڵی ئوباما بوو کردووەتە کردار. کۆنترۆڵی سنووری مێکزیک و بەربەست دانان لە پێش چین بۆ بازرگانییەکی بە وتەی ترامپ هاوشان و بەرانبەر کە قازانجی هەردووکلای تێدا بێت. سەرەنجام تونتکردنەوە و هەڵپێچان تا ئاستی هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ کوریای باکوور و کرانەوەی دەرگای دیالۆگ.

٤ کێشە و دژمنایەتیی ئامریکا و کۆماری ئیسلامی گەییشتووتە شوێنێکی حەساس. هێندە حەساس کە ئەتوانێت بگاتە شەڕ و، ماڵوێرانییەکی گەورەش بۆ خەڵکی ئێران بە دوای خویدا بێنێ. دوو پیاوی جیاواز و تایبەت روو بە ڕووی یەک بوونەتەوە و دوو وڵات و بگرە ناوچەیەکیش بە دوای خویاندا ڕاکێش دەکەن. لە ئەگەر توندبوونەوەی وەزعەکەدا ترامپ پیاوی پاشەکشە و کۆتاهاتن نیە. تۆ بڵێ دیکتاتۆری ملهۆڕی ئێران مل بۆ ئەو گشت خاڵ و مەرجە تاڵانەی هەمبەرەکەی ڕاکێشێ، یان رێگای تاڵتری سەدام بگرێتەبەر؟

ده‌رباره‌ حاته‌م مه‌نبه‌ری

Profile photo of حاته‌م مه‌نبه‌ری

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز