سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

ئامانجی تورکیا لە عەفرین چیە؟

دوکتور شێرکۆ کرمانج

لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، تورکیا هەر زوو لادانی بەشار ئەسەدی کرد بە یەکێک لە سیاسەت‌و ستراتیجە سەرەکییەکانی خۆی لەو وڵاتە. بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی لە هەموو ئەو گروپانە کرد کە لەدژی ئەسەد دەجەنگین، بە باڵی سوریای قاعید، “جەبهەی نوسرە”، و “داعش”یشەوە. سوربوون‌و پشتیوانی ئێران‌و ڕوسیا لەسەر هێشتنەوەی ئەسەد شکستی بەو ستراتیجیەی تورکیا لە سوریا هێنا. ستراتیجێکی دیکەی تورکیا لە سوریا بێهێزکردن‌و لەقکردنی پێگەی کورد بوو لە سوریا. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا پشتیوانی لە داعش، بەئاشکراو بەدزی، دەکرد. مکوڕبوونی کوردو هاوپەیمانەکانیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەسەر شکستپێهێنانی داعش هەم تورکیای خستەی بەرەی داعش هەم شکستی بە سیاسەتی دژە-کوردی ئەردۆگان هێنا.

لاوازبوونی داعش‌و دواتریش لەناوچوونی لەسەر دەستی کوردو ئەمریکا وای لە تورکیا کرد کە پێداچوونەوەیەک بە سیاسەت‌و ستراتیجیەکانی خۆیدا بکاتەوە. یەکەم شت کە تورکیا دەستبەرداری بوو لادانی ئەسەد بوو، ئەمەش بوو بەمایەی نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕوسیاو ئێران. مەبەستی تورکیا لەم وەرگەڕانە تەرکیزکردن بوو لەسەر بەشی دووەم لە ستراتیجیەتەکەی کە وەک گوتم خۆی لە لاوازکردن‌و لەقکردنی پێگەی کورد دەبینیەوە.

نەمانی داعش‌و نزیکبوونەوەی لە ڕوسیاو ئێران دەرفەتی ئەوەی بۆ تورکیا ڕەخساند کە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجەتی دووەمی ئەوە ڕاستەوخۆ دەست لە کورد بوەشێنێت. ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین خۆی لە نەهێشتنی کورد لەو ناوچەیە دەبینێت کە هاوسنورە لەگەڵ تورکیا لەگەڵ تەعریبکردن‌و تەتریککردنی ناوچەکە تاوەکو کوردانی سوریا لە کوردانی تورکیا دابڕێت. تورکیا دەیەوێت کورد قوڵایی ستراتیجی نەبێت‌و هێندەی دیکە لە دەریای ناوەڕاست دوورکەوێتەوە، هاوکات ئەو ناوچە سنوریانە هەر لە عەفرین تادەگاتە جەرابلس خاڵی بکات لە کورد. خۆ ئەگەر ئەمەشی بۆچووە سەر ئەوە لەوانەیە هەم دیسان بەناوی درێژەدان بە دروستکردنی ناوچەی هێمن (buffer zone) هێرشبکاتە سەر کانتۆنەکانی کۆبانێ‌و جەزیرە. ئەردۆگان دەیەوێت سەرکەوتنێکی نەتەوەییانەی ئیسلامییانە بەدەستبهێنێت‌و بیکات بەبەردەباز بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو. بەمەش پێگەی خۆی هەتا هەتایە قایمبکات. ئەو پێیوایە کە گەلی تورک تەنیا لەڕێگەی هەستی ناسیونالیزم‌و ئیسلامیزم دەکرێت ببزوێنرێت وەگەربخرێت‌و دەنگی مسۆگەربکرێت. ئێستا ئەردۆگان ڕێک خەریکی ئەمەیە.

سەرکەوتنی تورکیا لەم هەوڵەیدا بەگشتی دەوەستێتە سەر بێدەنگی ئەمریکاو ئەوروپاو هێزە ناوچەییەکانی دیکە، وەک ئێران‌و ڕوسیا. ئەم هێزانە هەر هەموویان ئێستا بێدەنگن لەبەر چەند هۆیەک: یەکەم، نە ڕوسیا نە ئەمریکا نایانەوێت تورکیا بدۆڕێنن‌، بەو مانایەی بچێتە بەرەکەی دیکە، بۆیە نەرمی دەنوێنن یان چاوپۆشی دەکەن لە سیاسەتەکانی تورکیا لە سوریا. دووەم، هەم ئەمریکا هەم ڕوسیا پێیانوایە ئەگەر هەیە کە تورکیا لە عەفرین بەشێکی زۆر لە پاشماوەکانی ئۆپۆزسیۆنە سەلەفیە توندڕەوەکان بەکوشت بدات‌و بەخۆشی زەرەرو زیانی زۆر بکات، ڕوسیاو ئەمریکا ئەمەیان پێناخۆش نیە. سێیەم، سەرکێشییەکانی تورکیا لەدژی ڕوسیا لەسەرەتای قەیرانی سوریا، کە بە خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی کەوتە ترۆپ، لەگەڵ دژایەتییەکانی تورکیا بۆ ئەمریکا لە دوو دەیەی ڕابردودا وای لە ئەمریکا کردوە کە حەزبکات تورکیا بکەوێتە ناو زەلکاوێک کە بەزەحمەت لێیدەرچێت، عەفرین ئەو زەلکاوەیە کە ئەمریکا پێیخۆشە تورکیا تێیکەوێت. چوارەم، ڕوسیاو ئەمریکا پێیانوابوو کە کوردیش تاڕادەیەک لەخۆیبایی بووەو پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێت. ڕوسیا پێیوایە کە کورد پشتی لە ڕوسیا کردوەو لە ئەمریکا نزیکبۆتەوە. ئەمریکا دەیەوێت بە کورد بڵێت کە ئەگەر من نەبم کەس نە بەرگریت لێدەکات، نە دەشتوانێت بەرگریت لێبکات.

بەگشتی، ڕاستە عەفرین ناوچەیەکی بچوکە بەڵام پرسەکەی زۆر قوڵ‌و ئاڵۆزەو فرەڕەهەندە و بەرژەوەندی هەموو زلهێزەکانی دنیای لەخۆیدا کۆکردۆتەوە. سەرکەوتنی هەر لایەنێک هاوکێشەکانی هێز لە قازانجی خۆی دەگۆڕێت.

ده‌رباره‌ دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

Profile photo of دوكتۆر شێرکۆ کرمانج

ئه‌مه‌ش ببینه‌

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی

ئانتونیو گرامشی و حزبی سیاسی خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان” ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا …

تۆپێن، سیاسەت و “ئێرانییەکان

برایم فەڕشی تۆپێن، خۆی لە خۆیدا وەرزشە. دە کەس لەمبەر و لەو بەری مەیدان، شەق …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز