سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / ئاخێزیی سەراسەریی لە ئێران، ئەرکی گەلی کورد و حێزبەکانی رۆژهەڵات لەم کاتەدا

ئاخێزیی سەراسەریی لە ئێران، ئەرکی گەلی کورد و حێزبەکانی رۆژهەڵات لەم کاتەدا

ئاخێزەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران تا نووسینی ئەم دێڕانە، لە حاڵی پەرە گرتن و رادیکاڵ بووندایە. ئەوەی سەرهەڵدان و ئیعترازی ئەمجارە ی لە ئیتعترازە و حەرەکەتەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەمجارە خەڵک لە شوێنێک قەتیس نەماوە و راپەڕین هەموو چووارگۆشەی ئێران( بە شاری گەورە و بچووکەوە) گرتوەتەوە. بۆ نموونە لە سێ دەیەی رابردوودا دەیان کۆبوونەوە و ئیعتراز و خۆپیشاندان لێڕە و لەوێی ئێران و تەنانەت کوردستان (بە هێندێک تێبینی‌یەوە)روویانداوە، بەڵام یا دەسبەجێ سەرکوتکراون؛ یا بەردەوامیان نەبوە و لەشووێنی هەستانیان دامرکاونەتەوە.

هەر لە رۆژی ٧ی بەفرانبارەوە کە سەرهەڵدان لە شاری مەشهەد روویدا(شارێکی مەزهەبیی کە حکوومەت زۆری لەسەر حیساب دەکرد)، ئاراستەی خۆپیشاندان جیاوازیی خۆی نیشاندا. ئەوەیش ئەوە بوو کە وەک سەردەمی “بزووتنەوە سەوز” (ساڵی ٨٨ی هەتاوی) بە پشتبەستن بە باڵێکی حکوومەت نەهاتە مەیدان . بەڵکوو هەموو باڵەکانی حکوومەتی کردە نیشانە و بە دروشم دژی تەواویەتی کۆماری ئیسلامی، زەنگی هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی مەزهەبیی لە ئێران لێدا.

ئەم خۆپیشاندانانە بەڕاست ناوی “راپەڕینی برسیەکان”ی پێ بڕاوە. بەهۆی ئەوەی کە حکوومەتی تۆتالیتر – ئیدئولۆژیک ئیسلامی لە پتر لە ٣٧ ساڵ دەسەڵاتی دا بە رەچاوکردنی سیاسەتی برسی کردنی خەلک ، هەمووسامان و دارایی ئێرانی لە رێگەی بانگەشەی ئایین و پەرەدان بە تێڕۆریسم لە ئاستی ناوچە و جیهان بەکارهێنا و ئەوەشی کە مابێتەوە هەر بەشی دزیی و خستنە گیرفانی مەڵاکانی دەسەڵات و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کردوە.  ئەوەیە کە دەبینین لەم ماوەدا خەڵکی ئێران تا هاتووي هەژار و نەدارتر بوە. بەشێوەیەک ئەگەر سەردەمێک مامۆستایەکی قوتابخانە وەک توێژی ناوەندیی کۆمەڵگە بەحێساب دەهات، ئیمڕۆ نەک هەر مامۆستا ، بەڵکە زیاتر لە ٨٠ لە سەدی خەڵکی ئێران بە هەژار لە قەڵەمدەدرێن و لە ژێر “هێلی هەژاری”دا دەژین. هەر بۆیەشە هەر حەرەکتێکی جەماوەریی لە ئێران بکەوێتە رێگە، بۆ نان و بۆ ئازادیە. هەر ئەوەشە کە بەڕاستی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵک ڕاپەرینی برسیەکانە. خەڵکێکی برسیی نان و برسیی ئازادی!

با لەم سوێنگەوە چاو لەکوردستان بکەین

گەلی کورد هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران بە بەشداریی نەکردن لە رێفراندومی”کۆماری ئیسلامی ، ئەرێ یا نا” وەزعی خۆی لەگەڵ حکوومەتی مەزهەبی روونکردەوە  و لەماوەی ئەم ٣٧ ساڵەشدا کوردستان هەمیشە لەمپەر و سەنگەری لەگیران نەهاتو و دژ بەری حکوومەتی ئێران بوە. ئەگەرچی لەو پێناوەشدا تاوانێکی یەکجار زۆری داوە. بەڵام سەربەرزیی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە بەدرێژایی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی ، تەنانەت سات و کاتێکیش ملکەجی باوەرە کۆنەپەرستانەکانی و دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکەی (ئەم حکوومەتە) نەبووە. شاهیدی ئەم ئیدیعایە هەموو ئەو شەڕ و مانگرتن و خۆپیشاندان و خەباتی سیاسی و مەدەنیانەن کە لە زیاتر لە ٣ دەیەی رابردوودا لە کوردستان روویانداوە، کە ژماری پێشمەرگە ی گیانبەختکردوو، ئیعدامکراوانی سیاسی و زیندانیانی سیاسی دەرخەریی خەباتکاریی و نەسرەوتنی نەتەوەکەمانە لە ئاست حکوومەتی مەزهەبی ئێران.

لە رۆژی ٧ی بەفرانبارەوە، سەردەمێکی نوێ لە ئێران(هەر بەو پێ‌یە بۆ کوردستانیش) هاتوەتە ئاواوە. ئیتر ناکرێ بۆ هەڵسەنگاندنەکان هەلومەرجی پێش ٧ی بەرفرانبار لەبەرچاوبگرین. ئەگەر تا دوێنێ کوردستان بەتەنیا لە بەرابەر حکوومەتی ئێرانەوە راوەستابوو، ئیمڕۆ ئیتر هەموو گەلانی دانیشتووی ئێران بە دژی ئەو دەسەڵاتە هەستاون و ئاشکرا ڕایانگەیاندوە کە ئەو حکوومەتەیان ناوێ. بەکورتی بڵێم، ئیمڕۆ ئیتر کورد بەتەنێ نی‌یە ولە ئامانج(لە روانگەی منەوە مافی دیاریکردنی چارەنووس) نزیکتر بوەتەوە. هەر بۆیەش دەبێ ئێمەش خۆمان لەگەڵ ئەم هەلومەرجە نوێ‌یە رێکبخەین و مەسئوولانە بە ئەرکەکانی سەر شانمان هەستین.

١ – گەلی کورد دەبێ شانبەشانی  بەشەکانی دیکەی ئێران بەشداریی ئیعترازەکان بێت.

ئاشکرایە گەلی کورد خاوەنی زیاتر لە سێ دەیە خەبات و خۆرێكخستن و تەنانەت رێکخستنی سیاسی و مەدەنی‌یە. بۆیە دەتوانێ لە دیاریکردنی رێ و شووێنی خۆپیشاندانەکان، بۆ بەشەکانی دیکە نموونە بێت و دروشم و تاکتیکی خەبات دیاری بکات.

وەک باسکرا، ئیتر کەس لەئاست حکوومەتی ئێران هیچ تەوەهومێکی نەماوە (مەبەستم لە کەس بەرەی خەڵکە، نەک جاش و بەکرێگیراوی حکوومەت و بەتایبەت ئەو توێژەی کە ژیان و ماڵ و سامانی بە حکوومەتەوە بەستراوە). بۆیە دروشمی رووخانی حکوومەت ئیتر کەس لێی ناپرینگێتەوە. شانبەشانی ئەوەی کە ئامانجی کۆتایی رووخانی حکوومەتە، دەبێ ناوە ناوەش دروشمی سیاسی  بەربکرێتەوە تا هەم خۆپیشاندانەکان لە دروشمی لاوەکی و لادەرانە بپارێزرێت، هەم هەزینەی قورس بە سەر حکوومەت دا بسەپێ.هەمیش خواست و داخوازەکان قووڵتر بنەوە.  بۆ نموونە: دەبێ دروشمی “بڕینی بووجەی هەموو ناوەندە مەزهەبیەکان” بەرز بکرێتەوە. دروشمی”ئازادیی پۆشش”، “هەڵوەشانەوەی حیجابی ئیجباری”، ” مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەموو گەلانی دانیشتووی ئێران”، “جیایی دین لە دەسەڵات”، “هەڵوەشانەوەی مەجلسی شوورای ئیسلامی” و سەرەنجام دروشمی بەڕێوەبردنی “رێفراندۆم بۆ دیاریکردنی قەوارەی سیاسیی ئێران”.

٢ – ئەرکی هێزە سیاسی‌یەکان

بێگومان وەک دەزانین زۆرینەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو  دەیە لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون. هەر ئەوەش زۆر کاریگەریی نەرێنی(سەلبی – مەنفی) لە سەریان بوە کە دیارترینی ئەو لەت لەت بوون و دابەشبوونەیە کە هەموو دەیزانین. ئیمڕۆ ئەگەر ئەو هێزانە فێکرێک بۆ ئەم وەزعە  شپرزەیان نەکەنەوە، بێگومان نەک هەر دەورێكی ئەرێنی‌یان نابێت، بەڵکوو ئەگەری زەرەرمەند بوونیان زۆرترە.

وەک باسکرا هەلومەرجێکی نوێی هاتوەتە ئاراوە، ئەم هەلومەرجە هیمەتی دەوێ، و دەبێ حیزبەکانی رۆژهەڵات بێ تەعاروف و رودەربایسی، هەموو خۆبەزل زانین، خود مێحوەری و سێکتاریزمێک وەلاوە نێن و ئەگەر ناتوانن بەرەیەک بۆ هیدایەتی هەرلومەرجی ئیمڕۆ پێک بێنن. با کومێتەیەکی هاوکاریی، بۆ نموونە “کۆمیتەی هاوبەشی هێزە کوردستانیەکان” پێک بێنن. پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە چەندین قازانجی هەیە.

 یەکەم، هێزەکان لە پرش و بڵاوی دێنەدەر.

دوەم، کۆمەڵانی خەڵک پێشوازیی لێدەکەن.

سێهەم، گوڕ و تین دەدا بە خەباتی خەڵک.

چووارەم، رێکخستنی خەباتی خەڵک ئاسانتر و رێکخراوتر دەکات.

ئاشکرایە بۆ پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە، دەبێ بە بێ جیاوازیی هەموو هێزێکی رۆژهەڵات تێدا بەشدار بێت (کۆمەڵەکان، دێموکراتەکان، خەباتەکان، پارتی ئازادیی و پەژاک).

بۆچێ هەموو حیزبەکان؟

ئاشکرایە گەر هەموو حیزبەکان لە ناوەندێک کۆ نەبنەوە، دیسان بشێوە و رەقابەت و تەنانەت شەڕی “بەش” دێتە ئاراوە و هاوکات خەلکیش (بە پێی لایەنگرانیان) دابەش دەبێت. کە ئەوە دەتوانێت زیان بە یەکگرتوویی خەڵک و خەباتەکەی بگەیەنێت..

هاوکات لەگەڵ پێکهاتنی ئەو کۆمیتە(یا هەرچی لەسەری رێکدەکەون)، دەبێ هەموو هێزەکان ئەوەی هێزی چەکداریان هەیە لە یەک ناوەندا دا سازماندەهی بکەن. کە دەکرێ ناوی “لەشکری رزگاریدەری کوردستان” یا هەر ناوێک کەلە سەری رێکدەکەون بێت. ئەم هەنگاوە، ئەو ئیمکانە دەدات کە لە نێوان هێزەکان گرژی و رەقابەت و … دروست نەبێت. هاوکات هەماهەنگی و کونتڕۆڵی وەزعەکە ئاسانتر و لە ئەگەری راپەرینی چەکدارانە، کورد بە کەمترین زیان دەتوانێ هەموو کوردستان کونتڕۆڵ بکاتەوە.

با هەر لێرەشدا ئیشارە بەوە بکەم کە لایەنێکی کۆمەڵە(باڵی عەبدوڵا موهتەدی) و لایەنێکی دێموکرات(باڵی مستەفا هێجری) لە پێوەند لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆ، راگەیەندراوێکی هاوبەشێان بڵاوکردوەتەوە. سەرەڕای ئەوە کە بە باوەڕی من ئەو ڕاگەیەندراوە یەکلایەنە و ناوەڕۆکێکی موحافەکارانەی هەیە، ئەو دوو لایەنە دەبێ بزانن هیچ لایەکیان نۆێنەری تەواو و کەماڵی کۆمەڵە یا دێموکرات نین. دیارە دەبێ ئەوەش بزانن کە ناتوانن لە هەر ئەگەرێکی گۆڕاندا هاوڕیانی پێشوویان(کە ئەوانیش خاوەن هێز و جەماوەرن) لەبەرچاو نەگرن. بۆیە هاوکاریی هەموو لایەنەکان و پێکەوە بوونیان ، هەم بە قازانجی خۆیان و هەم بە قازانجی گەلە.

بە کورتی ئەرکی ئێمە لەم کاتەدا ، گەیاندنی گەلەکەمانە بە ئامانجەکانی و بێگومان ئەوەش بە بێ رووخانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر نابێ. کە ئیستە باشترین بوار بۆ رووخانی رەخساوە. بە دڵنیاییەوە بە رووخانی دەسەڵاتی ئیسلامیی لە ئێران، ئیسلامی سیاسیی و تێرۆریسمی هەڵقوڵاو لە ئەو دیاردەیە لە ئاستی جیهانیدا تووشی داڕمان دەبێ و زۆرێک لە کێشە خۆجێی و ناوچەیی و جیهانیەکان چارەسەر دەبن.

 

ده‌رباره‌ خه‌لیل غه‌زه‌لی

Profile photo of خه‌لیل غه‌زه‌لی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

سۆری برا ئەرمەنیەكان، بابەتێک لەسەر شەراکەتی کورد لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا

عەلی مەحمود محەمەد كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە …

لە دەرەوەی یەکیەتیی نەتەوەییدا کورد و کوردستان دەفەوتێن

بۆ ڕای گشتیی کوردستانیی بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز لە هەر کوێیەک هەیە بەڕێزان، ژنان و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز