سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ١٩

یادداشت بەشی ١٩

دووشەممە، ٥/٦/٢٠١٧

لە نیوەی دووهەمی مانگی ڕابردوودا دوو مۆرەی گرنگی سیاسی، گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستانیان بەجێ هێشت. ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستای نەمر عەزیز محەممەد ڕاگەیێنرا و ١٢ ڕۆژ پێشتریش کاک نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەزیز محەممەد هەموو تەمەنی خۆی سەرفی خزمەت بە چەوساوەکان کرد و یەک لەو سێ کوردە بوو کە خەڵاتی لێنینیان پێ بەخشرابوو (لاهووتی کرماشانی، حەیدەر عەلییۆفی سەرەک کۆماری پێشووی ئازەربایجان کە بە ڕەچەڵەک کورد بوو و مامۆستا عەزیز محەممەد). بە داخەوە بنکە هەواڵدەرییەکانی ناوخۆ هەواڵی مردنی مامۆستا تەنیا لە ماوەی ڕۆژێک و دوانی یەکەمدا بڵاو کردەوە و ئیتر بێدەنگییان لێ هێنا، ئەوە بۆ کەسایەتییەکی مەزن و شوێندانەر وەک ئەو لە شوێنی خۆیدا نەبوو و نیشانەی بێ میهرییەکی زۆری بە سەرەوە بوو.

لەو ماوە کەمەشدا، هەندێک لەو کەسانە وا هەوالەکەیان ڕادەگەیاند، کەسایەتی مامۆستایان بە حزبی شیوعی عیراق و سیاسەتەکانی سۆڤیەتی پێشووەوە دەبەستەوە کە کارێکی بەجێ بوو و دەبوایە وا بێت لەبەر ئەوەی ژیانی سیاسیی مامۆستا لە کار و کردەوەی حزبی شیوعی عیراقیدا خولاسە دەبووەوە. بەڵام سەمەرە ئەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا کەس باسێکی ئەوتۆی لە سیاسەتەکانی کۆمەڵەی مارکسی- لێنینی کوردستان و چالاکییەکانی دەیان ساڵەی نەکرد، کە ئەو بەرپرسی یەکەمی بوو. باسی کۆمەڵە هیچ، دوور و نزیک تەنانەت ناوێکیش لە مائۆئیزم و هەڵەوپەڵەکانی نەکرا و پۆل پۆت و کامبوجیا و کاری هاوشێوەی ئەوان لە کوردستان، بەچاوی کەسدا نەدرایەوە.

من ناڵێم دەبوایە ئەوە بکرایەت لەبەر ئەوەی لە سەرەخۆشی و پەیامی دوای مردندا هەمووان هەوڵ دەدەن دەست نیشانی کردەوە چاکەکانی کەسی کۆچکردوو بکەن و هەڵەوپەڵە بهێڵنەوە بۆ دەرفەتەکانی دواڕۆژ. بەڵام ئەوەی پێم سەیرە ئەو یەک بان و دوو هەواییەیە. بۆچی ئەو نەریتە بۆ یەکێک ڕاستە و بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بۆ یەکی دیکە لە هەمان وڵات و هەمان مانگدا هەڵەیە و نابێ بکرێت! ئایا گۆڕەپانی سیاسەتی کاڵ و کرچی کورد ئەوەمان پێدەکات یان ئێستاش ڕۆحی مائۆ بە ژوور سەری حزبە کوردییەکانەوە دەگەڕێت؟

چوارشەممە، ٧/٦/٢٠١٧

هەواڵی دوو هێرشەکەی ئەمڕۆی ناو شاری تاران گەلێک ناخۆش بوو. باوەکوو دوژمنێکی کورد هێرشی کردبووە سەر دوژمنێکی دیکەی کورد، بەڵام ئەو تیڕۆڕە کوێرە و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان، نە جێگەی پەسندە و نەهیچی بۆ کورد تێدایە. ڕەشکوژی هەرکەسێک بیکات، مەحکوومە!

وێدەچێ ئەمجارەش کورد بە ساویلکەیی کەوتبێتە داوێکەوە کە ئەنجامەکانی جێی نیگەرانین. ئێران لە پیلان دەگەڕێت دژ بە کوردستانی باشوور، چ لە ڕێگەی جاشەکانی حەشدی شەعبییەوە بێت و چ ڕاستەوخۆ. دەبێ هەموولایەک وشیاربین و بیانوویەکی وایان نەدەین بە دەستەوە کە شان بەشانی ئەردوغان و عەبادی پیلانێکمان بۆ بنێنەوە و هێرشێکمان بکەنە سەر. ئەوە کارێکی دوور لە چاوەڕوانی نییە. سەلەفییەکانی کوردستان ڕاستەوخۆش نەبێت، ناڕاستەوخۆ دەسنێژی مەلاکانی ئێرانن و ساڵانێکی زۆرە کاریان لەسەر دەکەن و لە داوێنی خۆیاندا پەروەردەیان دەکەن بۆ ئەوەی بیانکەنە مڵۆزمی بیری نەتەوەیی و پێشکەوتنخواز.

ڕووداوەکەی تاران خستمیە بیری ئەو دەمەی وا دوو لاوی کورد لە ساڵی ١٩٦٨ یان ٦٩دا، بە لاسایی کردنەوەی فەلەستینییەکان فڕۆکەیەکی عیراقییان ڕفاند و بە حیسابی کێشە و نێوان ناخۆشییئ عیراق لەگەڵ ئێران، هێنایانە تاران. حکوومەتی شا دەست بەجێ گرتنی و لە ماوەی چەند ڕۆژدا هەردوکیانی ئیعدام کرد. لەبیرمە ناوی یەکیان ئەنوەر بوو، بەڵام نەمزانی سەر بە چ حزب و لایەنێک بوون لەبەر ئەوەی باشووری کوردستانیش بێدەنگی لێکردن و تەنانەت ئێستاش کەس ناویان ناهێنێت.

ڕووداوی ئەمجارەش لە ناوەرۆکدا زۆر جیاواز نییە لە ڕووداوی ئەو ساڵە و ئەگەر هەوالەکان ڕاست بن، لای کەم پێج کورد بوونەتە قوربانیی گەمژەییەک. ئەودەم دوو کوردەکە بە ساویلکەیی کەوتبوونە شوێن سیاسەتی باوی ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئێستاش وێدەچێ هەر وا بێت بەڵام بە بەرگێکی ئایینییەوە! ئەو کارانە کورد ناگەیێننە هیچ شوێنێک. کەم و زۆر هەموو وڵاتانی جیهان، بە ئەمریکاوە، ڕووداوەکەیان مەحکووم کرد و ئەوە ڕاستەوخۆ مەحکووم کردنی داعیشە بەڵام ناڕاستەوخۆ کوردیش دەگرێتەوە. ئەگەر وشیار نەبین، واهەیە دوای نیشتنەوەی تەپ وتۆزی ڕووداوەکە تێبگەین چ زیانێکی گەورەمان لێ کەوتووە.

لەو ناوەدا، یەک شت بۆ من ڕوون نییە، ئەویش ئەو پرسەیە کە  ئایا کوردە داعیشە کووژراوەکان ڕاستەوخۆ گەیشتوونەتە بەهەشتی خوا و ئێستا لەوێ دەستەملانی ٧٢ فریشتەی باڵا بەرز بوون یان نا؟ کەس هەیە هەواڵەکەم بۆ پشتڕاست بکاتەوە؟

پێنج شەممە. ٨/٦/٢٠١٧

لە یادداشتەکانی دووسێ هەفتە پێشتردا گوتم مەلاکانی ئێران کارێکی زۆریان بۆ نیفاق خستنە ناو خۆشک و برایانی کاکەیی لە باشووری کوردستان کردووە. وا هەواڵی ئەوە دەگات کە بە کاکەیی نەوەستاون و لە ناو موسوڵمانانیشدا کاری تەبلیغییان کەم نەبووە. بەگوێرەی هەوالێک، کابرایەکی خەیاڵاوی لە سەنگەسەر ماوەیەکە خۆی لە کوردی هەژار کردۆتە محەممەدی مەهدی و بەتەمایە خوا بیەوێت یان نەیەوێت، ئەم خۆی چارەسەری کێشەکانی سەرتاسەری جیهان بکات؛ لە ئەمریکا عەقڵ بدات بە تڕامپ، بریتانیا بگەڕێنێتەوە باوەشی ئوروپا، بۆمبای ئەتۆمیی لە دەست کۆریای باکوور دەربێنێت و مەلاکانی ئێرانیش بگەڕێنێتەوە سەر مینبەرەکانیان لە قوم و مەشهەد!

  • باشە، ئەو برادەرەمان ئەو خەباتە مەزنە جیهانییە بە چ هێزێکەوە دەکات؟
  • جا قابیلە؟ ئەی داعیش و تاڵەبان بە کەڵکی چی دێن ئەگەر نەکەونە شوێنی و خورماکەی نەخۆن؟
  • خۆ ئەگەر وابێت، سەنگەسەر دەبێتە پایتەختی هەموو جیهان و لە عەڕش و قوڕشەوە ئینس و جان ڕوو دەکەنە کوردستان، یووئێن و مووئێنیش نامێنن و حکوومەتی هەرێم دەبێتە حکوومەتێکی جیهانی!
  • پیرۆز بێ ئەو دەسکەوتە!
  • هەڵپەڕن خەڵکی کۆستە!

 

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

رۆمانی دۆن کیشۆت و کاراکترەکانی

لە ڕۆمانی دۆن کیشۆت، کێشەیەکی فکری نێوان دۆن کیشۆت و سانچۆ ( دوو کاراکتری سەرەکیی …

وتوێژ له‌ گه‌ڵ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور سه‌باره‌ت به‌ ژێنۆساید

سازدانى:على محمود محمد گه‌ڕان به‌ دوای حه‌قیقه‌ته‌ مێژووییه‌كان و نه‌ترسان له‌ وتنی  ڕاستییه‌كان ئه‌ركی ڕۆشنبیرانه‌ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز