سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ١٨

یادداشت بەشی ١٨

یەکشەممە، ٢٨/٥/٢٠١٧

دوێشەو چوومە دیتنی بەرنامەیەکی مۆسیقای ئێرانییەکان لە ‘لۆگان هاڵ’ی لەندەن. ئۆڕکێسترای فیلارمونیکی ڕۆژهەڵاتی پاریس بە هاوکاریی گرووپی کۆرسی ‘بەهار’ بەرنامەیەکی خۆشیان پێک هێنابوو کە حەزت دەکرد دەیان سەعات دابنیشی و گوێیان بۆ ڕابگری.

کۆنداکتر واتە بەڕێوەبەری ئۆڕکێستراکە، هونەرمەندێکی ئێرانبییە بە ناوی ‘ئارەش فولادوەند’ کە من بە حیسابی ناسناوەکەی لام وایە دەبێ بە بنەچەک کورد و خەڵکی ناوچەی کرماشان بێت. فولادوەند هاوڕێ لەگەڵ هەوادانەری میوان ‘میهردادی بەران’ چەند هەوای کۆن و نوێی فارسییان پێشکەش کرد  کە تایبەتمەندیی بەشێکیان ڕێک خستنەوە و سازدانەوەی نوێی هەوا کۆنەکان بوو بە شێوەیەک کە بتوانرێت بە ئامێری ئۆڕکێسترایەکی فیلارمونیکی ڕۆژئاوایی بەڕێوە ببرێت. ئۆڕکێستراکە لە شەش ویۆڵۆن، چوار کۆنترباس و پێنج ئامێری فوویی پێک هاتبوو و تاقە نیشانەی ئێرانی بوون بە سەریانەوە، ئامێری پڕکاشن بوو کە ژەنیارەکەی، هەم دمبەک و هەم دەفەی دەژەند. هێنانی دەفە بۆ ناو ئۆڕکێسترایەکی پاریسی، کارێکی داهێنەرانە بوو.

جیاوازیی کار و ستایلی کارەکانی دوو کۆنداکترەکە گەلێک ئاشکرا بوو و لەکاتێکدا تایبەتمەندیی کاری ‘فولادوەند’ نوێکردنەوەی هەوا کۆنەکان بوو، ‘بەران’ بەرهەمی نوێتری پێشکەش دەکرد و یەک لەوانە، هەوای “خون ارغوانها” بۆ شیعرێکی شاعیری شۆڕشگێڕ سەعید سوڵتانپور دانرابوو.

ئەم چەشنە کارە دەتوانرێت بۆ مۆسیقای کوردیش بکرێت و گەلێک هیوادارم ئۆڕکێسترای فیلارمونیکی کوردستان و موکریان لە سنە و سابڵاغ بتوانن لە لایەکەوە هەوا کۆنە کوردییەکان نوێ بکەنەوە و لە لایەکی دیکەوە ڕوویان لە داهاتوو بێت و ڕێگا بۆ ئەوە خۆش بکەن دەنگی مۆسیقاکەمان بە جل و بەرگی ئەمڕۆییەوە لە هۆڵە گەورەکانی جیهان بەرز بێتەوە. مۆسیقای کوردی، ئەگەر خاوەنی هەبێت، گەلێکی بە بەرەوەیە و شیاویی هونەریی بۆ ئەو بە جیهانی بوونە هەیە بە مەرجێک لە زەلی فۆلکلۆر بێتە دەرەوە و لە هەوای تازە دا هەوا هەڵمژێت.

دوو شەممە، ٢٩/٥/٢٠١٧

وتارێکی فارسی کاک ڕەحمان حوسەین زادەم لە ماڵپەڕی فارسیی “اخبار روز” دا خوێندەوە و پشتمی پێ لەرزی. نووسەر هێرشی کردبووە سەر کۆمەڵە و پێنج حزبی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆبوونەوەیان لە هەولێر بۆ پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو و بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی ئێران. ئەوەی کەسانێک دژ بە سیاسەتی حزبەکان بوەستن و ڕەخنەیان لێبگرن، لە بارودۆخی دیموکراتیدا، شتێکی ئاساییە و ئاشکرایە دەبێ ئازادیی ئەوە هەبێت کە هەموان بتوانن ڕا و بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان بێ پەردە دەرببڕن.

بەڵام ئەوەی سەمەرە بوو توند وتیژی هێرشکاری نووسەر بوو دەرحەق بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان شەش حزبی ئوپۆایسیۆنی. ئەو هەڵوێستە سەیرە خستمیە بیری چەپ ئاژۆییەکانی خۆم لە ڕابردوودا؛ منیش چل ساڵێک پێش ێستا بەرانبەر بە هێڵی سیاسیی ناحەزی خۆم ئاوا هەڵوێستم دەگرت و بەناوی پێشکەوتنخوازی و مارکسیزمەوە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردم مەحکووم دەکرد. تەنانەت کاتێ لە ساڵی ١٣٦٠ دا ماوەی ١٠ ڕۆژێک لە تاران گیرام بە هەمان هەڵوێستەوە وەڵامی پرسیاری ‘بازجو’ەکانم دەدایەوە و حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕم بە ‘دژی شۆڕش’ ناو دەبرد و مەحکوومم دەکردن. ئەوە هەڵوێستی ئەودەمی ڕێکخراوەکەم بوو و بەداخەوە منی ساویلکەی لەگوێی گادا نووستوو بەبێ هەڵسەنگاندنی شەخسی دووپاتم دەکردوەوە.

ئێستا کە بیر لەو سەردەمانە دەکەمەوە، عارەقی شەرم بە ڕوخسارمدا دێتە خوارەوە و نامەوێ بۆ ئەو هەڵە گەورەیەی کردوومە، خۆم ببەخشم. ڕەنگە نووسەری وتارەکەش چل ساڵی دیکە وەک ئێستای من پەی بە هەڵەی ئەمڕۆی ببات، بەڵام بە داخەوە ئەودەم درەنگ دەبێت و گەڕانەوە بۆ ئەمڕۆ نەگونجاو. وڵاتەکەمان ئەوەندەی لە دەست دوژمن دەیخوات دوو هێندە لە دەست دۆست. کوردستان چاوی لە ڕۆلەکانیەتی و دوای ئەو هەموو شکست و هەرەسەی تووشی هاتووە، چیتر بەرگەی هەڵەی ڕۆژبەڕۆژی ڕۆڵەکانی ناگرێت. سەد مخابن بۆ ئەو بێ ئەزموونیانە و داخ و حەسرەت بۆ نەبوونی دڵسۆزی و خەمخۆریی نیشتمانی.

پێنج شەممە، ١/٦/٢٠١٧

لە ئەفغانستان گۆڤارێکی تایبەت بە ژنان چاپ بووە کە بە گوێرەی هەواڵی بی بی سی، ناوی “گلارە”ی کوردیی لەسەر دانراوە. بەرهەمهێنەرانی گۆڤارەکە گوتوویانە ئەو ناوە کوردییە ئیلهامی لە کچانی خەباتکاری کورد لەعیراق وەرگرتووە کە دژ بە داعیش شەڕ دەکەن”.

شانازی دەکەم کە پەیامی قارەمانانی کۆبانێ و شنگاڵ گەیشتۆتە گوێی جیهانییان و ئێمە ئەمڕۆ دەنگدانەوەی لە ئەفغانستانەوە دەبیسین، با ئەردۆغان و حکوومەتەکەی لە گەرووی چەپەڵی گورگە بۆرەکانەوە بلوورێنن و ببۆڕێنن.

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بە مەرگی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، بزووتنەوەی چەپ یەکێک لە ئەمەگناسانی خۆی لەدەدا

ماڵپەڕی هەڵوێست رۆژی شەمە ٢٤ی مانگی جون(ژوئەن)، تێکۆشەری  زمانناس، بیرمەندی چەپ، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە …

یادێک لە شاعیری شۆڕشگێڕ سەعیدی سوڵتانپوور

دوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی ١٩٥٢ی زاینی–ئەمریکایی-ئینگلیزیی ، شا- زاهیدی و ئیعدامی دەیان رۆڵەی شۆڕشگێڕ و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز