سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / یادداشت بەشی ١٦

یادداشت بەشی ١٦

دوو شەممە، ١٥/٥/٢٠١٧

ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕێزدار ‘محەممەد سدیق کەبوودوەند’ ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری بواری مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئازاد کرا و دڵی هەموو کوردێکی پێ گەشایەوە.

کەبوودوەند نموونەی هەرە باشی بێ تاوانیی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و تاوانباریی سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.  کەسێک کە لە بواری پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤدا خەباتی کردووە و دوور ونزیک بەلای کاری چەکدارانە و هەوڵی ڕووخاندنی ڕێژیمدا نەڕۆیشتووە، ماوەی١٠ ساڵی ڕەبەق لە خراپترین بارودۆخی زیندانەکانی ئێراندا دەست بەسەر بووە و پشووی ئاسایی زیندانیانی بۆ سەردانی کەس وکاریش، لێ یاساخ کراوە. ئەوەش لە کاتێکدا کە خۆی نەخۆشە و منداڵی نەخۆشی هەیە. ئێستاش کە ماوەی زیندانی کەبوودوەند کۆتایی هاتووە، تۆمەتێکی داتاشراوی دیکەیان داوەتە پاڵی بۆ ئەوەی لە دەرەوەی زیندان ئاسایشی نەبێت و خۆی و کەس و کاری و هەموو دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لەژێر شمشیری دادگایی کردن و دەستبەسەریی دووبارەی ئەو ڕۆڵە قارەمانەدا بژین.

مافیای مەلاکانی ئێران لە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر مافە تاکەکەسییەکانی مرۆڤ ڕوو وەرناگێڕن و بە تایبەت لە کوردستاندا جینایەتی وا دەکەن کە هەرگیز ئیسڕائیل دژ بە فەلەستینییەکان نەیکردووە؛ ئەوە تەنیا یەکیانە.

کاکە سەدیقی خۆشەویستی هەموولایەک، ڕۆژی ئازادییە سەرفرازانەکەت پیرۆز بێت! ئیرادەی لەبن نەهاتووی تۆ لە بەرانبەر ئەو هەموو بێعەداڵەتییەی مجێورەکانی مزگەوتی ئیسلام دەرحەق بە خۆت و بنەماڵە بەڕێزەکەت کردیان، هەموو گەلی کوردی ڕووسوور و ڕووی دووژمنەکانتی لەوەش کە بوو، ڕەشتر کرد. ئێمە هەروەها سەری تەعزیم لە بەرانبەر خاتوو پەرینازی هاوسەر و کوڕە خۆشەویستەکەت دادەنەوێنین کە لەو ماوەیەدا ڕەنجێکیان کێشا فەرهاد نەیکێشا بێت. ئەوانیش هەرکام سەربازێکی وونی نیشتمانەکەمانن.

چوار شەممە، ١٧/٥/٢٠١٧

هیندوشاهی نەخجەوانی

کوردێکی زۆر لە شار وناوچەی نەخجەوان دەژیان و دەژین کە عەلیۆف سەرەک کۆماری پێشووی کۆماری ئازەربایجان و ئەندامی بیورۆی سیاسی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، یەک لەوان بوو. ئیلهام عەلیۆف سەرەک کۆماری ئێستای کۆماری ئازەربایجانیش کۆڕی عەلیۆف و بە ڕەچەڵەک لە کوردانی نەخجەوانە.

“شمس الدین محمد کوڕی فخرالدین هندوشاه ناسراو بە شەمسی مونشی”، نووسەرێکی فارسی نووسی سەدەی هەشتەمی کۆچی و خەڵکی نەخجەوانە. هیندوشاه کتێبێکی بۆ تەواوکردنی کتێبی “لغت فرس” اسدی طوسی  داناوە کە تەرخانی ساغکردنەوەی زمانی “طوایف فرس” کراوە و لە شاری تەورێز نووسیویەتی.

تۆ بڵێی هیندوشاه کوردێکی فارسی نووس نەبووبێت؟ بەڵگەیەکم بۆ کوردبوونی ئەو کەسایەتییە نییە، وەک بۆ نەبوونەکەشی جگە لە فارسی نووسین هیچ  بە دەست کەسەوە نییە. بەڵام ئەو فارسی نووسینە کردەوەیەکی گشتی بووە لەناو گەلانی ناوچەکەدا و ئێستا زیاد لە دە ساڵە کۆماری ئازەربایجان خەریکە ناوی کەسایەتی ئەدەبیی فارسی نووسی کۆن کە خەڵکی یەک لە شارەکانی ئێستای کۆماری ئازەربایجان بووبێتن، بە ناوی کەسایەتی خۆیانەوە لای ڕێکخراوەی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار دەکات. ماوەیەک لەمەوپێش نیزامی گەنجەوییان تۆمار کرد کە هیچ نەبێت دایکی کورد بوو، ئێستا خەریکی تۆمار کردنی ناوی مەستوورەی گەنجەوی و خاقانی شیروانین و بۆ چەسپاندنی هەڵوێستی خۆیان شیعری ئەو شاعیرانەیان لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر تورکی ئازەربایجانی و چاپیان کردوون، هەروەها لێرە ولەوێ بە تایبەت لە ئوروپا کۆنسێرتی هونەری بۆ ناساندنیان بەڕێوە دەبەن.

من ناڵێم ئەوان کارێکی خراپیان کردووە. هەموو میللەتێک خەمی خۆی و مێژوو و هونەر و ئەدەبی خۆی دەخوات و ئەوەش مافی قانوونییەتی. بەڵام ئێمە بۆ وا ناکەین؟ ئەی ئێمە هەر لێبگەڕێین دراوسێکانمان یەک یەک ئەو کەسایەتییە مێژووییانە بکەنە هی خۆیان و کورد بە دیاریانەوە دانیشێت و ئاخ هەڵکێشێت؟ ئەوە زوڵمێکە لە مێژووی خۆمانی دەکەین. کێ بەرپرسی ئەو کارانەیە؟ وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێم؟ ئەکادێمیای کوردی لە هەولێر؟ کەسێک دەبێ وەڵامدەر بێت.

هیندوشاه تەنیا یەک لەو هەزاران هونەرمەندەیە کە دەبێ کورد سەرەتا هەوڵی پێناسە کردن ئینجا ناساندنی بدات. ئەوە فەردێک شیعری هیندوشاهە کە تێیدا باسی دەستگاه یان مەقامات و نەغمەکانی مۆسیقایی کردووە و من لە ئینترنێتم وەرگرتووە:

“نەوا و ڕاست حوسەینی و ڕاهەوی و عیراق                                                                                          حیجاز و زەنگولە و بوسەلیک با عوششاق”

پێنج شەممە، ١٨/٥/٢٠١٧

سبەینێ هەڵبژاردنی سەرەک کۆمارە لە ئێران. لام وایە هەڵوێستی حزبە کوردییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنێک کە هیچی بۆ کورد تێدا نەبێت، لە شوێنی خۆیدایە.

نە ڕیشی قوم، نە کاشان

لەعنەت لە هەردوو ڕیشان!

ده‌رباره‌ ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

Profile photo of ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

رۆمانی دۆن کیشۆت و کاراکترەکانی

لە ڕۆمانی دۆن کیشۆت، کێشەیەکی فکری نێوان دۆن کیشۆت و سانچۆ ( دوو کاراکتری سەرەکیی …

وتوێژ له‌ گه‌ڵ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور سه‌باره‌ت به‌ ژێنۆساید

سازدانى:على محمود محمد گه‌ڕان به‌ دوای حه‌قیقه‌ته‌ مێژووییه‌كان و نه‌ترسان له‌ وتنی  ڕاستییه‌كان ئه‌ركی ڕۆشنبیرانه‌ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز