سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / کۆنفدرالیزمی رۆژهەڵاتی کوردستان

کۆنفدرالیزمی رۆژهەڵاتی کوردستان

یەکێک لە تەجروبە تاڵەکانی تێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبونی کۆدەنگی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی بووە. بێگومان جیاوازی بیرو و بۆچون و هەبونی چەند حیزبی، مەودای دیموکراتی و هەڵبژاردن و پێشخستنی جیاوازیەکان لە کۆمەڵگادا فراوانتر دەکاتەوە.

کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانا لە قوناخی خەباتی ئازادی و ناسنامەیی دایە و ئەوەی کە گرینگی ئەم خەباتە دەسنیشان دەکات پێویستی هاوخەباتی و یەکگرتنە.

دوای ڕوخانی حکومەتی پاشایەتی لە ئێرانا، رۆژهەڵاتی کوردستان شانسی باشی هەبوو کە بتوانێ لانیکەمی داواکانی بجەسپێنێ. ڕاستە گەلی کورد سەرهەڵدانی هەبوو، خەباتی چەکداری هەبووە و چەند حیزب لە گوڕەپانی خەباتا هەبوون و ئەندامەکانی ئەو حیزبانە لە بوارەکانی جیاوازی خەباتا فیداکاریان هەبوو، بەڵام ئەنجامی ئەو هەموو فیداکاری و قوربانیدانانە تەنیا پاشەکشە و لێکدابڕان و دوور کەوتنەوە لە شوێنی خەبات و تێکۆشان بووە و هیچ پێشکەوتنێكی مسەوەگەر نەکردوە.

سەرەکییترین هۆکاری ئەو پاشەکشەیە هەبونی چەند هێزی چەکدار بووە کە وایکردوە حیزبەکان لە جیاتی ململانێی سیاسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و رێزگرتن لە بنەما دیموکراتیەکان و گرینگیدان بە هەل و مەرجی مەجود و تێگەیشتن لە ڕەوتی ڕوداوەکان و خۆڕیکخستن بۆ بەرەنگار بونەوەی داگیرکەران، هەوڵی خوسەپاندن و بەگژ یەکترا چونیان داوە و ئەوەش لە هەموو شەڕەکانی نێوان ئەو لایەنانەدا بە زەقی دیارە و زەرەرەکەشی جێگای قەرەبوو کردنەوە نیە و نابێ  مەگەر ئەوەی ئەو لایەنانە بە خۆیانا بچنەوە و ڕابووردی پڕ لە هەڵە و پەڵەی خۆیان بدەنە بەر رەخنەی دروست و بە جێ و رەتی بکەنەوە و گرینگی بە قوناغی ئێستای خەبات و تێکۆشان بدەن و شیکردنەوە و پێداچونەوەیان بە رابووردودا هەبێ و ئیستا وەک خۆی ببینن و داهاتوو بە گرینگ بزانن.

هەبونی چەند هێزی چەکدار لە هەر شوێنکا ئەویش هێزی چەکداری پەروەردە نەکراو و ڕانەهاتوو بە بنەماکانی بەرپرسیارەتی و دیموکراسی و قەبوڵکردنی دەنگ و ڕەنگی جیاواز، وەک نارنجوکێکی زامن کێشراو وایە کە بە یەک جوڵەی هەڵە بتەقێتەوە و خەسارێکی گەورە پێک بێێ.

هەر چۆنێک بێ رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازاری وەرچەرخانێکی گەورەوە ئەناڵێنی، ئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕوانیەت،  و یان ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەبەری روداندایە گرێدراوی ئەو ڕوداوە گرینگانەیە لە 2003 بەملاوە لە رۆژهەڵاتی ناوینا بەردەوامە و قوناخ بە قوناخ دەچێتە پێش و سکێنەکانی ئەو گوڕانکاریانە ئەوە ندە خێرا ئەگوڕدرێن کە مروڤ مەودای بیرکردنەوەی لە بەشێکیان نەبێ یان بە تێگەیشتنی سست لە ڕوداوەکاندا لە وردکردنەوەیانا وەدوا بکەوێ و توشی پەراوێز کەوتن ببێ.

ئەوەی زور جێگەی سەرەنجە ئەوەیە حیزبە کلاسیکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە پەراوێزدان و لە قەیرانی دەسەڵاتخۆازی بچوکدان. ئەو حیزبانەی کە لە جیاتی خۆ بەهێز کردن هەروا لێک جیادەبنەوە و ئەوجا پێکەوە بە لاوازی دادەنیشن و بڕیار ئەدەن و قسە دەکەن بە بێ ئەوەی کەس دەنگیان ببیسی یان کەس حیسابیان بۆ بکات بەڵام ئەوان بۆخۆیان بەو بچوکیەشەوە هێشتا لە خەونی ئاڵۆزی گەورەبوندان و بێ پلان و بەرنامە و بیرکردنەوە و وردکردنەوە نە یەکتریان قەبوڵە و نە گرینگی بەو هەموو وەرچەرخانانە دەدەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان ویستگەی هەرە گرینگی گوڕانکاریەکانی داهاتویە لە ئێرانا بەڵام ئەگەر کورد تەجروبەی 1979 دوبارە بکایەوە ئەوا تەنیا پەراویزخراوێکی بەکار هاتوو دەبێ و لە ئەنجامیشا دەستی لە بنی هەمانەکەوە دێتە دەرێ.

دیارە ئیستە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا وەک جوگرافیایەکی بەرتەسکی خەباتی سەربازی نیە بەڵکو خاوەن کۆمەڵیک تایبەتمەندی گرینگە و یەک لەوانە هێزیکی بە هێزی ڕوشنبیریە لە بواری پەورەدە و فکر و بیرکرندەوەدا و ژمارەی هەرە زوری کۆمەڵگا لە گەنجان پێک دێ کە بیرەوەری مێژووی دەیەیەکی 70 و 80 و تەنانەت 90 یان نیە و زیاتر چاوکراوەی قوناخی دوای 2000ن و ئەوەش وایکردوە کە زورتر گرینگی بە فکر و ڕامان و بەرنامە و پروژەی واقعی بدەن هەتا بە ڕابوردوی پڕ لە سەروەری سەربازی.

هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە لە مەدوایەکی چەند ساڵەدا یان لەوانەشە خێراتر لەوەی کە بە بیری ئێمەدا بێت شەپۆلی ڕوداوەکان ئێرانیش بگرێتەوە،  ڵە حاڵەتێکی وادا بونی چەند حیزب کە لێک جیابونەوەتەوە و هەرکامە باسکی خۆی بە هێزی چەکدار بە ڕوی ئەوی دیدا نیشان ئەدات، رۆژهەڵاتی کوردستان ڕوبەڕوی کارەساتی گەورەی خۆکۆژی  نێوانیان بکەنەوە و گەورەترین قەیرانی مێژووی لە دەڤەرکانی بن کۆنتروڵی خۆیانا بخوڵقێنن.

کەوا بو باشترین رێگەچارە ئەوەیە حیزبەکان هێزە چەکدارەکانیان یەک بخەن و هێزێکی نەتەوەیان لێ پێک بێنن و حیزبەکانیش بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد کار و خەباتی خۆیان بکەن، هێزی سەربازی ئەمن و ئاسایش پێک بێنی و حێزبەکان کۆمەڵگا رێکبخەن و ڕونکردنەوەی ئازادیان هەبێ و بەرنامەی خۆیان بخەنە ڕوو و ئەوجا خەڵک حیزبێک هەڵبژێرێ و لە بەردەم یاسای سەروەری یەکسانا هەموو لایەنەکان ڕیز لە ئیرادەی هەڵبژاردن بگرن  و ئەوجا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەنگی کۆمەڵگا مسەوەگەر بکەن.

ئیستە لە رۆژهەڵاتی کوردستانا تاقە هێز کە بە بەردەوامی لە ناوخوی وەڵاتایە و خاوەن تەجروبەی شەرێکی بەرفراوانی سەربازیە و کادرە سەربازیەکانی بە قۆناخی شەڕی چەکداری دژی داگیرکەرانی تورک و تێروریستەکانی داعەشدا تێپەڕیون، یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان(یە رە کە) یە. دیارە هێزەکانی یەرەکە باشترین پەوەرەدەیان دیوە و ئامادەیی پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەیەکانیان هەیە و ئەگەر دان و ساندنی بە جێ و باش لە نێوان حیزبەکانا هەبێ ئەوا ئاسویەکی رونتر چاوەڕوانی رۆژهەڵاتی وەلات دەکات.

ئەکرێ بە بێ دەمرگرژی هەموو لایەنەکان  یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک خۆی ببینن و ئەوجا بۆ ئەوە پێکدادانە سەربازیەکانی نێوبەری چەکداری حیزبەکان کەم بکەینەوە باشترە هیچ حیزبێک چەکداری خۆی نەبێ و لە  ناوەندێکی هاوبەشدا کۆبنەوە. رنگە زەحمەت بێ باسی ئەوە بکەین هەموو حیزبەکان هێزی چەکداری خۆیان تێکەڵ بە یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن بەڵام دەکرێ پێشنیاری ئەوە بکەین کە هەموو لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکی لەشکری هاوبەش پێک بێنن و ئەوجا ئەو ناوەندە لەشکریە لەگەل یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانا پێک بێن و فەرماندەیەکی هاوبەش دامەزرێنن و ئەوجا خۆیان بۆ پاراستنی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان وەک لەشکری پاراستنی نەتەوەیی ئامادە بەکەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان ئەتوانی خۆی بۆ بە کانتۆن بون ئامادە بکات و هەر دەڤەرە و بە تایبەیمەندی خۆیەوە خۆی بەڕیوەبەری و ئەوەش هەژمونی حیزبەکان کەمدەکاتەوە و لە لایەکیترەوە گیانی بەرپرسیاری هەموو کۆمەڵگا بە ناوچە و تایبەتمەندی جیاوازەوە بەهێزتر دەکات.

ئێمە ئەتوانین کانتونی ئیلام، کرماشان، هەورامان، ئەردەڵان، موکریان و ورمێمان هەبێ. هاوکات کە هەموو ئاین و نەتەوە جیاوازەکان مافیان پارێزراو دەبی، تەوانایەکانی کۆمەڵگا زیاتر و بەرپرسیارەتی تاکەکان گەشە دەکا و ئەوجا کانتۆنەکان هەوڵی خۆ بەهێزکردن لە بوارەکان گەشەی ئابوری، کۆمەڵایەتی و روشبیریدا ئەدەن و هەموو کانتونەکان لە بن بەڕیوەبەری کۆنفدرالیزمی رۆژهەڵاتی کوردستانا دەبن و کۆنفدرالیزمی رۆژهەڵاتی کوردستانیش خاوەن هێزی پاراستن و سیستمی داد و ئابوری هاوبەشە کە کانتونەکان بە شێوەی ئازاد و دیموکرات هاوکار و پاڵپشتی یەکتر دەبن.

20170604

ده‌رباره‌ هیوا گوڵموحه‌مه‌دی

Profile photo of هیوا گوڵموحه‌مه‌دی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بە مەرگی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، بزووتنەوەی چەپ یەکێک لە ئەمەگناسانی خۆی لەدەدا

ماڵپەڕی هەڵوێست رۆژی شەمە ٢٤ی مانگی جون(ژوئەن)، تێکۆشەری  زمانناس، بیرمەندی چەپ، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە …

یادێک لە شاعیری شۆڕشگێڕ سەعیدی سوڵتانپوور

دوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی ١٩٥٢ی زاینی–ئەمریکایی-ئینگلیزیی ، شا- زاهیدی و ئیعدامی دەیان رۆڵەی شۆڕشگێڕ و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز