سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / چاپەمەنی لە کۆماری ئیسلامی دا

چاپەمەنی لە کۆماری ئیسلامی دا

هاشم کەریمی

لە کۆماری ئیسلامی دا بواری چاپی کتێب بەرفراوانە، هەرچەند زۆربەی زۆری کتێبەکان لە بواری ئاینی بەتایبەت مەزهەبی شیعەدان. دیارە زۆربەی ئەوکتێبانەش کە بۆنی رۆشنبیریان لێ بێ، وەبەر تیغی سانسۆر دەکەون.

لە ساڵی  ٢٠١٦ی زاینی دا کتێبێک بە ناوی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران چاپ بووە کە بە رواڵەت ناوی نووسەرەکە  “محمود نادری”یە و گوایە “مؤسسەی مطالعات و پژوهشهای سیاسی” چاپی کردووە، بەڵام کەسێک کە شارەزای سیاسەتە پڕ لە درۆ و دەلەسکانی کۆماری ئیسلامی بێ، دەزانێ کە “مەحموود نادری” هەر بوونی نییە و ئەگەریش هەبێ کەسێکی هاوکار یا کارمەندی دەزگای ئیتیلاعاتی کۆماری ئیسلامییە. بێگومان بنکەیەکی تۆژینەوە کە لە ژیر چاوەدێریی ئیتیلاعات دایە و بە ئیمکاناتێکی زۆرەوە ئەم کتێبەی چاپ کردووە.

سەرچاوەی زانیارەکانی ئەم کتێبە بریتیە لە: ئەو بەڵگانەی کە لە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا وەدستیان کەوتووە، پەروەندەی ساواک کە دوای رووخانی رێژیمی حەمەرەزا شا دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەو زانیاریانەی کە لە هێندێک لەو کەسانەی کە ئوپۆزسیۆن بوون یان لە بزووتنەوە ی کوردستاندا بوون وخۆیان تەسلیم کردۆتەوە و خۆڕاگر نەبوون وەدەستیان هێناوە، گۆڤار و رۆژنامەکانی حیزبی دیمۆکڕات، کۆمەڵە، چریکەکان، موجاهیدین، حیزبی توودە، رۆژنامەکانی ئیتیلاعات، کەیهان، ئینقلابی ئیسلامی، جمهوری ئیسلامی ؛ کتێبی هێندیک لە نووسەرانی کورد و ئێرانی و بیانی لە سەر کوردستان و کۆماری کوردستان و حیزبی دیموکڕات و بزووتنەرەی کوردستان و زۆر شتی دیکە …

لێرەدا هەڵەکان بە تایبەت لەسەرژیانی کەسایەتیەکان و شتی لەم بابەتانە باس ناکەم ، و ئەو بەشە دەهێڵمەوە بۆ ئەو کەسانەی کە وەک من کاتی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن و کتێبەکە دەخوێننەوە! مەبەستم لێرەدا بیرو بۆچوونی نووسەر یان نووسەرانی کتێبەکەیە کە بێگومان بیرو بۆچوونی کۆماری ئیسلامییە. نووسەر یان نووسەران لە پێوەندی حیزبی دیموکڕات و بزووتنەوەی کوردستان لە لایەک و، کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، وا پیشانی خوێنەر دەدەن کە کۆماری ئیسلامی فریشتەیە و حیزبی دیموکڕات و بزووتنەوەی کوردستان شەیتانن. لەم پێوەندیەدا نووسەر یان نووسەران مافی خۆیانە وا پیشان بدەن، چونکە وەک پەندی کوردی دەڵێ: “کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە”. بەڵام سەیر لەوەدایە کە تەنانەت لە پێوەندیی حیزبی دیموکڕات و رژیمی پاشایەتی دا دەماری شوینیزمی ئێرانی شێعی نووسەر یان نووسەران ئەوەندە  بە هێزە کە هەر حیزبی دیموکڕات و کۆماری کوردستان شەیتانن و رژیمی پاشایەتی فریشتەیە.

جا ئێستا کە باسی شوینیزمی ئێرانی شێعی کۆماری ئیسلامی هاتە گۆڕێ، پێم چاکە بازێک بدەم بۆ هەڵبژاردنەکانی دەورەی دوازدەهەمی سەروک کۆماری ئێران .هەموو  دەزانین کە لە ریژیمی دیکتاتۆڕیدا پرکردنی سندووقەکانی دەنگدان چۆنە. نموونەیەکی پچووک لەو هەڵبژاردنانە، دەنگدان (رێفراندۆم)ێک بوو بۆ بە ناو “شۆڕشی سپی شا” لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی(١٩٦٢ی زاینی) بەڕیوەچوو. من ئەو کات خۆم مامۆستای قوتابخانە بووم، کە فەرماندار و سەرۆکی فەرهەنگ مامۆستاکانیان بانگ دەکرد و هەرکام بە پێی گەورەیی و بچووکیی گوندەکان لە سەد تا هەزار بەرگی دەنگدانیان دەدانێ و دەیانگوت: هەر چەند ناوی راستەقینە هەبوو بینووسن و باقی دیکەش بەناوی خوازراوەوە برێژنە ناو سندووقەکانەوە”. دیارە هیندێک مامۆستا هەبوون مەترسییان بۆ خۆیان دەکڕی و ئەوساختەکاریەیان جێ بە جێ نەدەکرد.  باسی ئەوەش ناکەم کە جوتیاران زۆربەیان رەفراندومەکەیان پێخۆش بوو و پییان وابوو بەشێک لە زەویەکانی خۆیان بۆ دەگێڕدرێتەوە .لەبەرئەوە دەنگی ئەرێنییان دەدا. بەڵام لە شارەکاندا وانەبوو. دوایی کە دەنگەکان بژیردران، پیموایە ژمارەیەکی پترلە نەوەد لەسەدا بە قازانجی ریژیم بوو. سەدام حوسینیش پێش رووخانی لە هەڵبژاردنێکدا پتر لە نەوەد لەسەدی دەنگەکانی هینایەوە. هەر بۆیە لە ڕاستیدا ئەوانەش کە لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی دا دەنگ دەدەن، یان مووچەخۆرانی حکوومەتن و لە ترسی نانبڕان دەنگ دەدەن یان ئەو خەڵکانەن کە  بوونی خۆیان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن کە بێگومان کەمیش نین.

دەنگدان لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکا و کانادا و ئوسترالیا جیاوازی هەیە . لەو کاتەوەی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەرکار پتر لە دوو سێ میلیۆن خەڵکی ئێران  روویان لەم وڵاتانە کردووە. ئەوانە دابەش دەکرێن بە دوودەستە.

بەشی یەکەم کە زۆرایەتین کەسانێکن کە تەنیا بۆ ژیانێکی باشتر روویان لە هەندەران کردووە و بۆ ساتێکیش لە گەڵ ئەو ریژیمە بەربەرکانێیان نەکردووە. بەڵام کاتێک کە خۆیان بە ئیدارەی پەنابەری ناساندووە ،گوتوویانە کە ئێمە لە چنگی ریژیمێکی شەیتانی و مڕۆڤکوژ رامانکردووە و گیانمان لە مەترسیدا بووە و دواییش نامەی پشتراستکردنەوەیان (تائیدیە) لە حیزب و رێکخراوێکی ئوپۆزسیۆن وەرگرتووە و بوونەتە “پەنابەری سیاسی” و دوای چەند ساڵ بوونەتە هاووڵاتی (سیتیزین) و ئەمجار بیری نیشتمان کەوتۆتە کەلەیان! و ساڵانە بۆ پشوودان بۆ ماوەیەک روو دەکەنەوە وڵات. جا ریزە درێژەکەی بەردەمی باڵوێزخانە و کونسولگەریەکان بۆ دەنگدان ئەو بەڕیزانە بوون.

دەستەیەکی تر بۆ ماوەیەک لە ریزی حیزب و رێکخراوەکانی ئوپۆزسیۆن دا خەباتیان کردووە و دووایی بە هۆی گیرو گرفتی بنەماڵەیی یان شتی تر روویان لە هەندران کردوە. سەیر لەوە دایە کە زۆر لەمانە رەنگە شتیکیان بیستووە لە بابەت گۆڕانی کۆماری ئیسلامیەوە و ئێمە مانان نەمانزانیوە، کە لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن و سایتەکانی ئینتیرنیتی و فەیسبووکەوە بانگەوازیان دەکرد و خەڵکیان هان دەدا کە فریاکەون و دەنگ بدەن بە کۆماری ئیسلامی، با لە خێروبەرەکەتی  دەنگدان بێبەش نەبن!

کورتی بکەمەوە، دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی‌دا بەم هەلومەرجەی ئێستاوە(هەبوونی یاسای بنەڕەتی کە پڕە لە هەڵاواردن و تەبعیز، بوونی ویلایەتی فەقیە، مێژوویەک جەنایەت، بەرەسمی کردنی خورافە و خورافەپەرستی، سەرکوت و ئیعدام و … ) هیچ کاریگەرییەکی بە قازانجی خەڵک لێناکەوێتەوە . مەبەستی سەرەکیی حکوومەت لە هەڵبژاردن بە دەنگیکی زۆرەوە ئەوەیە کە  دەیەوێت بۆ بیروڕای دەروەوە و زلهێزەکان مانۆڕی پێندات و ئیدیعای مەشروع بوونی خۆی بکات. بۆیە ئەوانەی کە ئاگاهانە(نەک لە رووی ئیجبار یا ترس لە نان بڕێن) دەنگ بە حکوومەتێکی وا دەدەن، ئاخۆ لە ویژدانی خۆیاندا چ بەخۆیان دەڵێن.

ده‌رباره‌ هاشم کەریمی

Profile photo of هاشم کەریمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

رۆمانی دۆن کیشۆت و کاراکترەکانی

لە ڕۆمانی دۆن کیشۆت، کێشەیەکی فکری نێوان دۆن کیشۆت و سانچۆ ( دوو کاراکتری سەرەکیی …

وتوێژ له‌ گه‌ڵ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور سه‌باره‌ت به‌ ژێنۆساید

سازدانى:على محمود محمد گه‌ڕان به‌ دوای حه‌قیقه‌ته‌ مێژووییه‌كان و نه‌ترسان له‌ وتنی  ڕاستییه‌كان ئه‌ركی ڕۆشنبیرانه‌ …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز