سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / وتووێژی جوامێر مارابی له‌گه‌ڵ رۆژنامەوان خه‌لیل غه‌زەڵی بەشی یەکەم

وتووێژی جوامێر مارابی له‌گه‌ڵ رۆژنامەوان خه‌لیل غه‌زەڵی بەشی یەکەم

پێشەکی:

ئه‌م وتووێژه‌‌ ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ پێش بۆ سایتێكی دیكه‌ كه‌ قه‌رار بوو ده‌ست به‌كار بكات ئاماده‌ كرابوو، بەداخەوە بەهۆی هێندێک رووداوی پێشبینی نەکراو، ئه‌و سایته‌ هه‌تا ئێستاش ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی نه‌كردوه‌.

لە لایەکەوە من وتووێژەکەم لەگەڵ کاک خەلیل ئەنجامدابوو، لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوە وتووێژەکە پێوەندیی بە کیشەکانی رۆژەوە هەبوو، بەهۆی تێپەر بوونی رەمان، تۆزی کۆنەبوون لە لێکدانەوەکان(بەرۆژ نەبوونی تەحلیلەکان) دەنیشت. بۆیە بە راوێژ لەگەڵ کاک خەلیل ، بەباشم زانی له‌ سایتی هه‌ڵوێست بڵاوی بكه‌مه‌وه‌. شایانی باسه‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی دیكه‌شم ئەنجامداوە،‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ ده‌رفه‌تی گونجاودا بڵاویان بكه‌مه‌وه‌.

پێویستە ئیشارە بەوەش بکەم له‌به‌ر دور و درێژی ئەم وتووێژە، پێم باش بوو له‌ چه‌ند به‌شدا بڵاو بکرێتەوە‌. فەرموون ئەوە بەشی یەکەم لە وتووێژی من لەگەڵ کاک خەلیل.

له‌گه‌ڵ رێزمدا

جوامێر

به‌ڕیز كاك خه‌لیل، خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕیزت چییه بۆ بارودۆخی سیاسی  ئێستای جیهان و چ هه‌ڵسه‌ندنێكتان بۆی هه‌یه‌؟

پێشەکی سپاسی ئێوە دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەتان. پێمخۆشە سەرەتا ئەوە دەسنیشان بکەم کە رەنگە هێندێک جار لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا، بۆ تەوزێحی رووداو یا مەسەلەیەک ناچار بم بچمە پەراوێزەوە. ئامانجی من لەو پەڕاوێز چوونە ئەوەیە کە تا ئەو جێگە توانم دەست دەدا، مەبەست و روانگەی خۆم راشکاوانە لەمەر پرسیارەکانی ئێوە و ئەو پرسانەی کە دێنە ناو باسەکەوە دەربڕم.

دیارە باسکردن و شرۆڤەی باردودۆخی سیاسیی جیهان بەو شێوە نی‌یە کە من یا هەر کەسێکی دیکە بتوانین لە چەند رەستە دا باسی بکەین. لەبەر ئەوە تێکچراویی و ئاڵۆزییەکان بە رادەیەکن، گەر بمانەوی زۆر بە کورتیش ئیشارەیان پێ بکەین، کاتێکی زۆر دەگرێ. هۆکارەکەشی ئەوەیە لەم سەردەمە، کە بە سەردەمی “جیهانیبوون” پێناسە دەکرێ، هەموو رووداو و کیشە و ئاڵۆزیی و کێشمانکێشێک بە شێوەیەک پێکەوە گرێ دەخۆن. بۆ نموونە: گەر بمانەوێ باسی سیاسەتی حکوومەتی ئیران لە “عەرسە”ی جیهانی دا بکەین، ناتوانین باسی دەوری ئامریکا لەو سیاسەتەدا، باسی رۆڵی هەلپەرستانەی رووسیە و پوتین و چین، باسی بزووتنەوە ئیسلامی‌یەکان هەر لە ئەندونزیا، تا ئافریقا و ئوروپا، باسی ولاتانی ئامریکای لاتین و شێوە دەسەڵاتەکەیان، کیشەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست و… نەکەین. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەرکام لەو باسانە خۆی پێویستییان بە راوەستان و شرۆڤەی تایبەتە. بۆیە من لە وەلامی پرسیارەکەتاندا بە کورتی دەڵێم جیهانی ئەمڕۆ لە شەڕیکی جیهانی (بە سەبک و سیاقێکی نوێ)دایە. شەڕێک کە بەگۆرانی هەلومەرج و هاتنە ئارای “جیهانیبوون”، ئەویش رەنگ و روخسارێکی نٶێی گرتوەتە خۆی. شەرێک کە دەکرێ بە چەشنێک بە “شەری جیهانی سێهەم”ی بزانین ، بەڵام بە جیاوازیی “چەندایەتی” و “چۆنایەتیی” لەگەڵ دوو شەڕی جیهانی پێشوو.

لەم شەڕەدا ئیتر وەک رابردوو” دوو جەمسەر” لەبەرابەر یەکدا ریزیان نەبەستوە، وەک دوو شەڕەکەی پێشوو، کە “موتەحدین” و “موتەفقین” لەبەرابەر یەکدا وەستان و بەسەرکەوتنی لایەنێک شەڕەکە کۆتایی دەهات و سەرمایەداری دەکەوتە دابەشکردنی میراتی شەڕ. لەم شەڕەدا، شەڕیکی گەورە کە هەموو ولاتان بە هێزی سەربازیانەوە تێوە گلابن بەدی ناکرێت. بەڵکوو ئێمە هاوکات چەندین شەڕی ناوچەیی دەبینین، کە لە راستیدا هەموو وڵاتانی جیهان بەشێوەیەک تێوە گلاون. بەو جیاوازییەوە کە بەرژەوەندیەکان بەپێی هەلومەرج و ناوچە دەگۆڕدرێن. واتە بەرژەوەندیەکان “یەکدەست” و “نەگۆڕ” نین. ئەگەرچی لە هەر کێشەیەکی ناوچەییدا دوو لایەن بوونیان هەیە و هەرکام هەوڵی زاڵ بوون یا سەرکەوتن بەسەر ئەولاکەی دیکەدا دەدات، بەڵام مەرج نی‌یە لە هەموو کێشەکاندا ریزبەستەکە وەک یەک بێت. بۆ نموونە  لە شەڕی نێوان دوو بەرەی “عوسمانی و سەفەوی” دا، کە لایەنێکی لە تورکیە، عەرەبستان ، قەتەر و… پێک هاتوە و لایەنی سەفەویش بە رێبەریی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و بەشداریی شیعەکانی عیراق(کە ئیستە لەو وڵاتە دەسەڵاتیان بەدەستە)، لوبنان و لەم دوایان “حوسی‌”یەکانی یەمەن، ئامریکا و رۆژ ئاوا ڕاشکاوانە پشتی لایەنی عوسمانیان گرتوە و دژی ئێران و “قەمەر”ـەکانی راوەستاون. بەڵام هەر لەو کاتەدا کە “داعەش” بەشێکی زۆر لە عیراق داگیر دەکات، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران (کە ئیستە ئیتر عیراقی پاش سەدام بە خاکی خۆی دەزانێ و دەسەڵاتیشی لەسەر دەڕوات) وەک درێژەی شەڕی “سونی مەزهەبەکان”(بۆیە دەڵێم شەڕی سونی مەزهەبەکان، چوونکە ئەو حکوومەتە دژی وەحشیگەرییەکانی داعەش نی‌یە و خۆی ٣٦ ساڵ پێش –لانی کەم بە کوشتاری بێڕەحمانەی گەلی کورد-  ئەو خووی وەحشیگەریی و جەنایەتکاریەی داعەشی نیشان داوە و لە کردەوەدا لەگەڵ داعەش وەک دوو برای هاوپشت وان)، دژی داعەش ڕاشکاوانە هێز دەنێرێتە عیراق. هاوکات ئامریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئورووپا، کە دەبینین بەرژەوەندیەکانیان لە عیراق لە لایەن داعەشەوە کەوتوەتە مەترسی‌یەوە ، بێ ڕاگەیاندان و لە ژێرەوە، لەگەڵ ئێران دەچنە هاوپەیمانیەوە و لە ئاست خۆتێهەڵقوتانەکانی ئێران لە عیراق( تا ئەو ئاستە کە سەروەریی و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەچیتە ژێر پرسیارەوە) خۆیان گێل دەکەن و بە کردەوە لەم کەیسەدا دەبنە هاوپەیمان.

بەگشتی وا بەدی دەکرێ کە ولاتانی رۆژئاوا تا ئەو جێگەی بۆیان دەست بدات، لە خۆتێهەڵقوتانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە شەڕە ناوچەییەکاندا خۆ دەبوێرن و هەوڵ دەدەن بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەل لایەنەکانی شەڕ، بەرژەوەندیەکانیان ببەنە پێش، بۆ ئەم کارەش فرەتر لە تێکنۆلۆژیی و فرۆکەی پێشکەوتوو(ىێ سەرنشین)، کەڵکوەردەگرن. ئیمڕۆکە ئەم شێوە شەرانە، بە “Proxy war” واتە شەری “نیابەتی”(بەوەکالەت) ناویان دەرکردوە. کە نموونەی سەرەکیی ئەو شەڕەیە کە ئێستا لە سووریە لە ئارادایە و بەکردەوە گشت جیهان بەشێوەیەک تیوە گلاوە.

بۆ ئەو خۆبواردنەی ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە شەڕی راستەوخۆ و تیوە نەگلانی سەرباز و هێزی چەکدار، تەوزیحی من ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژئاوایی لە لایەکەوە لە ترسی بردنەوەی تەرمی سەربازی کوژراو و ئیعترازیی ناوخۆیی وڵاتانی خۆیان و سەرهەلدانی جموجۆڵی ئیعترازیی بەرین، ئەم سیاسەتە رەچاو دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ، هەلومەرجی ئیمڕۆ ئیتر وەڵامدەری شیوە شەڕی چەند دەیە پێش نی‌یە.ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی لەڕادەبەدەری تێکنۆلۆژی کە رێسمەکەی لە دەستی وڵاتانی زل هیز دەرچوە.

ئەڵبەت لێرەدا ئیشارە بەو ڕاستی‌یە پێویستە کە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی، باسی مافەکانی شاروەندی لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری دێتە رۆژەڤەوە و ناوەندەکانی مەدەنی چالاکانە دێنە مەیدان. دیارە پاش سەرهەڵدانەکانی یەکی مانگی مای ١٩٦٨ی خوێندکارانی فەرانسە و تەشەنه‌ی ئەو راپەرینە بەتەواوی وڵاتانی ئورووپادا (کە بە شۆڕش پێناسەکرا)،لە ئورووپا سەردەمێکی نوی هاتە ئاراوە کە بەرهەمەکەی “دەوڵەتەکانی رێفاە” بوو. ئەگەرچی سەرمایەداری لە دەستکەوتی “دەوڵەتانی رێفاە” بۆ لێدانی سۆڤیەت کەڵکی وەردەگرت، بەڵام هەر لەو سەردەمەوە تا هاتوە فەرهەنگ و تێگەیشتنی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە روو لە گەشە بوە و تا ئەو ئاستە کە دێموکراسیەکی سەقامگیریان (بەتەواوی کەم و کووریەکانیەوە) جیگیر کردوە، تا ئەو ڕادە کە دەسەڵاتداران لانیکەم هەر چەند ساڵ(بە زۆری چوار ساڵ) بە جیدیی پێویستیان بە دەنگی خەڵکە. بۆیە زۆرجار ناچار بە گوێگرتن لە خەڵک دەبن کە گرینگترینی، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆیە لە شەڕ. هەر بۆیەش دەبینین لە یەک دوو دەیەی رابردوودا ولاتانی ئورووپایی (ئامریکاشی لەگەڵ بێت) تا ئەو جێگەی بۆیان کراوە لە تێوەردانی سەرباز و هێزی چەکدار بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە شەرەکاندا “موحتات” و خویان بواردوە.

دیارە من ئەوە بە، لەهێز بوونی “ناوەندەکانی مەدەنی”دا دەبینم؛ کە بەراستی لە رێکخستن و هیدایەتی کۆمەڵگە دەوریان هەیە. ئەگەر لەبیرمان بێت، لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی ئامریکا لە “ڤیەتنام”، ئیعترازیی جەماوەری و نافەرمانیی مەدەنی(وەک خۆ بواردن لە چوون بۆ سەربازی، یا هەڵاتن لە سەربازی) دەورێکی گرینگی لە “رێکەوتنی پاریس” و کۆتایی هاتنی شەر گیرا. کە گەورەترین “شکستی نیزامی و سیاسی” بەسەر ئامریکادا سەپاند. پاش شەری کەنداو و “سەرکەوتنی تێکنۆلۆژیی بەسەر هێزی چەکداردا”، ئامریکا جارێکی دیکە حەرەکەتێکی چەکداریی بەڕیوەبرد(داگیر کردنی عیراق)، بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاماری کوژراوان، دیسان تەسلیمی حەرەکەتە ئیعترازییەکانی ناوخۆ و نافەرمانیەکانی ریزەکانی سپا بوو. کە ئیستا ئەنجامی ئەو  بێ سیاسەتی و نەبوونی ستراتێژییەکی روون و کونکرێتی ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکەدا. بۆ نموونە  سیاسەتکارانی ئامریکا ددان بەوەدا دەنین کە لە بەرابەری شه‌ڕ لە سووریە و سەرهەلدانی داعەش ئامریکا هێشتا خاوەن سیاسەت و ستراتژیەکی دیاریکراو نی‌یە.

بەوەی لە سەرەوە  باسەم کرد، من لەو باوەڕەدام کە زل هێزەکان(بێجگە لە وڵاتی رووس و چین کە کۆمەلگەی مەدەنی و مافی شارەوەندی لایان بایەخی نی‌یە) ئێستا ئیتر زۆرتر حەزیان لەوەیە “بەدەستی خەڵکی دیکە مار بگرن”. هەر ئەوەشە کە دەبینین لەم سەردەمەدا شەڕی بەرژەوەندیەکان بە زۆری “شەڕی بەوەکالەت”ن. واته‌ وڵاتان تا ئەو جێگەی بۆیان بکرێ لە هێزێکی لاوەکی پشتیوانی دەکەن یا باشترە بڵێم بە هەزار تان و پۆ بەخۆیانیەوە وابەستە دەکەن و سیاسەتەکانی خۆیان بەوان دەبەنە پێش. بۆ نموونە ئێران لەبەر چاو بگەرین، لە عیراق حەشدی شەعبی و بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی شیعە بەڕیوەبەری سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتەن. لە باشووڕ “یەکێتی نیشتمانی” راست و رەوان و بێ شاردنەوە بەشێکە لە ئاجندای ئێران لەو بەشەی کوردستان. لە لوبنان حیزبولای هەیە کە لە ئاست ئەو وڵاتەدا دا هێزێکی گەوەرەیە، لە سووریە، جیا لەوەی “سەر و ماڵی” لەپشت ئەسەد راوەستاوە، لە ناو لایەنەکانی شەڕدا هاودەستی خۆی پەیدا کردوە کە تا رادەیەک دەبێ ئیشارە بە رۆژئاوا و پارتی پ.ی.د بکەم کە لە راستیدا دەسەڵاتی ئەو بەشەی بەدەستەوە.

ئەوەی لەسەر ئیران باسم کرد، بۆ ولاتانی دیکەش هەر بەو شێوەیە. واتا هەرکام بەشێوەیەک لە شەرە ناوچەییەکاندا یا لایەنێکی چەکداری خۆی پێکهیناوە، یا لەگەڵ دەستە و گروپیکی چەکداری دیکە چوەتە ‌ئێئتلافی رانەگەیەندراو بەڵام دیارەوە. هەر لە ئامریکاوە بگرە، تا تورکیە، سعوودی، رووسیە، چین ، تەنانەت ژاپۆن و ئوسترالیا.

کۆتایی بەشی

ده‌رباره‌ خه‌لیل غه‌زه‌لی

Profile photo of خه‌لیل غه‌زه‌لی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بە مەرگی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، بزووتنەوەی چەپ یەکێک لە ئەمەگناسانی خۆی لەدەدا

ماڵپەڕی هەڵوێست رۆژی شەمە ٢٤ی مانگی جون(ژوئەن)، تێکۆشەری  زمانناس، بیرمەندی چەپ، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە …

یادێک لە شاعیری شۆڕشگێڕ سەعیدی سوڵتانپوور

دوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی ١٩٥٢ی زاینی–ئەمریکایی-ئینگلیزیی ، شا- زاهیدی و ئیعدامی دەیان رۆڵەی شۆڕشگێڕ و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز