سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / هەنگاوێکی پێویست بەرەو یەکیەتییەکی نەتەوەیی پتەوتر و کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بەهێز

هەنگاوێکی پێویست بەرەو یەکیەتییەکی نەتەوەیی پتەوتر و کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بەهێز

ئەم ساڵانەی رابردوو، بەتایبەتیی پەیدابوونی داعش و دڕندەتربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستانی ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددیتر کردووەتەوە.

ساڵانێک لە مێژوودا وا بوون کە دەوڵەتەکانی داگیرکەر لە سەر کوردستان بە هۆی بەرسنووربوونی توانای تەکنیکیی و سەربازییان نەدەگەیشتنە قووڵاییەکانی کوردستان و هەبوونی تانک و زرێپۆش و تۆپی دوورهاوێژ هێندە بالانسی شەڕیان دژ بە کورد نە دەگۆڕی، ئەوڕۆ بە هۆی پێشکەوتنی تەکنیک و توانای سەربازیی و داراییەوە ئەوا ئەو دەەوڵەتانە دەتوانن لە ماوەی کورتدا دەستبەجێ بگەنە قووڵایی لەوەپێش پەی پێنەبردراوی کوردستان. بەو شێوەیەش توانیوویانە شەڕی داگیرکەریی و کۆنەپەرستانەی خۆیان دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ ئاستی زیاتر لە زەرەرگەیاندن ببەن.

ئەو دەوڵەتانە هەروەها سەرەڕای ململانێی ناوخۆ و ناکۆکیی مەزهەبیی نێوانیان هەمیشە هەر توانیوویانە لە سەر دژایەتیکردنی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان ڕێک بکەون، زانیاریی سەربازیی بگۆڕنەوە، لە ڕاوەدوونانی کورداندا ڕێگا بە یەک بدەن بچنە ناو قووڵایی  سنووری نێودەوڵەتیی یەکتر، لە شەڕی سیکۆلۆژیی/ دەروونیی و پروپاگەندەییدا گەلەکۆمەکێ لە کورد بکەن، و لە دەرەوەی خاوەرمیانەیش  دۆستەهاوبەشەکانی دونیا لەگەڵ خۆیان دژ بە خەڵکی کوردستان بە کێش بکەن.

دەوڵەتانی وەکوو ئێران و تورکیا، بەتایبەتیی تورکیا، هەروەها وڵاتی نیمچەپیشاسازیی یان پیشەسازیی سووکن، بێ لە دروستکردن و سازکردنی پێداویستیی گشتیی هەروەها لە بواری سەربازییشدا زۆر هەوڵ دەدەن بچنە ئاستی خۆتێرکردن و خۆگەڕیی وا کە لانی کەم بتوانن بە تەقەمەنیی خۆیان شەڕ دژی کورد درێژە پێ بدەن. لە بارەی خۆتەیارکردنی سەربازییەوە تورکیا و ئێران بۆ سەر ئاییندەی کوردستان جێی مەترسیین.

هەرچۆنییەک لێی بڕووانین، خەباتی ئازادیخوازیی کورد لە ئان و ساتی ناسک و چارەنووسسازدایە. ئەرکی سەر شانی ئێمەی کوردستانیی هەر ئەوەندە نییە کە لە ڕووی سیاسییەوە وەڵام بە دڕندەیی و بە بێشارستانیبوون و بە پروپاگەندەی داگیرکەران بدەینەوە، یان لە ڕووی سەربازییشەوە ئەو ئامادەییەمان هەبێت کە بالانسی شەڕ بە زیانی ئێمە لاسەنگ نەبێت، بەڵکو ئێمە دەبێت سەرکەوتنمان بگەیەنینە دوند.

ئازایەتیی و نەبەردیی و هەستی شانازیی کوردستانیان سەرمایەیەکی گەورەوگرانە، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت وەڵام بداتەوە. وەڵامی سیاسیی ئەوڕۆیی و خۆئامادەکردنی جەنگاوەرانە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و مەسەلەی مان و نەمانە.

لەو بارەوە تەنها یەکیەتیی نەتەوەیی دەتوانێت وەڵام بداتەوە. بە یەکیەتیی نەتەوەیی ئێمە دەبین بە خاوەنی توانای جیاواز و بەو شیوەیە دەتوانین لە هەموو بارەیەکەوە وەڵامی دروستمان هەبێت.

کاتێک دەڵێین یەکیەتیی نەتەوەیی مەبەستمان لە یەکیەتیی حیزبگەل و ڕێکخراوگەل نییە، ئەوە بەشێکە لە یەکیەتیی نەتەوەیی. یەکیەتیی نەتەوەیی بریتییە لەوەی هەر کوردستانییەک خاکی کوردستان بە نیشتیمانیی خۆی بزانێت، ئەرکی سەرشانی خۆی لە تێکۆشانی ئازادیخوازییدا بەجێ بگەیەنێت، ئەگەر بڕیار دەدات لەو خەبات و تێکۆشانەدا بەشدار نەبێت ئەوا زیانی لێ نەدا و دژایەتیی نەکات، ڕێگا بە دیموکراسیی و جۆرەکانی ئازادیی بدات هەبن و پێشبکەون، هەوڵ بدات خەرمانێک لە سەر خاڵی هاوبەش کۆ بکاتەوە، ڕێز لە جیاوازیەکانی پێکهاتە کولتوریی و ئایینیی و مەزهەبیی و ئەتنیکییەکان بگرێت و بزانێت کە کوردستان بەو جیاوازیانەوە نیشتیمانی هەمووانە.

یەکیەتیی نەتەوەیی بە مانای یەکیەتیی لە نێوان پیاوانی کورددا نایەت. یەکیەتیی نەتەوەیی بریتییە لە یەکیەتیی نێوان ژنان و پیاوان، ڕێزگرتن و پاراستنی بەرابەریی و یەکسانیی ژنان و پیاوان، پاراستنی مافی کەمئەندامان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگادا بە هەڵە و سەهوو بە بچووکترین دادەنرێن.

یەکیەتیی نەتەوەیی بریتییە لە ڕێزگرتن لە ژینگەی کوردستان، لە پاراستنی بۆ نەوەکانی دیکە، لە خۆشکردن و باشکردنی بۆ نەوەکانی دیکە و بۆ ئەوانەی نایانناسین و نەمادیتوون.

یەکیەتیی نەتەوەیی بریتییە لەوەی کە کوردستانیان لە هاوهەستیی و هاوبەرپرسیاریی و هاوکاریی یەکتردا نیشتیمان بکەن بە جێگای پێشکەوتووخوازیی و خۆبەخشینی دڵخوازانە لە پێناوی مرۆڤایەتیەکی ئازاددا.

ئەمە وێنەیەکی رۆمانسیی شۆڕشگێڕانە و چاوەڕووانیی سەیر نییە، بەڵکو چاوەڕووانییەکی ئاساییە لەوانەی خۆیان بە مرۆڤی ئاسایی دەزانن و چاوەڕێی خزمەت و مافن.

بۆ ئەوەی یەکیەتیی نەتەوەییمان هەمیشە لە نوێبوونەوە و لە پێشکەوتندا بێت پێویستمان بە کۆنگرەیەکی نەتەوەییە، بە پارلەمانێکی باڵا، بە شورایەکی نیشتیمانییە. شێوە و ڕێکخستنی کۆنگرەی گەلانی دونیا جیاوازە و ئەوی کوردستانیش دەتوانێت بە شێوەیەکی وا ڕێک بخرێت کە لە قازانج و کەڵکی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێت. ئەو ˮکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک‟ ـەی ئێستا هەیە بە هیمەتی بەشدارانی کوردستانیی دامەزراوە. زۆرینەی ئەو هاوڕێیانە کە تێکەڵاون لە باشووریی و باکووریی و ڕۆژهەڵاتیی و ڕۆژئاوایی و خۆراسانیی و هتاد، لە یارسان و لە ئێزیدیی و لە کریستیان و لە جوو و زەردەشتیی و هتاد، کەسانی خۆبەخش و دڵسۆز و چالاکن، بەڵام بێگومان کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت گەورەتر و بەرفراوانتر و پسپۆڕانەتر و نوێنەرنوێنتر و نوێنەرگەراتر بێت.

ئەمە بەشێکە لە کولتوریی دیموکراتیک و هاوبەشیانە.

لە راستییدا ئەرکی سەرشانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەبا زیاتر لە سەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتیی، پێشخستنی کۆمەڵگای کوردستان، فەراهەمکردنی مافی ژنان و کەمئەندامان و ژینگە بووایە. بە داخەوە، لەبەر دۆخی خراپی ناوخۆی کوردان کە ئێستا جۆرێک لە ناتەبایی و پشت لەیەککردن لە ئارادایە، دەبێت بەشێکی زۆر لە وزە و کات و توانامان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و حیزب و رێکخراوەکان تەرخان بکەین.

لەبەرئەوە نزیکبوونەوەی لایەنەکان لە یەکتر، نزیککردنەوەیان لە یەکتر، بڵاوکردنەوەی پرینسیپی دیموکراسیی و پاراستنی مافی مرۆڤ و هاندان بۆ ئازادیخوازیی و پێشکەوتووخوازیی دەبێت ئەرکی سەرشانمان لە ئێستادا بێت. دەبێت پێکەوە بتوانین لە یەک سەنگەردا بەرامبەر بە داگیرکەران بووەستینەوە.

هیچ داگیرکەرێک دۆستی هیچ پارچەیەکی کوردستان نییە. ئەوانەی گۆش و پەروەردەی بیرێکی وا چەوتن، دەبن بە بەشێک لە سیستەمی داگیرکەریی.

سامانی کوردستان موڵکی هیچ تاکەکەس و خانەوادە و بنەماڵە و خێڵ و مەزهەبێک نییە.

هیچ کەسێک نۆکەر و کۆیلەی هیچ جۆرە دەسەڵاتێک لە کوردستان نییە و نابێت بەو شێوە بەرخورد بکرێت. مرۆڤەکان بە ئازادیی لە دایک دەبن و دەبێت بە رێز و خۆشەویستیی و تۆلەرانسەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە ئەوانەی لە دەسەڵات دان دەبێت لە سەر بناخەی ئەو ئازادیخوازیی و پێشکەوتووخوازییە بەرخورد بکەن. یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت دەسەڵاتێک کە نیشتیمانیی بێت دەبێت لە گەلەوە سەرچاوە بگرێت، دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی دەبێت دەستاودەست بکرێت، دەسەڵاتێکی وڵاتپارێز دەبێت لە پارلەمانەوە بە ئەمانەت بدرێت، دەسەڵاتی ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز دەبێت خزمەتکار بێت و دەست لە سەر سینگبوونی پێوە دیار بێت، دەبێت لە ئێستادا کەمتر پیاوسالارانە و زیاتر ژنانە بێت، دەبێت بە ڕوونیی دیار بێت کە لە بە ڕەنجی شانی خۆی و بە ئارەقی نێوچەوانی خۆی دەژی.

دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی ئەوەیە کە زمانی هەڕەشە نازانێت، کە زەبروزەنگ پیادە ناکات و کە لە سەر پەڕی باڵندەیەک خۆی سەغڵەت دەکات. دەسەڵاتێکی ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز ئەوەیە کە لە هەموو بارێکی کۆمەڵایەتیی، دارایی، ئایینیی، مەزهەبییەوە خۆی ڕووت دەکاتەوە.

یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت کە خەڵک بتوانن و بوێرن و بزانن ڕوو لە دادگاکان بکەن، داوای لێپرسینەوە و سزادان بکەن. یەکیەتیی نەتەوەیی بەو مانایە دێت هەموو تاکەکەسێک لە بەردەم یاسادا یەکسان بێت.

ئێمە کۆنگرەی نەتەوەییمان بۆ وەدیهێنانی ئەو جیهانبینییە دەوێت.

کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز دەبێت بەرەو ئەو دونیابینییە ڕێ بپێوێت.

ئەوە خەونی ڕەنگاورەنگی گیانبەختکردووانمانە!

با هەموومان بەرەو یەکیەتیی نەتەوەیی و دامەزراندنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کە شایستەی خەڵکی کوردستان بێت، تێ بکۆشین. ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکو ئامانجێکی سیاسییە کە پێکەوە دەتوانین بیهێنینە دی.

١٢/٦/٢٠١٧

ده‌رباره‌ رێبوار ره‌شید

Profile photo of رێبوار ره‌شید

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بە مەرگی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، بزووتنەوەی چەپ یەکێک لە ئەمەگناسانی خۆی لەدەدا

ماڵپەڕی هەڵوێست رۆژی شەمە ٢٤ی مانگی جون(ژوئەن)، تێکۆشەری  زمانناس، بیرمەندی چەپ، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە …

یادێک لە شاعیری شۆڕشگێڕ سەعیدی سوڵتانپوور

دوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی ١٩٥٢ی زاینی–ئەمریکایی-ئینگلیزیی ، شا- زاهیدی و ئیعدامی دەیان رۆڵەی شۆڕشگێڕ و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز