سه‌ره‌تا / بابه‌تی نوێ / قەیرانی ڕۆشنبیریی گشتی و سەرکردەیی

قەیرانی ڕۆشنبیریی گشتی و سەرکردەیی

شاسوار هەرشەمی

بوون بە سەرکردە، هەموو جارێک توانا و بەهرە نیە. هەر کاتێک بارودۆخێکی پێویست، لە شوێنێک بێتە کایەوە، ئەوانەی کە ناتوانن بارودۆخەکە پەسەند بکەن، سەرکردەیان لەناودا پەیدا دەبێت. مەرج نیە سەرکردە، هەموو مەرجەکانی سەرکردایەتی کردنیشی تێدا بێت. واتا هەلومەرجێکی تایبەت و باوەڕی کۆمەڵێک کەس، کەسێک دەکات بە سەرکردە، جا با نەخوێندەوار بێ، وەک لە بەشێک لە “سەرکردەکان”!!

هەر بەو پێیە، من لە خەمی ئەوە نیم، کە کاک نەوشیروان شوێنی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە. بێگومان گەر بارودۆخەکە ئاوا بەو شێوەیەی ئێستا، پڕاو پڕ بێت لە گەندەڵیی، دزیی، نادادپەروەریی، سەرکردەی دیکە دێنە پێش و کەلێن پڕ دەکەنەوە. گەر دۆخەکە خراپتر، یان باشتریش بێت، دیسان سەرکردەی پڕ بە پێستی دۆخی چاوەڕوانکراو دەردەکەون. بۆیە دڵنیام کە قەیرانی ڕێبەر و سەرکردەمان نابێت. دۆخ و هەلومەرجەکان، سەرکردە پەروەردە دەکەن.

ئەوەی خەمی منە، بەسەرچوونی ئەو دۆخە دەگمەنەیە، بۆ دروستبوونی ڕۆشنبیرێک، کە هاوشێوەی نەوشیروان و بەشێکی دی لە نەوەکانی سەردەمی ئەو، ڕۆشنبیریی وزانینێکی گشتیی بەرفراوانی هەبێت. ئەم جۆرە ڕۆشنبیرە، تەنیا بە خوێندنەوە و خۆ پەروەردەکردن، یان خوێندنی زانکۆیی و ئەکادیمی بوون، وەدینایەت. ئەوەی وەک نەوشیروان، خاوەنی ڕۆشنبیریەکی بنکە فراوان بێت، پێویستی بە ژینگەیەکی سەردەمانێکی زۆر دەگمەنی، ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو هەیە، کە ئیدی جارێکی دی، دووپات نابێتەوە و سەردەم و کاتی بۆ هەمیشە بەسەرچوو.

لەو سەردەمانەدا، گەنجێک دەیتوانی بچێتە خوێندنگا و فێری زانستە هاوچەرخەکان بێت، هاوکات تێکەڵیی لەگەڵ خوێندکارانی کلاسیکی حوجرە (مەلا، موستەعید و فەقێیان)یش دامەزرێنێت و لە ژیان و زانیاری و بابەتەکانی ئەوان، شارەزایی وەدەست بێنێت. هەروەک بارودۆخی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان، هەلی بۆ کەسانێکی دەگمەنی وەک نەوشیروان ڕەخساند، تا هەرچی لە خوێندن و ژیانی شار فێری بووە، بە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکی لادێکان، چ ئەوانەی هێشتا لە ژینگەی نەگۆڕ و سروشتیی لادێی دەژیان و چ ئەوانەش، کە لەو ژینگەوە هاتبوون و ببوونە پیشمەرگە، زانیاریەکانی پتر گەشە پێبدات. لە وردەکاریەکانی ئەدەبی زارەکی، داب و نەریت و ژیانی ڕۆژانەی لادێ ، جۆری ئاخاوتن و دەربڕینە زمانەوانیەکان و شێوازی دوان و… پتر قوڵ بێتەوە. هەموو ئەوانەش، بە زانینی چەندان زمانی گەورەی ناوچەکە و چەند زمانێکی گەورەتری جیهانی، ڕۆشنبیریەکی ناوازە بە کەسەکە دەدات. ئەمانە، هەر لە کاک نەوشیرواندا دەرنەکەوتوون، بەڵکو ژمارەیەکی دی زۆری ڕۆشنبیرانی پێش خۆی و هاوچەرخی ویش، لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان وا بوون.

ئەمڕۆ، سەردەمی شۆڕش و یاخیبوون و مانەوە لە لادێکان، کاتی بەسەرچووە. حوجرەی دەوڵەمەندی مەلای شارەزا و مەلای گەلێری، لەبابەتی خاوەنی (کەشتی نوح)، واتا نەجمەدین مەلاش، دروست نابێتەوە. هەروەک بوونی مۆبایل و پەیوەندی فراوان بە رایەڵی تۆڕی ئینتەرنێت و بوونی دەیان کەنالی تەلەفزیۆن و ڕادیۆیی، زەمینەیەکی دی تەواو جیاوازی ڕۆشنبیری هێناوەتە کایەوە، کە لە جاران ناکات. ئەم سەردەمە، سەردەمی تایبەتمەند بوونە، نەک وەک جاران گشتیی بوون. هەر کەسێک، لەو بوارانەدا کە خوێندویەتی، یان کاری تێدا کردووە، دەتوانێت ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات. واتا کەسانی وەک جاران، کە لە هەموو بوارە فراوانەکانی ڕۆشنبیریی گشتیی، کەمو زۆر شارەزاییان هەبوو، ئیدی بەرەو نەمان دەچن. بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو سەردەمە نوێیە، وەک چۆن عوسمان ناچار بوو بە تەدوین کردنی قورئان، ئێمەش دەبێت بە سود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا، هەرچی هەمانە، بە وێنە و نوسین و دەنگ و چی و چی، تۆماری بکەین، تا ببنە کەرەستەی خاوی کەسانی بواری خۆی.

دیارە ئەمە ڕەوتی ڕۆشنبیری ئێستای جیهانییەو هیچ کێشەیەکمان لەگەڵی نیە، بەڵام کۆمەڵگای ئێمە، لە بارێکدایە، کە ژینگەی ڕابردووی لێ وێران بووە، ژینگە جیهانیە بەدیهاتووەکە و ئاستی زانکۆکانمان بۆ پێگەیاندنی کەسانی تایبەتمەندیش، زۆر لە دوایە، بۆیە ترسی من ئەوەیە کە ڕۆشنبیرانی نەوەی دوای ئێمە، لە ڕووی چەندایەتیەوە، نەتوانن پەیامی ڕۆشنبیرانەی ئاست بەرز بپارێزن.

 

ده‌رباره‌ شاسوار هەرشەمی

Profile photo of شاسوار هەرشەمی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

بە مەرگی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، بزووتنەوەی چەپ یەکێک لە ئەمەگناسانی خۆی لەدەدا

ماڵپەڕی هەڵوێست رۆژی شەمە ٢٤ی مانگی جون(ژوئەن)، تێکۆشەری  زمانناس، بیرمەندی چەپ، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە …

یادێک لە شاعیری شۆڕشگێڕ سەعیدی سوڵتانپوور

دوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی ١٩٥٢ی زاینی–ئەمریکایی-ئینگلیزیی ، شا- زاهیدی و ئیعدامی دەیان رۆڵەی شۆڕشگێڕ و …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز