سه‌ره‌تا / توێژینه‌وه‌ / زاراوه‌ی سۆرانی له‌ ئه‌مڕۆدا بووه‌ته‌ زمانحاڵی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌

زاراوه‌ی سۆرانی له‌ ئه‌مڕۆدا بووه‌ته‌ زمانحاڵی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌

سازدانی‌ :ئاكۆ مه‌جید

ماوه‌یه‌كه‌ مشتومڕی‌ به‌ ستانداردكردنی‌ زمانی‌ كوردی‌ زۆرێك له‌ رۆشنبیران‌و پسپۆڕانی‌ زمانی‌ سه‌رقاڵكردووه‌‌و تا ئێستا زمانزانان كۆكنین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن‌و دیاریكردنی‌ شێوه‌زارێك بۆ زمانی‌ یه‌كگرتووی‌ كوردی‌، ئه‌وه‌بوو به‌م دواییه‌ دوای‌ واژۆكردنی‌ 53 ئه‌دیب‌و نووسه‌رو ئه‌كادیمیستی‌ كورد بۆ ستانده‌رایزه‌كردنی‌ زمانی‌ كوردی‌ كه‌ پێشكه‌شی‌ حكومه‌ت‌و پارته‌ سیاسییه‌كان‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستانیان كرد، له‌ نێوه‌ندی‌ زمانه‌وانیدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ دروستكرد كه‌ هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران‌و ئه‌دیبانی‌ هێنایه‌ گوفتار‌و رای‌ جیاوازی‌ له‌سه‌ر دروست بوو، هونه‌رمه‌ند ناسری‌ ره‌زازی‌، ئاشناو شاره‌زا به‌ زمانی‌ كوردی‌، سه‌باره‌ت به‌ ستانداردكردنی‌ زمانی‌ كوردی‌و  وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ د. ئه‌میری‌ حه‌سه‌ن پور، به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ رۆژنامه‌ ده‌داته‌وه.

رۆژنامه‌: كه‌مپه‌ینێك كه‌ واژۆی‌ 53 ئه‌دیب‌و نووسه‌رو ئه‌كادیمیستی‌ كوردی‌ له‌سه‌ر كرابوو له‌ 22ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵ‌ بۆ ستانده‌رایزه‌كردنی‌ زمانی‌ كوردی‌ پێشكه‌شی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان كرا به‌ مه‌به‌ستی‌ پته‌وكردن‌و به‌ فه‌رمی‌ ناساندنی‌ زمانێكی‌ یه‌كگرتوو، ئێوه‌ چ سه‌رنجێكتان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هه‌یه‌؟

·   كورد پاش خه‌بات‌و تێكۆشانێكی‌ زۆر یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژوودا هه‌لێكی وای‌ بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت كه‌ خۆی‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی‌ خۆی‌ بدات، له‌ كوردستانی‌ باشوور ئه‌گه‌ر به‌ نووسین‌و به‌ جێگه‌ گرتن‌و به‌ پێشینه‌ بێت، له‌ باری‌ مێژووییه‌وه‌ سۆرانی‌ ده‌مێكه‌ بووه‌ته‌ زمانی‌ ره‌سمی‌ ئه‌م به‌شه‌، واته‌ له‌ پێش دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ ئه‌م زمانه‌ بووه‌ته‌ زمانی‌ ره‌سمی‌ كورد له‌م پارچه‌یه‌، دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ هه‌بوونی‌ دوو نه‌ته‌وه‌ پێكهاتووه‌ (كوردو عه‌ره‌ب)، له‌ ساڵی‌ 1970ش له‌ (قانونی‌ لوغه‌ی‌ مه‌حه‌لی‌)دا هه‌ر سۆرانی‌ به‌ڕه‌سمی‌ ناسراوه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی‌ نه‌مر له‌ ئارادا بووه‌، زمانی‌ قوتابخانه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ شۆڕش‌و رادیۆو هه‌مووی‌ هه‌ر به‌ كوردی‌ بووه‌، به‌ تایبه‌ت زاراوه‌ی‌ سۆرانی‌، ئه‌م زاراوه‌یه‌ خاوه‌ن پێشینه‌یه‌كی‌ ئیداریی‌ كۆنه‌و مافی‌ خۆیه‌تی‌ به‌پێی‌ ئه‌و پێشینه‌یه‌ی‌ كه‌ بڕیویه‌تی‌، ببێت به‌ زمانی‌ ستاندارد له‌ كوردستانی‌ باشوور، به‌ڕه‌سمی‌ ناسین‌و به‌ فه‌رمیكردنی ئه‌م زمانه‌ش واته‌ زاراوه‌ی‌ سۆرانی‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت جێگیری‌ بكات، نه‌ك زۆرو گوشار.

رۆژنامه‌: ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ پارچه‌ پارچه‌ بوونی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و لاوازییه‌كانی‌ گوتارو بوونیادی‌ ناسیۆنالیستی‌ كوردی‌ به‌ نه‌بوونی‌ زمانێكی‌ ستاندارد ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م، ئه‌وان ده‌ڵێن زمانێكی ستاندارد كه‌ ببێته‌ زمانحاڵی‌ ره‌مزی‌ قه‌واره‌یی‌ كوردی‌ له‌مڕۆدا پێویسته‌، تۆ له‌سه‌ر ئه‌مه‌رات چییه‌؟

·   هه‌رچه‌نده‌ زمانی‌ كوردی‌ له‌ كوردستانی‌ باشوور كه‌ ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ دوو حیزبی‌ سه‌ره‌كیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هێشتا به‌ رێكوپێكی قاڵبی‌ نه‌به‌ستووه‌، هه‌رچه‌ند لیژنه‌یه‌ك نییه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ زمان، یان لانیكه‌م بۆ (راچاوكردن) كۆنترۆڵكردنی‌ زمانی‌ كوردی‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌ركه‌س به‌ كه‌یفی‌ خۆی‌ وشه‌ نه‌هێنێته‌ ناو ئه‌م زمانه‌ برینداره‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك‌و هه‌ر شارێك له‌ رۆژی‌ ئه‌مڕۆدا به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت‌و هه‌ر حیزبێك‌و هه‌ر رێكخراوێك‌و هه‌ر نووسه‌رێك به‌ مرخی‌ خۆی‌‌و به‌ ربه‌ی‌ خۆی‌ ده‌یپێوێت، به‌ڵام به‌ رای‌ من به‌م هه‌موو ناته‌واویی‌‌و كه‌موكوڕییانه‌وه‌ كه‌ ئه‌م زمانه‌ هه‌یه‌تی‌، سۆرانی‌ له‌ ئه‌مڕۆدا بووه‌ته‌ زمانحاڵی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كورد قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ دانپێدانراوی‌ نییه‌و بڕیاری‌ له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، بووه‌ته‌ زمانێكی‌ ستاندارد.

رۆژنامه‌: بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و داواكارییه‌ مشتومڕ‌و هه‌رایه‌كی‌ له‌سه‌ر زمان‌و دیالێكتێكی‌ زمان دروستكرد، ئایا ئه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یه له‌ جێی‌ خۆیه‌تی‌ یان پاساو هێنانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌ په‌راوێزكردنی‌ شێوه‌زاری‌ ئه‌وانی‌ دی‌ یاخود لێك تێنه‌گه‌یشتنه‌؟

·   شتێكی‌ ئاشكرایه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی‌‌و ره‌واشه‌ باسی‌ له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌م هه‌رایه‌ی‌ كاك ئه‌میر دروستی‌ كردووه‌ پرۆژه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌سازی‌ بردووه‌ته‌ ژێر پرسیار، ئه‌مه‌ش ئه‌نفالێكی‌ دیكه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرۆژه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌سازی‌! ئه‌مه‌ داواكارییه‌كی‌ گیانی‌‌و ژیانییه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر فریای‌ نه‌كه‌وین له‌ ده‌ستمان ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ گرفتێكی‌ فه‌رهه‌نگیی‌‌و ئه‌ده‌بیی‌‌و مێژووییه‌، كه‌ ده‌بێت له‌ روانگه‌ی‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كاك ئه‌میر ده‌ڵێت 100 ساڵ‌! هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ به‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ زاراوه‌كانی‌ دیكه‌ به‌كارنه‌هاتوون، ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌بێت له‌ روانگه‌ی‌ پاراستنی‌ ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك فه‌رزكردن یان به‌زۆرداسه‌پاندن.

ده‌رباره‌ ناسر ره‌زازی

Profile photo of ناسر ره‌زازی

ئه‌مه‌ش ببینه‌

لە یادی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان

  تێبینی ماڵپەڕی هەڵوێست ئەمڕۆ ١٩ی مانگی ٦ زایینی ساڵیادی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەری باشووری …

به‌یازێکی به‌ نێو بانگی کوردی ئه‌نتیک بەشی دوەم

بەشی دوەم ده‌قی کتێبی مه‌می ئالان وه‌رگێردراو له‌ ساڵی 1266 ـ هێجری (170) ساڵ پێش …

وەڵامێک بنووسە

بازدە بۆ تووڵامراز